ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت، کە لەنیشتمانی ئێمەدا چی دەگوزەرێت

Wednesday, 23/10/2013, 12:00

2699 بینراوە


ئەم وێنەیەی سەرەوە، هونەرمەندێکی فۆتۆگراف نەیگرتووە، بەڵکو وێنەگرێکی نادیارە، لە باوکێک دەچێت کە چێژ لەخوێن وەردەگرێت. ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت، کە ئاستی پەروەردە و تێگەیشتن لەنیشتمانەکەی ئێمەدا چەندە ؟
ئەبراهەم باوکی پێغەمبەرەکان کاتێ ویستی قوربانی بکات و کورەکەی ئیسماعیل لەپێناوی خوادا سەرببڕێت، فریشتەکان لەجیاتی ئیسماعیلی کوڕی بەرانێکیان بۆ دابەزاند، ئەمە ئەفسانەی قوربانییە و مێژووی ئەفسانە ئاوا گەیشتۆتە لامان، داخۆ دەتوانین بڵێین، کە ئەبراهەم شۆڕشیکی کرد بۆ ئەوەی ئیسماعیلەکان لە سەربڕین ڕزگار بکەن و نەیکەنە قوربانی؟ یان ئەویش وەک ئەم وێنەگرە و خەڵکی نیشتمانەکەی من عاشقی خوێن و گۆشت بووە ؟


هەر بۆیە کاتێک تاکی کورد لەگیاندارێک دەڕوانێت، بەرلەوەی سۆزی هەبێت بۆی، یەکسەر بیر لە تشریب و لەزەتی گۆشتەکەی دەکاتەوە، ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت کە منداڵەکانمان ڕابێنین، بۆ ئەوەی لەناو خوێن ڕشتندا سۆزیان بمرێنین. لەبەردەم ئاژەڵ و باڵندە و هەر شتێکدا، کە جوانبێت و بشجوڵیتەوە بەزەیی پیدا نەیەتەوە. هەر بۆیە سروشتی نیشتمانەکەی ئێمە ماوەیەکی تر دەبێتە بیابان، ئێمەی کورد ڕقمانە لەدار، لە ئاژەڵ، تەنانەت ئەگەر بۆمان بکرێت باڵندەکانیش لە پێناو ژەمە مەزەیەکدا ڕاو دەکەین و لەسەر خوانە بێتامەکانمان دایان دەنێین، بۆ ئەوەی بۆ هەتا هەتایە چاومان لەفڕینیان نەبێت.
ئەم باوکە نازانم چۆن بیری کردۆتەوە؟ دەیەوێت چیمان بەگوێدا بدات؟ کاتێک لەم وێنەیەم ڕوانی"ئەو مرۆڤە مرۆڤخۆر (کەنیباڵ)ەی سوریام هاتەوە بیر، کە چۆن لە ژێر بەیداخی ئایندا کەسێک دەکوژێت و دوایش دڵی دەردەهێنێت و دەیخوات"! کێ ناڵێت ئەو کەنیبالە ئاوا بە منداڵیی وەکو ئەو منداڵەی سەرەوە، باوکی ئەمیش لە ناو گۆشتدا هەڵینەواسیوە و بە خوێن چاوی نەکردۆتەوە؟ رەنگە لە قەسابخانەی ماڵەوەدا لە کاتی قوربانیکردنی باوکیدا هەڵیان واسیبێت، دوایی بە گەورەیی ئاوای لێدەرچووە، کە وەک قەسابێکی شارەزا  لە کوشتنی مرۆڤێک دەرهێنانی دڵی، خۆی بۆ نمایش کردین.
منداڵ پەڕەیەکی گوڵەو دەبێت بە خۆشەویستیی و جوانیی و میهرەبانی پەروەربکرێت، خۆشەویستی بۆ هەموو شتێک، بۆ سروشت بۆ ئاژەڵ و بۆ باڵندە و دار و باخ و گوڵ و ئاو چیاو نیشتمان و زەوی و ئاسمان. منداڵ نابێت خوێن بناسێت، گەر بتەوێت قوڵایی کەسێک بناسی، دەبێ ڕێگەی بدەیت ئەویش بێتە ناو ناخی تۆوە. باوکێک منداڵەکەی لەناو قوڵایی لاشەیەکی قوربانیدا دادەنێت و دەشیەوێت خوا بەمیهرەبانی خۆی قوربانییەکەی لێ قبوڵ بکات، لەکاتێکدا باوکەکە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت تاوان دەکات، بەرامبەر بەمنداڵێک کە هێشتا ئەلف و بای ژیان نازانێت چییە. باوکێکی کورد دەبێت منداڵەکەی فێری عەشقی بێسنور بکات، چونکە عەشق کۆتایی نایەت، بەڕاستی گەر ئەو باوکە منداڵەکەی خۆش بویستایە، ئاوا وێنەی نەدەگرت، ئەگەر ئەو منداڵە ئێستا لەخوێن نەترسێت و نەزانێت خوێن چ مانایەکی هەیە، سبەینێ ناتوانێ عاشق بێت، ناتوانێت لە خوێنڕشتن بترسێت و نەزانێت تاوانە، بۆیە تاکی کورد هەموو شتێک بەدوژمن دەزانێت، دایک و خوشکەکانمان لە مشک دەترسن، خۆمان تا ڕادەی مردن لە مار و دوپشک دەترسین، مەڕ و گاو گوێرەکە و مریشک و کەڵەشێریش دوژمنمانە و تەنها بۆ خواردن ئەوانەمان دەوێت.
کاتێک ئەم وێنەیەم بینی بەپێویستم زانی قسە بکەم لەسەری، بۆ ئەوەی ئەو وێنەگرە  داخۆ، باوکە یان دایکە یاخود هەر کەسێکە واتێنەگات من ڕەخنە ڕاستەوخۆ لەو دەگرم، بەپێچەوانەوە من سوپاسی دەکەم، کە بابەتێکی زۆر جدی بۆ من دروست کرد، تا زیاتر تاکی نەتەوەکەم بخەمە ژێر پرسیارەوە، بەخۆشمەوە چونکە ئەم وێنەیە پێمان دەڵێ بۆچی منداڵ لەم نیشتمانەی ئێمەدا چەندە بێکەسە، ئەی ئەو هەموو ڕێخراو و پارت و حیزبانە چ کارەن؟ بۆ نایەن سنورێک بۆ هاتنی ئەو ئاژەڵە بەسزمانانە دانێن، کەوا لەژێر هەر ناوێکدا بێت بە بەر چاوی منداڵەکانەوە سەر دەبڕن و دوایش خوێنە کانیان لەجۆگەلەی ئاواکەوە بە بەر چاوی منداڵەکانەوە ڕۆدەچێتە زێرابەکانەوە، یان دەیکەنە ژێر درەختە ڕەنگ زەردە تەنهاکانەوە، من لە بیرمە لە هەرزەکاریدا منیش هەمیشە چەقۆیەکی ئەبوئەڵقەم پێ بوو هەرچی مریشک و قاز و کەروێشکی گەڕەکەکەمان بوو سەرم دەبڕی و خۆم لێ ببووە پیاو، تا ڕۆژێک فرمێسکی کەروێشکێک، کە خەریکی سەربڕینی بووم، خەبەری کردمەوە و حاڵی لێ هێنام، ئیتر بڕیارم دا بۆ هەتا هەتایە کارێکی وا قێزەون نەکەم .
ماوەیەکی زۆرە لە ووڵاتی سوید دەژیم، کەم ڕۆژ هەیە لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە ڕەوە ئاسکێک نەبینم، کە بێترس چەندین جار تێدەپەڕن، هەڵدەبەزنەوە و یاری دەکەن، کەم بەیانیش هەیە، کەروێشکە زیتەڵەکان نەبینم، کە تا لیان تێدەپەرەم بە دیقەتەوە سەیرم نەکەن ئەوانە هەموویان بێترسن ، دەزانن ل ەگەڵ مرۆڤی راستەقینەدا دەژین و یاسایەک هەیە، پاریزگارییان لیدەکات، ئەوە باڵندە دەنگ خۆشەکان بەشێکن لە مۆسیقای بەیانیانی گەڕەکەکەمان، چەند دراوسێیەکیشم هەیە، کەوا سەگ، پشیلە مشک و ئاژەڵی تریان کردۆتە ئەندامێکی خێزانەکەی خۆیان، مرۆڤەکانی ئەم ووڵاتە هێندە نزیکن لە ئاژەڵەکانەوە، ئاژەڵەکان لێرە ئاسودەترین ئاژەڵی سەر ئەم ئەستێرە و زەوییەن، بۆیە ئەمە بۆتە کەلتور، بەر لەچەند ساڵێک لە گواستنەوەی مەڕو ماڵاتدا بە ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگرەکان، کە جێگەی تایبەت و ئۆتۆمۆبێلی تایبەتیان بۆ کراوە بۆ گواستنەوە، بەڵام کاتێک سەیری دەکەن لەو گواستنەوەیەدا چەند ئاژەڵ قاچی دەشکێ یان دەخزێ یان گیان لەدەست دەدات، ئەمەم لە تەلەفیزۆنەوەدی بینی، کە وەزیری کشتوکاڵی ووڵاتی سوید لەکاتی پیشاندانی ئەم دیمەنەدا، لەیەکێک لە کۆبونەوەکاندا بۆ ئەو ئاژەڵانە دەگریا، گریانێک لە ناخەوە هەڵدەقوڵا و ڕەخنەی گرت، کەوا ووڵاتەکەی و حیزبەکەی ئاوا بەرخود لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن، بۆیە ساڵانە لێرە چەندین کەس دەبێتە ڕوەکخۆر و واز لە گۆشتخواردن دەهێنێنن. وەزیرەکانی لای ئێمەش ڕۆژانە لەکاتی میواندارییەکانیاندا دەیان ئاسک و کەو، مەڕ و کار دەکەنە قوربانی و کەباب و نۆشی دەکەن .
 سیاسییەکانی نیشتمانی ئێمە هاندەرن بۆ ئەوەی وێنەی بگیرێت و ئاسایی بێت و لە فەیس بوکیشدا بە خۆشییەوە لایکی بۆ دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە