با بەئەقڵییەتى (ئەوەى لەگەڵمدا نییە دووژمنمە) كار نەكەین! روونكردنەوەیەك لە د. سامان فەوزییەوە

Thursday, 07/01/2010, 12:00

1388 بینراوە


رۆژى (5/1/2010) لە سایتى كوردستانپۆست، هەواڵێك بەمانشێتى (له‌ کاتێکدا ته‌ندروستی تاڵه‌بانی به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، یه‌کیتی سه‌رقاڵی پلاندانانه‌ تا به‌پێی یاسا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناوبه‌رێت) بڵاوكراوەتەوەو تیایدا چەند دێڕێك تەرخانكراوە بۆ قسەكردن لەسەر بەندەو وێنەیەكیشم لەگەلأ هەواڵەكەدا لەتەك وێنەى ئارمى یەكێتى و تاڵەبانى بڵاوكراوەتەوە.
ئەگەرچى سەرەتا بیرم لەوە كردەوە وەڵامى نوسینەكە نەدەمەوەو بێدەنگبوون بەرامبەر ئەم جۆرە نوسینە ئاست نزم و بێ بەڵگانە هەڵببژێرم، بەڵام دواتر لەسەر داواى چەند هاوڕێیەك، بۆ ئەوەى راستییەكان نەشێوێنرێن، بەباشم زانى بەچەند خاڵێك وەڵامى ئەو چەند دێڕە ناراستە بدەمەوە:
-ماوەى (15) ساڵە لە بوارى رۆژنامەگەریى كار دەكەم و ماوەى (10) ساڵە لەهەرسێ بەشى یاساو راگەیاندن و زانستە سیاسییەكانی سەربە زانكۆى سلێمانى وانە دەڵێمەوە، تائێستا هیچ كەسێك بابەتێكى رەخنەئامێزى لەسەرم بڵاونەكردۆتەوە، هیچ خاڵێكى لاوازم نەبووە كە بۆ قسەلەسەركردن و بڵاوكردنەوە بشێ، ئەگەرچى ئەو كاتانەى وانەم لە خولە جۆربەجۆرەكانى رۆژنامەوانى دەوتەوەو رۆژنامەنووسانم لەسەر ئیتیك و یاساى رۆژنامەگەریى پەروەردە دەكرد، ئەوەم رادەگەیاند كە هەمیشە پێشبینى ئەوە دەكەم جنێو و رەخنەى ناشایستەم لەسەر بڵاوبكرێتەوە لەلایەن ئەو كەسانەى كە بەپێى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان ناجوڵێمەوە.
-هیچ كاتێك بەشێك نەبووم لەو ململانێیەى لە نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و یەكێتیدا هەیە، هەرگیز ناشبم بەبەشێك لەو ململانێیە، لەبەرئەوەى هەردەم باوەڕم بە بوونى ئۆپۆزسیۆنى تەندروست و دروستبوونى هێزى سێیەم هەیە بۆ بەرەوپێشبردنى پرۆسەى دیموكراسى لە كوردستاندا.
- بەداخەوە زانیارییەكانى نێو ئەو هەواڵە، هیچی راست نین، بەڵام بێباكانە كاكى هەواڵنێر بەپێى میزاجى خۆى زانیاریى هۆنیوەتەوەو وتویەتى، بۆ نمونە بەهیچ شێوەیەك بەندە ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى یەكێتى نیم و داواشم لێنەكراوە بۆ ئەو مەبەستە، بۆ راستى ئەم قسەیەشم چەند رۆژێكیش لەمەوبەر ناوەكان لە (كوردستانى نوێ) بڵاوكراونەتەوە و ناوى منى تێدا نییە، كەواتە هەواڵنێر بە چ مەبەستێك ئەم زانیارییە نادروستەى بڵاوكردۆتەوە؟ دەبوایە (كوردستان پۆست) بەلایەنى كەمەوە ئاگادارى ئەو راستییە بوایە، كەواتە كاكى هەواڵنێر لە زانیارییەكى وادا بەهەڵەدا بچێ، ئەى دەبێ لەگەلأ وردەكاریى هەواڵ و زانیاریدا چۆن بەكوردستان پۆستى بگەیەنێ؟.
-هیچ كاتێك پارێزەرى هیچ پارتییەكى سیاسى نەبووم و نابم، نە لە دوور نە لەنزیك یەكێتى پرسى بۆ مەسەلەیەكى پەیوەست بزووتنەوەى گۆڕان لێ نەكردووم، بەڵكو وەك كەسێكى پسپۆڕ لە یاساى راگەیاندن، چەندینجار وەڵامى پرسیارەكانى كەس و لایەنە جیاوازەكانم بە كەناڵەكانى بزووتنەوەى گۆڕانیشەوە داوەتەوە، كاتێك وەك ئاكادیمییەك پرسیارم ئاراستە كرابێ.
-كاكى هەواڵنێر لە قسەكانیدا لەسەر من ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە گوایا هیچ پۆستێكم لەلایەن بزووتنەوەى گۆڕانەوە پێ نەدراوە، بۆیە ڕازى بووم بەوەى كە ببمە كاندیدى لیستى كوردستانى بۆ پارلەمانى عیراق!. بەداخەوە ئەو زانیارییە زۆر هەڵەیەو دوورە لەراستییەوە، كارى مامۆستایەتى و وانەوتنەوەم لە زانكۆ گەورەترین پۆست بووە، لەكارەكەشم بێزار نەبووم تا هەوڵ بۆ پۆستیتر بدەم، بەڵام كاتێك لایەنێكى كاریگەری بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردى داوات لێدەكات بۆ كارێكی نەتەوەیى و دەڵێت: میللەتەكەمان پێویستى بەیاساناسێكى وەك تۆیە بۆ پارلەمانى عیراق. ئەوا ئەگەر حەزیش بەو كارە نەكەم، لەپێناو بەرژەوەندى گەلەكەم و وەك ئەركێكى نیشتیمانى دەبێ ئەنجامى بدەم. دڵنیام كاكى هەواڵنێر زانیارییە هەڵەكانى لە سەركردەو هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى گۆڕان وەرنەگرتووە، ئەگەرنا نەیدەوت كە بزووتنەوەى گۆڕان پۆستیان نەداوەتێ بۆیە رووى كردۆتە لیستى كوردستانى!. لێرەشدا هیچ ناڵێم كە لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان بكەوێت، تەنها هێندە نەبێ كە بۆ راستى ئەم قسەیەى سەرەوە هەر بەڕێز و هەوادارێكى بزووتنەوەى گۆڕان بەكاكى هەواڵنێریشەوە، دەتوانێ پەیوەندى بە كاك (بابەكڕ دڕەیى) و كاك (سەردار عەبدوڵڵا) بكەن كە هەردووكیان هەڵسوڕاو و كاندیدى بزووتنەوەى گۆڕانن بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەم دواییەى عیراق.
-لەقسەكانى نوسەردا هاتووە كە بەرلەماوەیەك، هاتوچۆم بووە لەنێوان مەڵبەند و گردەكەدا، ئەمەش قسەیەكى هەڵەو ناڕاستە چونكە كەسێكى سیاسى نیم، چاكتر وابوو كاكى هەواڵنێر بیوتایە لەنێوان راگەیاندنى یەكێتى و گردەكەدا، ئەوكاتیش بەندە دەموت راستە كە هەردوولا بەمەبەستى چاوپێكەوتنى رۆژنامەگەریى سەردانم كردوون، هەروەكچۆن بۆ هەمان مەبەست سەردانى هەموو لایەنە سیاسییەكانى كوردستانم كردووە بەچەپڕەو و ڕاستڕەوەوە.
لەداهاتووشدا هەر لایەنێك داواى چاوپێكەوتنى رۆژنامەگەریى و لێدوانم لێبكات، ئەگەر لەسنورى پسپۆڕییەكەمدا بێ ئەوا ئامادەم، تكاشم لە هەواڵنێر و كوردستان پۆست ئەوەیە كە تەنها یەك بەڵگەم پێ بڵێت كە كاتێك رۆژنامەى (رۆژنامە) و كەناڵى (knn) داواى دیدارى لەگەڵدا كردبم و رەتم كردبێتەوە!، ئەو ساتە خوێنەرى بەڕێز دەزانێ كە ئایا بەندە بۆ پۆست دەگۆڕێم، یاخود هەر د. سامانى جارانم كە سایتى (سبەى) و رۆژنامەى (رۆژنامە) و كەناڵى (knn) زوو زوو لێدوانیان لێوەردەگرتم.
ماوەتەوە بڵێم خۆكاندیدكردنم بۆ پارلەمانى عیراق بۆیە پەسەند كرد، تا لەوێ وەك یاساناسێك كار بۆ بەرژەوەندى میللەت و نیشتیمانەكەم بكەم، پێموایە جیاواز لە پارلەمانى كوردستانیش ناكەومە نێو گێژاوى بەربەرەكانى سیاسى لەگەلأ لیست و لایەنەكانیترى كوردستان. بەپێچەوانەوە دەبێ لەگەلأ هاوڕێكانم لە بزووتنەوەى گۆڕان و لیستەكانیتردا، دەست لەناو دەست لەوێ كار بكەین بۆ چەسپاندنى بەرژەوەندییە باڵاكانمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە