(پارتى) پارتە خەتەرەكە.

Friday, 22/10/2010, 12:00

1614 بینراوە


پارتى دیموكراتی كوردستان ، یەكێكە لەو پارتانەى كەئەگەرچى پاشكۆى(دیموكراتى) بەدوواى خۆیەوە لكاندوەو دەیان دروشمى قەبەى بێناوەڕۆكى لەشێوەى ئازادى و ئازادى ڕادەربڕین و دیموكراسی و دەیان دروشمى دیكەى بەرزكردۆتەوە ، بەڵام لەڕاستییدا ئەم دروشمانە تەنها قسەى ڕاگەیاندنەكانیانەو چەند دروشمێكن ڕووكەش و هیچیتر ، كەهەموو پارتێك پێویستى پێیەتى تا خەلكى پێبخەلەتێنێ .وەك دەڵێن (كلیمە الحق یراد بهاالباگل)ن ، چونكە تەنانەت سیستمە هەرە تۆتالیتارەكانى دونیاش لەبەرزكردنەوەى ئەم دروشمانە پەكیان نەكەوتووە بەلام وەك كورد دەڵێت: (بەڕیش نیە بەئیشە). ئێمەش پێمانوایە كردارگرنگە نەك دروشم و قسەی زل ، پێشموایە كامە هێز زۆرترین قسەى لەسەر ماف وئازادییەكانى مرۆڤ كرد . دەبێت زۆرترین گومانى لێبكەین ، چونكە زۆرترین جار وارێككەوتووە كە ئەو هێزانە لەمەیدانى پڕكتیكدا سەرسەختترین دوژمنى ماف و ئازادیەكانى مرۆڤبن . ئەلبێرت كامۆدەڵێت:(حەقیقەت گەرهەشبێ ، ئەوا لاى ئەوانە نییە ،كە دەڵێن حەقیقەتمان لایە !!). ئێمەش دەلێین وەك چۆن مەرج نیە ئەوەى سمێلى سوربێ هەمزاغابێ.ئاواش ئەوانەى زۆرترین دروشمیان بەرزكردۆتەوەو لاف وگەزافى دیموكراسى لێدەدەن مەرج نییە لەواقیعدا دیموكراسیبن.پارتیش وەك حیزبێك كە زیادەڕۆى كردووە لەقسەكردن لەسەر ئەو دروشمانەو هەموومانى كاس كردووە دەبێ گومانى لێبكەین هەرچەندە پارتى هیچ گومانێكى نەهێشتۆتەوەو زۆربەمانى گەیاندۆتە یەقین كەڕێك پێچەوانەى دروشمەكانى كاردەكات.خۆزگە وا نەبوایە بەلام وایە. .
(پارتى) گەرچی لەڕووكەشدا واخۆی نیشاندەدا كەبڕواى بەدیموكراسی هەیە ، بەڵام لەناخەوە دیكتاتۆرێكى دەمامكدارە ، خاوەنى عەقلیەتێكى شمولیە ، هەڵگری جیهانبینییەكى كۆنەپەرستانەیە ، چەواشەكارێكى بێوێنەى جەماوەرە ، دوژمنێكى سەرسەختى ڕەخنەو دیالۆگى عەقلانیە ، بۆدژایەتى كردنى ئازادى هیچ هێزێكى دیكە شان لەئەژنۆی نادا ، بۆوەستاندنى مێژوو كەس بەتۆزى پێی ناگات،لەڕبردودا خیانەتكارێكى سەرسەخت و لەئێستاشدا گەندەڵكارێكى پلەیەكە. .
(پارتى) پڕاكتیزەكارێكى بەچەندو چونى تیۆریاكانى ماكیاڤیڵییە بۆدەسەلات ، زێدەڕۆیی نییە گەربڵێن پارتی دیموكراتی كوردستان هاوواتاى (الغایە تبرر الوسیلە)یە .كەماكیاڤیلى دارێژەریەتى،چونكە بۆداماڵین وجیاكردنەوەى سیاسەت لەئەخلاق هیچ هێزێكى دیكە نییە بڵێ من پارتیم. بەراستى لەم ڕووەوە دەست ڕەنگین و هونەرمەندە . گەرسەیرى مێژووى ئەم پارتە بكەین ماندوبوونێكى زۆرى ناوێ هەرزوو ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەكەوێ ،كە ئەم پارتە لەچەندین قۆناغی مێژوویدا بەكردەوە سەلماندوویەتى كەئەوپەڕى ئامانج و ستراتیژەكەى بریتى بووە لەبەردەوام بوون و خۆپاراستن . ئەمەحاڵەتێكى ئاساییە ، بەڵام ئەوەى نائاساییە ئەوەیە كەپارتى بۆپاراستن و مانەوەى خۆی سلى لەپەنابردن بۆ قێزەونترین ڕێگا نەكردۆتەوە هەر لەپەنابردن بۆتوندوتیژى فیزیكى و چەوساندنەوەى ڕەمزى، تا هانابردن بۆ دەست تێكەڵاو كردن لەگەڵ دوژمنانى كورد. بەجۆرێك هێزى دەرەكى نەماوە پارتى كلكى لەگەڵ بانەدابێ، كەچى هەرخەریكى تۆمەت هۆنینەوەیە بۆلایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەكان و میدیای ئازاد بەوەى دەستى دەرەكیان لەپشتە بەكورتى من پێموایە ئەوەى پارتى تا ئێرە هێناوەو زامنى پاراستن و مانەوەى بووە تەنها چوارشتن: توندوتیژی و خەلەتاندن و پارەو وەهماندن

پارتى حیزبێكى مەترسیدارە مەترسییەكەشی لەوەدایە ،كە بەئاسانى ناتوانین ماهیەتەكەى بناسین ئەمەش دەگەرێتەوە بۆئەوەى كەپارتێكى هاشوهوشكارو دیماگۆجیە. كۆبوونەوەى زۆربەى خەلكیش لەدەوری ئەم پارتە بەشێكى پەیوەندى بەوەوە هەیە كەئەم پارتە باش ناناسن بەتایبەتى خەلكى نەخوێندەوار ،كەپارتى سوو ئیستیفادەى لێكردوون . پارتى گەرچی ماوەیەكە لەشاخ دابەزیووە و هاتۆتە شار ، بەڵام لەبەر ئەوەى لەشوێن و كات تێناگا بۆیە ئێستاش بە عەقلیەتى شاخ لێدەخوڕێ ، چونكە پارتێكى كێویەو لە بنەچەدابۆشاخ دروست بوە نەك شار. لەدەرەوەى بازنەى مۆدێرنەو مەدەنیەتدایە ، چەقی بەستوەو ئایندە نابینێ، تۆقیوە لەگشت كردەوەیەكى مەدەنیانە ، توشی فۆبیای خۆپیشاندان و مانگرتن بووە، بەڕەخنە وڕدەبێ، كێشەى لەگەڵ ووشە هەیە ، دووڕستە رەخنە لە كادیرەكانیان بگرە یەكسەر دنیایان لەبەرچاو تاریك دەبی َو ئارامیان نامێنێ ،ڕۆژنامەنووسێك بەچەند ووشەیەك دەتوانێ سایكۆلۆژیای هەموو پارتەكە تێكبدات و توشى هیستریای بكات ، سەیركەن پارتى، كەحكومڕانە لە دهۆك و هەولێر دەمێكە دەستى خستۆتە بینە قاقاى دهۆك و نوزەى لێبڕیوە. دەیەوێ هەولێریش بەهەمان دەرد بەرێت ،كەچى بانگەشەى بەدووبەیى كردنی دەكات، بەڵام لەڕاستییدا ئەوەى پارتى دەستى داوەتێ بەدهۆككردنی هەولێرە نەك بەدووبەیى كردنى ، هەولێر كەپایتەختى سیاسی هەرێمى كوردستانە بزانن پارتى دەهێڵێ یەك رۆژنامەى ئازاد لەو شارە دەرچێ ؟.نەبەز گۆران دوای ئەوەى كەچەندین جار سوكایەتى پێكرا بەناچارى نووسینگەى سەرەكى گۆڤارەكەى لەژێرفشاردا لەهەولێر گواستەوە بۆسلێمانى وتى (بۆیە هەولێرمان بەجێ هێشت چونكە دیموكراسی لەسنوورى پارتى پیر قەدەغەیە) نەبەز گۆران ڕاست دەكات ،چونكە نەك هەر دیموكراسی، بەڵكو ژیانێك كەشەڕەفمەندانە بێت لەسنورى پارتى قەدەغەیە !! لەنێوان پارتەكانى ئێمەو خێلەكاند اتەنها داوە مویەك هەیە پارتى لەوەشدا دەستپێشخەرى كردوەو داوەكەى پساندە، بۆیە لەم ڕوەوە ناونانى(پارتى وخێڵ) بە دوو ڕوى یەك دراو ناونانێكى دروستە ،چونكە هیچ پارتێكیتر شك نابەین بەقەد پارتى سەروكارى لەگەل بنەمالەو عەشیرەت ودیوەخان وتەكیە و شێخ وئاغاكاندا هەبێت. بگرە هەموو هێزو هەیمەنەی پارتى ڵە خێلەوە سەرچاوەى گرتوە.گەرخێل نەما زیان بە پەزەكان دەگات وپارتیش وشك دەبێت .هەر بۆیە تائێستاش پارتى مووچە بە زۆرێك لە سەرۆك خێڵەكان دەدات بە ناوى(دیوەخانانە) و قەڵەویان دەكات. ئەمە ڵە كاتێكدا هەندێك ڵەو سەرۆك خێلانە ئەنفالچین و دەستیان بەخوێنى كورد سورە، بەڵام پارتى ڵەبەر بەرژەوەى خۆى نەك هەر چاو ڵە رابردوویان دەنوقێنێ وبێدەنگە ڵە ئاستیان،بەڵكو بەشێكیانى ڵە ئۆرگانە حیزبیەكانى خۆیاندا جێ كردۆتەوەو پارەیان پێدەدات كەچى چاویان كوێرە لە ئاست ئەو هەزاران گەنجەى كە خەون بەوەوە دەبینن پارەیان هەبێت و بچنە ژیانی هاوسەرگیرییەوە .جگە لەمەش ماوەیەك بو هەرئەم پارتە مووچەى بۆئەوانە دەبڕیەوە كە خاوەنى پێگەیەكى كۆمەلایەتى بوون ناوى نابون(پیاوماقوڵ) ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە لە ڕوانكەى ئەم پارتەوە مرۆڤەكان یەكسان نین،چونكە گەر لە ڕوى لۆژیكیشەوە سەیربكەین بونى پیاوى ماقوڵ هاوزەمان هەبونى پیاوى ناماقوڵ دەگەیەنێ. هەروەها جیاكردنەوەى هەندێ كەس و ناونانیان بە پیاو ماقوڵ ،ڵەلایەك گێڕانەوەى كۆمەڵگایە بۆ دواوەو تاودانەوەى گیانى خێلایەتیە كە پارتى مەرامیەتى،ڵە لایەكیتریشەوە پڵەبەندكردنى مرۆڤە كە ئەمەش ئایدۆڵۆژیایەكى نازیانەیە ومەترسیدارە.بەم شێوەیە پارتى لە دواى ڕاپەڕینەوە زۆر زاراوەى قێًزەونى لە شێوەى(دیوەخانانەو پیاوماقول وبن دیوار)ودەیان زاراوەیترى فڕێداوەتە ناو فەرهەنگى سیاسى ئێمەوە، كە كاركردن بۆ كاڵكردنەوەیان مەگەر بە نەمانى پارتى دەنا ڵە مەحاڵ دەچێ.ئیتر ئەمەیە ئەدەبیاتى پارتى.ئەوپارتەى كە بە ڕاستى مەترسییە بۆسەر ژیان و ئایندەى هەمومان .مەحاڵە لە سایەی ئەم پارتەدا كەڕامەت و شكۆمەندیمان پارێزراو بێت،گەر بەم شێوەیەش بمێنێتەوەو بەردەوام بێت ئەوا خەون بینین بە جیهانێكى باشترو ئینسانیتردەبێتە خەونى چۆلەكە یان بڵقى سەر ئاو!! .چونكە لۆژیكى ئەم پارتە وایە تۆ یان دەبێ ڕەعیەت و مڵكەچى بیت یان چاوەرێ بكە بخرێیتە لیستى دوژمن و تابورى پێنج. بە كورتى پارتى دەیەوێ ئەم هەرێمە سەرتاپا بكاتە یەك پارچە لە بێدەنگى و یەكڕەنگى و هەموشمان بكاتە ستایشكارى خۆى ،چونكە پارتى گەر ستایش بكرێ دەگاتە پلەى ئۆزگازم، بەلام لەوە پەستە كە ناتوانێ هەمومان بكاتە ستایشكار. كلۆلییەكەیشى لەوە دایە نازانێ كە ناتوانى و پێیوایە گەر لێرەو لەوێ دەستییان لە رۆژنامەنوسێك وەشاند ئیتر كەس ناوێرێ قسە بكات ، بەلام ئەوەتا ئێمە قسە دەكەین، ئێمە نەوەیەكین لە گوتنى راستیەكاندا باكمان بە مەرگیش نیە، بۆیە لە كۆتایدا وەك پەیامێك بۆ پارتى دەلێم: یان دەبێ هەمومان بە ڕێگاى سۆران و سەردەشتەكاندا بچین یان نابێ چیتر ئەم ولاتە هى نوخبەیە یەكى دیارىكراو بێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە