سلێمانی دیکتاتۆرەکەی کۆنگرەی 13ی دەمشکێن کرد!

Sunday, 02/01/2011, 12:00

1328 بینراوە



سەرکردە دیکتاتۆرەکان هەردەم لە سەرەتای دوا قۆناغی لە ناو چوون و نەمانیان، وە ئەو کاتەی کە بە تەواوەتیش گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی، کە مانەوەی دەستەڵاتەکەیان و بەردەوامبوونیان، بۆتە کارێکی بێ ئەنجام و مەحاڵ.هەرچی تواناو هێزی زەبرو زەنگ و تۆقاندن و پارەو دەستەڵاتیان هەبووە، بێ سڵکردنەوە بە کاریانهێناوە بە ئاستی زیاترکردنی ترس و تیرۆر، بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی دیموکراسیەت و پاکتاوکردنی تەواوی ماف و ئازادیەکانی تاک بە تاکی کۆمەڵگاو سەرکوتکردنی تەواوەتی کۆمەڵگا. لە پێناو مانەوەی زیاتریان. ئەمە لە لایەک، وە لە لایەکەی تریشی بە هەمان هێزو توانای دەستەڵاتەکەیانەوە هاتوون، وێنای قەزەمیەتی خۆیان و ئەسڵ و نەسلی خۆیان، لە سنووری وەهم و خەیاڵ بەدەر، گەورەو پیرۆز کردەوەو خستویانەتە سەر هەر هەموو بەها گەورەو پیرۆزیەکانی نەتەوایەتی و نیشتمانی. دیکتاتۆرەکان، هەر بەوەش نەوەستاون لە پێدا هەڵ ووتن و گۆرانی بە بەژن و باڵاو پیاوەتی و میرخاسی خۆیان، لە ڕێگەی شایەرو چاوەشە سووکەکان و بە ناو ڕۆشنبیرە پێنووس فرۆشەکان، بەڵکو هاتوون ئەسڵی ڕەگەز، یان چۆن دەڵێن شەجەرەی خۆیان بردۆتەوە بۆسەر پێغەمبەرەکان. هەروەک سەدام حوسێنی دیکتاتۆری گۆڕ بە گۆڕی عیراق کردی، ئەسڵی شەجەرەکەی خۆی لە ڕێگەی مەلاو پیاوانی ئایینی بە کرێگیراوو مێژوو نووسە خۆفرۆشەکان بردەوە سەر شەجەرەی موحەممەدی پێغەمبەرە عەرەبەکەیان. وە بینیشمان کە سەدام حوسێن، وای لە کۆمەڵگای عیراقی کردبوو، کە هەرچی هەیانەونیانە، تەنانەت لە دایک بوون و مردنیشیان هەر هەمووی بە ئەندازیاری و بەخشندەیی و فەزلی سەدام حوسێنە دەست خەڵکانی عیراق کەوتووە. وە لە هەمان کاتدا، عیراقیشی کردبووە قەسابخانەیەکی گەورە بۆ بڕینی دەست و قاچ و زمان و گوێچکەو ملی تەواوی خەڵکانی عیراق، وە ئامادەش بوو هەر هەموو عیراق و سەروەریە نەتەوەیی نیشتمانیەکانیش تەنها لە پێناوی مانەوەی خۆی و دەستەڵاتەکەی بخاتە بازاڕی موزایەدەو بشیفرۆشێت.
ئەوەتا مەسعود بارزانی دێت بە هەمان شێوەی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر لە کۆنگرەی 13، خۆی وەکوو دیکتاتۆرێک بە تەواوی خەڵکانی کوردستان دەناسێنێت. ئەویش وەکوو تەواوی دیکتاتۆرانی دونیا کۆمەڵێک چاوەشی سووکی بەکرێگرتبوو بۆ ئەوەی گۆرانی بە مێژووەکەیی و بە بەژن و باڵاکەیدا هەڵبڵێن و پیرۆزی بکەن، وەکوو سەرکردەیەکی بێهاوتا! بە هەمان شێوەو لاسایی کردنەوەی سەدام حوسێن. وە تەنها بۆ پێکانی مەرام و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی و بنەماڵەکەی، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیەک دەخاتە ناو کایە گاڵتەجاڕیە سیاسیەکەی بۆ ناوو شوهرەتی زیاتر...تد. ئەگینا لە دونیا شتی وابووە سەرۆکێک کە لە بەردەم کۆنگرەی حزبەیەکدا، وە خۆشی بە کەسێکی سیاسی بەهێزو زانا بزانێت، بێت وداوای چارەنووسی نەتەوەکەی بکات... کەچی کەمتر لە 24 کاتژمێر پەشیمان بێتەوە و وەکوو فەزاحەتیش پینەی بکات و پاساوی بێ بنەماو نا بەجێشی بۆ بێنێتەوە!!
کۆنگرەی 13 تەنها لە پێناوی دوو خاڵ بەسترا، ئەو دوو خاڵانەش خاڵی بنەمایی و تەوەری بوون لە کاکڵی بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەی بارزانیدا. یەکەمینیان، ئەوەبوو مەسعود بارزانی هات بە تەواوی خەڵکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتیش ئەو لایەنانەی کە پەیوەندی بازرگانی و ئابووری تایبەتیان لە گەڵ بنەماڵەکەیدا هەیە بە یەکەوە، نیشانداو ڕاگەیاند کە ئێمە وەکوو بنەماڵەی بارزانی یەکگرتووین، وە لە سەر پارەو دەستەڵات کێشەمان نیە. ئەمەش پێچەوانەی هەموو ڕاستیەکە. بێ گومان ئەمە بۆیەکەمین جارە لە مێژووی بنەماڵەی بارزانیدا بەم شێوەیە ناتوانن کێشەکانی ناوبنەماڵەکەیان دیزە بە دەرخونە بکەن، یەکەمین جاریشە کێشەکانی نێوان نێچیرڤان و مەسعود بارزانی بەم شێوەیە پێیان ناشاردرێتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ململانێی و کێشەکانی ناو بنەماڵەی بارزانی، لە نێوانی نێچیرڤان و مەسعودی مامیدا دەرچووە. ئێستا نەوەک هەر براو برازاکان و ئامۆزاکانی مەسعود بارزانی، کە ئەوانیش هەروەک مەسعودو کوڕەکانی خۆیان بە پلە یەکی میراتگری مەلا مستەفا بارزانی دەزانن، بگرە براکەی مەلا مستەفا بارزانیش خۆی بە پلە یەکی ئەو میراتە دەزانێت، کە ئێستا لە سایەی دزی و تاڵانی لەم میللەتە لە ژمارە چۆتە دەر. سەڕای ئەمانەش تەنانەت کوڕی دوو برا جاشەکانی مەسعود بارزانی کە کاتی خۆی وەزیری سەدام حوسێن و حزبی بەعس بوون، ئەوانیش خۆیان بە میراتگری ئەو دزی و تاڵانییە دەزانن، کە لە مەلا مستەفا بارزانی باپیرەیانڕا تا ئێستا کراوەو دەکرێت لە کورد. کێشەو ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی وەکوو یاری گوریس پچڕێنەی لێهاتووە، بەڵام گوریسی ئەم یارییە گوریسێکی پتر لە دوو سەرەیە. وە کێشەکانی ناو بنەماڵەی بارزانی لەبەر زۆری پارەی دزیاری و تاڵانی و دەستەڵات، بۆتە ڤایرۆسێکی کوشندە بە جەستەو ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵەدا چۆتە خوارەوە، وە هیچ کاتێکیش بە هێورکەرەوەیەکی لە جۆری کردنی نێچیرڤان بە جێگری خۆی ئارام نابێتەوە و دانامرکێ. هۆکارێکی دیکەی زۆر گرنگتریش هەیە لە هاوکێشەی ململانێ و کێشەکانی ناو بنەماڵەی بارزانی و زیاتر ئاڵۆزی کردووە، ئەویش ئەوەیە کە: ئەمڕۆ ئەو پارە دزراوەو تاڵانکراوەی لە لایەن بنەماڵەی بارزانی شەریکی تری غەیرە بنەماڵەی، تیایەو خاوەن بەشە و ئەوانیش بوونەتە بەشێک و تەرەفێک لە کێشەو ململانێکانی ناو بنەماڵەی بارزانی، لەوانە دەزگا سیخوڕی و جاسووسیەکانی ناو هاوکێشەی پڕۆسەی سیاسی عیراقی وە زۆر بە تایبەتیش دەزگا سیخوڕیە ئەقلیمیەکان، چەند حزب و کەسایەتی سیاسی و سەرمایەدار، لە لوبنان و قەتەرو دوبەی، هەروەها کۆمپانیا نەوتیەکان، وە تەواوی ئەو کۆمپانیا ئێرانی و بەتایبەتیش تورکیەکان، کە لە کڕین و فرۆشتن و تاپۆکردنی خاکی کوردستان لەسەر خۆیان ئازادن و دەستیان واڵاکراوە...! لێرەدا دەردەکەوێت کە بنەماڵەی بارزانی هەروەک مافیای سیاسی بەرژەوەندیەکانیان، لە ئەمڕۆدا وەکوو دوێنی نیە، ئەگەر دوێنی بە کوشتنی مرۆڤی کوردو فرۆشتنی جەستەو خۆێنەکەی و جاسووسیکردن و خیانەت بۆ دەوڵەتە ئیقلیمیەکان، پارەی مفت و ووشکەیان وەرگرتووەو لە سەر یەکیان داناوە لە بانکەکان. بەڵام ئەمڕۆیان جیاوازە دەستەڵاتیان هەیەو پارەی دزی و تاڵانیشی هاتۆتە سەرو بازرگانی و کاری پێوەدەکەن هەروەک مافیا. ئەم بارزگانیەو کارپێکردنەش بەتەنیا ناتوانن بیکەن، ناچارن دەبێت لەگەڵ کەسانی بەدەر لە بنەماڵەکەیان شەریکایەتی بکەن. کە ئەمەش لەمەودوا زیاتر ئاشکرایان دەکات، وە ململانێ و کێشەکانی ناو بنەماڵەش زیاتر بە هێزتر دەکات و پەردەی لەسەر دادەماڵێت. وە ئەوەیان دەبێتە کۆتایی، بۆ نەمان و تێچوونی دەستەڵاتی سیاسی مافیایی بنەماڵەی بارزانی و پەرتەوازەیی ولاواز بوونیان دوورکەوتنەوەیان لە بەرۆکی کورد.
خاڵی دووەمینیان، بە بنەماڵە کردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرکردایەتی پارتیە، لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە، بۆ بە ئەکام گەیاندنی قۆناغی کۆتایی، پلانە ستراتیژیەکەیان و ئامانجەکانیان، هەم لە ناوەوەی پارتی و هەم لە دەرەوەی پارتیدا. لە ناوەوەی پارتی بنەماڵەی بارزانی گەیشتوونەتە ئاستی ئە قەناعەتە کە ئەوان چیتر پێویستیان بە گوێدان بە خەڵک و ڕازیکردنیان و نەرمی نوواندن نیە، وا بیردەکەنەوە ئێستا خەڵک پێویستی بەوانە و هەرچی لێیان بکەن هەر دوایان دەکەون، نەوەک ئەوان وەکوو بنەماڵەی بارزانی، پێویستیان بە خەڵک هەبێت! بۆیە بێ منەتانە بە بێ گرنگیدان و لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیەکانی خەڵکانی غەیرە بنەماڵەی بارزانی لەناو پارتیدا، ئەوەی ویستیان لەناو بنەماڵەکەیان هێنایانە سەرکردایەتی. لەمەشدا چاک سەرکەوتن، وە دڵنیاشن کە لەناو پارتی پیاوی تیانە قسە لە قسەیاندا بکات!!
ئامانجێکی تری بنەماڵەی بارزانی ئەوەیە کە گۆڕەپانەکە بە حزبەکان و دەسەڵات و پڕۆسە سیاسیەکەیەوە، وەک سەرکردایەتیەکەی پارتی بە بنەماڵە بکەن، بۆ کۆنتڕۆڵ و قۆرخکردنی تەواوی بڕیارە چارەنووسسازەکان و سیاسیەکان لە پێناو بەرژەوەندی تەواوی بنەماڵەکەیان....تد. ئەمەش نزیکی و بەیەک چونێکی دووبارە بوونەوەی مێژووە، بەڵام ئەمجارەیان دووبارە بوونەوەی مێژوو، هەروەک مارکس دەڵێت: گاڵتەجاڕیە. ئەو مێژووە، مێژوویەکی شووم و تفت و تاڵ دێنێتەوە یاد، مێژوویەک کە تا ئێستاو ئەمڕۆشمان، ڕق و کینەو خوێن و پەرتەوازەیی و یەکنەگرتنی ڕیزەکانی میللەتی تێدا ناوو نیشانە. ئەو مێژووەش 1964 ئینشیقاقەکەی ناو پارتی و پیلانگێڕی مەلا مستەفا بارزانی و کورد کوژی بوو... ئەمجارە مەسعود بارزانی هەڵەیەکی گاڵتەجاڕانەو نەزانانەی زۆر گەورەتر دەکات، چونکە ئەو سەردەمەی ئێستا هەمان وارە، بەڵام هەمان هەوار نیە. گەر مەلا مستەفا بارزانی توانی لە دوای چوونە دەرەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەناو پارتی، سەرکردایەتی و پارتی، تەواو بخاتە ژێر ڕکێفی بنەماڵەکەی و پاشانیش بە پیلانگێڕی و کورد کوژی، هەرەس بە نەیارەکانی بێنێت، وەکوو تاکە حزبیش گۆڕەپانەکەو بڕیاری سیاسی چارەنووسسازانەی کوردیش بخاتە ژێر دەستی خۆی، ئەوا ئەو کات بوو، کە نەزانی و نەخوێندەواری و ناڕۆشنبیری و بێ ئاگایی کۆمەڵگای کوردی بوو، زەمینەیەکی لەبارو بە پێز بوو بۆ کەسێکی لە چەشنی مەلا مستەفا بارزانی سەرۆک خێڵ بێت و تیایا هەڵکەوێت. بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆک خێڵ، ئەمڕۆ کات وەکوو سەردەم و کاتی مەلا مستەفای باوکت نیە. ئەمڕۆ کات گۆڕاوەو گۆڕانیشی تیایە. دەبێت ئەمە چاک بزانیت، ئەو گۆڕانەی ئەمڕۆ باڵەکەی ناو مەکتەب سیاسی 1964ی زەمانی باوکت نیە، لەمەش چاکتر دەبێ بزانیت کە نەوشێروان مستەفاش مام جەلالی زەمانی باوکت و ئێستا نیە. وە زۆر هەڵەیت مەسعود بارزانی، گەر پێتوابێت، بە پیلانگێڕی لە سەر نەوشێروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان، دەتوانیت نەوشێروان مستەفاش مام جەلال ئاسا ناچار بکەیت بێت" گەندەڵیەتی بەناو ئیتیفاقی ستراتیژیت" لەگەڵدا ببەستێت، هەروەک مام جەلالیش کەیەکیەتی تەسلیم کردوویت و ئاڵای سپی بۆت بەرزکردۆتەوە، نەوشێروانیش ئاڵای سپیت بۆ بەرز بکاتەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیشت تەسلیم بکات!!! مەسعود بارزانی بزوتنەوەی گۆڕان نە ئەو یەکیەتیە نەخۆشەی ئەمڕۆی بەردەستتانە، وە نە حزبی شوعیە. بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو سەرکردە خۆفرۆش و پارستنەی حزبی زەحمەتکێشانە کارتۆنیەکەی هەولێر نین. ئەو حزبە ئیسلامیە کۆنەپەرستانەو بەکرێگیراوانەی سەر بەخۆشتان نین، کە هیچ جیاوازیتان لە ستراتیژی ئەقڵیەت و فکرەوە نیە .
مەسعود بارزانی لە مە بگە، ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان وسوپای سەردەشتەکانی گۆڕانن لە شاری سلێمانی هەمیشە هەڵمەتەوە دەستپێشخەریان کرد و دەڕژێنە ناو شەقامەکان و قەڵەمە کۆلەوارەکەت و دیکتاتۆریەتت تێکدەشکێنن، ئیمزای سەر یاساکەشت دەخەنە ژێر پێی دەنگ و هاواری ئازادی. ئەوە سلێمانیە گەرماو گەرم دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەت، فەشەلی سیاسی و شکستی نا بە نێوچاوانتەوە. ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان و سوپای سەردەشتەکانە شار بە شارو شارۆچکەی کوردستان ڕیزبەند دەبن. قەڵەمە کۆلەوارەکەت دژ بە دیموکراسی و ئازادی کردۆتە نەشتەری ژەهراوی، کەچی هەمان قەڵەمی کۆلەوارت کردۆتە دار دەستی مەلا و حزبە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان، بۆ گەڕاندنەوەی ووشەی جێندەر بۆ ئەتکردنی پەڕلەمان و ڕای ئەو خەڵکەی کە دەنگیان پێداوە. هەرچی بکەیت ناتوانیت هەرگیز ڕەوەڕەوەی کات بوەستێنی، ناتوانیت ویست و ئیرادەی خەڵکانی کوردستان لە گۆڕان و سەرکەوتنی گۆڕان، تێک بشکێنیت، چونکە گۆڕان بۆتە ناوو نیشانی خەبات و نان و ئازادی و ژیانی سەربەرزانەی سەرتاسەری کۆمەڵانی خەڵکانی کوردستان.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە