لایەنەكانى ئۆپۆزسێون تا كەى چاوەڕوان بین ؟

Wednesday, 20/04/2011, 12:00

955 بینراوە





لە دواى دوو مانگ لە خۆپیشاندانى هێمنانەى خەڵكى شارەكانى كوردستان و وەڵام نە دانەوەى دەسەڵات و فەرامۆشكردنى سەرجەم داواكاریەكانى خەڵكى خۆپیشاندەر و پاشان بە سەربازگە كردنى شارەكانى كوردستان وسەركوتكردنى خۆپیشاندەران وڕەشبگیر كردنى خەڵكى ، دەسەڵات سەلماندى كە جگە لە زمانى توندوتیژى هیچ زمانێكى تر نازانێت ، ئەوەى لێرەدا پێویستە بوترێت ئەوەیە كە بە درێژایى ئەم دوو مانگەى كە ڕابورد لایەنەكانى ئۆپۆزسێون زۆر لە دواى شەقامەوە بون و هەتا ئێستاش ئومێدیان بەوەیە كە دەسەڵات بە ئاشتیانە گۆڕانكارى بكات و وەڵامى داواكاریەكانى خەڵك بداتەوە ، سەرەڕاى ڕووداوەكانى ئەم چەند ڕۆژەى دواییش هێشتا لایەنەكانى ئۆپۆزسێون لە بەیاننامیەكى شەرمنانەدا دەڵێن ئیدانەى ئەو كارانە دەكەین ، نازانم ئایا ئەم توندوتیژیانەى دەسەڵات بەرامبەر خەڵكى سیفیل ئەنجامى دەدات تەنها شایەنى ئیدانە كردنە ؟ دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەڵوێستى ئۆپۆزسێون بە هیچ شێوەیەك لە ئاستى پێویستدا نیەو تا ڕادەیەكى زۆر ترسنۆكانەیە ، لە هەر وڵاتێكى ترو هەر دەسەڵاتێكى تر بەم شێوە دڕندانەیە ڕووبەڕوى هاوڵاتیانى خۆى ببێتەوە ، ئۆپۆزسێون بە تەواوى پەرلەمان جێدێڵن و لەگەڵ جەماوەردا دێنە سەر شەقام و بە ڕادەیەك فشار دەخەنە سەر دەسەڵات تا ناچارى دەكەن كە دەست هەڵبگرێت لەو كەللە ڕەقیەو بەدەم داواكانى خەڵكەوە بێت ، نازانم لایەنەكانى ئۆپۆزسێون چاوەڕێى چى دەكەن لەوە زیاتر تا بەتەواوى بێنە پاڵ جەماوەرو ئەو پەرلەمانە كارتۆنیە بە نەفرەت بكەن ، لێرەدا وەك هاوڵاتیەكى ئاسایى ئەم كوردستانە داوا لە هێزەكانى ئۆپۆزسێون دەكەم بەتەواوى خۆیان یەكلا بكەنەوەو لەوە زیاتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر كوشتوبڕى هاوڵاتیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیەوەو پێویستە كورسیەكانى پەرلەمان بەجێبهێڵن بۆ یەكێتى و پارتى و هەڵوێستێكى ئاشكرا دەربڕن و داوابكەن یان كۆتایى بەم بارودۆخەى كوردستان بهێنرێت كەلەلایەن یەكێتىو پارتیەوە فەرز كراوە ،وە یان ئەگەرنا ئەوا لە گەڵ جەماوەردا بە ڕاپەڕینێكى سەرتاسەرى كۆتایى بە دەسەڵاتى میلشیا گەریان دەهێنرێت .

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە