بەیاننامە - ئەنجامەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە پرسیاری زیاتریان درووستكردووە

Friday, 17/09/2010, 12:00

1862 بینراوە




سلێمانی 16ی ئەیلولی 2010: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەرئەنجامەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان نائومێدكەرن و پرسیاری زیاتریان دروستكردووە.. هەروەها ئەو ئەنجامەی كە رەنگە رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ پەیوەندی بە گروپی ئەنسار ئیسلامەوە هەبووبێت، ئەستەمە جێی باوەڕبێت.

سەردەشت عوسمان، 23 ساڵ، قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لەكۆلیژی زمان زانكۆی سەڵاحەدین و كاری وەرگێڕانی كردووە بۆ چەند رۆژنامەیەك و لەرۆژنامەی ئاشتینامە كاری كردووە. لەڕۆژى 4/5 لە بەردەم نزیك سەڵاحەدین فڕێندراو دواتر تەرمەكەى لە شارى موسڵ دۆزرایەوە.

بە پێی راگەیاندنەكەی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەردەشت لەلایەن گروپی ئەنسار ئیسلامەوە كوژراوە لەبەر ئەوەی بەڵێنی بەو گروپەدابوو هەندێك كاریان بۆ ئەنجام بدات بەڵام كارەكانی ئەنجامنەدابوو.

راگەیەندراوەكە دەڵێت، "دەركەوت كەسێكی سەر بە گروپی‌ انێار الاسلام بەناوی‌ هشام محمود اسماعیل، تەمەن 28 ساڵ، بەرەگەز كوردە و دانیشتووی‌ شاری‌ موێل پیشەی‌ فیتەرە لە پیشەسازی‌ شارۆچكەی‌ بێجی‌ دەستی‌ هەبووە لە شەهید كردنی‌ ناوبراو." وە دواتر ئەو كەسە دەستگیركراوەو دانی بە تاوانەكەداناوە.

لە روونكردنەوەیەكی بنەماڵەی رۆژنامەنوس سەردەشتی جوانەمەرگ، كە لەلایەن بەكر عوسمانەوە نوسراوە، هاتووە، "بۆ هەر كەسێك لە نزیكەوە سەردەشتی ناسیبێت، یا چەند دێرێك لە نوسینەكانی سەردەشتی خوێندبێتەوە یان تەنانەت دوراو دووریش سەردەشتی ناسیبێت، ئەوە ڕوونە كە سەردەشت كەسێكی خۆشەویستی دەوروبەرەكەی و مەدەنی و عەلمانی بوو. بەهیچ شێوەیەك بە تاڵە موویەكیش ئەو بەند نابێتەوە بەبیروباوەڕی تیرۆرستیەوە، ئەو تۆمەتە بێبناغەیەو دورە لە ڕاستی."

پاش تیرۆركردنی رۆژنامەنوس سەردەشت، رێكخەری سەنتەری میترۆ سەردانی خانەوادەی شەهیدی كردوو چاوی كەوت بە كتێبخانەی تایبەتی رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ، كە موعجیبی بیری نوسەرانی عیلمانی بووە، لەوانە شێركۆ بێكەس، ئورهان بامۆك، نیكۆس كازانزاكیس، سوهرابی سپهری، بەختیار عەلی، گابریل گارسیا ماركیز، فاروق رەفیق، دیستۆفسكی، ئەلیكساندرۆ باریكۆ و چەندینی تر.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رایدەگەیەنێت "ئەو ئەنجامەی كە لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوەوە بڵاوكرانەوە نائومێدكەرن و لەجیاتی ئەوەی وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە پرسیاری زیاتریان دروستكردووە. ئەو ئەنجامەی كە رەنگە رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ پەیوەندی بە گروپی ئەنسار ئیسلامەوە هەبووبێت، ئەستەمە جێی باوەڕبێت. هەر لەو رۆژەوەی كە تەرمی سەردەشتی رۆژنامەنوس دۆزرایەوە، سەنتەرەكەمان داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی شەفافی كردووە. ئێستاش جارێكی تر، داواكەمان بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف دووپاتدەكەینەوە."
----------------------------------------------------------------


سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان، رێكخراوێكی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەكانیان. ئەم رێكخراوە، لە هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنوسییەكان (مرێد الحریات الێحفیە، JFO) دەكات كە نوسینگەی سەرەكی لە بەغدایە.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەن بە:
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەیڵ: [email protected] ، [email protected]


كۆتایی
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە