دەوڵەتی کوردی فەرزە نەک سوونەت ،بەڵام عێڕاقی بوون هیچیان نییە..!

Tuesday, 16/11/2010, 12:00

2110 بینراوە


فەخرە سوودانییەک بڵێ عێڕاقیم ...! بەڵام بۆ شەرم نییە کوردێک واز لە نیشتیمانەکەی بهێنێ و بڵێ عێڕاقیم ...!
شاعیر دەڵێت: هەر کاروانێک بۆ تیشکی بڕوانێت کەمبن یان زۆر دەگەنە خۆر..! ، ئەمە سوێندی خەڵکی نەتەوەییە ، نەک قسەی خەڵکی ڕووخاو. 
هەموو سەرانی داگیرکەری نیشتیمانەکەمان ، پێش سەرانی باشووری ووڵات شەڕی ئەوە دەکەن کە کورد ئەبێت دەوری هەبێت لە عێڕاقی دوای ٢٠٠٣ وە کورد بە زۆر بخزێننە ناوی بۆ وونکردنی سیمای کوردوستانی و دابڕینی لە خاکەیی و کوردی پارچە داگیرکراوەاکیتر. یەکێک لە هەڵە مێژووییە ئیستیراتیجییەکانی کورد لە دوای ٨٠سڵ لە چاوەڕوانی کە کردی ، دروستکردنەوەی ئەم عێڕاقەی ئەمڕۆ بوو. عێڕاقێک کە نەتەوەی سەردەست ، سەردەسترە و خاوەنی هیچ هزرێکی فەلسەفەیەکی مرۆڤانە نییە ،تا نەتەوەیەکی ژێر دەستی وەک کورد ببێت بە خاوەنی سەروەرییەکانی کە قەت لەو عێڕاقە سەدامدا و لەم عێراقەی (مالیکی و عەلاوییە) خاوەنی نەبووە. سەرانی کورد بە خواستی خۆیان و پاڵەپەستۆی سەرانی داگیرکەری کوردوستان ، دەستبەرداری دەنگی خەڵکی سەربەخۆییخوازی کوردبوون بۆ نیشتیمانێک کە پێیدەڵێین (کوردوستان). مێژوو شاهێدی ڕێفەراندۆمەکەی باشوورە کە زیاد لە ٩٠% خەڵکی سەربەخۆیخوازان دەنگیان بۆدا (هەر بۆیە ئەز ووتوومە گەل لە خزمەتی دەسەڵاتە و غوولامی حیزبە).
بەڵام دارفۆرییەکان ئەمڕۆ داوای ڕێفەراندۆم دەکەن بۆ شەرعییەتدانی جیابوونەوەیان لە باستیلەکەی سودانی عەرەبی ، چونکە خەڵکی قارەمانی دارفۆر و سەرکردەکانیان ، شەرم دەکەن خۆیان بخەڵەتێنن بەو سودانی بوونەی کە 
نامۆن پێی ، دەیانەوێت تف لە سودانی بوونیان بکەن و بۆ یەکەم جار مێژوو بۆ بوونیان تۆمار بکەن.
دڵخۆشی سەرانی کورد بەو پۆستانەی وەریانگرتووە و ئەو هەموو شانازییانەی دەیکەن بە عێڕاقی نوێوە ،تەنها شاییەکی کورتە وە لە کۆتایدا لە هەڵخەڵەتاندن و خۆلەخشتەبردن زیاتری لێناکەوێتەوە.
ئەمەش دەسکەوتە کاتیانە تەنها دەستکەوتە بۆ حیزب. مێژووی حەوت ساڵی ڕابووردو ، ئەوەی سەلماند کە کورد دۆڕاوی یەکەمە لەم گەمە کارتۆنیانەدا ، چونکە نەیتوانی یەک مەتر دووجای خاکی داگیرکراو بخاتەوە سەر نەخشەی کوردوستان وە یەک یاسای دەرچوو لە عێڕاقدا وەک خۆیی جێبەجێبکات ، وە باشترین پاشقولیان لە کورد گرتووە بە ڕۆژی نیوەڕۆ (بۆ نموونە ، زیادکردنی ژمارەی کوردسییەکانی پەڕلەمانی عێڕاق لە ٢٧٥ بۆ ٣٢٥ بە زەرەری کورد شکاییەوە ، وەزیری پلاندانای عێڕاق لەسەر فۆرمی سەرژمێری لە کەرکووک خشتەی نەتەوەکان لادەبات ، مەسەلەی کەرکووک کە یەک ساڵیان دانە بۆ جێبەجێ کردنی پێی نایە حوت و دەشڕوات بۆ دوو حەوتیتر و لە کۆیایدا دەبێت وەک غەرناتەی مەغریبی هەنسکی بۆ هەڵکێشین). ئەوەش ڕوونە کە حکومەتی پەرلەمانتاری کە نەتەوەی سەردەست تێیدا باڵا دەست بێت، بۆ گەلاێکی ژێردەستی وەک کورد ، مایەکەی وەک ماییەی پیاز فرۆش دەبێت.
کورد باشترە دڵی خۆیان خۆش نەکەن بەوەی کە لەعێڕاقدا هاونیشتیمانی پلە دوونین ، حەز ئەکەم بزانن هەر کەس خاوەنی پەساپۆرتی نیشتیمانەکەی خۆی نەبێت ، قەرەجە نەک هاونیشتیمانی پلە دووە.
بارستای بوونی سیاسی (کاریگەری جەماوەری)، هەمیشە بەشێکی یەکگرتوو وە دانەبراوە لە نیشتیمان و پڕۆسە سیاسی و نەتەوایەتییەکەی، بەتایبەتی کاتێک لە خاکی نەیار یاری دەکەی ،یان پڕۆسەی ململانێ و بەرامبەر وەستانی دوژمن خۆی فەرزدەکات. سەرانی کورد کە دەچن بۆ بەغا دەچن بۆ هوتێل ، واتە خاوەنی ماڵی جەماوەری نین ، و یەک دراوسێی کوردیشیان نییە، هەمیشە خەریکی بلیت بڕیینن بۆ هاتن و گەڕانەوە) ، تەنانەت زۆریش نامۆن بە هەموو شتەکانی چواردەوریان ،جگە لەو ترس و دڵەڕاوکێییەی تووشیان بووە و تووشیان دەبێت. کەواتە ئەم عێڕاقی بوونە ، بێنیشتیمانی بوونە و بەراستی خۆ بە غەریبی کردن و وون بوونە، چونکە ڕووداوەکان و ئەنجامەکانی بۆ خۆیان دێنە زمان . ئەمەش پارسەنگی لە دەستدانی نیشییمان دەگرێتە خۆی کە جاران لە شاخ پێیان دەووت کوردوستان. نا ڕۆشەنبیری(یان کڵۆڵی لە بیرکردنەوە و بڕیاردان لە بەرجەستەکردنی ئەرکە هۆشمەندییەکان ، کە گۆڕانی سیاسی دروستدەکات) و بەرژەوەندی خەڵکی کوردی دەستەمۆی حیزبی (چونکە لایەکی کورد وەک مشەخۆر بوون بە مووچەخۆری حیزب) ، ئا لەم خەسڵەتانەدا تاکی کورد هەڵوێستی مەردانەی خۆیان لە دەست دەدەن . بەو جۆرە پڕۆسە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان لە باردەبەن . کە ڕێ خۆشدەکات بۆ بە خاوەنی بوونی کوردوستان ، و بەوجۆرە تاکی کورد بە ملشۆڕ دەبێ ناسنامەی عێڕاقی وەرگرێت (ئەو عێڕاقەی کەهەر چی سووکایەتی هەبوو پێیکردووە و لە دووبارە بوونەوەی مێژوو پێیدەکاتەوە). بۆیە میللەتی بەو جۆرە هەر کۆیلە بوون قابیلێتی. شکاندنی شەخسییەتی نەتەوەی کورد و لە دەستدانی ئەم خەسڵەتانە بە تایبەتی ڕووخاندنی وورەی کورد بوون ، ، گەورەترین شکستی نیشتیمانییە و تاکی کورد دەخاتە خانە ڕووخاوەکانەوە. ئالێرەوە تراژیدی نیشتیمان و کورد بوون سەرچاوە دەگرێت.
ئەمە عیلەتی نەتەوە ، ئەمەیە ترازاندنی چەمکی تاک و هاونیشتیمانی بوونی ، من دەپرسم ئایا بەڕێزتان ئەتوانن بڕوا بهێنن بەم چەمکانەکە(خزمەتکردنی ووڵاتێکی عەرەبی ببێت بە فەخروشانازی) ، من و ئێوە لەم کاردانەوەدا چۆن دەتوانین لاوێکی ٢٠ساڵ لە ستۆلهۆڵمەوە بگەيێنینەوە بۆ هەولێر و پێی بڵێن ئەمەیە نیشتیمانەکەت. یان ڕێگە بگرین لە هەمان لاوی هەولێری کە خاکەکەی جێنەهێڵێت بەرەو ستۆلهۆڵم کۆچ نەکات.
شکاندنی شەخسییەتی نەتەوەی و نەخۆشخستنی و لە دەستدانی خەسڵەتە دەروونی و نەمرەکانی، گەورەترین شکستی نیشتیمانییە و تاکی کوردی بەرەو مایە پووچی سیاسی بردووە. بۆیە نووخبەی نەتەوەی دەبێت دووبارە تۆووی نەتەوەیی بوون بڕووێنێتەوە و سەرکردایەتی گۆڕینکارییەکان بکات ، تا لەم هەورازە سەهۆڵبەندانەدا سەریبخات. بەرەو لوتکەی سەروەری نەتەوەیی. ئەمەش بە هیچ تاقم و ڕێکخراو و پارتێک نایەتەدی ، بەڵکوو بەسەرجەم نەتەوەی بندەست کارا دەکرێت و سکەی سەرکەوتن وەردەگرێت . ئەبێت ئەوەش بزانین کە جوغرافیای کوردوستان ، جێگیرەو ناگوێزرێتەوە بۆ پۆڵی خواروو یان سەروو ،بۆیە لەمڕۆ پیرۆزترمان دەستاکەوێت ، بانگی سەربەخۆیی بدەین و نەوە تیازەکانمان بەو دەروونە بێگەرد و پیرۆزە پەروەردە بکەین.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە