پەیماننامەی لوزان و جنێف ٢ و کورد

Thursday, 23/01/2014, 12:00

3550 بینراوە








خوێنەری بەڕێز
ماوەی دوو ڕۆژە کۆنگرەی جنێف ٢ بەڕیوە دەجێت، کە دەربارەی دۆزینەوەی جارەسەرێک بۆ کێشەکانی سوریایە، هەڵبەتە چارەنوسی کوردستانی ڕۆژئاواش بەشیک دەبێت لەو دانو ساندنانە، ئەم کونگرەیە ئەگەر زیاتر نەبێت هیجی کەمتر نییە لە کونگرەی لـوزان کە مافەکانی گەلی کوردیان تیا فەرامۆش کرا
کۆنگرەی لوزان (١٩٢٣) پاش کۆنگرەی سیڤەر بە یەک دوو سالێک مۆر کرا. پاش لەکار خستنی سولتانی عوسمانی و تێکشکاندنی هێرەشەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن سوپای تورکیاوە بە سەرکردایەتی موستەفا کەمال کە حکومەتیكی لە ئەنقەرە دامەزراندبوو، موستەفا کەمال ڕیککەوتننامەی سیڤەری ڕەتکردەوە کە لە لایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە مۆرکرابوو.
بڕیار درا سەر لەنوێ لە شاری لوزان (لە قەسری ئوشی)، دانوساند لە نێوان تورکیا و دەوڵەتانی هاوپەیماننان بەڕێوە بجێت.






وەفدی هاوپەیمانان بریتی بوو لە:
لورد کۆرزۆن و.دەرەوەی بەریتانیا سەرۆکی وەفد
کامیلی باریرێ- نوێنەری فەرەنسا- پاشان بە هۆی نەخۆشییەوە لە شوێنی ئەو ماوریک بۆمپارد دەسبەکاربوو
ماکیوس گارونی- نوینەری ئیتاڵیا
ئەلفیسیرۆس ڤینزیلۆس/ نوێنەری یۆنان

وەفدی تورکیا بریتی بوو لە
عیسمەت ئینۆنۆ و. دەرەوی کۆماری تورکیا
د. ڕەزا نـور بەی و. تەندروستی و نوێنەری شاری سینۆپ لە مەجلیسی گەل
حەسەن بەی نوێنەری شاری ترابزۆن لە مەجلیسی گەل
هەلبەتە بە هۆی پەککەوتن یان دواخستنی کۆبونەوەکان، جار جار نوێنەرەکان گۆڕدراون.

جگە لەمانەش ئەدمیرال مارک ل. بریستۆل وەک نوێنەری ئەمەریکا کە وەکو ڕاوێژکاریک زیاتر یارمەتی وەفدی تورکیای ئەدا
شایانی باسە لە سەروبەندی کۆبونەوەکانی سـیڤەردا، ڕیگە بە وەفدی تورکیا نەدرا بەشدار بێت، بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگدا دۆڕابوو. بەڵام لە کۆبونەوەکانی لوزاندا بەڕەسمی وەک تەرەفێک بەشداربوو.




ئەوەی تورکیا بەدەستی هێنا:
- ناساندنی دەوڵەتی تورکیا وەکو کۆمارێکی سەربەخۆ
- لە گۆڕنانی خەونەکانی کورد و ئەرمەن لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان/ لە گۆرنانی پەیماننامەی سیڤەر
- بەدەستهێنانی پشکێک لە نەوتی ویلایەتی موسڵ
- نیمچەکۆنترۆلکردنی هەردوو شاڕیگای دەریایی تەنگەی بۆسفۆر و دەردەنیل
- مسوگەرکردنی بەشیک لە مافەکانی ئەو تورکانەی کە لە ناوجەی تراکیای ڕۆژئاوا، کە بووە بەشیک لە وڵاتی یونان
- بەدەستهێنانی هەندێ کۆمەکی دارایی لە وڵاتانی هاوۆپەیمانان، جگە لە دروستکردنی پەیوەندی ئابوری لە گەڵیان
- هێشتنەوەی ناوجەی ئیسکەندەرۆنە وەک ناوجەیەکی سەربەخۆ، پاشان لە ساڵی ١٩٣٣ لکێنرایەوە بە تورکیا
- لیخۆشبوون لە هەندێ لە قەرزەکانی تورکیا

هاوپەیمانانیش ئەمانەی خوارەوەیان بەدەستهێنا:
- لەگۆڕنانی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی عوسمانی بۆ هەتاهەتایە
- دوورخستنەوەی تورکیا لە بلۆکی سوڤیەت کە ئەتاتورک هەڕەشەی ئەوەی دەکرد ئەگەر زۆر فشاری بۆ بهێنن ئەوا لە سۆڤیەت نزیک دەبێتەوە. بەمەش ڕیگری لە سۆڤیەت کرا کە نزیکبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- بەدەستهێنانی مافی وەدەرهێنانی نەوت لە ویلایەتی موسل، پاش ئەوەی تورکیا بەرەسمی دەستی لێهەڵگرت،بەرامبەر بە هەنژی پشکی نەوت و هەندێ پارە
- گێڕانەوەی هەندێ لەو ناوجانەی یۆنان کە لە ژێر رکیفی سوپای تورکیادا بو
- دەستهەڵگرتنی تورکیا لە هەندێ ناوچەو ڕۆبار کە پاشان خرانە سەر ووڵاتانی یۆنان و بۆلگاریا و ڕۆمانیا و سیربۆکروات و سلوڤینیا.
ئەمریکاش بواری بۆ ڕەخسا کە ووردە ووردە جێ بە ئیمپراتۆرییەتی ماندوو و شەکەتی ئینگلیز لەق بکات و شوێن پێی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا بکاتەوە

تەنها لایەن کە بەدەسبەتالی لێی هاتە دەرەوە، کورد بوو هەڵبەتە ئەرمەنیش بە ئاواتەکانی نەگەیشت

پەیماننامەی لوزان لە ١٤٣ ماددە پیك هاتوە، جگە لە پێشەکییەک لە چەند بەش پێکهاتووە،
- بەشی سیاسی/ پێداچونەوەو دابەشکردنی هەرێمەکان کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندابوو / ڕەگەزو نەتەوەکان/ پارێزگاری لە کەمەنەتەوەکان/ی ئەحکامی هەمەجۆر
- بەشی مالی و قەرزەکان
- بەشی ئابوری
- بەشی هاتوجۆ و پەیوەندییەکان و بەندەرەکان
- بەشی ئەحکامی هەمەجۆر و زیندانییەکان و گۆڕستانەکا ن و گۆڕە بەکۆمەڵەکان

ماددەکانی ٣٧ تـا ٤٥ باس لە دابینکردنی مافەکانی کەمەنەتەوایەتییەکان دەکات (بەتایبەت کریستیانەکان کە لە ووڵاتی تورکیا ژیان بەسەردەبەن)، لە هیچ ماددەیەک بە زەقی باسی مافی کوردەکان ناکات، ئەمەش بە پێچەوانەی پەیماننامەی سیڤەرەوە بوو
کوبونەوەکان لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ١٩٢٢ دەستی پێکرد، یوسف زیا پاشا کە ئەوکات نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی بوو لە سوید، وەکو کوردێک شیلگیرانە داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد ئەکرد، کۆبونەوەکان یەک دوومانگی خایاند، پاشان بە هۆی ئەوەی وەفدی تورکی ئامادە نەبوو هیچ تەنازۆلێک بکات، کۆبونەوەکان پەکی کەوت،
پاشان موستەفا کەمال ئەتاتۆرک دوو کوردی تری دەستنیشان کرد (برنج زاده فوزی بك و زولفو زاده زولفو) وەکو نوێنەری کورد، ئەمانە ڕازیبون بەوەی کە کورد لە گەڵ براتورکەکانیان پێکەوە لە تورکیا بژێن، ڕازیبوون کە عیسمەت ئینۆنۆ (سەروکی وەفدی تورکیا بوو) بەناوی تورک و کوردەوە قسە بکات.

لە پەیماننامەی لـوزاندا (ماددەکانی ٣٧ تـا ٤٥) کۆمەلێک بەڵین بە کەمەنەتەوەکانی تورکیا درا، کە لەسەر ئەرزی واقیع، ئەتاتورک و حکومەتەکەی هیچیان جێبەجێ نەکرد

هۆی ئەوەی کە کورد هیچی دەستنەکەوت لەو پەیماننامەیەدا ئەوە بوو کە کورد لەناوخۆدا یەکگرتوو نەبوو، هەندی ئاغا و دەرەبەگ و بنەماڵە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە کورد و تورک برانە، هەردوک ئیسلامن، کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناکات، ئامادەیە لە گەڵ برا تورکەکانیان لە وڵاتی تورکیا پێکەوە بژێن، لە لایەکی ترەوە کۆمەڵیک ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی کورد داوای ئەوەیان دەکرد کە کێشەی کورد، كێشەی خاک و میللەتێکە،جودایە لە میللەتی تورک، خاکی کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە
جودایە لە خاکی تورکان، بۆیە پێویستە دەڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، هەرەکو لە پەیماننامەی سـیڤەردا باس کراە

پەیماننامەی سێڤر کە پەیماننامەی لۆزانی بە دوادا هات مافی هەبوونی وڵاتێکی بۆ کورد لەسەر بەشێکی لە خاکی کوردستان بە رەسمی ناسیبوو، بەڵام لە ژێر فشاری تورکیە، لە کونفرانسی ئاشتی لۆزان، هاوپەیمانەکان لە بەڵێنی خۆیان پاشگەز بوونەوە و، کوردیان کردە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان. ئەوان زیاتر نیگەرانی دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی پاش جەنگی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون و، کورد لە بەرنامەکانی ئەواندا هێندە گرینگی نەبوو، بۆیە بە ئاسانی توانییان پەراوێزیان بخەن و مافەکانیان پشتگوێ خست. لە راستیدا کورد هەلێكی مێژوویی لە دەست دا تا ببێتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی. بە گوێرەی ئەم پەیماننامەیە واتە زیاتر لە نەوەد ساڵ لەمەو پێش، بۆ جاری دووەم کورد بە سەر وڵاتانی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کرا. بەدرێژایی سەدەی بیستەم کورد لە دەربەدەری چەمەسەریدا ژیاوە و لە مافی کۆمەڵایەتی- سیاسییەکانی خۆی بێبەش
بووە

جنـێف ٢
ماوەی دوو ڕۆژە کۆبونەوەکانی جنێف ٢ دەستی پێکردوو، دیسان کورد بە بێ یەکگرتن، بێ یەک خیتابی سیاسی بەشداری دەکات،
هەرچەندە بەندە پێی وایە کە جنێف ٢ ناگات بە ئەنجامێک کە لایەنەکان پێی ڕازی بن، شەڕو ئاژاوە وا بە زوویی کۆتایی نایەت
لە کۆتاییدا مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، کە ڕەنگە کۆمەڵە بریارێک لە ژێر بەندی حەوتەمدا دەربکات و بیسەپێنێت بە سەر لایەنکاندا، هەندێ کۆریدۆری ئینسانی دەکرێتەوە بۆ گەیاندنی کۆمەکە ئینسانییەکان بۆ ناوەوەی
سوریا، واتە ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێت، درێژە ئەکێشێت.
کورد ئێستا بەڕێوبەراییەتیەکی خۆجێی دامەزراندووە، پێویستە هەمو کوردان پشتگیری لێ بکەن (رەنگە هەندێ ناڕەزایی هەبێت لە سیاسەتە تاکڕەوەکانی پەیەدە)، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە دیفاکتو، پێویستە هاوکاری بکرێت، بۆ ئەوەی بەدەردی
جمهوریەتی مهاباد نەچێت، کوردی دەرەوە (ڕێکخراوەکانی کورد لەدەرەوە)، پێویستە لە ڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندی دەرەوە
بواریان بۆ بڕەخسێنن، بە تەمای نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق نەبن)ڕیگەیان لێ بگرن ئەگەر گوڵ نین، با نەبنە درک). هەندێ کورد بەرژەوەند پەرست، دەڵین ئینجا خۆ تورکەکانی قوبرس لە ساڵی ١٩٧٥ بە پشتگیری تورکیا ئیعلانی دەوڵەتیان کردوو، بەڵام تا ئێستا تەنها تورکیا ئیعترافی پێکردووە، هیچ پشتگیرییەکی نیودەوڵەتی نیە. بەڵام لەوێ ناکۆکی لە نێوان دوو دەوڵەتی ئەندامی ناتۆ لە ئارادایە واتە تورکیا و یۆنان.
لە ڕۆژئاوای خۆمان، کێشەکە زۆر ئالۆزترە، کورد و عەرەب ئیسلامی توندڕەو، شیعه و سوننە، ئێران و سعودییە و تورکیا، لە پشتیانەوە ئەمریکا و فەرەنسا و ڕوسیا، ئەگەر کورد ئەو ڕەوشە بپارێزێت واتە ئەو بەڕێوبەراییەتیەکی خۆجێیە. ئەوا بە دلنییاییەوە شتێکی لێ شین دەبێت.

پۆڵای موهەندیس/ ڤییەننا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە