دەسەڵات و پەرلەمانەکەی، بارێکی گرانن بەسەر شانی خەڵکی کوردستانەوە

Monday, 05/01/2015, 12:00

1837 بینراوە


ئەگەر نەختێك بەوردی سەرنج بدەینە دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەڕوونی دەبینین کە ئەمانە خاوەنی هێز و دەسەڵاتێکی بەدەر لە خەڵکیترن. توانایان بەسەر هەموو شتێکدا دەشکێت و لەدەستیاندایە ژیان لەو نیشتمانە خوێناوییەدا بوەستێنن. ئەمە لەکاتێکدا هەر جوڵەیەك بەپێچەوانەی خواستی ئەوان بێت. ئەوا ڕاستەوخۆ داشەهارەی بەبرسیکردن، دوورخستنەوە، تڕۆکردن، شکاندن و سوکایەتیپێکردن، ڕفاندن و مەرگ، دەخەنە گەڕ.

کوردستان، هێزێکی مافیایی چەکوچ بەدەستی کلکداری دەزگا هەواڵگرییەکانی (تورکیا و ئێران) دەیبات بەڕێوە. کەواتە، دەسەڵاتدارەکان، لەدەرەوەی خۆیانەوە هێزیان بەبەردا کراوە و کەرەستەگەلێکن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو دەزگایە. بەبێ ئەوەی هاونیشتمانییەکان بەخۆیان بزانن، کراونەتە بەردی بناغەی ئەم باڵەخانە ئەهریمەنییە. ئەم حکومەتە کەلەسەر سفرەیەکی قەرەباڵخ وەك ئاخوڕێكی پڕ لە ئالیك، بووەتە خێروبێر و بەسەریاندا ڕژاوە، بێجگە لە بارێکی گران بەسەر خەڵکەووە، هۆکارێکیشە بۆ بەستنەوە و لغاوکردنی ئەوانەی تێی دەگەن.

حیزبەکان، دەسەڵاتدارەکان، زۆرینەی خەڵکیان چاوشۆڕ کردووە. بە موچەیەك یان بەگوێچکەدۆلارێك، یان بەدامەزراندنێك، یان بەپێدانی پلە و پایەیەکی حیزبی یان حکومی کڵاویان پێ لار کردوون و دەمیان ئاخنیون. هێند بەخۆیانەوە گرێیان داوە کە ئەگەر باری یەکێك لەحیزبەکان لاربێت و توشی ئابڕووچوون بێتەوە و جەماوەرەکەی دەست بکات بەهەڵوەرین، ئەوا، لەیارییەکی دانسقە و تەڕدا، دانەیەکیتری کوتومت خۆی لەناو منداڵدانە هەواڵگرییەکەی خۆیان بەجیهان دەهێنن و جارێکیتر دەیکەنەوە بەوەسیلەی کۆکردنەوەی خەڵك.

پەرلەمانی ئەمجارەی حکومەتی (تورکی ئێرانیی هەرێمی کوردستان) دەزگایەکی ترسناکە بۆ لەکەدارکردن و ژێرەوژوورکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانای خەڵك و شێواندنی یەکجارەکیی یاساکانی بەڕێوەبردنی خەڵکە. تەنانەت، ئێستا بووەتە گردۆڵکەیەکی پڕ لە گێژاوی تاریبینی و بەعەرەبکردنی سامانی فکری و فەرهەنگیی کورد.

ئەم پەرلەمانە، وێڕای ئەوەی بودجەیەکی زەبەلاح لەقوتی خەڵك بەبێ هیچ داهاتێکی فکری، سیاسی، فەرهەنگی و تەنانەت مەعنەوی بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان بەرهەم بهێنێت، بەخۆڕایی هەڵدەلوشن. دۆخێکی مەترسیداری بۆخەڵك و ژیانێکی ئارامی بۆ سفرەوانەکانی حکومەت دەستەبەر کردووە. سەرزەمینی خاکەکەی بە کۆتایی خاوەنداریکردنی دەسەڵاتداران سپاردووە و زەمینەسازیی بۆ تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی کردووە کە لەئێستاوە سەرەداوی ڕك و قین و یەخەگیرییەکانیان لەڕووی جیاوازیی بیروبۆچوون و پلە و مەقامی کۆمەڵایەتییەوە سەری دەرهێناوە و بنچینەی یاساکانی ووڵاتیش هۆکاری ئەم بەئەنجامگەیاندنەی ئەو نەخشەڕێگایەیە کە پەرلەمان، وەك مەرجەعێکی شەعیی هەڵبژردراوی خەڵك، پیادەی دەکات. لەلایەکی ترەوە، وەك دەشبینین، پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی نییە و بێکەڵك بووە و تەنها ڕێککەوتنی پێشوەختی حیزبە بەشداربووەکان، جێبەجێ دەکەن.

دۆخی فشەڵ و چەقبەستووی یاساکانی سزادانی هەرێمی کوردستان، کە برابەشی یاساکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراقییە و مێژوەکەیان بۆ دەیەی شەشەمی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، پاڵپشتێکی بەهێزی ئەو تێرمە لەکارکردن و بردەودانەیە کە پەرلەمانی کوردستان لەجێگای حیزبەسیاسییەکانیانەوە باڵیان بەسەردا کێشاوە و پەرەی پێ دەدەن. بەم پێیەش، هیچ بوارێکیان بۆ گەشەی فەرهەنگی و مەعریفی و زانستی نەهێشتۆتەوە و کۆمەڵگایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و لەڕێگای دادگاکانەوە، خەریکی تێکبەردانیانن. چونکە، دادوەرەکان، بەپێی پسپۆڕی و کار و ئەرکەکانیان مەجبوورن پشت بەم یاسایانە ببەستن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و بەسەر خەڵکی بێپشت و پەنادا دەیسەپێنن و بەرپرسان و دەسەڵاتداران و بازرگانە گەورەکانی حیزب ناگرێتەوە و تاکە سوتەمەنیش خەڵکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە