روونکردنەوەیەک لەلایەن ئەسعەد عەلییەوە

Saturday, 08/03/2014, 12:00

1398 بینراوە


لەم چەند رۆژی رابردوودا و لە ماڵپەڕی كوردستانپۆست بابەتێك بڵاو كرابوویەوە، كە ناوی منیشی تێدا هاتبوو و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، كە ماڵپەڕەكە خوێنەرێكی تایبەتی خۆیی هەیە و هەروەها یەكەمین سەكۆی ئازادی دەربڕینی كوردستانە بە پێویستم زانی روونكردنەوەیەك لەمبارەیەوە رەوانە ماڵپەڕە بكەم و، چیدی بەڕێوەبەرانی كوردستانپۆست چۆنیان بەلاوە باش بوو بڕیار بدەن لە بڵاوكردنەوە یان نەكردنەوەی.
بەو پێیەی خۆم لە چەندین میدیای ئەهلی و ئازاددا كارم كردوە و تا رادەیەك و هێندەی تێگەشتن و توانای خۆم لە میدیا تێگەشتبێتم، بەلامەوە ئاساییە هەر بابەتێك توخمی هەواڵی تێدا بوو یان كۆمەڵێ بەهای تێدا بێت، كە لە خزمەت پێشخستن و بەرچاو روونكردنەوەی كۆمەڵگادا بێت پێویستی بەبڵاو كردنەوەیە، بەڵام ئەو بەشەی لەو بابەتە لەسەر بەندە نوسرابوو (دیارە نیەتی ماڵپەڕەكە خزمەت گەیاندن بووە) زیاتر بابەتێك بوو لەسەربنەمای گومان و، گومانبەریش بێ ویژدانییەكی گەورەی دەرحەقم كردبوو و، هاوكاتیش مافی هەر كەسێكە گومان لەهەر شتێك بكات، بۆیە منیش بە پێویستی دەزانم وەڵامی ئەو گومانانە بدەمەوە، كە نوسەرەكەی لەو بابەتەدا بەدوایدا گەڕاوە و هێندەی سەرە دەرزییەك زەحمەتی نەداوەتە بەر خۆی و ئەوەی پەیوەست بێت بە منەوە وەڵامی دەدەمەوە و چیدی ئەو بەڕێزانەی دی، كە ناویان هاتووە سەربەستن لە دانی روونكردنەوە وەكچۆن سەربەستن ئایا ئەو كەسەن بەو تایبەتمەندیانەوە یان نا و ئایا شانازی پێوە دەكەن وابن یان نا.
من نەك هەر باخم و ڤێلام نییە، بەڵكو لەم سەر زەوییە، یەك بستە زەوی نییە و هەر لەئێستاشەوە خەمی نەبوونی زەویمە بۆ مردن چ جای ئەوەی باخم هەبێت و تەنانەت یەك شوقە و خانوشم نییە و لەوەتەی چاوم كردوەتەوە كرێچیم.

بۆ یەك چركەش پەیوەندیم بە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كاك عەبدوڵای موهتەدییەوە نەبووە وەكچۆن بۆ یەك چركەش لە كەی ئێن ئێن و سایتی سبەی كارم نەكردوە.

لەم ساڵانەی، كە كاری میدیایم كردوە و هەر لە پەیامنێرییەوە تا بەڕێوەبەریم بینیوە، لە یەك كەناڵ و بڵاوكراوە و بە گشتی لە هیچ میدیاك دەرنەكراوم چ جای ئەوەی بەو بیانوانە دەركرابێتم.

نوسەری ئەو بابەتە منی وەك سەرۆكی باندێكی زل و زەبەلاح ناو بردوە. ئەو بەڕێزانەی، كە ناویان هاتووە، تەنها لەگەڵ چەند كەسێكی كەمیان وەكو هاوشاری سڵاوێكی ئاسایمان هەیە و هیچی دی.

لە شوێنێكدا باسی گوڤاری شەپۆل كراوە. ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا و لە كاری میدیادا لەگەڵ بەندە كاری كردبێت سا چ من بەرپرسی بووبێتم یان ئەو بەرپرسی من بووبێت دەزانێت، كە من بە هیچ شێوەیەك بە هیچ پێوەرێك باوەڕم بەو شێوازە كارە میدیاییە نییە چ جای ئەوەی من فلتەر و ئەم شتانە بم.

لە شوێنێكدا باسی ئەوە كراوە، كە بەندە لەگەڵ ستیفان خەریكی كۆمەڵێ كاری ناماقوڵانەین. دیسانەوە دەیڵێم، ئەوەی لە نزیكەوە دەمناسێت ، بەو پێیەی بە شێوەیەكی ئەكادیمی تەماشای سیاسەت دەكەم، دەزانێت، كە جیهانبینی و رۆئیای من جۆرێكی دیكەیە و ئەو ئازیزانەش جۆرێكی دی و زۆر زۆر لەیەك دوورین لە تێڕوانینی سیاسیمان و، لە ژیانی خۆشمدا، كە پڕ بووە لە هەڵهاتن و زیندانی، تەنها و تەنها شانازیم بە تایبەتمەندییە سروشتییەكانی خۆمەوە كردوە، كە بریتی بووە لە پاكی و مرۆڤدۆستی و هیچی دی.

هەموو ژیانی بەندەش لە ئێستادا چڕ بووەتەوە لە وەرگێڕان و ناوە ناوە بڵاوكردنەوەی هەندێ وتار لێرەو لەوێ بەبێ جیاوازی میدیاكان و، هێندەی باوەڕم بە سوچی قەناعەتی خۆم هەیە حەزم لە جەنجاڵی میدیایی نییە و ئیدی چۆن دەكرێت سەرۆكی باندێكی لەو چەشنە بم و، لە هەر شوێن و ناوەند و رێكخراوێكیشدا كارم كردبێت، كە یان سیاسەت بووە یان كاری میدیایی، تێڕوانینی و بۆچوونی خۆمم هەیە و ئەوەی لەگەڵ پێوەرەكانی خۆمدا نەگونجابێت نەمكردوە و نایكەم و هەر كەسیش نمونەیەكی پێچەوانەی ئەمەی لەسەرم هەیە سوپاسی دەكەم بڵاوی بكاتەوە.

لە ئێستاشدا هێندەی خەمی كرێ خانوو و نەهاتنی موچەم هەیە خەمی هیچی دیم نییە و بەو باوەڕە گەشتوم، كە كاری میدیایی و ئەو جۆرە بەشدار بوونەی كەسانەی وەك من، كە هەڵوێستی و بیركردنەوەی خۆیانیان هەیە رەنگە لە كوردستاندا گونجاو نەبێت و ئێمەش وازمان لێ هێناوە.

دیسانەوەش سوپاسی ئەو كەسە دەكەم ئەو بابەتەی لەسەرم نوسیوە بەو مەرجەی مەبەستی بڵاوكردنەوەی فەساد و گەندەڵییەك بێت، بەڵام بریا نەختێ ویژدانی تێدا بووایەت خۆ هیچ نەبێ ساڵانێكی زۆر و رۆژە خۆشەكانی تەمەنی خۆمم بەختی ئەو مەبدەئە كرد، كە باوەڕم پێی هەبوو و پێی هەیە و، ئەویش پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و ئازادی و یەكسانی بووە. هەرچەند گلەیش بێت ئەو رەسمەی بەندە تەنها لاى یەك كەس هەیە و هەر سوپاسی دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.

خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لەو قسانەی لەم روونكردنەوەیەدا نوسیومە و هەركەسیش یەك خاڵ پێچەوانەی ئەم قسانەی منی لایە، سوپاسی دەكەم بڵاوی بكاتەوە.

ئەسعەد عەلى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە