سوكایەتى كردن بە ڕێبین تەها سوكایەتییە بە سیمبوڵەكانى خەڵكى ناڕازى لە گەرمیان

Sunday, 29/01/2012, 12:00

1336 بینراوە


لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هەڵمەتێكى ناڕەوا لە دژى ڕێبین تەها لە نێو كادیرەكانى كۆمەڵەى خوێندكاران و پەیجە كۆمەڵایەتیەكان و دواترینیان ماڵپەڕى كوردستان پۆست بەڕێ خراوە و بە ناحەق تۆمەتباریان كردووە بە دەستدرێژى سێكسی بۆ سەر كچێك، ڕێبین تەها یەكێكە لە سیمبولەكانى بزوتنەوە ئیعترازى و ناڕەزاییەكانى خەڵكى كوردستان و گەرمیان بە تایبەتى و هەمیشە لە یادەوەرى خەڵكى گەرمیاندا ئەو گەنجە بوێرەیە لە تەمەنى حەڤدە ساڵیدا توانى بەهێزترین حەرەكەتى ناڕەزایى لە گەرمیان لە گەڵ هاوڕێكانیدا بەڕێوە ببات و وتەبێژى یەكەم خۆپیشاندانى جەماوەرى خەڵكى بەشمەینەت و ئازادیخوازى گەرمیان بوو دژ بە دەسەڵاتى ستەمكار و گەندەڵى هەردوو پارتى خۆسەپێنەر لە كوردستان ،هەربۆیە هەر هەوڵێك بە ئاراستەى ناشیرینكردنى ڕێبین هەوڵە بە ئاراستەى ناشیرین كردنى سیمبول و ڕەمزەكانى بزوتنەوە جەماوەریەكانى ناوچەكە .
ئەوەى مایەى شۆك و سەرسامى ئێمەیە هەڤاڵانى ماڵپەڕى كوردستان پۆست كە هەمیشە سەنگەرى بەرگریكردنن بوون لە ئازادییەكانى خەڵكى كوردستان كەوتوونەتە نێو ئەم هەڵمەتە و كادیرەكانى دەزگا جاسوسیەكانى یەكێتى و پارتى بە ناوى خوازرراوە لەم ماڵپەڕەوە هێرش ئەكەنە سەر ڕێبین تەها و بە كۆمەڵێك كردەوە تۆمەتبارى ئەكەن كە ئەوەى ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕێبینى ناسیبێت دڵنیایە لەوەى ئەو كار و كردەوانە زۆر دوورن لە ڕاستیەوە و لە ئەفكار و ئەخلاقى ئەو گەنجە بوێرەدا ئەو كۆمەڵە بوختانە جێگەى نابێتەوە و هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ناشیرین كردنى ڕێبین هەوڵن بۆ ئەوەى هەر كەسێك ڕۆژێك لە ڕۆژان لەو سەنگەرە پاكەى خەڵكدا دژ بە ستەمكاران وەستاوە لەكەدارى بكەن ،وە پێویستە هەڤاڵانى كوردستان پۆست لەم پلانە نەگریسە ئاگادار بن و ڕێگەنەدەن ماڵپەڕە بوێر و حەقخوازەكەیان ببێتە سەنگەرى دژایەتى كردنى خەڵكى لە وێنەى ڕێبین تەها چونكە ئێمە كوردستان پۆست بە پشتیوانى سەرەكى خۆمان ئەزانین و جێگەى ئومێدى ئێمەى ئازادیخواز و ناڕازییە لە كوردستان .
هەر بۆیە لە وەها كاتێكدا كە كادیرەكانى كۆمەڵەى خوێندكارانى سەر بە یەكێتى و ئەو مامۆستا حزبیانەى ڕێبین دژ بە هەڵسوكەوتە ناپەسند و خراپەكارییەكانیان و دەستێوەردانیان لە كاروبارى خوێندكاران هەڵوێستى وەرگرتووە و سەنگەرى لێ گرتوون پلانێكى لەم جۆرەیان بەڕێ خستووە ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ خوێنەرانى بەڕێزى كوردستان پۆست و تێكڕاى خەڵكى كوردستان بە پێویست ئەزانین و هەموو لایەك دڵنیا ئەكەینەوە درۆكانى ئەم دەسەڵاتە چەواشەكارە و ئەو مامۆستایانەى كە ئەیانەوێ بە پەنا شەرەفى ڕێبینەوە ئابڕوو بۆ خۆیان بگەڕێننەوە كۆتایى دێت و هەموو لایەك ڕاستیەكانى بۆ دەر ئەكەوێت كە ڕێبین تەها زۆر دوورە لە وەها كارێكەوە. ئومێدمان وایە كوردستان پۆستیش وەك ماڵى خۆمان ئەم ڕوونكردەوەیەمان لێ قبوڵ بكات و لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەت و ئاشكرابوونى ڕاستیەكان بڵاوى بكاتەوە .

سەركەوتن بۆ ئیرادەى گەل ،سەرشۆڕى بۆ جاسووسەكانى دەسەڵاتدارانى ناپاك

ژمارەیەك لە سەرپەرشتیارانى كۆمەڵەى بەمەدەنیكردنى گەرمیان
28/1/2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە