گەڕانێک بە نێو هەندێک له‌ نووسینه‌کانی شەهید (ئارام)دا

Saturday, 17/11/2012, 12:00

2916 بینراوە


 دەبا فاشیەکان بزانن
وائێستاکە....
لە کوردستانی ئاراما
لە کوردستانی قەتماغە و کێڵگەی زاما
هەر دەوەنە و بن تاشه‌ بەردی چیایە
سەنگەرێکە و...
قوتابخانەی دروستبوونی ئارامێکی
تری تیایە.





شاسوار جەلال (ئارام) ئەو کەسایەتییە شۆڕشگێڕە بوو، کە زۆرترین قسەی لە سەر کراوە. دەکرێ بڵێین تەمەنی پێشمەرگایەتییەکی زۆرکەمە، لێ ناو و ناوبانگی زۆری وەرگرتووە، جگە لەوەش لە گوندەکاندا کەم گوند هەبوو ناوی ئارام لە منداڵەکەی نەنێت کاتێک بە دنیا دەهات. بەتایبەتی لە ناوچەی قەرەداغدا. ئەم نامیلکەیە، کە لە ساڵی ١٩٨٠دا دوای دووساڵ لە شەهیدبوونی کاک ئارام بڵاو کراوەتەوە و لە چاپخانەی شۆڕشی ئەوسا کە بە چاپخانەی شه‌هید برایم عەزۆ ناسرابوو چاپکرابوو. بڵاو کردنەوەی ئەم نامیلکەیە بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەران و گەلی کورد کارێکی زۆر باشە و خوێندنەوەی ئەو کاتەی مێژوومان تاکو ئێستا تەم و مژی زۆری لە سەرە و هەرکەسێک هەڵدەستێ بە ئارەزووی خۆی باس لە ئارام دەکات، بەڵام کەسیان نایەن باس لە هزریی ئەو پیاوە بکەن. لەم نووسینە کورتەدا باس لە دوو نامیلکە دەکەم، کە ئێستا کوردستانپۆست هەڵدەسێت بە بڵاوکردنەوەی. ڕەنگە نە من و نە هاوکارانم لە کوردستانپۆست دا هاوڕای ناوەڕۆکی نووسراوەکانی کاک ئارام نەبین، بەتایبەتی کە ئارام کەسێک بووە چەندە لە خەمی کوردستاندا بووە هێندەش لە خەمی عێراقدا بووە، داخۆ ئارام بمایە هەمان بۆچوونی دەبوو یاخود نا؟ ئەوە پرسیارێکە، کە بەڕاستی ئاسان وەڵام نادرێتەوە و کەسمان کورد ووتەنی (فەتاح فاڵ) نین، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین دەستمان بە هەموو بابەتەکانی ئەو بگات، کە نووسیوێتی دەکرێ ئەو سکاتە قەزاواتی لە سەر بدەین.
ئارام لەم نامیلکە چاپکراوەدا باس لە چەند بابەتێکی زۆر جدی دەکات، بەڵام ئێمە لەسەر دوو بابەت قسە دەکەین: یەکەم ئاشبەتاڵ و دووهەم کەسایەتی پێشمەرگە و هێزی سه‌ربازیی.
بە ئاشبەتال دەڵی: کە دوو ووشەی دڵتەزێنە و ڕەخنەی توند لە بارزانی دەگرێ و بە کەسێکی دیکتاتۆر و ناوی دەبات. ئارام دەڵێ: (بارزانی سوڵتەی دیکتاتۆریانەی خۆی بەسەر بزوتنەوەکەدا فەرزکرد و چەند هەنگاوی گەورەش بزوتنەوەکەی بەرەو دوا بردووە)
لە سەر ئاشبەتاڵ کۆمەڵێک پرسیاری زۆر هەستیار دەوروژێنێت ئارام دەڵێ: " ئایا بارزانی بۆ وایکرد"؟ لەکاتێکدا لەو پەڕی باڵا دەستی و هێزدا بوو؟ ئایا ڕێکەوتنی نێوان عێراق و ئێران بەسە بۆ ئەوەی بێمەرج ئاشبەتاڵ بکەیت. لام وایە ئاشبەتاڵ تاکو ئێستا خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، چونکە ئێمە وەک گەلێک بەس بەدوای ڕووداوەکاندا ملدەنێن و هیچ شتێک لە ڕووداوەکان نابنە وانە و خوێندنەوەی بۆ ناکرێت. دەکرا لەسەر ئاشبەتاڵ چەندین کەس خوێندنی باڵایان بخوێندایە و دەیان دکتۆرایان لە سەر وەرگرتایە، ئەی بۆ نەپرسین داخۆ گەلێکی تر هەیە لە جیهاندا، سەرکردەکانی بێ ماڵئاوایی بەجێیان بهێڵێت و دوایش لە بەرگێکی تردا بێتەوە ناویان؟ ئەوە بۆیە ئەو هەموو خۆفرۆشەی کورد ئێستا لە جێگەی ڕیسوابوونیان ناو پەرلەمان و دەزگاکانی ئاسایش و شوێنه‌کانی تریان بۆتەنوینەتەوە. هیوادارم دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نووسراوانە خەڵکانی تر بێنە مەیدان و شیکاریی لە سەر هۆکاری لاوازی نەتەوەیەک بکەن و ئاشبەتاڵیش خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت. ئاشبەتاڵ ئارام ووتەنی دوو ووشەی دڵسوتێنەرە، نەک نسکۆ کە ئێستا شوێن هەڵکەوتەکانی ئارام دەیڵێنەوە، پرسیارەکە لەوەدایە داخۆ ئارام بمایە ئەویش بەئاشبەتاڵی دەوت نسکۆ؟
دووهەم بابەت پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی چەکدارەکان.
ئارام : هێندە لەم نامیلکە بچکۆلەدا باس لەکەسایەتی عەسکەری دەکات کە نابێت تەنها چەکدارێکی بێئاگا بێت، بەڵکو دەبێ کەسێک بێت بڕوای بەتێوریەک و ئایدۆلۆژیایەک بێت، کەدێتە سەر کەسایەتی پێشمەرگەش، ئیتر ئارام وەک باوکێکی بەئەزموون بەو تەمەنە کەمەیەوە کار لەسەر کەسایەتی پێشمەرگە دەکات و لە هەشت خاڵدا کەسایەتی پێشمەرگە تاو توێ دەکات و لە هەمان کاتیشدا پێمان دەڵێ : "پێشمەرگە کێیە"؟
دەبێ دەست پاک و راستگۆبێت و بایەخ بەپاک و تەمیزی خۆی بدات، ڕێز لە هەموو که‌لتوری ناوچەکان بگرێت. دەڵێ پێشمەرگە پارێزەری مان و شەرەفی هەموو گەلە.
ئارام : لە گۆڕەکەت وەرە دەرەوە و بزانە ئێستا پێشمەرگە چۆنە؟ ئەوانەش پێشمەرگە بوون کە لە١٧ی شوباتدا شەرەفی گەلیان لەکە دار کرد، ئەوانەی تۆشیان بەهاوڕێ دەزانی بێهەڵوێست مانەوە.
بەداخەوە گەرچی (هەڤاڵ کوێستانی) ئەو هۆنراوەیەی بۆ نووسی و وەک مارشێکی لێهات لەناو هەمووماندا بەڵام سەنگەرەکان نەیان توانی ببنە قوتابخانەک بۆ دروست بوونی ئارامەکانی تر. بەڵکو به‌ پێچەوانەوەی ئەوەی ئارام، هه‌ڤاڵ کوێستانییه‌ک وه‌ک نمونه‌ بۆتە بازرگان و هەندێک لە کەسە هەلپەرستەکان کە لوشکە لوشک بۆ یادی تۆ دەگرین و کە کامێراکە لە سەریان نامێنێ دەچنەوە هەمان دۆخی جاران، کە ڕێچکەیان لە سەری گرتووە، کورد ووتەنی خوویان پێوەگرتووە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکت ئارام، ڕەنگە مرۆڤ ئیرەییشت پێ بەرێت و گومانیش بەرۆکمان بەرنەدات، بڵێین ئەگەر ئارام بمایە داخۆ دەیتوانی چیبکات؟
تۆ بڵێیت ئەویش خۆی ناشرین نەکردایە؟
 تۆ بڵێ ئارامیش ئێستا خاوەنی چەندین باڵەخانە نەبوایە؟
 من بۆ خۆم ئیرەیی بە شەهید بوونت دەبەم، چونکە کەس ناتوانێ دەستی ناشرینیت بۆ ڕاکێشێ و درۆت بەدەمەوە بکات، وەک ئەو هه‌موو درۆیانەی ڕۆژانە دەکرێت.


کلیکی ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی نامیله‌که‌، که‌ به‌شێک له‌ نووسینه‌کانی شه‌هید ئارامی تێدایه‌:

هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ نووسینه‌کانی شه‌هید ئارام

http://www.kurdistanpost.info/kitebxane/Hellbjarde.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە