مەلا مستەفا بارزانی دەڵێت (قوتابیان سەرە نێزەی شۆڕشن)!!

Saturday, 09/10/2010, 12:00

3936 بینراوە



گوایە مەلا مستافا بارزانی ئەمەی ووتوە (قوتابیان سەرەنێزەی شۆڕشن). ئەم وتەیە هەم لە ڕەهەندو ناوەرۆک و ماناوە، هەم لە ڕووی زانستی و سیاسی و ڕۆشنبیریەوە، وتەیەکی پڕ بەهایەو زۆر گەورەیە، بەقەد بەهاو گەورەیی قوتابیان. ئەم وتەیە دەکرێت سەردێری دەیان پەڕتووک بێت. وتەیەکە وەکو خۆی پێناسەی ئەم توێژە پێشەنگەو زیندوەی کۆمەڵگا دەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم بە بێ هەرچی گومان هەیە ئەمە لە ئەدەبیاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دزراوە و مەلا مستەفا بارزانی کردویەتی بە قسەی خۆی، وە تا ئەم کات و ساتەی ئێستاش بنەماڵەی بارزانی بە دەیان و سەدان قوتابی و لاوانی کوردیان پێ گەوجاندوەو کردویانن بە نوکەرو خزمەتکاری بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان. ئەم قسەیە دوورو نزیک بە هیچ شێوەیەک زادەی مێشک و بیرکردنەوەی مەلا مستەفا نیە، مەحاڵە بۆ مەلا مستەفایەکی سەرۆک خێڵ، نەخوێندەوار، کۆلەوار، ناڕۆشنبیر، نا سیاسی، نەزان توانیبیەتی قسەی وا بکات. مەحاڵە قسەیەکی لەم جۆرە هەڵقوڵاوی مێشک و زادەی فکرو ژیری و بیر تیژی و ڕۆشنبیری مەلا مستەفا بارزانی ئە‌قڵ خێڵەکی بێت. هەر کەسێکی کەمێک بە ئاگاو خوێندەوار دەزانێت ئەم قسەیە لە ئەدبیاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دزراوە. لینن و تەواوی سەرکردە سیاسیەکانی تری شۆڕشی ئۆکتۆبەر گرنگیەکی یەکجار گەورەیان بە قوتابیان و لاوان داوە وە بە پێشەنگ لە هەموو جۆرە چالاکی و کارێکی دروستکردن و بیناکردنی کۆمەڵگای سۆسیالیستی و پاراستنی شۆڕشەکە ناویان بردوون بە تایبەتیش لە لایەن لینینەوە. بە هەرحاڵ ئەمەیە کۆمەڵگەکەمان و ئاستی ئەقڵیەتەکەی، نایەوێت تێبگات و بەرەو پێش بچێت و پرسیار بکات. شاراوەش نیە کە، ئە‌قڵیەتی مرۆڤی کۆمەڵگای دواکەوتوو، ئەقڵیەتێکی گەوج و نەزان و نا بەر پرسە لە ئاست تەواوی بەرژەوەندیە مرۆیی و ئابووری و ئازادیەکانی خۆی و کۆمەڵگاکەی و درکیان پێناکات. ئەقڵیەتێکە هەردەم دیل و گیرۆدەی تەواوی پەیوەندیە کۆن و دواکەوتووەکانە، گیردۆدەی فکرو بیرۆکە وەهمیەکان و خوڕافیاتە بەسەر چوەکانە و موریدێکی گوێڕایەڵێشیانە. ئەو فکرو بیرۆکانەی کە تەواو دوورو دابڕاون لە لۆژیک و ڕەوشی ژیانی ئەمڕۆدا. بە ئاسانی ئەقڵیەتی مرۆڤە دواکەوتوەکان ڕامدەکرێن و دەستە مۆ دەبن، وە بە ئاسانیش دەچنە ژێر بارو باوەڕ دێنن بە مێژووی نا ڕاست و لە سەر درۆ بیناکراو. ساوێلکانەش بە ئاسان قەناعەتیان دێت و بڕوا بە پاڵەوانە لەوەهم داتاشراوەکانیش دەکەن وە دەبن بە کۆیلەیان. کۆمەڵگا دواکەوتووە نە خوێندەوارو نا ڕۆشنبیرەکان، ئاستی تێگەیشتنی ئەقڵیەتی مرۆڤەکانی زۆر نزم و لاوازە. هەر بۆیەشە هێزو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو کۆنەپەرستەکان، زۆر بە بائاسانی و بە بێ کێشە سوکایەتی و بێ ڕیزی بە ئە‌قڵی تەواوی کۆمەڵگا دەکەن. بە ئارەزوی خۆشیان لەم کۆمەڵگایانەدا خانەگۆڕکێ بە هەرچی فکرو بیرو پیرۆزی و بەهاکان و، ویژدانی مرۆڤایەتی هەیە دەکەن. چەوتی و ڕاستیەکان، لە شوێنی یەکتردا جێگیر دەکەن، بێ ئەوەی کەسێک چرکەی لێوە بێت. بۆ نمونە درۆو بێ ڕەوشتی و ناپاکی، لە شوێنی ڕاستگۆیی و بەوەفایی و پیاوچاکی، نا هەقی، لە شوێنی هەقدا، نا بەرابەری ونا دادپەروەری، لە شوێنی بەرابەری و دادپەروەریدا، نایاسایی و بێ ڕیزی و بێ سەروەریکردنی، لە شوێنی ڕیزدانان بۆ یاسا و بە سەروەریکردنی، بێ ڕیزی کردن بە مرۆڤ و بە نا هاوڵاتی کردنی، لە شوێنی ڕیزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بە هاوڵاتی بوونی، دیکاتۆریەت لە شوێنی دیموکراسیەت، دەمکوتکردن و مەرگ، لە شوێنی ئازادی ڕادەربڕین، گەندەڵی و دزی و تاڵانی، لە شوێنی چاککردن و بیناکردن، بێ ئینتیماکردن لە نەتەوەو نیشتمان، لە شوێنی بە ئینتیماکردن بۆ نەتەوەو نیشتمان و قوربانیدان لە پێناویدا، مەرگ لەشوێنی ژیان، خیانەت و هەڕاجکردنی نەتەوەو نیشتمان، لە شوێنی گیانفیداکاری بۆ نیشتمان و پاراستنی لە داگیرکەرو دوژمنان. بەداخەوە هەڵەی تیا نیە کە بڵێین کۆمەڵگاکەمان لە یەکەمەکانی ناو لیستی کۆمەڵگا دواکەوتووەکانە، بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە، لە دەسەڵات بوون و سەرۆکایەتی مەسعودی مەلا مستەفا بارزانی ئاشبەتاڵچیە بەسەر خەڵکانی کوردستان. بڕوا بکەن گەر ئێستا کوردستان سۆماڵ بوایە، مەسعود بارزانی هەرگیز بەسەرۆک هەڵنەئەبژێردرا، بنەماڵەکەشی هەرگیز دەسەڵاتیان نەدەبوو، وە کەس حیسابی بۆیان نەدەکرد!! دواکەوتوویی و نا ڕۆشنبیری، تاک بەتاکی کۆمەڵگاکەمانی لە کۆت و زنجیری تاریکدا شەتەکداوە. هەروەک بەرخی گورگ دیو، لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی نا کوردو ڕەفتار داگیرکەر، ورەی بەرداوەو ئەژنۆی چەماوەتەوە. ئەگینا بوو بەچی؟ ئەگەر گەوجەیی و نەزانی و کەمتەرخەمی ئێمە نەبێت؟ ئەگەر بێ ڕیزی کردن بە خۆمان نەبێت؟ ئەگەر ئەمە سووکایەتی و لە ژێر پێنانی مرۆڤایەتی و بەها مرۆیەکانی خۆمان نەبێت؟ ئەگەر ئەمە نەفرەت و تفکردنمان نەبێت لە کەسایەتی و نەتەوەو نیشتمان و مێژوومان؟ چۆن قبوڵی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەیەکی وا دواکەوتوو دەکەین؟ بنەماڵەی بارزانی لە وەتای هەن خۆیان بەکورد نەزانیوە، لە بەرامبەر دوژمنان و داگیر کەرانی کوردستانیش خۆیان هەرگیز بە بەشەر نەزانیوە. لەوەتای هەن تا ئێستاش داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان پاڵپشتیان دەکەن، ئەوانیش بەهەموو توانایانەوە دژ بە کورد خزمەتی دوژمنانی کورد دەکەن. ئەوەتا ئێمەش مێگەل ئاسا دەیانکەین بە سەرۆک و دەسەڵاتیان دەدەینێ!! ئەوە چ ماڵوێرانیەکە بۆ ئەم میللەتە نەگبەتەی ئێمە، کە وا بە و جۆرە لەگەڵ ئەقڵ و مێشک و بیرکردنەوەی بنەماڵەی خێڵەکی بارزانی کەوتووینەتە چاڵەوە؟! گەوجی و نا بەرپرسی ئێمەیە کە بنەماڵەی بارزانی زۆرچاک توانیویانە، مەلا مستەفا و مێژووە پڕ لە درۆو دەلەسەکەیان بکەن بە هێڵی سوورو پیرۆزی. بە بێ ئەوەی لە خۆمان بپرسین ئەم سووکایەتیە بۆ بە خۆمان قبوڵ دەکەین؟ ئاخر هەموومان دەزانین کە مەلا مستەفاو مێژووەکەی ئەوەندەی لە سەر وەهم و درۆ هۆنراوەتەوە، نیوەی نیوە چارەکی ئەوەندە ڕاستی تیا نیە. ئەوەتا بەیەک لێکۆڵینەوەو ئەتروحەکەی قانعی فەرد بنەماڵەی دزو تالانچی، بنەماڵەی مەلا مستەفای مێژوو تەزویر ، زیڕەیان لێ هەڵسا و بۆڕەیان گەیشتە بەری ئاسمان لە ترسان. لە بەر ئەوەی زۆر چاک لەوە گەیشتوون بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی مێژووە پڕ لە مشک و مارەکەی مەلا مستەفا بارزانی تەواو دەبن و کۆتاییان دێت. هەر بۆیەشە ئەو جوغزە سوورەیان بە دەوریدا کێشاوە و خۆ لێدان و لێ نزیک بونەوەیان کردوە بە مەرگ بۆ هەموو کەسێک. گەر مەلا مستەفا بارزانی ئەقڵی پەی بە شتێکی وا بردبێت، وە پێی وابوبێت کە قوتاتابیان سەرەنێزەی شۆڕشن، ئەمڕۆ دەبوایە ئەمە کەلتورێکی سیاسی و ڕۆشببیری بوایە بۆ کوڕەکان و نەوەکانی خۆی، پێش ئەوەی کەلتوری سیاسی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بوایە. گەر بەڕاست ئەم ووتەیە هی مەلا مستەفا بارزانی بوایە، مەسعودی کوڕی و مەسروری نەوەکەی بە هیچ شێوەیەک نەدەبوایە زاتی ئەوە بکەن گولە لە ناو دەمی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامە نووس و قوتابی سارد کەنەوە، پاشان لە دوای تیرۆرکردنیشی وەک تەنها هاوڵاتیەکیش وازیان لێ نەهێنا و بە تیرۆرست سووکایەتیان پێی کرد. بنەماڵەی بارزانی تاڵانچی و داگیرکەر ڕاست دەکەن ئەمەیە تەوێڵەکەی فکری بارزانی مردوو ، نەک قوتابیخانەی بارزانی وەک خۆیان دەڵێن، کە قاسم ئاغاشی تیا دەپارێزرێت! بنەماڵە بە بەرنامە بۆشکستی کۆنگرەی سێی یەکیەتی تەوقیتی تیرۆرکردنی سەردەشتیان هەڵبژراد و سەرنەکەوتن، ئەوەتا سەردەشتی ڕۆژنامەنووس لە پێش بەستنی کۆنگرەی سیانزەیان فەشەل و شکست و سەرنەکەوتن بە سەریاندا دەکاتە ئاکام. هیستریاو پەشۆکاوی بنەماڵەی بارزانی لە تێکچوونی بەڵانسەکەیان و قوڵبوونەوەی کێشە ناو خۆییەکانیان و تەنگژەو کێشەکانی ناو پارتی، وای لێکردون، کە نەتوانن بە ئاسانی کۆنگرەکەیان ببەستن. ئەوەتا هاتوون وەکو دڕندە کەڵبەی ڕق و کینەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جەستەی کۆمەڵگا گیردەکەن و پێشێلی هەموو شتێک،دەکەن کەسیش دەنگ ناکات، بەتایبەتیش یەکیەتی نیشتمانی، کە بە قاسم ئاغا نوێ ترین سووکایەتی پێکرا لە لایەن بنەماڵەی مالا مستەفا. ئەم ڕاستیە دەبێ ڕوون بێت بۆ یەکیەتی نیشتمانی پێش خەڵکانی کوردستان، کە ئەم سیاسەتەی یەکیەتی هەر تەنها زیان نیە بۆ یەکیەتی بەڵکو زیانە بۆ تەواوی کۆمەڵگاو پڕۆسە سیاسیەکە، یەکیەتی دەبێت کۆتایی بە گەندەڵێ ستراتیژی بێنێت لەگەڵ پارتی، یەکیەتی نیشتمانی دەبێت ئەوە بزانێت کە تەنها خۆی ماوە بێتەوە ڕیزی گەل بۆ تەواوکردنی سەمفۆنیای تەپڵ لێدان بە بنەماڵەی بارزانی دزو تاڵانچی و داگیر کەر، ئەگینا مێژوو بێ زەییە، لەوەتای هەیە هەرگیز زەیی بە کەسدا نەهاتۆتەوە لەکەسیش نابورێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە