پاش شكست هێنانى كورد لە كەركوك و تكریت و دیالە هەقە جه‌لال و مه‌سعود ئیستقالە بكه‌ن.

Monday, 22/03/2010, 12:00

1264 بینراوە


ئەگەر تەماشاى ئەو دەنگانە بكەیت كە كورد لە ئەو ناوچانە هێناوییەتى تەنانەت نەك هەر عەرەب و توركمانەكان دەنگیان بەكورد نەداوە، كوردەكەش دەنگى بەحزبە كوردییەكان نەداوە، تەماشا بكەن لە ناوچەى دیالە بە خانەقین و جەلەولاو مەندەلى و قەرەتەپەو سەعدیەو جەبارەو.... هەموو دەنگى لیستە كوردییەكان بە پەنجا هەزار دەنگ ناگات، لە تكریتیش لەوە خراپترە، لە كەركوكیش كۆى دەنگى لیستە عەرەبییەكان لە كۆى دەنگى لیستە كوردییەكان زیاترە، ئەم ماڵوێرانییە بۆ چى؟؟؟:
بۆیە دەڵێین ماڵوێرانى چونكە ئەوەتا كورد بەهەڵبژاردن ئەو ناوچانە دەدۆڕێنێت:
بەهەر حاڵ هۆى ئەم شكەستە چییە؟.
1ـ دەمێكە ئێمەو مانان هاوارمان بوو كە باشترین چارەسەرى كێشەكانى كورد دروستكردنى نموونەیەكى جوانە لە حوكمڕانى، بەڵام یەكێتى و پارتى ئەم هەرێمەیان كردە دیوەخانێكى ڕووت و قووت، ئەوەى ناوى موئەسەسات بێت لەم هەرێمە بەدى ناكرێت،
كۆمەڵێك ماڤیا كەوتوونەتە سەر شانى ئەو ملەتەو تەنها پەرۆشى بەرژەوەندییە تەسكەكانى خۆیان بوون. ئێمە پێمان وابوو هەر نموونەیەكى حوكمڕانى جوان لە سلێمانى و هەولێرو دهۆك دەتوانێت قەناعەت بە ناوچە تازە ڕزگاركراوەكان بكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كە ڕازى بن ببنە بەشێك لە هەرێمى كوردستان. بەڵام یەكێتى و پارتى ئەو تەجروبە تاڵەى هەرێمیان بردە ئەو ناوچانەش.
2 ـ پیرۆزكردنى خیانەت:
مامۆستایەكى كەركوكى وتى((من دەنگ بە یەكێتى و پارتى بۆ بدەم، هەر ئەو ئەمن و ئیستخباراتانەى كە لە بارەگاكانى بەعس بوون ئێستا لە بارەگاكانى یەكێتى و پارتین))، یەكێتى و پارتى هەروەك و چۆن پاش ڕاپەڕین موچەو پاسەوانیان بۆ چاش و خائینەكان دابین كرد، هەمان ئەو شتەیان لە ناوچە دابڕاوەكان دوبارە كردەوە، كە ئەمەش بووە هۆى خنكاندنى هەستى نەتەوایەتى لاى خەڵكى ئەو ناوچانە و هەموو خەڵكى كوردستان.
3 ـ بەرەلایى و نەبوونى عەقڵى بەڕێوەبردن:
ئەم نەخۆشییە بووە هۆى دروستكردنى جیاوازییەكى كۆمەڵایەتى زۆر لە نێوان كەمینەى دەسەڵاتدارو زۆرینەى جەماوەر، لە كاتێكدا زۆربەى خەڵكى ئەو ناوچانە هەژارن و بێ كارن، دەبینیت خەڵكى دەسەڵاتدارو نزیك لە دەسەڵات بە شێوەیەكى نامەعقول دەوڵەمەند بووەو تەقیوەتەوە.
4 ـ پەیڕەوكردنى سیاسەتى سەقەت لەگەڵ عەرەب و توركماندا:
یەكێتى وپارتى بە هەزاران عەرەب و توركمانیان لە سەر بودجەى سلێمانى و هەولیرو دهۆك دامەزراندووە، بە مەبەستى كڕینى دەنگى ئەوانە، كەچى ئەوانە هەم دەنگیان بەكورد نەداوە هەم پارەى ئەم هەرێمەشیان خواردووە، زۆریان تێدا هەیە هەر دەوام ناكەن، لەناوچەیەك بەسەدان كەسیان تێدا دامەزراندووە، كە پلەى دادوەرى تێدایە، كورد لەو ناوچەیە لە یەكێك لە هەڵبژاردنەكاندا تەنها(6) دەنگى هێناوە.
بێ گومان لە دامەزراندنا عەرەب و توركمان تەفزیل كراونەتە سەر كوردا، ئەو كوردانەى كە بەدرێژایى نەوەتەكان لەژێر گەمارۆى ئابوورى و تۆپباراندا بوون، چونكە ئەوانە دامەزرێنراون لەبەر ئەوەى عەرەب و توركمانن نەك مونافەسە كرابێت و ئەوان دەرچوبێتن. برادرێك لەیەكێك لە فەرمانگەكاندا ووتى: ((ئێمە ئەبێ (8)ى بەیانى بچین بۆ داوام تا (2)ى پاش نیوەڕۆ كەچى عەرەبمان لەگەڵدایە هەمان پارە وەردەگرێت و داوام ناكات، من بەچاوى خۆم لە كەركوك ئەو كەسەم بینیوە وێنەیەكى سالح مەتلەگ بە چامى سەیارەكەیەوە بووە)).
خۆێنەرى بەڕێز ئێوە بینیوتانە كەسێك بۆ پارە یان دامەزراندن واز لە نەتەوەكەى خۆى بێنێت، ئەگەر ئەو سیاسەتە سوودى هەبوایە ئەوە لە باشوورى كوردستان ڕاپەڕین نەدەكرا چونكە سەدام سى سەد هەزار جاشى هەبوو.
لە لایەكەوە ئەو هەموو فەرمانبەرە عەرەب و توركمانە بوونەتە بار بەسەر ئەم هەرێمەوە، كەچى برادەرە بێ سەروبەرەكانى یەكێتى كاتێك ئۆپەراسیۆنیان دەكرد لە ناوچە عەرەب نشینەكان بۆ ڕاو كردنى تیرۆرست بە دەیان كەسى هەژارى ئەو ناوچانەیان دەگرد و لە لێداندا ئیسك و پروسكیان دەشكاندن، كە هى وایان هەبووە هیچ پەیوەندى بە تیرۆرەوە نەبووە. جا برایان ئیتر ئەو خەڵكە ئەگەر پارەشى پێ بدەیت ئەوجا دەنگت پێ نادات، ئێ كاكە نا دایمەزرێنەو بیخە پێش خەڵكەكەى خۆتەوە نە بەخۆڕایى ئێسقانى دەست و قاچیشى بشكێنە.
5 ـ كشانەوەى هێزەكانى پێشمەرگە:
كشانەوەى هێزەكانى پێشمەرگە لە لایەن تاڵەبانییەوە لە هەندێك لەو ناوچانەو نیشاندانى كورد بە بێ هێزى بووە هۆى بێ بڕوا بوونى خەڵكى ئەو ناوچانە بە حزبە كوردییەكان و دەنگ نەدانیان.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە