مەبەستەكانى پشتەوەى دەرهێنەر لە دراماى رۆژ ژمێرى شارێك دا

Thursday, 07/03/2013, 12:00

1600 بینراوە







سێ جۆر بینەر:
بینەرى یەكەم: بریتیە لەو بینەرە سادەیەى كە ئەوەى بەلایەوە گرنگ بێت ئەوەیە كە تەماشاى زنجیرە درامایەك بكات، خەمى ئەم جۆرە بینەرە ئەوەیە كە دواى رووداوەكان بكەوێت بۆنمونە ئایا كچ و كوڕەكە بۆ یەكتر دەبن یان نا؟ ئەم جۆرە بینەرە بریتین لەو بینەرانەى پێویستیان بەوەیە كاتەكانیان لەرێى درامایەك پڕبكەنەوە.
بینەرى دووەم: بریتیە لە بینەرى یادەوەرى، ئەم بینەرە چێژ لەبەرهەمێك وەردەگرێت كە خۆى لەو سەردەمەدا ژیابێت، چێژ لاى ئەم جۆرە بینەرە گەڕانەوەیە بۆ رابردوو، بینەرى یادەوەرى، یادەوەرى خۆى بەدەم تەماشاكردنەوە تێكەڵ بە دراماكە دەكات.
بینەرى سێیەم: بریتیە لە بینەرى وردو رەخنەگر، ئەم جۆرە بینەرە دەستەبژێرن، هەركەس لە پسپۆڕى خۆیەوە تەماشاى دراماكە دەكات، بۆنمونە: دەق(ناوەڕۆك) ، دیكۆر ، روناكى، دەنگ ، میكیاج ، جلوبەرگ، كامێرا..هتد، ئەڵبەتە ئەوەى سوود بە دەرهێنەر دەگەیەنێت بریتیە لە بینەرى سێیەم، بەپێچەوانەوە مەبەستەكانى پشتەوەى دەرهێنەر بۆ بینەرى یەكەم و دووەمە.
كام مەبەست؟
هەروەكو چۆن كادیرى حیزبى هەیە لەرێى راگەیاندنەوە بەرگرى لەحیزبەكەى دەكات و لەسەرى دەژى، چەكدارێك لەرێى چەك و ئەو ئەركەى كە حیزب بۆى دیارى كردووە ژیانى خۆى بەڕێ دەكات، بەشێك لە هونەرمەندانى سەر بە هەردوو حیزبى یەكێتى و پارتیش بە هەمان شێوە، واتە حیزب لە رێى وەزارەت و دام و دەزگاكانى ترەوە پشتگیرى هونەرمەندانى سەر بە(خۆى) دەكات بۆ ئەوەى لەرێى بەرهەمەكەوە دیسانەوە قازانج بەحیزب بگەیەنن واتە ریكلامى بۆ بكەن. دراماى رۆژ ژمێرى شارێكیش بەو شێوەیەیە: ئەم درامایە پێمان دەڵێت ئەو پارتیەى كە ئێستا حوكمى كوردستان دەكات و حیزبى یەكەمە لە هەولێرو دهۆك، رۆژگارێك بووە تاكە حیزبى فەرمانڕەوا بووە تەنانەت لەسلێمانیشدا(واتە لەبەیاننامەى 11ى ئازارى ساڵى 1970 تاوەكو نسكۆى 1975) ، پێمان دەڵێت هەر ئێمەبووین رۆژگارێك پێشڕەوى ئێوەمان كردووە و ئێستاش ئامادەین هەر پێشڕەوى ئێوەبكەین ئەگەر ئێوەى بەڕێز قبوڵى بكەن و دەنگمان پێبدەن، مەبەستەكەى ئەوەیە پارتى لەحیزبێكى ئێستاى پەراوێزخراوەوە كە شارى سلێمانى ئەو پەراوێزخستنەى پێ بەخشیوە مەبەستێك بپێكێت و بەناوى هونەرەوە جارێكى تر لە دەرگاى رابردوو بداتەوە بۆ ئەوەى ناشرینیەكانى ئەمڕۆى ئەو حیزبەى پێ بشارێتەوە، بەكورتى ئەم درامایە دوێنیى حیزبێكمان بۆ رووناك دەكاتەوە بۆ ئەوەى لەمڕۆدا سوودى لێوەربگرێت، واتە بەپێى ئەم درامایە بێت دەبێت ئێمە ئاشنابین بەرابردوو، بۆ ئەوەى ئەمڕۆش هەم ستایشى كارە هونەریەكانتان بكەین،هەم ئاشنا بین بەپێشڕەوى ئەو حیزبەى كە بەحساب ئەوكاتە سەروەریى یەك لەدواى یەكى تۆماركردووە. كوردساتەكەى یەكێتیش بۆ دوو مەبەست پەخشى ئەم درامایەى كرد یەكەمیان هەڵگیرسانەوەى شۆڕشە پاش نسكۆى 1975 كە ئەمەش بۆ یەكێتى قازانجە كە خۆى پێوە بابدات و وەكو پارتى ئیش لەسەر رابردوو بكات، هەم بۆ ئەوەى لەكاتى ئاڵتوونی تەلەفیزیۆندا كە سەعات 9 بۆ 10ى شەوە، زۆرترین خەڵك راكێشێت نەك مرۆڤ!
20/2/ 2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە