لە پێناو شۆڕشی نەبەردانی سوریا: نەفرەت لە ڕوسیای ڕوو سیا

Saturday, 04/02/2012, 12:00

2233 بینراوە





ئەو وتارە پێشکەشە بە سەباحی برام کە بە پەرۆش بوو شتێک لەسەر شۆڕشە مەزنەکەی سوریا بنووسم

لەوەتی ئەو وڵاتە نا موبارەکە وجودی هەیە ڕەزا قورس وبارگرانی بووە بەسەر کۆڵی بەشەریەت، هیچ پرنسیپێکی ئەخلاقی و ئادەمی بوونی نییە لە سیاسەتی ئەو وڵاتە... لە مێژووی قەیسەریەتەوە و کۆمۆنیزم و تا دەگاتە ڕوسیای فیدرالی هەردەم کۆسپ بوونە لەبەردەم ئازادی گەلان، ئەگەر جاروبارێکیش ئاوڕێکیان لە گەلێکی ژێر دەست دابێتەوە ئەوە زۆری نەبردوە بە کەمترین نرخ فرۆشتویانەتەوە لە بازاڕی نەخاسە وکۆیلەداری.
ئەگەر دنیا بە زەوقی مافیاچیەتی وئەندێشەی ڤۆدگایی ڕوسیا بەڕێوە چووبا دەبوایە تا ئەمڕۆ چاوشیسکۆی رۆمانیا و ێدامی عێڕاق و قەزافی لیبیا و موبارەکی میسر وزەینولعابدینی تونس لەسەر کار ودەسەڵات بان، وەک چۆن ئەو دەولەتە ڕوو ڕەشە هۆی سەرەکی مانەوەی دیکتاتۆریەتی دیینی ئێران و ڕژێمی تایفی بەشار ئەسەدە...
ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئامرازی کوشتنی ڕژێمی سوریا گەیشتۆتە چڵەپۆپەی لە کاتێکدا هەموو جیهان بە پەرۆشن بۆ ڕزگار کردنی گەلی سوریای بێ پێشتیوان لە ژێر چەقۆی ئەو جەلادە موسەقەفە کوێرەی کە گوایە دکتۆری چاوە، کەچی ئەو ڕژێمە نا مرۆڤە هەموو هەوڵ وتوانای خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو دەرنەکردنی بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی بەشار ئەسەد، ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەگوترێ سەرمایەدارەکان و رۆژئاواییەکان هەزار جار بە ڕەوشتر ومرۆترن، هەرچەندە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی کۆمۆنیزم ئەوان بە دڕەندەترین وڵاتانی دنیا دەزانن!!
هەوڵی بێ وچانی ڕوسیا بۆ مانەوەی وەک هێزێکی گەورەی دونیا بێ هودەیە ئەگەر خاوەنی وڵاتێکی وا بن لە ناوەوە مافیا حوکمی دەکات و ملیۆنەها قوربانی سیستمی نا دادگەری کۆمەڵایەتی لەسەر شەقامەکان دەبینرێت، و نەبوونی ئاسایش و ئەمن و ئەمان، هەزاران سایتیان بۆ فرۆشتنی کچانی روسیا کردۆتەوە لە بازاڕی بێ ڕەوشتی و کۆیلایەتی سێکسیدا، وسیاحەتی سێکسی بە خەڵکی وڵاتە نیمچە هەژارەکانیش دەکرێت چ جای دەوڵەمەندەکان، ولە سەر ئاستی دەرەوەش کاریان تەنها پشتگیری کردنی دیکتاتۆرەکانە.
دەزانم کەسانێك ڕاست دەبنەوە و دەڵێن وڵاتە سەرمایەدارەکان و رۆژئاواییەکانیش هەر لە ڕاهی خودا پشتگیری لەو شۆڕشانە ناکەن، دەڵێین ڕاستە کەس هیچ لە پێناو هیچ ناکات ئەوە یاسایەکە لەناو بچوکترین بازنەی کۆمەڵایەتیشدا لە ئارادایە، ئەوەی بێ پارەیە و بێ پایەیە هەتا لە ناو خزمانی خۆشی وەک کەسێکی پارەدار و پایەدار ڕیزی لێ ناگیرێت، کەوابوو بۆ چاوەڕوانی بکەین لە وڵاتانی زلهێزی دنیا ببنە دەزگایەکی خێرخوازی؟!! هەتا هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کێشەی لیبیا جیوازترە لە کێشەی سوریا، لەبەر دەوڵەمەندی لیبیا و هەژاری سوریا، بەڵام هێشتا هەلوێستیان چاکترە بە سەد قات لە ڕوسیا وچین لە کیشەی سوریاش. هەر نەبێ هەوڵ دەدەن بە ئاڕاستەی هاریکاریکردنی خەڵکی سوریا هەرچەندە ئیسرائیلیش زۆر ئاسودە نیە بە ڕوخانی ئەسەدی دەستەمۆکراوی خۆی، بەڵام تازە گەیشتونەتە قەناعەت کە خەلکی سوریا گەیشتۆنەتە خاڵی نەگەڕانەوە.
هونەرەکە لەوەدایە بتوانیت بەرژەوەندی خۆتیش بپارێزیت و خۆشت نەدەیتە بەر تانە وتەشەری هەموو جیهان، ئەوەتا ڕوسیا لەسەر ئاستی جیهان یان بەلایەنی کەمەوە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیدا هەزار نەفرەتی لێدەکرێت و لە شەقامەکان و خۆپیشاندانەکان ئاڵاکەی دەسوتێنرێت لە تەک ئاڵای وڵاتە هاوڕێکەی تری کە چینی کۆمۆنیزمی سەرمایەدارییە!! دەبوایە چی نەبا ڕوسیا وانەی لە ئیسرائیل وەرگرتبا نەک خەڵکی سوریا بۆ هەتا هەتایی بکاتە دوژمنی دێرینی خۆی!
سەیر لەوەدایە بەرگری ڕژێمی روسیا هەر لە سوریا و ڕژێمەکەی نییە، بەڵکو بەرگری لە خودی دیکتاتۆریش دەکات و دژی لابردنی بەشار ئەسەدە ودانەدەستی دەسەڵاتەکەیەتی بە جێگرەکەی [فاروق الشرع] یشن، نەك ئەوە بەلکو یەکێتی نووسەرانی روسیای خۆشی وەک یەکێتی نووسەرانی سەردەمی کۆمۆنیزم کە گوایە زیاتر لە ٧٥٠٠ نوسەر وبیرمەند بە خۆوە دەگرێت، گەورەترین دیاری خۆی دەبەخشێتە سەری ڕژێم بەشار ئەسەد وەک گرنگترین پیاوی گۆڕەپانی سیاسەت وکۆمەڵ وحکومەت لەبەر خۆڕاگری لە بەربەرەکانێ کردنی سەپاندنی هەیمەنەتی جیهانی بەسەر گەلی سوریای بەخشەر و کرێکار ومەزن.!! هەتا تێرم وزاراواکانیش هەر تێرمە کۆنەکانی کۆمۆنیزمە و سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی روسیای پرۆفیسۆر ڤالێری غانیشێف بەکاری دەهێنێتەوە.! لە هەمووی خراپتر بەوە ناوەستن کە دیاری بدەنە ئەو مرۆ و منداڵ کوژە دژ بە دەروونی برینداری گەلی سوریا ستەملێکراودا، بەڵکو ئەو بەناو پرۆفیسۆرە تانە لە شۆڕسی سوریاش دەدات کە دەڵێت: " سوریا وەک جوانترین بوونەوەری کۆمەڵایەتی دوچاری هێرشی دڕەندە دەبێتەوە بۆ پارچە پارچەکردنی لە ژێر ناوی شۆڕشدا!!" ئەگەر ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت شۆڕش نەبێت، دەبی شۆڕش چی بێت لەو زهنیەتە بۆگەنەی ڕوسیای ڕوو سیا؟!
تا ئەمڕۆش کە ٤/٢/٢٠١٢ یە هەوڵە نەگریسەکانی ڕوسیا لە ئارادایە بۆ ڕێگرتن لە دەرچوونی بڕیارێک خەڵکی سوریا ڕزگار کات لەو قەسابخانە ڕۆژانەیە هەر ئەمرۆ تەنها لە حومس نزیکەی ٣٠٠ کەس لە گەڕەکەکانی کوژراوە بە بۆردومان کردنی بەردەوام... کەچی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هێشتا بەو پەڕی نا مرۆییەوە دەڵێت ئەگەر ئەمریکا وهاوپەیمانانی پرۆژە بڕیارەکە بدەنە دەنگدان بۆی هەیە توشی ئابڕووچونێکی تر ببێت چونکە ئێمە ڤیتۆی دەکەین!!"
لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: " ئەوانەی تەگەرە دەخەنە بەردەم بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارەتیەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە ئەستۆیان"
گەلی سوریای قارەمان تازە خوی گرتوە بە شۆڕش وەک تلیاکی لێهاتوە بۆی، تەنها چارەسەرێکیش بۆ ڕزگاربوونی لەو ئالوودەگیە لەناوچوونی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرە، لەشکری سوریای ئازادیش ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت و هەزاران ڤیتۆی ڕوسیای بەرگریکەری دیکتاتۆرەکان ناتوانێت ئەو شۆڕشە وئاکامە حەتمیەکەی بوەستێنێت کە لە ناوچوونی ئەسەد وڕژێمەکەیەتی ئەگەر تایفەکەشی نەبێت!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە