یەكێتی دوای تاڵەبانی بۆ كوێ ؟..

Friday, 11/06/2010, 12:00

1595 بینراوە


یەكێتی لە 1/6/1976 دروست بوەو بە حیزبێكی خاوەن دەسەڵات و خاوەن جەماوەرێكی زۆر ناسراوە و هەرگیز لە دوژمنانی خۆش نەبوەو زۆر كات لە سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان تەنها بوەو هەموو جارێك هەلهەلەی سەركەوتنی لێداوە ، تاڵەبانی سكرتێری گشتی و خاوەن دوا بڕیارە و هەرگیز ئەو پێكە ناخواتەوە كە سەركەوتنی تیا بەدی نەكات ، لەم كاتەدا یەكێتی تووشی داڕمانێكی سیاسی هاتوە ، بەپێی سەرچاوە سیاسیەكان وازهێنانی تاڵەبانی لە كورسی دەسەڵات پێدەچێت بارودۆخی یەكێتی بەرەو چاككبونەوە بڕوات ، بۆ چونێك هەیە سەبارەت بە وەزعی ناو یەكێتی كە دەڵێن بەهۆی بونی تاڵەبانیەوە لاواز بوو ، چونكە لەوكاتەی كە بوو بە سەرۆك كۆمار ئاگاداری كێشەكانی ناو یەكێتی نەماو ، ئەم هەلەش ڕێگای بۆ نەیارانی ناو حیزبەكە خۆش كرد تا تەداخولی ڕاستەوخۆ لەناو لاوازكردنی یەكێتی بكەن ، دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندەی تر تاڵەبانی و یەكێتی تووشی شۆك كرد لە ئایندەی خۆی و حیزبەكەی ، یەكێتی بەزۆر قۆناغی دابڕان و شكان و جیابونەوە و سەركەوتن دا تێپەڕیوە، بەڵام دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە تاڵەبانی خستە بەردەم كۆبونە نهێنیەكان لەگەڵ سەركردیەتیەكەیدا
تاڵەبانی و نەوشیروان لە دۆستایەتیەوە بۆ دوژمن

مێژووی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 40 ساڵ لەمەوبەر ، بەدرێژایی ئەو 40 ساڵە نەوشیروان وەكو ڕابەر و سەركردەیەك لە تاڵەبانی ڕوانیوە و هەمیشەش پاڵپشتێكی بەهێزی بوە لە هەموو شوێن و زەمەنێكدا ، زۆر جار نەوشیروان وویستویەتی پڕۆژەی چاكسازی لەناو یەكێتیدا ئەنجام بدات ، بەڵام تاڵەبانی لەبەر لاواز نەبون و كەم نەبونی نفوسی یەكێتی ڕێگای لە نەوشیروان گرتوە ، تاڵەبانی هەمیشە حسابێكی تایبەتی بۆ نەوشیروان كردوە چونكە تاكە جەمسەری بەهێز لەناو یەكێتی دا نەوشیروان بوە بۆیە زۆركات نەیهێشتوە بیرو ڕاكانی سەرچاوە بگرێت ، تا لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەكانی یەكێتی لیستەكەی نەوشیروان دەنگی پێویستی نەهێنا ، ئەمەش یەكەم بەركەوتنی تاڵەبانی و نەوشیروان بوو. پێدەچێت زۆرجاری تر ئەم دووە سەركردەیە لە زور شوێنی سیاسیدا بەریەك كەوتبن و زەرەری نەبوبێت ، بەڵام بەركەوتنی ئەمجارە، جیا لە جارەكانی پێشوو ئەنجامەكەی بەدڵی نەوشیروان و تاڵەبانی تووشی بێ ئومێدی كرد، تاڵەبانی كەسێكی خاوەن ئەزمونە بە تایبەتی لە سیاسەتی ناوخۆدا ، وویستی لە ڕیگایەكەوە توڵە لە نەوشیروان بكاتەوە ، لە پیلینیۆمدا زۆر شتی نهێنی باسكراو نەوشیروانی بە چەتەیەكی سیاسی لەقەڵەمدا ، لە بەرامبەریشدا وەڵامی (لەمن ومام جەلالدا لە ئازاری 1991 بۆ شوبتی 2000 و لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین) ی نەوشیروان زیاتر ئاگرەكەی خۆشكرد بەجۆرێك هێزەكانی هەردوولا كەوتنە ئامادە باشیەوە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایەكە وەڵام دانەوەی نەوشیروان زیاتر كاریگەری پێوە دیارە و دەبێتە هۆی بێهێزی ڕێكخستنەكانی یەكێتی ، شەرَی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان زۆر نهێنی ئاشكراكرد ،كە دەكرێ بوترێ سەردەمی ئاشكرا كردنی نهێنیەكانی پشت پەردەی سەركردە سیاسیەكانی كورد.


پارتی چاوەڕێی ئیفلیج بوونی تەواوی یەكێتی یە

لەدوایی 31 ی ئاب و گرتنەوەی هەولێر و چەند ناوچەیەكی تری كوردستان بە هاوكاری بەعس لەلایەن پارتی یەوە، یەكێتی تووشی شكستێكی گەورە هات و نزیك بوو لە هەڵوەشاندنەوە ، بۆیە تاڵەبانی بیری لە ئێران (دوژمنە سەرسەختەكەی كورد) كردەوە كە ببێتە پاڵپشتی و هاوكاری بكات ، ئێرانیش توانی تا سنوری دێگەڵە تەسلیمی یەكێتی بكاتەوە ، لەو سەردەمەوە یەكێتی توشی قەیرانێكی سەخت بۆتەوە بەدەست پارتی یەوە و هەتا ئێستاش تە نازولی لە چەندین پۆستی سیادی كردوە ، تەنازولەكانی یەكێتی بۆ پارتی لە پێناوی مانەوەیدایە لە سەرگۆڕەپانی سیاسی كوردستان ، چونكە دروست بونی گۆڕان كاری كردە سەر بڕبڕەی پشتی یەكێتی و دەكرێت بڵێین تاڕادەیەك لە گۆڕەپانی سیاسی دا بێهێزی كرد ، لەم كاتە ئەگەر یەكێتی پشت لە پارتی بكات ئەوا لە چەندین لاوە توشی بێ ئومێدی دەبێت ، تاڵەبانیش نایەوێت توشی قەیرانی زیاتر بێت ، لەبەر ئەوەی لە یەك كاتا شەڕی گۆڕان و پارتی پێ ناكرێت. .، پارتی دەیەوێت كەسێك لەدوای تاڵەبانی جڵەوی یەكێتی لەدەستا بێت دەستەمۆی خواستەكانی پارتی بێت ، ئەو خەسڵەتانەش تەنیا لە دكتۆر بەرهەمدا دەبینێتەوە ،چونكە بەرهەم ساڵح زیاترلە سەركردەكانی ترپەیوەندیەكی پتەوی لەگەڵ بنەماڵەى بارزانید هەیە، هەرچی پارتیشە نایەوێت كۆسرەت ڕەسوڵ ئەو خەونەی بێتە دی لەسەر كورسیەكەی دوای تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی جێ نشین بێت، چونكە پارتی و كۆسرەت ڕەسوڵ هیچ بنەمایەكی سیاسی ناینگەیەنێتەوە بە یەكدی ، یەكێتی و پارتی لە زۆرینەی كۆبونەوەكانیاندا لەسەر خاڵەكان ڕیكنەكەوتون ، بەڵام خاڵی هاوبەشیان لێدانی كۆسرەت ڕەسوڵە ، كە بە هەردوو لا دە یانەوێت لاوازی بكەن، پارتی بەهەمان ڕێچكەی بارزانی باوك دا دەڕوات ، دەیەوێت تاكە پارتی سەرەكی كوردستان بێت و لەو پێناوەشدا ئامادەیە گەورەترین قوربانی بدات، تەوەرێكی تر كە پارتی هەراسان كردوە بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدە چونكە تاكە باڵێكن كە ئیعتیراف بە پارتی ناكەن، ئەم ناتەباییەش دەگەڕێتەوە بۆناكۆكیەكانی نێوان بارزانی وئیبراهیم ئەحمەد، كە لەسەرەتای دروست بونی پارتیەوە كەوتۆتە نێوانیان و دواتر چەند ئاقارێكی سیاسی لێكەوتەوە و بوە هۆی جیابونەوەی باڵًی مەكتەب سیاسی و پارتی ، (لە كاتێكی تردا دێینە سەر ئەم بابەتەو لە ڕاپۆرتێكا باسی لێوە دەكەین) ، جا لەم سۆنگەیەوە بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد لە سەرەتاوە ناكۆكن ، بۆیە پارتی نایەوێت جڵەوی یەكێتی لەدەستی ئەو بنەماڵەیەدا بێت ، ئەندامێكی پارتی ووتی : ئەوەی گۆڕان بۆ پارتی كرد بە چەند ساڵ تەكنتیك و هەوڵدان پارتی نەیدەتوانی یەكێتی بەمجۆرە لاواز بكات ، بۆیە پارتی تاماوە دەبێ مەمنونی نەوشیروان و گۆڕان بێت ، تا ئێستا سێ جەڵدە لە یەكێتی داوە ، جەڵدەی یەكەم لە ساڵی (1996) بەدەستی پارتی بوو ، جەڵدەی دووەم لەگۆڕانەوە و لە هەڵبژاردن لێی درا ، سێهەم جەڵدە كۆسرەتە كە لە یەكێتی دابڕاوەو نایەوێت درێژەی كاری سیاسی لە ناو یەكێتی دا بەڕێ بكات ،ئێستا پارتی چاوەڕێی جەڵدەی چوارەمەو كۆتایی پێ بێت بۆ ئەوەی ئیتر وەك پارتی دیموكراتی كوردستانی تەنیا دەركەوێت......................



پارتی لە هەوڵی نزیك بونەوەی گۆڕانە و یەكێتی فەرامۆش دەكات

دروست بوونی گۆڕان لە كاتێكدا بوو پارتی و یەكێتی لە لووتكەی سترتیژیدا بوون و بەو پەڕی تەبایی یەوە باس لەكاری داهاتوویان دەكرد ، بەڵام دروست بونی گۆڕان كە لەمنداڵدانی یەكێتیەوە هاتە دەرەوە سەرجەم ڕێكەوتن و تەباییەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری بەرەو نزیك بونەوە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنامە گرنگەكە دەبات ، چونكە پارتی بەهۆی زۆر بونی ڕێژەی كورسیەكانی لە پەرلەمانی عێراقدا بەدوای هاوپەیمانیەتێكی نوێدا دەگەڕێ ، بەپێی سەرچاوەكان چەند جارێك بارزانی وویستویەتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا دابنیشێت ، بەڵام سەركردەی بزوتنەوەی گۆڕان هەرجارەو بە بیانویەك دیتنەكەی دواخستوە ، پێش هەڵبژاردنی 25/7 ی ساڵی ڕابردووش نیچیرڤان بارزانی دوور لە میدیا و ڕاگەیاندنەكان هەوڵی نزیك بونەوەی نەوشیروان مستەفای دا ، بەڵام لە سەركردایەتی پارتیەوە ڕێگری لێكرا، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پارتی هەمیشە لە هاوپەیمانیەك دەگەڕێت بتوانێت لە سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بەردەوامی هەبێت لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندە تایبەتیەكانی خۆی ، یەكێتی لە دیدی پارتیدا ئەو هێز و پارسەنگەی ساڵانی ڕابردووی نەماوە ، بۆیە هەوڵی نزیك بوونەوە لە گۆڕان دەدات ، سەرچاوەیەكی نزیك لەیەكێتی ووتی : مام جەلال لە بەر هۆكاری سەرقاڵ بوونی ئاگای لە سیاسەتەكانی پارتی و گۆڕان نیە چونكە بە هەر ڕێكەوتنێك لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا یەكێتی كۆتایی پێدت.

كورسی دەسەڵات بۆ كێ دەبێت؟؟؟

تاڵەبانی زیاتر لە نیو سەدەیە لە شۆڕشی كوردیدا تێكەڵە ، كە دەكرێت بڵێین تەمەنی تاڵەبانی لە شۆڕشدا بەڕێكردوە ، بەرەو هەڵكشانی تەمەنی تاڵەبانی ، وای لە زۆر كاریزما سیاسیەكانی ناو یەكێتی كردوە بیر لە جێنشینی تاڵەبانی بكەنەوە ، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ووتی ، تاڵەبانی پێش مردنی دەیەویًت دوایی خۆی یەكێتی لە دەستێًكی ئەمیندا بێت ، ئەوەش تەنیا خواو تالًەبانی دەزانن كێیە ، لەم چەند ساڵەی دواییدا یەكێتی تووشی زۆر ناكۆكی ناوخۆیی بۆوە ، كێشەكانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن ، بەو هۆیەی زۆربەی سەركردەكانی یەكیًتی ، خاوەنی بیروڕای جیاواز و ، خەونی جیاواز و ، دەسەڵات و قورسایی و نفوسی جیاوازن، چاودێرێكی سیاسی پێی ووتم ، نەوشیروان مستەفا تاكە داینەمۆیە بۆ زیندوو كردنەوەی یەكێتی دوای تاڵەبانی ، چونكە لە سەركردایەتی یەكێتیدا تەنیا نەوشیروان خاوەنی نفوسێكی بەهێزە ، زۆر سەرچاوەش باس لەوە دەكەن ، كە نەوشیروان دوای تاڵەبانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی دەكات بەیەك حیزب و ، لەژێر ناوێكی ترو بە فۆڕمێكی جیاوازتر دێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ، ئەگەر لەم كاتەدا تاڵەبانی كەسێكی شیاو لەدوای خۆی نەكاتە سكرتێر ، ئەوا پارتی ئەو فرسەت و هەلە زێڕینەی ، كە لەمێژ ساڵە چاوەڕێی دەكات ، بە سانایی دێتە بەردەستی و دەست بەسەر یەكێتی دا دەگرێت ، ئێستا ئایندەی ی.ن.ك لەسەر یەك خاڵ بەندە ،ئەویش دانانی سكرتێرێكی نوێ یە بۆ پارتەكەى ، تا لە تێكشكان و پارتی ڕزگاری بكات

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە