بۆچى(31ی ئاب) ئێكسپایەرنابێت؟!

Wednesday, 01/09/2010, 12:00

1445 بینراوە


گەلێك جار گلەیی ئەوە دەكرێ كە باسی رووداوگەلێكی رابردوو دەكەین و برینەكان دەكولێنینەوە. بە لۆژیكی بگۆیانی ئەم وتەیەبێت ئیدی پێویست ناكات ئێمە باسی ئەو رووداوانە بكەین كە رابووردن، چونكە دەبێتە هۆی كولانەوەى برینە ساڕێژنەكراوەكان!, وەلێ ئێمەی رۆژنامەنووس لە دیوی دووەمەوە سەیری ئەو مەسەلەی دەكەین وتەنیا ئەو دیوە نابینین كە خەڵك، هەندێك جاریش بەرژەوەندیخوازەكان باسی دەكەن.
بە بۆچوونی ئێمە رووداوگەلی لە چەشنی 31 ئابی 1996 جگە لە رووە شەرمهێنەر و خیانەتە نیشتمانییەكەی، دیوێكی دیكەی ئەوەی دروستكەرانی ئەو رووداوە هێشتا دەسەڵاتدارن و ئامادەنین لەپای تاوەنەكانیان بچنە بەردەم دادگا. ئەوانە كەسانێكی هێندە روو قایمن تەنانەت خیانەتە گەورەكانیشیان بە سەروەری بەومیللەتە داماوە دەفرۆشن.
بۆچی ئێمە لە 31ی ئاب بێدەنگ نابین و بەردەوام لەسەری دەنووسین؟ ئەرێ دەبی حیكمەتی ئەم هەموو نووسینە لەكوێدا بێت؟! لێرەداهەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانە لە چەند خاڵێك كورت بكەمەوە:
یەكەم؛ ئەوەی لە 31ی ئاب بەسەر هەولێر هات خیانەتێكی نیشتمانی بوو. خیانەتی نیشتمانیش هەر كەس و لایەنێك بیكات دەبێ سزا بدرێت و نابێت رێگە بدرێت وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچێت.
دووەم؛تا ئێستا كەیسی سی و یەكی ئاب دانەخراوە و كار لەسەر تاوانەكانی ئەو رۆژە وباقی تاوانەكانی دیكەی شەری براكوژی نەكراوە، بۆیە دەبێ ئەو كەیسە بە كراوەیی بمێنێتەوە تا بە ئاكام گەیشتنی سەرجەم تاوانباران و دادگایی كردنیان.
سێیەم؛ ئەگەر بێتو ئێمە گوێ بۆ ئەو قسەیە بگرین كە پێیوایە نابێ قسە لەسەر رووداوەكانی رابردوو بكەین، كەواتە نابێ قسە لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە و كیمیابارنكردنیش بكەین، چونكە ئەوانە زۆر لە 31ی ئاب كۆنترن وهاوكات جیاوازیەكى ئەوتۆش نیە لەنێوان ڕەگەزى تاوانى سیویەكى ئاب وهەڵەبجەوئەنفالدا.
چوارەم؛ئێمە دەبێ باسی ئەورووداوە بكەین و بە خیانەت بیناسێنین، بۆئەوەی رێگری لێ بكەین و جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە. دەنا هەر ئەوهێزە كۆنزێرڤاتیڤەى ئەمڕۆ 31ی ئاب بە سەروەری ناودەبات، ئەوا مانای ئەوەیە كە لە هەر لەحزەیەكدا بارودۆخێكی لە چەشنی بەر لە 31ی ئابی بەسەردا بێت، ئامادەیە رووداوی لە چەشنی 31ی ئاب دووبارە بكاتەوە.
پێنجەم؛ تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و ورد لەسەر 31ی ئاب نەكراوە و بە تەواوی شەن و كەوی ئەو رووداوە نەكراوە.
شەشەم؛دەركەوتنەوەی ئەو هێزە بەربەرییە لە رووداوی 2005ی سوتاندنی بارەگاكانی بادینانی یەكگرتووی ئیسلامی و هێرشەكانی چەند شەوی دوای هەڵبژاردنی 27ی تەمموزی 2009دا ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەو هێزە هێشتا لەسەرپێ و ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنانی كارەسات. بۆیە دەبێ بێوژان كاری لەسەر بكرێت تا ئەو هێزە بەربەرییە دەستبەرداری هەموو ئەو رەفتارە توندوتیژ و چەوتانەی دەبێت.
حەوتەم؛سی و یەكی ئاب جگە لەوەی خیانەتێكی روونی نیشتمانییە. رووی گەلی كوردستانیشی لە جیهانی دەرەوە ناشیرین كردووە، بۆیە هەر دووبارەبوونەوەیەكی رووداوی هاوچەشنی 31ی ئاب زیاتر رووی گەلی كوردستان كرێت دەكات لە جیهانی دەروە و لای گەلانی دراوسێ.
لە حاڵی ئێستادا تەنیا چەند رۆژنامەنووسێكی بوێر كە لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكەن باسی 31ی ئاب دەكەن، ئەوانیش بەبەرچاوی هەمووان هەڕەشەیان لێ دەكرێت و دەڕفێنرێن و دەكوژرێن. بۆیە سەركوتكاری ئەو هێزە ستەمكارەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیە و لە كایەكانی دەسەڵاتدایە وای كردووە بەشێكی زۆری كۆمەڵگە لەئاست ئەو تاوانە گەورەیە بێدەنگ ببن. بەڵام رۆژگارێك بەڕێوەیە كە سەرجەم خەڵكی كوردستان و چین و توێژەكان قسە لەسەر 31ی ئاب و تەواوی خیانەتەكانی دیكەی پارتی و یەكێتی و تەواوی تاك و هێز و لایەنەكانی دیكە دەكەن و بە جددی هەوڵی بە سزاگەیاندنیانەوە دەكەن بەرێگەی یاسایی. بۆئەوەی ئیدی بۆ هەتا هەتایی رۆحیەتی خیانەت لە ناخی كۆمەڵگە لەناوبەرین، پێویستە بەردەوام 31ی ئاب وەكو رووداوێكی یەكجار شەرمهێنەر و كرێت پێناس بكەین و ئەنجامدەرانی دەبێت بە فەرمی لەسەر ئەو رۆژە داوای لێبوردن لە تەواوی گەلانی كوردستان بكەن و بەڵێنی دووبارەنەبوونەوەی بە خەڵك بدەن و ئامادەبن بچنە بەردەم دادگا, لەپاى هەمووئەمانەشدا هێشتا(31ى ئاب) خیانەتێكى ئەوەندە مەزنە ولەبەردەم مێژوودا ئێكسپایەرنابێت!.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە