وەرە با من و تۆش له‌ 16 / 3 دا ڕاکشێین!

Saturday, 16/03/2013, 12:00

1837 بینراوە


هیچ پەلەتان نەبێت بەیانی ١٦- ٣ هەرچی کەناڵی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتە بە تەشت قوڕدەگرنەوە و دەیکەن بەسەرتاندا ، بێخەم بن سبەی هەرچی حیزب هەیە بە سەرۆک و سکرتێر و جێگەرەکانی و مەکتەب سیاسی و سەرکردەکانیەوە باسی کارەساتی کیمیابارانتان بۆ دەکەن، سپێدە ئەوەندە دەتان گرێنن هەرچی خۆشی و سەیرانی ١ ساڵە لە کونی ئەقڵتانەوە دەری دەهێننەوە، هەرچی پارەی بەلووشی هەیە کە پێیان داون بۆتان دەدەن بە هەنارەترشەو واتان لێ دەکەن بەیانی برۆن بۆ بازاڕ و هەرچی سێو هەیە لە دوکانە بەقاڵەکانی شاردا بە پێ لەقە بیپلێشنەوەو سێوەکان تف باران بکەن وەک چۆن بیکەیسی بەدەستەکانی لقی ٤ گەنجەکانتانی سێوباران کرد .
تا نەبوە بە ١٦- ٣ سەری بێخەم بخەنە سەرسەرین ، چونکە لەگەڵ دەستپێکی مارشی کەناڵە لۆکالی و ئاسمانیەکانی دەسەڵاتدا بیرو هۆشتان دەبەنەوە بۆ هەڵەبجەی ساڵی ١٩٨٨ و زوخاوی دنیاتان پێ دەنۆشن و شیری دایکتان پێ دەهێننەوە بێ ئەوەی ووردەکاری و هۆکاری ڕوودانی کیمابارانەکەتان بۆ باس بکەن ، ئەوەندە درۆی شاخدارتان بۆ دەکەن بە سەتڵ ئاو بەرن بۆ ئەو هەڵەبجەیانەی لەو ڕۆژەدا نزایان دەکرد فریادڕەسێک بەتانیەکەی تەڕ بدا بەجەستەیاندا تا کاریگەری بۆمبە کیمیاویەکە بیان پارێزێت لەمەرگ.
بەیانی هەرچی ستافی کەناڵەکانی دەسەڵات هەیە بە (بێژەرەکانەوە ، هەواڵسازەکان ، کامێرامانەکان ، تۆمارکەری دەنگەکان ، ڕێژیسۆرەکان ، ئەرشیف چیەکان ، دەرهێنەرەکان) ڕیپۆرتاژی هەڵەبجەتان بۆ ساز دەکەن کارێکتان پێدەکەن هەرچی پاکەتی کلێنکسی کوردستان هەیە لە بازارەکان جینۆساید بکەن تا بەدیار ئەو بەرنامانەوە فرمێسکی چاوەکانتانی پێ بسڕن . پاش ڕیپۆرتاژەکە بەدەیان پسپۆڕی شارەزاتان بۆ دەهێنن تا باسی کاریگەری ئەو بۆمبانەتان بۆ بکەن سەدام لە هەڵەبجەدا ڕژزاندی بەسەریاندا ، هیچ بە دووری مەزانن ئەو پسپۆرانە جۆری گازی خەردەل بە سەرزەل و خازی سیانیدیشتان بە کلۆرید بۆ شەرح بکەن.
بەیانی زۆرێک لە سەرکردەی حیزبەکان بەیاوەری هەندێک لە پەڕلەمانتارە بێنوتقەکان بەچاوی خەواڵوەوە بەکاروانی سەیارە ئاخرمۆدیلەکانیانەوە وەک ئەوەی بەزۆر بیان بەن بۆ سەرئیش دێن بۆ هەڵەبجەو لە گولە خێراتر چەپکە گوڵینە لەسەر مەرزاری شەهیدان دادەنێن و لە مۆمێنتەکەشدا لە پێشی پێشەوەی کورسیەکان باوێشک دەدەن .
دان بە خۆتاندا بگرن بزانن بەیانی ١٦-٣ لە هۆڵەکاندا چەندە سیمینارو کۆڕو کۆبوونەوە بۆ ئەو کارەساتە سازدەکرێت ، ئەو هۆڵانەی لەسەر ئێسکوپروسکی شەهیدانی هەڵەبجەو بەبڕەپارەی بودجەی ئەوان بنیاتنراون ، بەدەیان نوسەرو شاعیرو لێکۆڵەرو توێکارکار بەقات و ڕیبات وبۆنی خۆشەوە بێجگە لە بۆنی سێو دێن و باس لەکاریگەریەکانی ئەو کارەساتە دەکەن لەسەر ژینگەو نەزۆکی و گیانداران و بولبول و چۆلەکە و ڕیشوڵەو کەروێشکەکانی هەڵەبجەو زنجیرە شاخی تریفەو هەوار وهەوارە کۆن و زەمەق و عەنەب و عەبابەیلێ ، پاشانیش ئەو ستافە پەردەوپۆشانە بەرەو ڕیستۆرانت و هۆتێلە گرانبەهاکان دەبرێن و کەباب و گۆشتی برژاوو هەرچی جۆری تەعامی خۆش خۆش هەیە دەخرێتە خزمەتیانەوە .
کەناڵی حیزبەکان بە چەند کاتژمێرێک مەراسیمی گەورەترین کارەساتی مێژووی نەتەوەیەک کۆتایی پێدێنن و پاشانیش وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت بەهەمان ڕیتمی ڕۆژێک پێش ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجە واتە ١٥-٦ دەست دەکەنەوە بە پەخشی ئاسایی خۆیان بەو گۆرانیە سەقەتانەی پڕن لە سەماو کەمەربادان هەناوتان فێنک دەکەنەوە.
من وەک خۆم ١٧-٣-١٩٨٨ ڕۆژی دوای کارەساتەکە لەگەڵ تیپەکەمان گەیشتینە گوندی عەبابەیلێ ، کاتێک چومە ناو شارەکە ئەوەی بینیم بە دەیان نوسینو فلیم ناگێڕدرێتەوە ، بەسەدان کەس لە گەنج ، پیر، منداڵ، کچ ، ژن و پیاوی بەساڵاچوو لە کونجو کۆڵانەکان ڕاکشابوون ، هەر هەمووشیان هەردوو چاویان زەق زەق کرابۆوە وەک ئەوەی بڵێن ئێمە نەمردووین ، ئەو وێنانە هێندە جەرگ بڕبوون بە هاوڕێکەم ووت وەرە با من و تۆش لە تەنیشت ئەمانەوە ڕاکشێین تا هەناسەمان لێ دەبڕێت .
ڕزگارساڵح
ئەنیشخەدە هۆڵەندا
١٦-٣-٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە