ئێوه‌ی گۆرانیبێژ تاوانبارن
Monday, 30/08/2010, 12:00
1140 بینراوە
وته‌یه‌ک هه‌یه ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ی ڕاستی نازانێت گه‌مژه‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌شیزانێت و خۆی لێ هه‌ڵه ده‌کات تاوانباره)
جه‌نگ به هه‌مو شێوه‌و ئه‌نجامه‌کانیه‌وه- سه‌رکه‌وتنه‌کانی، ژێرکه‌وتنه‌کانی، قوربانیه‌کانی، هه‌مو ئه‌وانه‌ش که ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار ده‌بن، یان به گشتی له بواریک له بواره‌کاندا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و ده‌بنه به‌شێک له قوربانیه‌کانی دوای جه‌نگ، نمونه‌ی شه‌ڕی خوێناوی زۆره وه‌کو جه‌نگه‌کانی جیهانی یه‌که‌م و دوه‌م و جه‌نگه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، ئه‌م جه‌نگانه ئه‌وه‌ی له‌دوای خۆیان به‌جێهێشت کۆمه‌ڵێک ماڵوێرانی و شوێنه‌واری خراپ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا و نه‌هامه‌تیه‌کی زۆر بۆ ئه‌وانه‌ی له‌م جه‌نگانه‌دا نه‌بونه قوربانی له‌ناوچون و کوشتن، له کاتی جه‌نگدا هه‌مو که‌س تاکه هیوا و ئامانجی له پنتێکدا کۆده‌بێته‌وه، ئه‌ویش پارێزگاری کردن له ژیانی و مانه‌وه‌ی به زیندویی، به‌ڵام کاتێک جه‌نگ کۆتایی دێت، زۆرێک له‌وانه‌ی له ژیاندا ماونه‌وه خۆزگه‌ی مردن ده‌خوازن به هۆی پاشماوه نێگه‌تیڤه‌کانی جه‌نگه‌وه.
به‌ڵام له‌م ئاسته‌وه مرۆڤیش به‌شێوه‌یه‌کی تر سه‌یری ژیانی ده‌کرد و زۆرێک له ڕوناکبیر و هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن دوای جه‌نگه‌کان له ڕێی به‌هره‌و تواناکانیان هه‌وڵیانداوه ئه‌م باره ناله‌باره ده‌رونیه له هزری تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌کانیاندا بسڕنه‌وه، هه‌ردو گۆرانیبێژ (پاک فلۆگ و جۆن لیما) نمونه‌ی دو هونه‌رمه‌ندی دیارن که له‌م بواره‌دا کاراون ڕۆڵیکی گرنگ بگێڕن و کاریگه‌ریشیان هه‌بێت له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی بۆ ساڕ‌ێژ کردنی به‌شێک له زامه‌کانی پاشماوه‌ی جه‌نگ.
کوردستانی ئیێمه هه‌رچه‌نده ڕاسته‌وخۆ ئامانج نه‌بوه له جه‌نگه جیهانیه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به‌ڵام به‌هۆی ئاڵ و گۆری هاوکێشه‌کان وبه‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ له‌و ناوچه‌یه‌دا، کورد هه‌میشه پڕیشکی ئاگری ئه‌م شه‌ڕانه‌ی به‌رکه‌وتوه و بۆته قوربانی، دوای چه‌ند ساڵێک ئه‌و جه‌نگانه کۆتای‌یان هات، به‌ڵام به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م تا ئێستاش جه‌نگ به‌ر ده‌رکی ماڵی کوردی به‌رنه‌داوه و نه‌وه له دوای نه‌وه ده‌بێته قوربانی و به ئازاره‌کانی ده‌تلێته‌وه.
په‌یامی من لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات، له باکوری وڵاتم جه‌نگێک سه‌پاوه، ساڵانێکه خوێنی هاو نیشتیمانانم به ناهه‌ق ده‌ڕژێت، له ڕۆژهه‌ڵاتیشم ملی کوڕ و کچه گه‌نجه‌کان به په‌تی سێداره‌وه ده‌کرێت، له ڕۆژئاواش هاوخوێن و هاوزمانه‌کانم برسی و زیندانی و سه‌رکوتده‌کرێن، له باشوریش پاروی ده‌می هه‌ژاران و که‌س و کاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالم ده‌کرێته خوانی سه‌رمێزی مافیاکان، ئه‌وانه هه‌مو به‌رخۆدانن له لایه‌ن تێکۆشه‌ران و خه‌ڵکی خۆڕاگری کوردستان، به‌ڵام خاڵی مه‌به‌ستم له‌سه‌ر باشور چڕ ده‌که‌مه‌وه، به‌لامه‌وه سه‌یره له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌شه‌ی له‌وێدا هه‌یه ، که‌چی گۆ رانیبێژه‌کانی ده‌ڵێی نابینن و نابیستن یان زۆر بێ ئاگان له‌و ڕوداو و کاره‌ساتانه‌ی ڕۆژانه ئاوێته‌ی ژیانی کوردان کراوه، من ده‌ڵێم گۆرانیبیژه‌کانی ئیمه تاوانبارن، به‌ڵی تاوانبارن به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که ناکارن ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانیه‌ی به‌رۆکی کوردی گرتوه، ئاوێته‌ی بواره‌که‌ی خۆتانی بکه‌ن و به زمانی هونه‌ر بێژن ئه‌وه ڕه‌وشی میلله‌تی ئێمه‌یه، کاتی ئه‌وه هاتوه پێیان بلێم به‌سه ئیتر به کۆمه‌ڵێک جلی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و کۆکردنه‌وه‌ی پۆلێک له کوڕان و کچان، ڕاستیه‌کان سه‌رپۆش مه‌که‌ن و جارێکیش له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌کاندا بن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شتان پێناکریت وازبێنن له‌وه‌ی خۆشتان و چیدی که‌لتوری وڵاتانی داگیرکه‌ر په‌خش مه‌که‌نه‌وه، من ناڵێم با هه‌مو شته‌کانتان ڕامیاری بێت، به‌ڵام ئێوه‌ی گۆرانیبێژ ده‌توانن گۆرانی دژی نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ بڵێنه‌وه، یان گۆرانی بۆ دروستکردنه‌وه‌ی هاوکاری و خۆشه‌ویستی له نێو ڕۆڵه‌کانی کورد دا بڵێنه‌وه و ڕێگر بن له‌و هه‌مو دابه‌شبون و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ڕیزه‌کانی کوردی گرتۆته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست