كۆمپانیای نۆكان : بەشی دووەم... سیستمی كاركردن

Sunday, 04/10/2009, 12:00

1686 بینراوە


سیستمی كاركردن بۆ تەنیا كەسێك یان گرووپێك كارمەند بۆ هەڵسوڕاندنی كارێكی تایبەت یان كۆمپانیایەكی (بازرگانی , بیناسازی ,خزمەتگوزاری ... هتد) هەموو ئەمانە پەیڕەو و پڕۆگرام و سیستەمی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ چۆنیەتی باشترو كەمترین كاتی پێویست بۆ تەواو كردن و راپەڕاندنی هەر كارێكی راسپێردراو پێیان , ئەمە پێویستی بەشارەزایان هەیە هەریەك لەبواری خۆیدا جگەلەوەی شارەزایانی خوێندنی باڵا لە بواری بەڕێوەبردن و ئابوریدا . سیاسەت ,بیروڕای جیاواز , گیروگرفتی كەسی و شتی لاوەكی تر ئەخرێتە دەرەوەی بازنەی سیستەمی كاركردن واتە هیچ كاریگەرییەكی نابێت لە بەڕێوەبردن و هەڵسوڕندنی كاردا .

كۆمپانیای نۆكان لەسەر هیچ سیستمێك كارەكانی بەڕێوەنابات دەسەڵاتی حیزبی و كوتلەو كوتلەكاری و سەر بە فلان كەسی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و خزمو دۆست و لایەنگری فڵان كەس زۆر بەئاشكرا ئەبینرێت هیچ خوێندنەوەیەك بۆ كەسانی دڵسۆز و خاوەن بڕوانامە و شارەزا نییە و هەموو كات ئەم جۆرە كەسانە بەر پلانگێڕانی لایەنە كوتلە بازەكان ئەكەونو گوێی دلێری سید مەجیدیان بە چرپە چرپ لێ پڕئەكەن ئەویش بە ساویلكەیی خۆی باوەڕیان پێئەكات .
ئەبوایە هەموو ئیشە گەورەكان بەبێ مونافس و شەریك بەئەنجام بگەیاندایە بەڵام بەپێچەوانەوە بۆ هموو ئیشێك شەریكێكی هەیە وە زۆربەی ئیشە گەورەكانی بەناتەواوی ئەنجام داوە و لەچارچێوەی شاری سلێمانیدا هەنگاوی زیاتری نەناوە , كۆمپانیایەكی وا كە خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرو دەسەڵاتێكی بێپایانە وەك دەسەڵاتی یەكێتی ئەبوایە زۆر لەمەوپێش خۆی بە جیهانی دەرەوە و كۆمپانیا گەورە بێگانەكان بناسیایە , تازە بەتازە لە لەندەن مەكتەبێكی سەقەت و كەسێكی دز بەڕێوەی ئەبات و مەكتەبێكی تری لە شاری بەغدا هەیە . لەبەر كەمی كەسانی دڵسۆز و شارەزا ماوەی سێ ساڵە خەریكی دروستكردنی كارگەی چیمەنتۆن وە بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێك وەفدی نۆكان سەردانی چەند وڵاتێكی دەرەوەیان كردوە وەپارەیەكی زۆریان خەرجكردوە (نزیكەی 300 هەزار دۆلار) بەڵام تائێستا هیچتان دیار نییەو هەر لە مریشكەڕەشەدان , هەر لەگەڵ نۆكاندا فاروقی مەلا مستەفا لەماوەی ساڵێكدا هەمان شێوەی كارگەی تەواوكرد و ئێستە ماوەی ساڵێك زیاترە رۆژی 5000 تەن چیمەنتۆ بەرهەم ئەهێنێت .
زۆربەی زۆری زەویوزاری سلێمانیان داگیركردووە هەرچی شوێنەباشەكانە موڵكی نۆكانە ئەوشوێنانەی كە موڵكی حوكمەت بوون هەموی داگیركردووە و لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی تری سلێمانیدا وەك كۆمپانیای قەیوان (لەبەشێكی تردا باسی چۆنیەتی پارەپەیداكردنی قەیوان ئەكەم) هەمویان كردووە بە باڵاخانەی گەورە نە شوێنێكی خزمەتگوزاری نە باخچەیەك نەشوێنێك بۆ مناڵان بۆ گەنجان هیچ شتێك لەمانە لە پەیڕەو وپڕۆگرامی نۆكاندا نییە , هەروەكو یەكێتی نۆكانیش لە گەندەگی بەدەرنییە .
كۆمپانیای نۆكان لە چەندبەشێك پێك هاتووە :
بەشی ئەندازیاری , بەشی مڵكداری , بەشی بازرگانی , بەشی مالییە , بەشی كارگەكان , بەشی ئالییات , بەشی فڕۆكەوانی , بەشی كشتوكاڵ و چەند بەشێكی تریش وە چەند كەسێكی تریش كە سەربەخۆ ئیش ئەكەن سەر بە هەموو بەشەكانن لەهەموو شتێكدا خۆیان هەڵئەقورتێنن و نەخوێندەوارو نەزانن .
سلێمانی
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە