دۆم بە دانیشتن مالی وێرانە! سەرای ئازادیش بە راوەستان و نوێژکردن

Sunday, 10/04/2011, 12:00

1977 بینراوە


ئەگەر چاوێک بە فەرموودە یان پەندە کوردییەکاندا بخشێنینەوە کە زۆربەیان چەند سەد سالێک لەمەوبەر وتراون راستەوخۆ ئامۆژگارین بۆ ئەمرۆمان بۆ نمونە دۆم بە دانیشتن ماڵی وێرانە. دۆم تیرەیەکی گەرۆکن کارو کاسبیان دروستکردنی کەو و بێژنگ‌و دەف و تەپڵ‌و که‌وگیر و خوانه و..هتد ئەوجۆرە شتانەیە و جێگاو نیشته‌نی هه‌میشه‌ییان نه‌بوو وه‌ زۆرتردەوارنشین بوون، ئێستا هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وانیش که‌ نیشته‌جێ بوون. ئەگەر بێت و دانیشتبان و هیچیان نەکردبا ئەوا ماڵیان وێران ده‌بوو، هه‌ربۆیه‌ خۆیان به‌ خۆیان ده‌ووت که‌ دۆم به‌ دانیشتن ماڵی وێرانه‌ و هه‌میشه‌ به‌ گه‌ڕۆکی له‌ کارو کاسبی دابوون. یان پەندێکی تر کە دەڵێت شەڕی بەیانیان باشترە لە خێری ئێواران، دیارە مەبەستیان لە بەیانیان ئەو بەیان یە نییە کە تیایدا خۆر هەڵدێت‌و سەرەتای ڕۆژێکی نوێ یە بگرە مەبەستیان سەرەتای دەستپێکردنی هەر کارێکە، ئێوارەش مەبەستیان هەر جۆرێکی درەنگ بوونە.
با لێرەدا بێینە سەر کڕۆکی بابەتەکەو بپرسین ئایە سەرای ئازادی تا چەند مانگیتر و چەند نوێژی تری هەینی هەر لە سەرا دەمێننەوە لە کاتێکدا بۆ هەموومان ڕوونبۆتەوە که‌ دەسەڵات نە وەڵامی داخوازیەکان دەداتەوە نە هیچ چاکسازییەک لە سیستەمی بەرێوەبردن دەکات. ئایا هەر ڕاوەستان و نوێژ کردن لە سەراو پەنگخواردنەوە لەو چوارچێوەیەدا کات بە فیڕۆدان و ماڵوێرانی نی یە؟ بەڕای من چۆن مردن لە ڕێمانەو رۆژێک دێت هەریەکێمان دەبێت بیبینین ئاواش ڕۆژێک دێت ڕاماڵین و لەناوچوونی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دیکتاتۆرە دەبینین. وە هەرگیز ئەوەی کە نابێت پێشبینی بکەین ئەوەیە کە سیستەمی بنەماڵەیی بە بێ خوێن ڕشتن، توندو تیژی و هەروا بە ئاسانی کە لە میسرو تونس کۆتاییان پێهات لە کوردستانی خۆمان ببینین. بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێین بیبینین ئەوەیە ئەمرۆ یان سبەی چۆن ئاڵای زەردو جەمەدانەی سوورو وێنەی سەرە زلەکانمان بینی لە ژێر پێی گەنجانی وڵاتەکەمان ئاواش دام و دەزگای پارتە دەسەڵات دارەکان بە سوتاوی و دارووخاوی ئە بینین. جا ئیتر بەڕاوەستان و دانیشتن ماڵمان زیاتر وێران دەبێت با ئەم هەڵمەتی ڕاپەرینە پەرە پێبدەین و بیگوازینەوە بۆ هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی ئەو ئاڵای ئازادی یەی کە لە سەرا هەڵکرا، با لەهەولێرو دهۆک و که‌رکوک و موسڵ و دیاله‌ش هەڵی کەین، بەڵکو ببێتە مایەی ئازادی کەرکوک و موسڵ و دیاله‌ی فرۆشراویش لەلایەن سەرە زلەکانی دەسەڵاتی کوردیەوه‌.
پاشان و هەرکاتێک دوا کوچە وکۆڵانی کوردستانی باشور لە دەستی ناپاکان و خیانەت کاران و زلە جاشی وەک بنەماڵەی هەزار پیاو و جەلالی مەسینە هەڵگریان پاک کرایەوە ئەوا شێرەکوڕانی وڵاتەکەمان مەشخەل بەدەست سەربەرز چاونەترس شێرئاسا هەڵمەت دەبەن بۆ داگیرکەرانی وڵاتەکەمان لە هەموو پاچەکانی تری کوردستان بەرەو ئاسۆی ئازادی کە زۆر نزیکە ئیتر با هیچی تر چاوەڕێی وەڵام یان چاک سازی لەو دەسەڵاتە گەنیوە نەکەین، چوونکه‌ دوا وه‌ڵامی سه‌ربازی یانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ داواکاری یه‌کانی شه‌قامی گشتی و ئۆپۆزیسیۆن هیچ ئومێدێکی بۆ کورد نه‌هێشته‌وه‌.
ئەوانەش کە هێشتا لە ناودەسەڵاتدا ماون و کەمێک هەستی مرۆڤایەتیان تیاماوە ئیتر با بەس بێت چونکە هیچ مۆرکێکی مرۆڤایەتی بەو دەسەڵاتە گەنیوەوە نەماوەو هیچ چاکسازیەکیشیان لێ چاوەرێ ناکرێت ڕوو لە گەل کەن و پشت بکەنە دەسەڵات بۆ گێرانەوەی مۆرکی مرۆڤایەتی بۆ خۆتان و گەلە ستەم دیدەکەتان. ئەی جەماوەری ڕاپەریوی سەراو ناوچەکانی تری کوردستان ئێستا کاتیەتی با هەڵمەتی ئازادی پێ بگرێت و لەساوایی دەرچێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە