تەپکەکەی پارتی بۆ کێیە؟

Thursday, 15/12/2011, 12:00

1644 بینراوە


ئوسامە نجێفی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت لە ڕابەرایەتی یەکگرتووی ئیسلامیەوە پێیان ڕاگەیاندم کۆی بارەگەکانیان لە دەڤەرەی بادینان سوتێندراوە ، منیش بە تەلەفۆن پەیوەندیم بە مەسعود بارزانیەوە کردو ووتم : لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق بۆیە خوازیارم بەر لە بەتەشەنەکردنی کێشەکان بگیرێت و بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی ڕووداوەکان بەزووترین کات سەرەداوی هەڵیساندنی کێشەکان هەم دیاری بکرێن، هەم ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر ، لەم لێدوانەی نوجەیفی ٣ دەرەنجامان دەداتێ :

١_ ئوسامە نوجەیفی سەر بە لیستی عێراقیەیی سونە مەزهەب بەوە ناسراوە سەرسەخترین دوژمنی کێشەی نەتەوەیی کوردە و پارتی و یەکێتیش لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٢٥-٧ ٢٠٠٩ دا تۆمەتی دەست تێکەڵاوکردنی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەگەڵ نوجەیفی کۆنە بەعسی دەدا بە گوێی خەڵکی کوردستاندا ، دەبی چ گۆڕانکاریەک لە بۆچوونی ئوسامە نجێفیدا ڕووی دابێت وا ئەم هەموو کۆنتاکە تەلەفۆنیەی لەگەڵ بارزانی مەسعودا هەبێت؟

٢_ پارتەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتداری بێ ڕکابەرە لە دەڤەرەی بادیناندا و مەسعودیش سونی مەزهەبە بە قەولی بنەماڵەی بارزانی.

٣_ لە پێکهاتەی دەوڵەت و پەڕلەمانی عێراقدا گەرچی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بانگەشەی یەک ختابی سیاسی کوردی دەکەن ، بەڵام بە پراکتیک پارتەکەی بارزانی هاوسۆزی لیستی عێراقیەی سونە مەزهەبن و پارتەکەی تاڵەبانیش هاوسۆزی نووری مالیکی سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسای شیعەمەزهەبن، گەرچی تاڵەبانی و پارتەکەی ئیدعای هەڵگری هزری (سۆشیال _ دیموکرات) دەکەن.
مالیکی سەرۆک وەزیران وەک سەرۆکی دەوڵەتی بەناو فیدراڵ نە لەڕێی ووتەبێژی مەکتەبەکەیەوە نە وەک سەرۆکی دەوڵەتێکی بە ناو فیدراڵ بە یەک ووشەش ئیدانەی سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی نەکرد ، هاوشێوەکانیشی لە نموونەی سیستانی و موقتەدا سەدری مەرجەعیەتی شیعە فزەیان لێوە نەهات.

لەساتەوەختی ڕووداوەکانی بادیناندا نێچیر بارزانی لە ئەمەریکای دوا خەڵوەتگای مستەفا بارزانی باپیرەی بوو ،بۆ لەوێبوو ئەوە بابەتێکی ترە ، بەڵام بەیانامەکەی مەسروری بەرپرسی دەزگای پاراستن لە بێبەری کردنی خۆی و نێچیری ئامۆزای لە سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو دەکرێت بکرێتە بەڵگەی بوونی ململانێی دوو

بەرە براکەی بنەماڵە لە لایەک ، لەملاشەوە زۆر زیرەکانە ئۆباڵی ئەم ڕووداوە و تەواوی شکستی کارەکانی کابینەی شەشەمیان خستە ئەستۆی دکتۆر بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی یەکێتی نیشتمانی هاوپەیمانی ستراتیژیان و هەناسەیان لەبەر بڕی.

پانۆرامای ڕووداوکان:
_مالیکی لە ووڵاتە یەگرتوەکانی ئەمەریکا لە گەڵ ئۆباما دانوستانی کرد ، بڕیار دراوە ئەمەریکا ٣٦ فڕۆکەی جەنگی ف١٦ بە عێراق بفرۆشێت .

_ مالیکی بێسڵەمینەوە لەبەردەم ئۆبامادا جەختی لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کرد.

_ لەسەروبەندی کۆبونەوەکانی مالیکی و ئۆباما ، مەسعود بارزانیش دەگاتە لایان، پێشتر نێچیر ئیدریسیش لەوێ بووە.

_ بە پێی هەواڵی ڕاگەیاندنەکان لە مانگی سێی سەرەتای بەهاری ساڵی ٢٠١٢ دا مەسعود بارزانی دەوڵەتی کوردی ڕادەگەێنێت، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی عەرەب و بیانیش لەو باوەڕەدان مانگی سێی هەمان ساڵ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەڕووخێت!!!

_ بەفەرمی ٣١-١٢-٢٠١١ پارتی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەسێنێتەوە بە پێی بەندەکانی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان.

_ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەهەرێم بوونی پارێزگاکەیان ڕاگەیاند.

_ میلیشیاکانی ڕەووتی سەدری شیعەمەزهەب شاری دیالەیان کۆنترۆڵکرد .

دۆخی سیاسی کوردستان:
_ عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی دا یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی بهێنێتە سەر مێزی گفتووگۆ ، زۆرینەی ئەندامان و لایەنگرانی یەکگرتوو دژی بوون ، عەلی باپیر بەم پلانە ویستی زۆرینەی ئەندامانی یەکگرتووی ناڕازی لە کۆبونەوەکە ئاودیووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بکات، بەڵام سەرکەووتوونەبوو.

_پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی کەمال کەرکووکیەوە بانگهێشتی وەزیری ئەوقافی کرد بۆ پەڕلەمان بە مەبەستی بچووکردنەوەی ڕووداوەکانی بادینان ، نەک هەر شکستی هێنا بەڵکو هۆڵی پەڕلەمان پاش هاتنەدەرەوەی فراکسیۆنەکانی ئۆپزسیۆن بووە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و وەک جارەکانی تریش موو بە بەینیاندا نەدەچوو.

_ ژمارەیەک لە ڕاگەیاندکاران و کادرەکانی یەکێتی زۆر هەوڵیان دا لەم کەینو بەینەی پارتی و یەکگرتوودا خۆیان وەک دەنگێکی جیاوازی ڕادیکاڵ بنەخشێنن ، بەڵام دوای کۆبونەوەکەی بارزانی و تاڵەبانی لە هاوینەهەواری دوکان سەریان کردەوە بە کونەکەی خۆیاندا و وتیان ئێمە(نەعامەین).

ئیحراجبوون:
_عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە هەوڵەکانیدا وویستی شاندی پارتی و یەکگرتوو کۆبکاتەوە بەمەبەستی خاوکردنەوەی گرژیەکان و دەستپێکردنی دانوستاندنی هەر دوولایەنەکە .

بەر لە چەند مانگێک ڕاگەیاندنە فەرمیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەخترین هەڵمەتی ڕاگەیاندنیان بەرامبەر عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەستپێکردو تۆمەتی بەعسی بوویان خستە پاڵی و بەدەیان بەڵگەیان بۆ ڕای گشتی لە ڕاگەیاندەکانی پارتیەوە بڵاوکردەوە . هەر بۆ ئیحراجکردنیشی وەڵامی پێنەبوو بۆ کەسوکاری بێسەرو شوێنانی شەڕی ناوخۆ لەسەر دەستی هێزەکانی یەکێتی و پارتی لە شەڕی ناوخۆدا کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

دەرەنجام هەوڵی ئەمیری کۆمەڵ وەک ئاردی ناو دڕکی لێهات .
_ تاڵەبانی سکرتێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەی بارزانی ٢ ساڵی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەشەکەی یەکێتی دایەوە بە پارتی و مەسعودیش وەک پاداشتی دەستپێشخەریەکەی تاڵەبانی ماوەی سەرۆکایەتی دکتۆر بەرهەمیان بۆ ماوەی ٢ مانگ درێژکردەوە .

_ لە کۆتایی حوکمڕانی ٢ ساڵەی کابینەکەی بەرهەم ساڵحدا بۆ لێدان و زیاتر گچکە کردنەوەی کاروچالاکیەکانی کابینەی شەشەم، پارتی لە دەڤەرەی بادیناندا بۆ نیشاندنی بەڵگەی لاوازبوونی نفووزی یەکێتی لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا دوکانی مەیفرۆش و سەنتەری مەساج و سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی کردە قەرەبرووت.

تەپکەکەکانی پارتی :
_ بۆ مراندنی دەنگی ناڕەزایەتی گەلی کوردو دوورخستنەوەی لە شەپۆلی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ، مەسعود بارزانی سەفەری ئەمەریکای کرد، پارتی دەیەوێت بەبانگەشەی درۆزنانە وا بە ڕای گشتی بگەێنێت مەسعودبارزانی لەگەڵ ئۆباما داوای بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات ، بەم درۆ زلە دەخوازن دەنگی ناڕازیی خەڵک بئاڵێنێتە دەزووی تەپکەکەی بنەماڵەی بارزانیەوە .

_ لە کۆتایی ساڵی٢٠١١دا پارتی بە هاوکاری پاسەوانی دەرگا کراوەکانی ناو یەکێتی و و بەفەرمانی دەرگاوانە سەرەکیەکەی یەکێتی توانی کابینەکەی بەرهەم ساڵح شکست پێ بێنیت، تەپکەکەی پارتی لەبەردەم قاپی ئەم حیزبەدا بۆتە ستاندەرد و زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی پێان خۆشە لاقیان پێوەی ببێ .

_ سووتاندنی بارەگاکانی یەگرتوو یەکسانە بە سوتانی هزرو بیرو ستراکتۆری ڕێکخراوەییان ، هەر جۆرە پاشەکشێ و سازشکردنی سەرکردایەتی یەگرتوو لەگەڵ پارتی بە مانای پێوەبوونی ئیرادەیانە بە تەپکەکەی پارتیەوە .

_ عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە هەوڵی پێکهێنانەوەی پارتی ویەکگرتوودا دەڵێت (جگە لە دڵسۆزی و پەرۆشیم بۆ هەموو لایەک و بەهاندەری وەدەستهێنانی ڕەزامەندی و پاداشتی خوا، هیچی دیکە نیە) ئەو کورتە فەرمایشتەی مامۆستا بە بێ ڕاوێژکردن بەلایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی ، لاقی تەواوی ڕێكخستنەکانی خستە تەپکەکەی پارتیەوە .

پارتەکەی بنەماڵەی بارزانی ڕاهاتووە یاخود ڕاستر ڕاهێنراون خۆیان وەک کاراکتەرێکی باڵابەرزی کەتەی چەتەوڵ ببینن لەمێژووی بزووتنەوەی سیاسی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا ، دژەکانیشیان هەمیشە وەک گزلێکی بێ ئیرادەی سیاسی وێنا کردوە ، سەرەتا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەستیان پێکرد و سەرکەووتوبوون ، هەنووکەش دەیانەوێت بە خوڵقاندنی ڕووداو و سینارۆی دروستکراووی خۆیان بەرەی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بکەنە هۆکاری فریودانی خەڵک و بە شەیتانی تێکدانی ئەزمونەکە لە قەڵەمی بدەن.

بنەماڵەی بارزانی هەر لەرزەیەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ناوچەکە وەک ڕمانی تەگەرەکانی دەسەڵاتی خۆی چاوی لێدەکات، هەربۆیە کە بۆنیان کرد ترسی لاوازبوون یاخوود لەدەستدانی دەسەڵاتیان هەیە ڕووداوی خوێناوی گەورە گەوەرە دەخوڵقێنن ، بیکەیسی بارانکردنی خۆپیشاندەرانی سلێمانی لەلایەن چەکدارەکانی لقی چوارو بەسوتماککردنی بارەگاکانی گۆڕان بە بارەگاکانی یەکگترووش لە دەڤەری بادینان دەربڕی ئەو لۆجیکەن کە پارتی دەڵێت لە کوردستاندا (چ دەبێ بلا ببێ) بەو مەرجەی کاریگەری ڕووداوەکان دووربن لەو ڕووبەرە جوگرافییەی بەدرێژایی میژوو مێخی مانەوەی دەسەڵاتمانی پێوە داکوتراوە.

دوا تەپکەکەی بنەماڵەی بارزانیش چاندنی تۆوی ناوچەگەریە لە ناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا ، بە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان سوودی گەشەکردنی خۆتی تێدایەوە و باشتر وایە سڵاواتی لێ بدەیت ، بە کۆمەڵی ئیسلامی دەڵیت باشتر وایە ڕۆڵی میانڕەوی بگێڕیت . بە یەکگرتووش دەڵێت لەبری ئەوەی دژایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بکەیت لەدەڤەری بادینان بڕۆ بۆڕی بزووتنەوەی گۆڕان بدەوە لە شاری سلێمانی و دەورووبەری .

١٥-١٢-٢٠١١

ئەنیشخەدە _ هۆڵەندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە