نێچیر بارزانی و "بیکڕێنە"

Saturday, 05/02/2011, 12:00

1532 بینراوە


ئەم چیرۆکەی بۆتان دەگێرمەوە چیرٶکی ڕوداوێکی راستەقینەیە.
حەکایەتێکی داهێنەرانەی دەسەڵاتی کوردیە. سودوەرگرتنە لە تاقیکردنەوەی میللەتانی پێشکەوتوی دنیا. دنیای خۆرئاوا. کورد دەتوانێت سودی زۆر لە خەزێنەی بیری مرۆڤایەتی وەرگرێت. ئەم سودوەرگرتنەشی لە سەردەمانێکی زوەوە دەستپێکردووە. بۆ نمونە یەکێک لە کۆنترین چەمکەکان کە سودی لێوەرگیراوەو خراوەتە سەرزارو ناو مێشکی کوردانەوە چەمکی وشەی دیموکراتیە. ئەوە نیە یەکێک لە تەمەن درێژترین پارتە سیاسیەکان لە کوردستان ناوی پارتی دیموکراتی یەکگرتوی کوردستان. جاران ئەم یەکگرتوەی پێوە نەبوو دوای توانەوەی بەشێک لە حسیک لە پارتیدا بٶی زیادکرا. بەڵام زٶرگرنگە وەکو دەسەڵات فێرمان دەکات نابێت ئەزمونی وڵاتانی دیکە بەتایبەت خٶرئاوا دەقاو دەق وەرگرین. بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەلومەرجی کوردستانەکەی خٶماندا بیانگونجێنین. ئەو هەلومەرجەی دەسەڵات پێی خۆشەو بۆمان دیاری دەکات. ئەوهەلومەرجەی بە سودی خۆیەتی.
دانبەخٶدابگرن هێشتا چیرۆکەکە وەختی نەهاتووە بیگێرمەوە.
ئەوان وشەی دیموکراتیان هێناوە بەڵام لە مەغزاو ناوەڕٶک دایان ماڵیوە. ئەو پارتە هەرچی بێت دیموکراتی نیە، چونکە دیموکراتی شێوازی زۆرە بەڵام ئەمەی لای ئێمە لە هیچیان ناچێت.
لەم رٶژانەدا سەیری بەرنامەیەکی شیکردنەوەی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گٶرانم دەکرد لە یەکێک لە کەناڵەکانیاندا، ڕۆشنبیرێکی حیزبیی بانگکرابوو راڤە بۆ بەیانەکە بکات، ئەوەی جێی تێرامان بوو و هەڵوێستەم لەسەر کرد ئەوە بوو گووتی کە بزوتنەوەی گٶڕان لەژێر هەژمونی کٶمەڵێک رۆشنبیردایە کە دەیانەوێت ئەزمونی خٶرئاوامان بۆ بهێنن و لێرە پیادەی بکەن.بەڕای ئەو ئەوە بٶ کوردستان نەگونجاو بوو. مەبەستی ئەوە بوو سود لە هەلومەرجی ناوخۆ وەرگیرێت باشترە نەک فکری خۆرئاوا بەکاربهێنرێت. ئیتر لەمەودوا هەر رۆشنبیریی و فەلسەفەی کوردی خۆماڵی، ڕٶنی کوردی خٶماڵی، حیزبی کوردی خٶماڵی، شفتەی کوردی نەک هەمبەرگر، پارەی کوردی نەک دٶلار یان دینار،ڕوبەهەنار نەک کۆکاکۆلا و وەبەرهێنانی کوردی نەک بێگانەیی، حیزبی بە ئەخلاقی کوردی نەک حیزبی بێئەخلاقی بێگانە و لەوبابەتانە پەیڕەوبکرێت. واتە لەمەودوا زانکٶکان دەبێت کتێب و تیۆرە غەربیەکان بسوتێنن. یان گەرنا بەس ئەوەی لێوەرگرن لەگەڵ هەلومەرج و واقیعی خٶمان بگونجێت. تەنیا ئەوەی لێوەرگیرێت گەرەنتی مانەوەی دەسەڵات لە دەستی پارتی دیموکراتی یەکگرتوی بە ئەخلاقی کوردستانداو سەرٶکەکەی مەسعود بارزانی و کوڕو برازاو کوڕەزاو بنەماڵە بەڕێزەکەیدا ! بمێنێتەوە. چونکە مانەوەی دەسەڵات بەو جٶرە و کۆپینەکردنی خٶرئاوا گەرەنتیە بۆ مانەوەی بەرژەوەندیەکانی کاکی ڕٶشنبیری خٶماڵی.
مەسەلەی پارتی دیموکراتی یەکگرتوی کوردستانی بە ئەخلاقیش بۆ خۆی بابەتێک هەڵدەگرێت لەسەری بنوسرێت. ئەوەش یەکێکە لە داهێنانە ناوخٶییە گرنگەکان کە لە ئاستی حەوت سەیروسەمەرەکەی جیهاندایە، بەڵام لەداهێنانی هزری خۆماڵی لەسەر دەستی سەرکردەی حیزب.
ڕاڤەکردنەکەی ڕٶشنبیرەکەی پارتیش هەر درێژەدانە بەوشێوازە لە سودوەرگرتن لە زەخیرەی فیکری بەشەری بەڵام بە هەلومەرجی خٶماڵی. واتە پارتێک کە ناوی دیموکرات بێت بەڵام بێ گوێدانە ئەوەی چەمکی دیموکراتی یانی چی و، بۆ خەڵق نادیموکراتی بێت.
بێ گوێدانە ئەوەی ئەخلاق و ئێتیک یانی چی و لە کوێوە هاتون. ئەو ئەخلاق و ئێتیکەی ئەفلاتون دەیویست پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی کەس ناڕازی نەبێت لە دەسەڵات، بەڵام وەرگتنی بە شێوەیەک بگونجێت لە گەڵ هەلومەرجی کوردی.
بابێینەوە سەر چیرٶکی بیکڕێنە و کاک نێچیر.
چەند هەڤاڵێکی عەبقەری کە کاتی خۆی لە سوید ژیاون و ئێستە لە کوردستان دەژین سودیان لە ئەزمونێکی سوید وەرگرتبوو کاک نێچیریشیان کردبوو بە شەریک. بەڵام ئەم ئەزمونەش هەر بە پێی هەل و مەرجی کورد و کوردستان گونجێندرا لە کاتی خٶیدا. ئەزمونەکە لە روح و ماناو نیازی خٶی دابڕێنرا بە هەمان شێوەی چەمکی وشەی دیموکراتیی.
ئەو هەڤاڵانە کە هەرلە ئەزەلەوە پارتی بون و نزیکی سەرکردایەتیەکەشی بون سودیان لە ئەزمونی جٶرێک لە یانسیبێکی سویدی و جیهانی وەرگرتبوو، لە کوردستان هەمان جٶری یانسیبیان وەبەرهێنابوو. بەڵام ئەوجارەش بە شێوازی کوردی و بە شەریکی کاک نێچیر.
ئەو یانسیبە پارچەیەک کارتۆنی لاکێشەیە، دەکڕێنرێت. گەر سێ مەبلەغی لەیەکچووی تیا بوو ئەوە کڕەری یانسیبەکە بٶی دەردەچێت. دیارە خۆ ڕوخسەتی فەرمی یانسیبەکە لە کوردستان بەناوی کەسێکی تر دادەنرێت. بۆ ئەوەی کەس نەزانێت هی کێیە. لە کوردستان ناوی نەنرا سیانە، بەڵکو بە پێی هەلومەرجی خۆماڵی ناویاننا بکڕێنە، بە سود وەرگرتن لە چاوگی کڕاندن.
لە سوید پێی دەڵێن تریس. واتە (سیان)ە.
لێرە قازانجی فرٶشتنەکەی بەشێکی دیاری لێ دەدرێت بە یانە و بٶنە وەرزشیەکان. لەوەی لای خٶمان ئەو بەشەی لێ لابرابوو، نەدەدرا بە یانە و بٶنە وەرزشیەکان. گونجێندرابوو لەگەڵ هەلومەرجە کوردیەکە. یەکێک بٶ تٶ و زٶربەی بۆ خٶم.
مرٶڤ لە خۆی دەپرسێت ئایە ئەمەیە پارێزگاری کردن و خٶ بەستنەوە بە هەلومەرج و واقعی خۆماڵیەوە.
کاکی ڕٶشنبیری پارتی کە ناوت لە خٶت ناوە شیکەری سیاسی. تٶ جارێ وشەی رٶشنبیر و شیکەری سیاسیش لە خٶت بکەرەوە، چونکە ئەوانەش چەمکی خٶرئاوایین هەرچەندە لە کوردیەکەدا مانا پڕاوپڕەکەی ئینتەلەجەنسیا و ئەنالیتیکەر نادەن. ناوێکی کوردی خٶماڵی بەکار بێنە. ئێمەی کورد وشەیەکی زۆر جوانمان هەیە بۆتۆ و هاوپیشەکانت بگونجێت، ئەویش وشەی "شایەر"ە. با دەنگیشت خۆشنەبێت بەڵام بٶ گوێی ئاغاکانت لە شمشاڵەکەی دەروێش عەبدوڵا بە سٶزترە. شایەریش لە شاعیرەوە هاتووە. ئەبێت قوڕی کوێ بکەیت بەسەرتدا تا وشەیەکی کوردی خٶماڵیت دەستکەوێت.
بەڕێز
زٶرت هەوڵدەدا بە هێمنی و بێ توورە بوون و هەڵچون شیکردنەوەکانت بکەیت.
حەزدەکەم یەک شت هەیە بیزانیت: پۆل پۆتیش لە کەمبۆدیا هەوڵیدا هەموشتەکان بەشێوازی خٶیان ماڵی بکات. ئەنجامەکەی ئەو هەمو پەیکەرو مۆنیومێنتەیە کە لە کەللەسەری قوربانیەکانی ئەو ئەزمونە دروستکراوە.
شت و دیاردە خٶماڵیەکان لە کاریگەری دەره‌وە ناپارێزرێن. کەواتە هەرچی تراکتۆر و ماشین و چەمکە رٶشنبیریەکانە لابە و دەست بکە بە شتە خٶماڵیەکانت. سەری ئێمەش مەخە ژان و سەرۆکەکانیشت خەنی کە. ئەوەختە دەتبینمەوە.
چ دەرسێک لە حەکایەتەکەی مەکڕێنە وەردەگرین؟
بەڵێ ئەوەی کە لە کوردستان شتێکی خٶماڵی هەیە ئەویش ئەوەیە دەسەڵات خۆی ترنجاندوەتە ناو هەمو جومگەکانی بڕبرەی ئابوریەوە. نە نەوت،نە گومرک،نە فەرهود،نە بە قۆنتەراتدانی سوپای کوردی بە بێگانە، نە باڵەخانەی بازرگانی، نەو .. نە، .. دوبارە نە و نە، هیچیان بەشی چاو تێربوونی دەسەڵاتی کوردی ناکەن. تەنانەت خٶیان بەدڵی خٶیان چەمکەکان و تیۆرە سیاسی و خۆرئاواییەکانیش وەردەگرن و لوت و گوێیان دەبڕن و لە گەڵ هەلومەرجی ناوخۆیی دەیان گونجێنن، هیچ تێریان ناکات پەنا دەبەنە بەر یانسیبیش کە لە خٶرئاوا بەشێکی کاریگەری بۆ کاری وەرزش و بۆنە کەلتوریەکان تەرخان دەکرێت، کەچی لە کوردستان بە پێی هەل و مەرجی خٶماڵی بەش دەکرێت. یەکێکی بۆ تۆو هەموی بۆ خۆم.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە