سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بۆ روسیا سه‌لماندی، که‌ سیاسییه‌کی نه‌زانه‌!

Sunday, 24/02/2013, 12:00

2391 بینراوە


٢٢ساڵە مەسعود بارزانی له‌سه‌ر دەسەڵاتە و چاره‌نووسیی کوردستانی باشووری گرتۆته‌ ده‌ست، لە ماوەی ئەو ٢٢ساڵەشدا چەندین جار چۆتە سلێمانی، جارێکیش بۆ داگیرکردنی سلێمانی بەپشتیوانی سوپای بەعس بەسلێمانی شادبۆووە، مەلامستەفای باوکیشی ماوەی سێ چوار ساڵ لەسلێمانی بوو، کەچی بۆ تاکە جارێک هەوڵی نەدات بزانێت بارزانی باوکی لە کام ماڵدا ژیانی بەسەر بردوە ؟ تا لەوێشيوە ووتارێکمان بۆ بدات و بڵێت باوکم بە ٥٣ڕۆژ گەشتە ئێرە وا ئیستا من بەچوار کاتژمێر گەیشتووم، ئەمە کۆمێدیا ترین چیرۆکێکە کە لە دەمی چیرۆک خوێنێکی نایفەوە گوێمان لێدەبێت.هەموو ئەو مرۆڤانەی بۆ ژیانێکی باشتر ڕوو لەدنیای دەرەوەی ووڵاتی خۆیان دەکەن، نەک  ٥٣ڕۆژ بەڵکو چەندین ساڵ و هەشیانە زیاتریشی پێدەچێت تا بە کەنارەکانی ئارامی دەگەن.مێژووی مرۆڤایەتی پڕێتی لە چیرۆکی هێندە پڕ لە تراژیدیای مرۆڤ خۆی لەبەردەمدا بۆ ناگیرێت.
مەسعود دەیەوێت پێمان بڵێت تەنها باوکم توانیوێی ڕێگەیەکی ئاوا دژوار بگرێت تا بە کەنارەکانی ئارامی بگات.بەڵام کاتێک مرۆڤ بیرەوەرێکەی "زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی " دەخوێنێتەوە دەزانێت ئەوەی لەو کاروانەدا ڕۆڵی نەبووە مەلا مستەفا بووە.


هەموو کتێبەکەش لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بەش بەش بڵاو کرایەوە، خوێنەر دەتوانێت لەوێدا چیرۆکی دەرچونی مەلامستەفا و گەیشتنی بە یەکێتی سۆڤیەتی جاران بخوێنێتەوە.
مەسعود لە هەموو گەشتێکیدا قسەیەک دەکات، هەر کە دەگاتەوە لامان لەهەرێم، لە قسەکەی پێشووی ژوان دەبێتەوە و چاکتر بڵێم قسەکەی بۆ ڕاست دەکەنەوە، چونکە مەسعود خۆی قەت بیر ناکاتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک خەڵکی نەخوێنەواری وەک خۆی بیری بۆ دەکەنەوە، لە مۆسکۆ ووتی، گەر ڕووسەکان ڕازی بن چەکیان لێ دەکڕین، بە گەشتنەوەی قسەکەرەکانی دەڵێن نا کاک مەسعود لەوێش ووتوێتی گەر بەغداد ڕازی بێت ئێمە چەک لە ڕوسیا دەکڕین.


بە ڕاستی هەموو ئەو کەسانەی کە خۆیان بەسەرکردەی کورد دەزانن لە باشوری ووڵات، خەڵکانێکن لە ئاستی دوژمناندا هێندە بچوکن کە دەیان بینن زمانیان دەشکێت، وەک تاڵەبانی کە چووە تورکیا لەوێ لێیان پرسی ووتیان دەڵێیت پشیلەیەکیش تەسلیم ناکەیتەوە، لاڵ بوو ووتی من وام نەووتوە، کەی من وام ووتوە، نازانن ئەمڕۆ ئێمە لەناو دنیایەکی هێندە پێشکەوتودا دەژین کە بە چرکە هەواڵ و قسەکان دەگەنە شوێنی مەبەست.
سەمەرەیەکی تری ئەم سەفەرەی مەسعود لەوەدا بوو، کە لە مێدیاکانی پارتێوە دەیانووت سەرۆکی کوردستان بە گەشتێک ڕوەو ڕوسیا که‌وته‌رێ، من بەتەواوەتی بەزەیم بە ئەو عەقڵەدا دێتەوە کە دەیەوێت بەدرۆ پاڵەوان دروست بکات.کاتێکیش دەچێتە تورکیا هێندە ئازایەتی تێدا نابینیت بڵێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەشێوەیەک هەواڵە کە دەگەیەنن کە بەفلتەری دەوڵەتی تورکیادا بڕوات، گەر بۆشیان بکرێت هەر باسیشی ناکەن.
مەسعود لە سەفەرەکەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت "ئێمە شتێک دەپارێزین کە پاشماوەی یادگارێکانمانە" کاتێک مەسعود لە بەردەمی مایکرافۆنێکدا لە مۆسکۆ لە شەقامێکدا قسە دەکات، هێندە ئاڵۆزبوو ترس کەوتبووه‌ قەپاڵگرتن لەجەستەی خۆی، بۆیە وادیاربوو مرۆڤێکە بەتاڵ لەهەموو ڕاستیەک کە لەو هەرێمەی کە هیچ نیشانەی شادمانی بە دەموچاوی خەڵکەکەیەوە نابینی، جگە لە نەهامەتی دەسەڵات، که‌ لە ماوەی ئەم ٢٢ساڵەدا بۆی خوڵقاندون.
مەسعود ئەوەی بیری چوو باسی پێشمەرگایایه‌تییه‌کەی خۆشی بکات، وەک ئەوەی مەسعود بۆشەڕ لە دایک بووبێت و ئاشتی لە ناوی ببات، بۆیە لەهەوڵی کڕینی چەکدایە.دژی ڕژێمێک کە دەیان پارتی و ئەندامەکانی حیزبەکەی مەسعود تێیدا باڵادەستن، ئەمە جگە لەکۆمێدیای سیاسەت هیچی تر نییە.مەسعود لەو سەفەرانەیدا خۆی وادەر دەخات کە کەسێکی هار و هاجە و، لەهەمانکاتیشدا کەسێکە سەلار بیر دەکاتەوە، کەچی کە لە وێنەکان دەڕوانی هەست دەکەیت ڕۆحی لە کونە لوتێوە خەریکە دێتە دەرێ، ترس دەوری داوە، ترس لەچی؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە خه‌ون هەموو دیکتاتۆرێک دەهەژێنێت، ئەو ترسەی کە دێت بۆسلێمانی سەدان ئۆتۆمۆبێل لە کاروانەکەیدا ڕێدەکەن.هیچ بوک بردنێک ئاوا نییە و هێندە ئۆتۆمۆبێلی لەگەڵدا نییە.بۆیە کاتێک مێدیاکان لە بچوکی خۆیانەوە ئەم هەواڵە گەوره‌ ده‌که‌ن و بەشان و شەوکەتی ئەم کەسانەدا هەڵدەدەن وەک ئەوە وایە کەسێک لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتووە.بۆیە ئەو پەندە چینییە زۆر بەباڵای مەسعود و ئەو پیاوانەی لەگەڵییدا بوون دەگونجێ په‌نده‌که‌ دەڵێ:
"ئەوی دەستی لە ئاودایە وەک ئەوە نییە کە دەستی لەئاگردایە "
مەسعود دەیەوێت چەک بکڕێت، بەڵام بەدرێژایی ٥٠ساڵ چەکی لێوە نزیکە کەی و لە کوێدا لە شەڕێکدا بەشداریی کردووه‌ ؟ عومەر شەریف لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت " ئەوانەی قژیان بۆیە دەکەنەوە، من عەقڵم نایانگرێت"

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە