ئەوەی پارتی دەیکات لە سلێمانی بە کوردی و بەکورتی پێی دەڵێن " بێعەقڵی"

Saturday, 09/02/2013, 12:00

1513 بینراوە





پارتی لە زۆر ڕوەوە ئەیەوێ پەردپۆشی تاوانەکانی ڕابردووی خۆی بکات. زۆر هەوڵ دەدات خێڵ لە فۆڕمێکی مۆدێرن و شارستانیدا نمایش بکات. سەرەڕای ئەو هەموو وێستگەی ڕاگەیاندن و میدیا زەبەلاحە کە ئیشیان دروستکردنی ماسک ە بۆ حیزبێکی بنەماڵەیی و خێڵەکی و پیشاندانی وەک ڕەوتێکی نەتەوەیی دیموکراسی و پێشکەوتوو، سەرەڕای ئەو هەموو قات و بۆینباخە گرانەی لە میلانۆ و ڕۆما و پاریس ەوە بۆیان دێت بەڵام نەیانتوانیەوە هیچ لە ناخی ڕاستەقینەی ئەم حیزبە بگۆرن و زوو زوو ڕوە خێڵەکییەکەی خۆیان پیشان دەدەن.

بێ عەقڵیە گەورەکەی پارتی لەوەدایە خەڵکی ئەوشارە لەبەردەم خۆ ئامادەکردندایە بۆ یادەوەرییەکی ماتەم و پڕ لە دڵشکاوی. لەکاتێکدا هێشتا فرمێسکەکانی دایک و باوکی سورکێو و ڕێژوان و گەرمیان و بیلال و شەهیدانی تر ووشک نەبونەتەوە. لەکاتێکدا جەللادە خوێنڕێژەکانی ئەم حیزبە بە ئازادی لە شەقامەکانی پایتەخت و پیرمامدا شەقاوی خەیاڵی لێدەدەن. ئەوان دێن ڕوویەکی ناشرین و دزێوی ڕاستەقینەی خۆیان پیشانی خەڵکی ئەم شارە دەدەن و دەیانەوێت لە ڕێگای تۆقاندن و هێرشکردن بۆ سەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنی مەدەنی و بێکەس و پشتوپەنا خەڵکی ئازادی خواز چاوترسێن بکەن و بڵێن " بۆتان نیە قودسیەتی بنەماڵە لاقە بکەن، بۆتان نیە ١٧ی شوبات یاد بکەنەوە، بۆتان نیە باس لە ئازادی بکەن"

بەداخەوە و بە ناچاری دەبێت بڵێم خەڵکی سلێمانی ئەوەندەی لەلایەن پارتیەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، ئەوەندەی قوربانیی دڵڕەقی و بێباکی و بێئینسافی دەستی پارتییە، هێندە بەعس نەیتوانی ئازاری بدات. ئاخر ئامارەکان لەکوێن؟ ئامادەم بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە سەرم دانێم. وەرن بزانن شەهیدانی پێش ڕاپەڕین و قوربانیانی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی شەڕی ناوخۆ چەندن؟ پێش ڕاپەڕین هەموو ماڵی شەهیدەکانمان دەزانی هەموو کەسوکاریانمان دەناسی. بەڵام لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا کام گەڕەک لە شاردا ڕۆژانە و هەفتانە تەرمێک و دوو تەرمی بۆ نەدەهاتەوە؟

خەڵکی گەڕەکی سەرکارێز شاهیدن لە ڕۆژێکدا ٦ تەرمی شەڕی براکوژی هێنرانە مزگەوتی سەیوانی یەکەم، ئەو کۆڵانەی ماڵی " شەهید ئارام " تەنها ئەو کۆڵانە دوو پرسەی تێدابوو لە ڕۆژێکدا. ئاخر من منداڵی ئەو کۆڵانەبووم کاریگەری ئەو خوێنە ڕژاوەی گەنجە جوانەکانی شار پڕی کردووم لە ئاخ. ئەو گەنجانە خاوەنی هیچ مەبدەو و پەیامێک نەبوون، ئەوان عارەبانەکانیان تێکشکێنرابوون، کەپرەکانیان ڕوخێنرابوو، میوە و سەوزەکانیان ژێرپێ خرابوو. ئەو گەنجانە بۆ نان دەجەنگان. ئەوان ناچارکران تفەنگەکان هەڵگرن و بجەنگن بۆ بژێوی خۆیان و خانەوادەکانیان، حاشا هیچیان بۆ ڕێبازەکەی تاڵەبانی نەدەجەنگان و نەیان دەزانی یەکێتی چیە و ئەو شەڕە بۆچی و لەسەر چی دەکەن.

١٧ی شوبات بەڕێوەیە و ئومێد دەکەم خەڵکی ئەم شارە بەخەبەر بێن و لە ڕابردوو خۆشنەبن. دایکی گەرمیان گوناهی چیە ئەوەندە چاوەڕوانی دڵڕەقی ئەو حیزبە بکات بۆ بەدادگا گەیاندنی بکوژی کوڕەکەی؟ ئەی باوکی سورکێو؟ کێ ئەو هەموو قەهرە نابینێت لە نێوچەوانیدا؟ ئەی حاجی عەلی کاشی، خاوەنی یەکەم دڵۆپە خوێنی ڕژاوی ١٧ی شوبات؟
خەڵکی قوربانی کوردستان: ئێوە خاوەنی ئەو هەقەن بچنە بەردەم بارەگاکانی دەسەڵات و داوای مافی خۆتان بکەن.. نەک کۆیلەکانی دەسەڵات لەبەردەم بێدەسەڵاتترین کەناڵی ڕاگەیاندندا هوتافە بێتامەکان بڵێنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە