چەتەکان ئەمڕۆ لە هەڵەبجە ڕوحی سەدامیان شاد کرد

Tuesday, 22/03/2011, 12:00

1611 بینراوە


هێشتا مەرەکەبی بڕیارەکەی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی کیمیابارانی هەڵەبجە وشک نەبۆتەوە، چەتەکانی جەلال و هێرۆ دەستیان بە خوێنی نەوەکانی عومەری خاوەر و براکانی عەلی سورکرد.
ئەمڕۆ ئەوان بەیعەتیان بۆ گۆڕەکەی سەدام و، بۆ ڕوحە تاقەت نەگرتوە شپرزەکەی دوبارەکردەوە و پێیان ووت: هەتا ئەوان مابن چەتەی ماندونەناسی گیانە ڕەشەکەی دەبن.
ئەمڕۆ سەدام خۆشحاڵە کە وەچە زۆڵەکانی، ڕێبازە ڕەگەزپەرستیەکەی بە کوشتنی کوڕانی هەڵەبجە زیندوڕادەگرن.
هەڵەبجە کە دەبوو لە ئاست هەرجۆرە دەستدرێژییەکدا حەسانەی دیبلۆماسی هەبوایە، ئەمرۆ کرا بە نیشانە.
شەهیدکردنی دوو کوڕی خێرنەدیتەی هەڵەبجە و بریندارکردنی ژمارەیەکی تری ئەو شارە بە هیچ جۆرێک جێگەی قبوڵکردن نیە. ئەوانەی ئەمڕۆ سوێیان کردە ناو زامە ساڕێژ نەبوەکەی هەڵەبجەوە، بەرنامە ئەهریمەنیەکەی سەدام درێژەپێدەدەن و، هەڵەبجەییەکان بە شێوازێکی نوێ دەخنکێنن .

ئەوانە جێگەیان لە کوردستاندا نابێتەوە. چارەنوسیان لە عەلی کیمیایی و بەرزان تکریتی و تەها یاسین و سەدام باشتر نابێت.
ڕۆحی پیرۆزی هەڵەبجە بوو سەدامی لە کونەکەی دەرهێنا. هەر ئەو ڕوحە پیرۆزەش، ئەمڕۆ نا سبەی، تاوانبارانی نوێ، درێژەپێدەرانی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە لە کونەکانیان دەردێنێ و بە چارەنوسی ئاغاکەیان دەبات.

ئەمەی ئەمڕۆ بەبەرنامە بووەو پێشوەخت بڕیاری لێدراوە.

تەنیا بەوەوە ناوەستن خۆپیشاندەرەکان بکوژن، بەڵکو پۆلیسەکانیش دەکوژن لەبەر ئەوەی هەڵەبجەیین.
ئەم پلانەی دەسەڵات پلانێکی سەرتاپاگیرە و جۆرێکە لە حەسارخستنە سەر چەقی ڕاپەڕینەکە لە سلێمانی.
لە کاتێکدا هەموو نیگاکان لەسەر مەیدانی ئازادی سلێمانیە، هەڵەبجە و کەلار و چەمچەماڵ قەتلوعام دەکەن. لەکاتێکدا ئەو شارانە قەتلوعام دەکەن نامەی ئاشتی بۆ مەیدانی ئازادی دەنێرن.
ئەمە گەر نیفاق و پەرتکردن نەبێت چیە؟

لە کاتێکدا نامەی نیفاق دەنێرن بۆ سەرای ئازادی، لە هەولێر گەنجەکان ناچاردەکەن پێڵاوەکانیان ماچ بکەن. ئەمە گەر پلان نەبێت چیە؟

ئەمانە هەمویان بەشن لەو پلانە بۆ سەرکوتکردنی میللەت.

لە کاتێکدا کە دەبوو ڕێگەبدەن ئاهێک بە دڵی دایکانی هەڵەبجەدا بێتەوە، سوێیەکی تازە دەکەنە دەرونیانەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەڵەبجە کردیان، دوبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی ترە!

بەڵام خەیاڵتان خاوە، سەرکەوتن هەر بۆ میللەتە!

بێکەس وتویە:

قەت وا تێنەگەن چاومان ترساوە
کوشتن و بڕین دائیم بۆ پیاوە
لە ناو دۆشەکا کەی حەق سەنراوە
"خەیاڵتان خاوە کورد نەفەوتاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە