دیدێکی جیاواز بۆ چونە ماڵەوەی سێ سەرکردەی ناو گۆران

Monday, 21/01/2013, 12:00

1317 بینراوە



جیاواز لە بۆ چونی کاك محمد سوسەیی ،کە پێی وایە ئەم سێ سەرکردەیە ! بۆیە چونەتە ماڵی خۆیان چونکە بروایان بە یارییەك نی یە ئەگەر خۆیان یاریزانی سەرەکی نەبن تیایا ، من ئەمەوێ دیدێکی جیاواز بخەمە روو کە دەکرێ وەك گریمانەیەك بەهەند وەربگرترێت لە دنیای بێهودەی هەرێمێکدا کە بە هیچ یاسایەکی گەردونی ودەوڵەتی هەڵسوکەوت ناکات و ئەگەری هاتنەدی هەموو گریمانەیەکی هەیە .
دوا بەدوای بێ هیوابوونی خەلکی بەگشتی و دەوڵەتی عیراق ویەکێتی بە تایبەتی بە گەرانەوەی تاڵەبانی ،لە نەخۆشیەکەی کە ئەگەر ئەم جارە، کۆتایی بە ژیانیشی نەهێنێ کۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێ ، یان هەر نەبێ گەیشتوونە بەو بروایەی ئەمرۆ نەبێ سبەی ئەم ماڵئاواییە رووئەدات و شوێنی چۆڵ دەبێ . عەقڵی پشت گۆران بەسەرپەرشتی کاك نەوشیروان کە ئومێدی ئەوە دەکەن بەشێوەیەکی جیاواز سیاسەت بکەن و دیدێکی جیاواز ونامەئلوف بە کردار و پەرچەکردار بدەن ، ئەیانەوێ ئەم روداوە بۆ پەرژەوەندی گۆران بەکار بهێنن ،لەوانەشە وەك ماف، مافی خۆشیان بێت ،چۆن بارزانی لەماوەی چەندین ساڵ دوو جار روینەکردۆتە سلێمانی بەڵام لەماوەی مانگێکدا چەندین جار چ خۆی چ کور و برازاکانی سەردانی سلێمانیان کرد و ترسێکی قولیان لێنیشبوو کە نەمانی تاڵەبانی مانای نەمانی ئەو پەیوەندیەو ئەو هاوپەیمانییەتە دەبێ کە بە ئیستراتیجی ناوی دەبەن .
هەڵبەت عەقڵی گۆران لەوەتی جیابۆتەوە ،ئەگەرێ بۆ دروست کردنی ئەو فەزایانەی کە هەم لەلایەکەوە بە قانزاجی جولانەوەکە کۆتایی دێ و هەم هەنگاوێکیش زیاتر دەیباتە پێشەوە بۆ دڵی خەڵکی . ئەم هەنگاوەی ئەم برادەرانە بە رای من نمونەیان لە زیاد بووندا دەبێ ، چونکە عەقڵی گۆران درکی بە راستییەك کردووەو ئەو راستییەش ئەوەیە لە دوای تاڵەبانی یەکێتی زیاتر بێ سەرپەرشتیار دەبێ و هیچ کەس ناتوانێ جێی ئەو بگرێتەوەو چونکە تاڵەبانی توانایەکی رادەبەدەری هەبوو لە گرێدانی دەنگی جیاواز ورەنگی جیاواز بەڵام لە یەك بەرژەوەندیدا لە مراوغەکردن ویاریکردن و رازیکردن کەس هاوتای نییە ،ئەمەش پیاهەڵدان نییە چونکە جیاوازیەکان نە فکرین ونە ئایدیولۆجین ،تەنها بۆ زیاتر بەدەستهێنانی دەسەڵات و پلەی باڵاتر ،،، هتد بووە .هەر بۆیە یەکەم دەرئەنجام دوای نەمانی تاڵەبانی هەڵوەشانەوەی ئەو یەکریزییە دەبێ کە ئێستا هەیەتی .ئەم برادەرانەش کە چونەتەوە ماڵی خۆیان چاوەروانی هەواڵەکە دەکەن تا بەکوردی بەکورتی بڵێن حەقە حەقدارین بەشە بەشدارین ، دوای وەرگرتنی بەشەکانیان بەیەگرتنەوەیەك کۆتایی بە سیناریۆکە دەهێنن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە