موعجیزەى بەشداریكردنى كوڕە بەرپرسێك لە خۆپیشاندانەكان ...!

Friday, 25/02/2011, 12:00

1255 بینراوە


بەڕێوەبردنى وڵات لەلایەن دەسەڵاتێكى گەندەڵ كە پڕە لە ناعەدالەتى و مەحسوبیەت و قۆرخكردن و بەخراپ بەكارهێنانى دەسەڵات رەوشەكە تەنیا بە قازانجى چینێكى مشەخۆر كەوتۆتەوە كە بەوپەڕى بێویژدانى و نامرۆڤانەییانە هەوڵى مانەوەى خۆیان لە دەسەڵات دەدەن، ئەم چینە مشەخۆرە لەژێر سێبەرى بەناو (پاراستنى دەستكەوتەكانى گەل و پاراستنى ئەزمونى كوردستان) كوردایەتیمان بەسەر دەفرۆشنەوە و لەژێر ئەو سێبەرەش دەستكەوتە تایبەتیەكان و بەرژەوەندیە تەسكەكانیان دەپارێزن، ئەم چینە مشەخۆرە بریتین لەو كەسانەى كە بە بارودۆخێكى تایبەت دەسەڵاتیان كەوتۆتە دەست، ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە گێرەشێوێن و ماستاوچى و كاسەلێسى دەسەڵاتن، ئەو بەرپرسانەن كە گوێ داخراون و ناتوانن گوێبیستى دەنگى ئازادیخواز و مرۆڤ پەروەران بن، ئەو گێرەشێوێنانەى كە لە هەوڵى لەگۆڕنانى ئازادى و مافەكانى مرۆڤن، ئەو ماستاوچى و كاسەلێسانەى كە سود لە دۆخى چەقبەستوى وڵات وەردەگرن و سودمەندن لە چەواشەكردنى راستیەكان، بەشێكى بەرچاوى مشەخۆرەكان بریتین لە منداڵە بەرپرسەكان، كوڕو كچى بەرپرسان كە هیچ هەست و دەمارێكیان بەرامبەر گەلە بەشمەینەتەكەیان نابزوێ، بونەتە بارگرانیەكیتر لەسەر ئەم گەلە، منداڵە بێهەستەكانى بەرپرسان نمونەى قێزەونى گەندەڵى و بێعەدالەتین ئەگەرچى خاوەن كەسایەتیەكى هەرەس هاتوو و لە ڕووى ئەخڵاقیەوە دۆڕاون، بەڵام لەژێر سایەى دەسەڵاتى گەندەڵ هەر منداڵە بەرپرسەكانە بەشدارى پێدەكرێن لە پرسە چارەنوسازەكان، هەر ئەوانن ئەبێ لەخوێندنى تایبەت بخوێنن، هەر ئەوانن خاوەن كۆمپانیاو پارە وەرگرتن بۆ پڕۆژە وەهمیەكانیان، هەر منداڵە مەسئولەكانن ڤیزا و پاسپۆرتى دیپلۆماسیان بۆ ئەكرێ و لە مەلهەو قومارخانەكانى وڵاتان و پارەى هاونیشتمانیان ئەدۆڕێنن، هەر منداڵە بەرپرسەكانن ئەبێ لە زانكۆكانى وڵاتانى دەرەوە بخوێنن، ڕابوێرن، بنۆشن... كوڕو كچى بەرپرسەكان كەى بەشدارى پرسێكى ڕەواو داواكراوى جەماوەرى گەلیان كردووە...! تەنانەت هەرگیز نابینرێن لە پرسە كۆمەڵایەتى و میللیەكانیش، یا لە كۆڕى فیكرى و سیمینار و چالاكیە مەدەنیەكانیتر... هەرچەندە هەندێ لە كوڕو كچى بەرپرسەكان خاوەنى كۆمپانیاو سەنتەر و ڕێكخراوى سێبەرى حزب و تایبەتین تەنیا بۆ ناو و سومعە و چاوبەستنى خەڵك، بەڵام ناوەڕۆك بۆش و دەرگایەكى گەورەى ماڵ وێران، سەرسوڕمانە ئەگەر كوڕى بەرپرسێك لە نێو خۆپیشاندانى جەماوەردا ببینرێت تەنانەت لە ڕێپێوانێك ئەگەر لە قازانجى دەسەڵاتەكەشیان بێت ئەوا بەشدارى ناكەن، هەرچەندە منداڵە بەرپرسەكان لایان وابێ جیاوازن هاوڵاتى پلە یەكن بەڵام میللەتیش بێزى نایە خۆى بێنێتە ئاست كوڕو كچە دۆڕاوەكانى بەرپرسان، جەماوەرى گەل زۆر وشیارە لەوەى لێپرسینەوەو یاسا رۆلى خۆى نابینێ لەئاست تاوان و گەندەڵكارییەكانى منداڵە بەرپرسەكان، بەڵام روون و ئاشكرایە ئەم رۆژە دادێ دەسەڵاتى باوكیان بەهۆى جەماوەرى توڕەوە بڕوخێت و رووبەڕووى سزاى عادیلانەى گەل ببنەوە هەموو مولك و ماڵیان كە هى میللەتە بایكۆت بكرێ . ئەگەرچى تا ئێستا نەبینراوە كە منداڵەبەرپرسێك بەهۆى تاوانەكانیان لێپێچینەوەى یاساییان لەگەڵ كرابێ رووبەڕوى دادگا نەكراونەتەوە هەر لە تاوانى دەستدرێژكردنە سەر ناموسى خەڵك و داگیركردنى موڵك و ماڵى هاوڵاتیان و هەڕەشەكردن لە گەنجان و بەهەدەردانى سامانى گشتى، بەردەوامى هەڵسوكەوتى گەندەڵكاران و هەلپەرستانى دەوروبەریان رۆژ دواى رۆژ جەماوەر توڕەتر دەكات و ئەوەى منداڵە بەرپرسەكانیش ئەیكەن ئەچێتە خانەى ئەم گەندەڵیانە و ئەو رۆژە دادێ كە لە دادگاى عادیلانەدا جەماوەرى گەل مافەكانیان لێ وەردەگرنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە