بزوتنەوەی گۆڕان خەریکە قنج دادەنیشێت .

Tuesday, 19/07/2011, 12:00

1421 بینراوە


لەمێژە گوێگر بووین ، بەڵام هیچمان حاسڵ نەکرد . لەوەدەچێت چاوەرێی گوێگرتنێکی تربین ، بۆ ئەوەی هیچ حاسڵ نەکەین ..
لەسەرەتای باسەکەوە دوو بەسەرهات دەکەمە هەنگاو .
یەکەمیان :
دەگێڕنەوە ساڵی ٢٠٠٥ دکتۆرێکی زانکۆ و کەسایەتیەکی گوێلێگیر لەهەندێک ناوەندی ئەمەریکادا ؛ بەڕەچەلەک کوردو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکی . لەسەر داوای تاڵەبانی دێت بۆلای . تاڵەبانی خۆشحاڵ دەبێت بەبینینی و دەکەوێتە قسەو باس لەهەموو بارێکەوە .. دکتۆرەکە هەڵدەسێتە سەرپێ و داوا لە تاڵەبانی دەکات کە دەست دەخاتە سەر شوێنێکی بەمەرجێک دڵگران نەبێت . تاڵەبانی قبوڵی دەکات . ئەویش دەست دەبات بۆ کەمەری و توند کەمەری پانتۆڵەکەی دەگرێت و پێی دەڵێت : تکات لێدەکەم ، بیکە بەخاتری خوا تا ئێرە بەسەلامەتی لەگەڵ کاک مەسعود هێناوتانە . تەواوی خۆشەویستیەکەتان لەدەست نەداوە لەناو گەلەکەماندا ، تکاتان لێدەکەم بڕۆنە ماڵەوەو دانیشن ، بۆئەوەی پێگەی ئێستان نەبێت جێگای قێزلێکردنەوە ؛ چونکە ئێوە بەئەقڵی شاخ بیردەکەنەوەو لەگەڵ ئەم نەوەی نوێیەدا هەڵناکەن ... تاڵەبانی هەڵدەسێتە سەرپێ و زۆر توڕە دەبێت .. دکتۆرەکەش بەشێوەیەکی هێمن پێی دەڵێت : تۆ بە داخوازییەکی من وا هەڵچوویت ، چۆن بەرگەی هەرای دیموکراسی و زرمەی ناڕازی شەقامی نەوەی نوێ دەگریت ؟ . چۆن لەبەر دەم ناڕازی بوونی سەرجادەو هەرای نێو پەڕلەماندا خۆت دەگریت ؟ . وا بەداوایەکی من وا هەڵچویت ، ئاوهاش بەفەرمانێکت سەدان ناڕازی سەرشەقام لەچرکەیەکدا لەخوێنی خۆیدا دەگلێنیت ..
بەسەرهاتی دووەم :
هاوڕێیەکم لەم ماوەیەدا لە وڵاتی سویدەوە گەڕابوەوە بۆ کوردستان ، لەشوێنێک کاک (محەمەد قامیشی) بینی بوو . محمەد قامیشی چەند ساڵێک پێش ڕاپەڕین تەسلیم ببوەوە . ئێستا لێپرسراوە لە مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکان .. هاوڕێکەم وەک دڵسۆزییەک بۆمن بە محمەد قامیشی وتبوو : دەشێت بەهەموومان ئاوڕێک لە هاوڕێ کۆنەکانمان بدەینەوە . لەوانەی کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ زیاترە بەبێ پسانەوە ئەم یەکێتییەی ئێستایان گەیاندە ئەم پێگەیەی هەیە . لەوەڵامدا وتبووی کێییە : هاوڕێکەشم وتبووی : (لایەق کونجــرینی) یـە کەلە (کوردستانپۆست) بەناوی (کونجــرینی) دەنوسێت و ئێستا خاوەنی سایتی (ڕەهێڵپۆست) ـە .. لەوەڵامدا کاک محمەد وتبووی : کاکی خۆم لایەق زۆر تاوانبارە ! بۆ ئەوەی لای ئێمە فایلی نوێی سپی هەبێت ! دەبێت لەگرتەیەکی کامێرەدا داوای لێبوردن لە یەکێتی بکات و بێتەوە ڕیزی یەکێتی ، ئەوسا دەتوانین مافی بۆ بگرێڕینەوەو زەوی پێ بدەین .. کاتێک هاوڕێکەم ئەم قسەیەی بۆ گێڕامەوە ، یەکسەر بیرکردنەوەو تێڕوانەکانم ڕێستێرت بوونەوە بۆ ساڵی ١٩٧٥ . لەو ڕیستێرتەدا ئەو گرتە فلیمانەم هاتەوە بەرچاو کاتێک پێشمەرگەیەکی داماوی شۆڕشی ئەیلول بەهەر شێوەیەک بێت تەسلم دەبووە بەحکومەتی بەعس و گرتەیەک فلیمیان پێدەگرت و لەسەر تەلەفزوێنی کەرکوک دەیوت : من هەڵخەڵەتاوی تاقمەکەی بارزانی .. هتدم و ئێستا هاتومەتەوەو پەشیمانم .. لەدڵی خۆمدا دەموت : تۆ بڵێی ئەوان هەمان حوکم بکەن و منیش لەهەمان بەرەی شۆڕشگێردابم ... !
لەکوردستاندا ئەوەی سەماکارو دەهۆڵ ژەنی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری دوو حیزبی هاوپەیمان نەبێت ، یان لەناو ئەڵقەی گەمارۆ و ویستی ئەواندا نەخزابێت مافێک ، کەسنودارە نایگرێتەوە ، لێرەدا جیاوازی لە نێوان کۆیلەی فەڕمی کۆیلەی سەرسەختدا ، تەنها ئیمتیازەکانە ، بەدیوەکەی تردا لەگەمارۆی تەواوی بەچۆکدادانە . سیستەمی ئەمڕۆی باشوری کوردستان جۆگەکان بۆ سەرچاوەیەک ڕۆماڵ دەکات ، کە چەمکی گوێگرتن و قنج دانیشتنە .. دەسەڵات کار لەسەر خاڵێک دەکات ، کەکۆمەڵگا دەبێت گوێگربێت و قنج دانیشێت و هیچ نەڵێت ، گەر قسەشی کرد لەپێش ئەوەی وشەکان بدرکێنێت ، خەڵاتی مێشک و توانای ئەوانی کات ! ئێنجا بەناوی ئەوانەوە دەری ببڕێت ...
مەدرەسەی گوێگرتن و قنج دانیشتن بەتەواوی لەگونجاندندایە ، سەرگرتنی ئەم مەدرەسەیە لەوەوە دەستی پێکرد ، کەسەرکردە کەم دوواوەکەی بناری چیای شیرین و پەروەردەی تەکێی نەقشبەندی بنیادی نا . تاڵەبانی تا تێگەیش کە دەبێت گوێ بگرێت و قسەنەکات شوت شوتێنیان پێکرد ، کە تێگەیشت و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خستە پێش بەرژەوەندیە گشتیەکانیەوە ، ئیتر ئێستا گوێڕایەڵێکی تەرەقە سورو دەروێشێکی وشە ڕێکخەری پیاهەڵدەرە ، نەک دەربڕە ...
بارزانی باوک ، پیاوێکی کەم دوو کەم دەرکەوت بوو ، ئەم سیستەمە وەک دەگێڕنەوە لەپێش ئەوەی خۆی بگەیەنێتە ژێر ساباتەکەی کۆماری کوردستان لە (مهاباد) هەڵگری ڕەوشت و خووی نەبوو ؛؛ لەو ساتانەدا پەیامی گوێگرتن و قنج دانیشتن وەک دروشم بوونی نەبوو ، بەڵکو نهێنییەکارێکی تەواو شاراوەی بارزانی باوکە کەلەئێستا نەوەکانی برەویان پێداوە . ئەم سیستەمە لەشۆڕشەوە هەنگاوی ناو داسەپا و پاشان بۆ حکومەت و لەوێشەوە بۆ کۆمەڵگا بەگشتی ، تا ئەم ساتە سەرکەوتنی بەدەست هێناو ڕەوڕەوەی خۆی گرت ، بەڵام دەشێت ئیتر لەمەودوا وەک مەڵۆزمێک بەخشیشی بوێ ، تا کۆتایی بەمەملەکەتی دەست بەسنگەوەگرتن بهێنرێت و کۆتایی بە ستراتیژی قنج دانیشتن و گوێگرتن بێت ..
بزوتنەوەی گۆڕان ، لەچاوی هەموومانەوە سەردەمێکی زێڕینی پێدەبەخشین ، بەڵام سیمای کارکردنی لمڕۆدا لەپاشکشێدایە . هیوا بەخشینی گۆڕان لەوەوە سەرهەڵدەدات کە پسێنەری تەلبەندە پتەوەکانی جیهانی گوێگرتن و قنج دانیشتن بێت ،، یان پانتایی ڕۆماڵکردنی دەنگوباسە نهێنێیەکانی ناو ژورە تارێکەکانی دەسەڵات بێت بۆ ناو کۆمەڵگاو تێگەیشتن لێی .. بۆیە هەموو کارو تێڕوان و بۆچون و خوویەک لەدەستپێکەوە دادەچێنرێت و سەرەتا دەبێتە گرژی و پاشان بەرەنگاری و ئینجا توندو تیژی و دواجار یەکلایکردنەوە .. ئەو هیوایەی لەئێستادا بوونی هەیە هۆکارە بۆ پتەوی هێزێک لەنوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی ، گەر ڕوو لەفاکتی بونی خۆی وەرگێڕێت ، ئەوا سەرەتایەک دەبێت لە ڕوو وەرگێرانی خەڵک .

تێگەیشتنێک بۆ ئەم بزوتنەوەیە
لەپێش ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هەبێت ، کۆمەڵێک دەنگی ناڕازی لەشێوەی پێگەو گروپدا بوونیان هەبوو . کوردستانپۆست و نوسەرەکانی کۆلەکەیەکی گرنگی ئەم بزوتنەوەن ، پێگەی ڕۆشنبیرو کەسە پەرتەوازەکانی نێو جیهانی ناڕازی کۆمەڵگا ، هەر یەکەیان بەجۆرێک بە وشەیەک بەتابلۆیەک بە نواندنێک گەمارۆی دەسەڵات و هەم کۆمەڵگاشیانداوە و بەشدارن .. ئەوەی بەوشەیەکی " نا " ڕووبەڕووی دەسەڵات بووبێتەوەو تۆوی باخچەی نوزەکانی داچاندبێت ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێکە لە گۆڕان ، کەواتە ئەم بزوتنەوەیە فرە تاپۆیە ...
بزوتنەوەی گۆڕان لەخۆڕا سەرپێ نەکەوتووە ، دەشێت لەوەوە خەتی بوونی بۆ بکێشرێت کەتواناکان گردۆڵکە کران و ئەوەی هەیە بەرهەمێتی .. دەشبینین زۆر جار لەگەڵ باسکردنی گردەکەدا ١٠ ملوێن دۆلارەکەی تاڵەبانیمان بۆدێننە نێو باسەکە. دەشێت ئەم دوو خاڵە خەڵکانی تێنەگەیشتوو بیهاورژێنن ، دەشێت دەسەڵات لەپشتی ئەم قسەوە بێت و ڕاوەخەڵکی پێ بکات ،، دەشێت هیچ نەدیوەکانی نێو دەسەڵات وەک کۆڵەکەی حەوڵا هەموو ڕۆژێک بە ڕووی نەوشیروان مستەفایدا بدەنەوە ... بەڵام دەشێت ئێمەش ئەوە بڵێین ئەو بڕە پارەیەی کە نەوشیروان مستەفا بۆ ڕزگارکردنی گەلێک لەسیستەمی ستەمکار بەگەڕی خست ، کوڕەکەی ئاغای تاڵەبانی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا لەئیتالیا خەرجی کرد ، لێرەدا نرخی تواناو و نرخی ئامانج دەبنە دووتەوەر بۆ دەوڵەمەندکردنی مێژوو .. مرۆڤەکان هاوچەشن نین لەگەڕخستندا ، زۆر سیاسەتمەدار دەهێندەی ١٠ ملوێن دۆلارەکەی سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕانی لەدەستدایە ، بەڵام لەگەر خستندا بەسێبەری هێندەی ئەو ، ناتوانێت کۆڵەکەیک بۆ حیزبێک یان ڕێکخراوێک داکوتێت ، نەخوزەڵا بۆ بوتنەوەیەک ..
تێگەیشتنی ئێمە بۆ بزوتنەوەکەو سەرۆکەکەی ، تێگەیشتنێکی کاتی نییە ، بەڵکو لەگەڵ ڕەورەوەکەیدا هەنگاو هەڵدەگرین . لەگەڵ زامەکانیدا ئازار دەچێژین ، لەگەڵ خەماکانیدا هاوخەمین ، لەگەڵ هیواو سەرکەوتنەکانیدا بەردەوامین ، بۆیە لەخەمی توانج و ڕەخنەو پرسیارەکانی ئەودیویدا هاوڕایین. چ فەخرێکە بزوتنەوەکە دەیان سەرکردەی وەک (عومەری سەید عەلی) هەبێت کاتێک لە یەکێتی دەردەچێت یەک ملوێن دۆلار زیاتری ڕێکخستنەکانی یەکێتی لادەبێت ؛ بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت و بۆ ئەوەی ویژانی ئاسودە بکات تەسلیمی دەکاتەوە . بەڵام لەولاوە دەیان دەموچاو دەبینین ، هیوابوونمان بە بزوتنەوەکە لاواز دەکات .
بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان ڕوونی بوون و تاریکی هەڵوێستدا یەکلامان ناکاتەوە . تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە ئەو دەموچاوە نانامۆیانەی نێو گۆڕان بخاتە ئەودیو سنورەکانییەوە ، کە هەموو ساتێک زیانی پێ دەگەیەنێت ..
بزوتنەوەی گۆڕان وانەی وەرنەگرتووە لە باهۆزی داخوازی نوێ کەلەتونسەوە هەڵیکرد ..
بزوتنەوەی گۆران خاوەنی بەهێزترین هێزە لەشەقامی کوردیدا ، نایگەڕێنێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بنیاد بنێت ...
بزوتنەوەی گۆران گەرموگوڕی و بەردەوامی لە نەوژەی هەستی خەڵکدا نییە ، بۆیە ساردییەک بەدی دەکرێت ..
بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر ناحەقییەکانی دەسەڵاتدا، وەک هەر کەسێکی نۆرمال لەشەقامەکەدا ڕەخنەدەگرێت ، هەڵوێستی جدی نانوێنێت وەک هێزێکی گەورەی ئۆپۆزسوێن ..
18 / 07 / 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە