شەڕى بوونى یاسا لە نەبوونى باشترە!

Monday, 17/05/2010, 12:00

1467 بینراوە


ماوەیەكە حكومەتى هەرێمى كوردستان دەیەوێت خۆى بە یاسا رێك بكاتو لە قەیراى مزاجى تاكەكان خۆى قوتار بكاتو لە عەقڵیەتى حیزبایەتى دەرچێتو بە یاسا كارەكانى لە قاڵب بدات، چونكە جارانو لە دەسەڵاتەكانى رابردووى كوردیدا كەمتر گوێ بە یاسا دەدرا، هەر كەسێك دەكرایە وەزیرو مودیر عامو بەرپرس بە مزاجى خۆى یاساى كارى حكومەتى دەپێوا، حكومەتى بێ یاسا مۆدیل بوو، كورد گوتەنى: (ماسی دەگرێتو دەیەوێت تەڕ نەبێت).
ساڵى 2004 بۆ كارى مۆڵەتى رێكخراوەكەمان سەرداى وەزارەتى ناوخۆم كرد چوومە لاى جەنابى وەزیرو ئەویش لە سەرى نوسى راوێژكارى یاسایى، تا ئێرە دڵم خۆشبوو سوپاسى خوام كرد حكومەتەكەمان یاساى هەیەو تاكەكان لە بەردەم یاسادا وەك یەكن بە بێ جیاوازى، كە چوومە ژوورى راوێژكارى یاسایى عەرزو حاڵم خستە بەردەستى، دواى ئەوەى سەیریكى كردو چەند جارێك هاتووچۆى پێكردم هەرجارەو بیانویەكى بۆ دروست دەكردم، كام یاسایى..؟ ئەو یاساییەى پێی وتم: برۆ لە رێكخراوە دیموكراتییەكانى حیزبى دەسەڵات داواى موڵەت بكە با موڵەتت بدەنێ. كام یاسایى ..؟ ئەو یاساییەى پێى وتم: برۆ كارى خۆت بكەو هەر كەس رێى لێگرتى من دێم نایەڵم تۆ رێكخراوى خوێندكاریتو پێویستت بە مۆڵەت نییە ...
وەك ئەوەى بڕواى بە سەروەرى ئەو یاسایە نەبێت چەند ساڵیك خۆى بە خوێندنییەوە سەقاڵ كردووە.كام یاسایى ..؟ ئەو راوێژكارە یاساییەى جەنابى وەزیر كە لە جیاتى ئەوەى داواى راى ئاسایش بكات لە سەر دەستەى دامەزرێنەر بۆى نوسیبوون لاریمان هەیە لە پێدانى مۆڵەتى یاسایى بە رێكخراوى....... هیوادارم ئەم ئاماژەیە لاوانو قوتابیانو خوێنەران تیبگەیەنێت لە چۆنیەتى بەڕێوەبردنى جارانى حكومەتەكانى هەرێمى كوردستان.
لە رۆژانى 25-26 /4 /2010 لە شارى هەولێرو بە ئامادەبوونى نوێنەرى 80 رێكخراوى كۆمەڵگەى مەدەنىو چەند ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان كۆنفراسی هەرێمایەتى تایبەت بە یاساى رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەنى سازكرا، ئەو ڕەشنوسەى كە لیژنەیەك لە وەزارەتەكانى پلاندانانو لاوانو كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى... هتد لە سەر راسپاردەى سەرۆكى حكومەت ئامادەیان كردبوو . لە گەڵ رێم بۆ ناوەندى ئایندە كە ئەركى بەستنى ئەو كۆنفرانسەى گرتبووە ئەستۆ.
لە ماوە دوو رۆژى تەواودا دواى خوێندەوەیەكى ورد لە سەر یاساكە بە گروپات یاساكە شەنو كەوێكى باش كراو كرایە یاسایەك كە پەرلەمانى كوردستان ئەركى لە گەڵ نەكێشێتو بە قازانجى حكومەتیش تەواو بێت . رێكخراوەكانیش مەجالى گلەییو گازندەیان نەبێت.
بۆ یەكەمجارە لە تەمەنى حكومەتە ساواكەماندا ! بەو شێوەیە مەشوەرەت بە خەلكانێك بكرێت كە یاسایەكى بۆ دەردەچێت، جاران لە ژوورە داخراوەكاندا یاساكان دادەتاشران بە ئانو ساتێكو لە بۆ قازانجى حكومەتە حیزبییەكان دەكرانە بەرنامەى كارى وەریزەكان.
هیوادارم دوو رۆژى ماندوو بوونو ئەزیەتى رێكخراوەكان لە لایەن حكومەتى هەرێمەوە بە هەند وەربگیرێتو بە زوویى لە لایەن پەرلەمانى كوردستانەوە بڕیارى لە سەر بدرێتو لە كۆڵ یاساى ژمارە (15)و بریارى 296ى حكومەتى جاران ببنەوە كە ئەم رەشنوسە بەدیلە بۆیان، بە ناوى كۆمسیۆنى رێكخراوە ناحكومییەكانەوە دەر بچێت.
لە سەر رێكخراوەكانیش پیویستە ئەركى چاودێرى كردنى ئەم رەشنوسە بكەنو بە دوایدا بچن تا دەبێتە یاساو خزمەتى توێژى لاوانو گەنجانى كوردستان دەكات، بە تایبەتى وەك ئەو رەشنوسە بێت كە كۆنفرانس پێشكەشى دەكات نەك حكومەت كۆتو بەند دابنێت، بۆ نەبوونى رێكخراوى مەدەنى بوار نەدات لاوانو گەنجانى وڵاتەكەمان بیر لە كارى مەدەنى بكەنەوە.
لیرەشەوە پێشنیازێك ئاراستەى كۆمەڵەو رێكخراوە جەماوەرییەكان دەكەم ئەوانیش كاتى ئەوەیان هاتووە بەدیلێك بۆ یاساى ژمارە(18)ى كۆمەڵەو رێكخراوەكان بدۆزنەوەو چاوەرێى حكومەت نەكەن چونكە حكومەتەكەمان وا ِراهاتووە تا خۆپیشاندان نەكەیت مافەكانت بۆ ناگەرێتەوە كە حیزب زەوتى كردوون. تا خۆت نەخەیتە بەرچاو، كەس بیرى ناكەویتەوە. تا گیان نەدەیت كەس قومێك ئاوت ناداتێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە