١ی ئایار دوایی تیرۆری سەردەشت !

Thursday, 02/05/2013, 12:00

1461 بینراوە






پێش ساڵی ٢٠١٠ لە سەروەختی هاتنی مانگی ئایار دا، وەک کرێکارێک بیرم لەو هەموو ماندووبوونەی خۆم دەکردەوە کە لەتەمەنی ٨ ساڵییەوە تا ئەو حەلە چەشتبووم لەژێر ئیش و ڕەنجداندا.

لەدوای ئەو بەروارە.. هەر مانگی ئایار نزیک ئەبێتەوە من تەنها و تەنها بیر لە سەردەشت دەکەمەوە. " چۆن فڕانیان؟ ئەبێ چەند ئازاری چەشتبێت پێش شەهیدکردنی؟ ئەبێ چەند بێڕەحمانە بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانیان دابێت؟ تۆ بڵێی چی لێ دەرچوایە؟ تۆبڵێی ئەو هەموو ئازایەتییە چی بنیاد بنایە؟ ئەبوو ئێستا بە دەقیق ئێستا خەریکی چی بوایە؟ چی تری دەنوسی؟ تۆ بڵێی ببوینایە بە برادەر؟ ....

سەردەشت گیان ..
یانی ئیتر هەرگیز نایەیتەوە؟
چیتر چاوەڕوانت نەکەین؟
بێهیوا بم لەوەی لەگەڵت ببم بە هاوڕێ و
کە هاتمەوە کەمێک بەشاردا بمگێڕیت؟
من تا ئێستا هەولێرەکەی تۆم نەدیوە
ئەوشارە گەورە و مەزنە لەگەڵ تۆدا خۆشبوو تێر بۆم بڕوانیایە
تازە چیتر تاقەتی ئەوێم نەماوە
کێ ئەتوانێ بەو زمانە ئازایەی تۆ شارم بۆ شی بکاتەوە..
گەر ڕۆژێکیش ڕێمکەوتە ئەو شارە جوانە
بەڵێن بێت پێش گۆڕەکەی تۆ لە هیچ شوێنێک لانادەم و قومێک ئاویش ناخۆمەوە
گۆڕەکەی تۆ دەکەم بەیەکەم وێستگەم و
یەکەم سوکنایی لە باوەش بە گۆڕەکەی تۆدا دەنۆشم و
یەکەم سڵاو لە تۆ دەکەم
هەر یەک چەپکە گوڵیش دێنم بۆ ئەو شارە .. ئەویش بۆ سەر گۆڕەکەی تۆ



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە