سكاڵای کۆمۆنیستەکان

Monday, 19/09/2011, 12:00

1443 بینراوە




بیستمان کەدەکرێت هاوڕاکان کۆک بن لەسەر ئامانجی گشتگیر ، بەڵام بینیمان بەرەی نەیار هۆکارن بۆ درزخستن و بەکارهێنانی بەدکاریی ..
دەکرێت بۆ شەڕی ناوخۆو زەنگی گڕاوی کوردکوشتن ، بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکەی . لەکوێوە سەرچاوەکە لێڵ بێت ، زیخ و ڕەوەی زۆری دەوێت تا ڵێڵی ئاوەکە وەک چاوی مار ڕوون بکەینەوە . لەشانسی ئەم دەسەڵاتە ، ئەمڕۆ کۆمۆنیستەکان دەبنە فریادڕەسیان ...
لەپێش ئەوەی گۆڕان لەدایک ببێت ، لەباوەشی مەلا بەختیارەوە گرمەی دەنگی ناڕازی و هاشوهوشی خۆ گیڤکردنەوەو هاڕەی وشەی نەشیاو و چاوبزکردنەوە ، بوونە هۆکاری زەقکردنەوەی کێشەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان ، ئەم باهۆزە هۆکار بوو بۆ هەڵکردنی پوشوپەڵاش ، کە حەمەی حاجی مەحمودو عارف کەریم و کۆمەڵێک ناوی سەیرو سەمەرەی مۆڵدراو ڕاپێچی گێژەڵوکەی کەمەرشکێنی یەکیتی بکات و پارتی زیاتر قوت بکاتەوە ..
سیاسەت لای کۆمۆنیستەکان لە کەمەرەوە دەست پێدەکات ، بۆیە هەمیشە هێلکەیانیان لەگەشەو تروکاندن کەوتووە.. دەکرێت گلۆپێک یان تروسکاییەکی دروستکراو بشوبهێنێ بە وەچەی ڕۆژ ، بەلام ناکرێت کۆمۆنیستەکانی کوردستان ئەفکاری سیاسیان بشوبهێنین بە ئازادی و سەربەخۆ و مرۆڤدۆست و هیوابەخش .
ئەم کۆمۆلستانە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆدا هەموو قورسایی هێزیان خستە گەر بۆ بەرەی دژی یەکێتی و خۆشیان ناونابوو سەربەخۆ و بێ لایەن ، هەر ڕۆژەی کۆڕێکیان دەبەست و هەرڕۆژەی سمینارێکیان لە دژی یەکێتی ساز دەدا، بێ ئەوەی بەدانسقە باسی پارتی بکەن ، لەم کەین و بەینەدا ، هێزی بیری پڕۆلیتاریا ئاشق بوو بەباڵای هێزیكی خێڵەکی و نوقم بوو بە جیهانی موخابەراتی ..
بەهەر کۆمۆنیستێکی سیاسەتزان لەهەر جێیەکی ئەم کورەی زەوییەدا بڵێیت : لای خۆرئاواییەکان کێ دەسەڵاتی موتڵەقە لە بڕیار ؟ ، ئەوا یەکسەر وەڵامت دەداتەوە : دیکتاتۆرەکان باڵادەستن لەحیزبدا..
کاتێک کۆمۆلیستەکانی کوردستان یەکلایەنانە پەلاماری هێزێک لەو دوو هێزەی شەڕی ناوخۆیان دەدا ؛ لەشەقامدا دوو بۆچوون شرۆڤە دەکرا ..
یەکەمیان / دەنگۆیەک هەبوو کە پێنج ملوێن دیناری سویسریان وەک پاداش لەپارتی وەرگرتبێت ..
دوەمیان / جۆگەکان بەپێچەوانەوە ڕوو وەردەگێڕن ڕووەو سەرچاوە ، لێرەدا کۆمۆلیستەکان موتیعێکی دەرەجە یەکی مونسوری حیکەمتی تارانین ، کە باوکی کۆنە ساواک و پیاوی موخابەراتی . بەهەمان پیشەش سەرۆکایەتی پارتی ، دەکرێت لەوکەین و بەینەدا موتیعەکان جێگۆڕکێیان پێبکرێت..
ئەم وەبیرهێنانەوە لە زەهنی مندا دوای ئەم کارە شیاوەی کۆمۆلیستەکانی کوردستان پاش پانزە ساڵ لەدووبارە بوونەوە بەرۆکی گرتم ؛ بیستم کۆمۆلیستەکان قەتماخەی برینەکانیان هەڵداوەتەوەو چاڵەکۆن نوێدەکەنەوە .. ئەمە بۆچونەکانی شەقام پشتڕاست دەکاتەوە کەلەسەرەوە ئاماژەم پێدا . هێزی سەرمایەو زوڵمکار لەبەرامبەر هێزێکی خۆرست و زوڵملێکراو ملی سەرساری دەگرن و کۆمۆلیستەکان پێشڕەویان دەکەن .. گەرسوێندیش بە هەموو کتێبەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین بخۆن ، ئەو بەیتە بەدرۆ ناخرێتەوە کە ئۆبیلگاتۆریشە : دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە ..
ئەمڕۆ کێ دوژمنی کۆمۆلیستەکانە ئەوەی یەخەی پێدەگرێت و دەیداتە دادگا ؟ . دوژمنەکانی گۆران کێن لە ئێستادا دەسەڵاتی کوردین یان کۆمۆلیستەکانن ، یاخود هەردوکیانن ؟ .
ئێمە لە مێژووی حەقدوقین و بوخزی کۆمۆلیستەکان تێگەیشتون پرۆفیشیناڵن لە جۆکدادان و کرێگرتەیی و بەکارهێنان ، لەوە تێگەیشتوین بەمکارەشیاوەیان مۆرکی ڕاستی پانزەساڵی پێش ئێستامان بۆ دەردەخەن . لێرەوە پرسیارێک یەخەی زەمەنەکەمان پێدەگرێت . لەکوردستان دووبەرەی (حەق و باتڵ) لەململانێدان ، ئێوە لەکام بەرەن ؟ .
لەبۆچوونی نێو پانتایی مێدیاکان و بزوتنەوەی گۆڕاندا ، یەکێتی لەپشت ئەم سکاڵایەی کۆمۆنیستەکانەوەیە . جگەلەوەش بۆچونێکی شاراوەش خۆی مەڵاس داوە ، کە پارتی لەپشت ئەو سکاڵایەوەبێت و بازاڕی ورتەورتەکەشی بۆ یەکێتی گەرم کردبێت .. لێرەدا کێشە نییە کام لەم دوو هێزەی دەسەڵات لەپشت ئەم هاندانەی کۆمۆنیستەکانەوەیە ، باسەکە دووڕیان لەکۆڵ دەگرێت .
١/ کۆمۆنیستەکان لەچ بەرەیەکداو پشتیان کردۆتە چ بەرەیەک ..
٢ / کۆمۆنیستەکان بۆ ئەم ڕۆژەیان هەڵبژرادوو لەم ڕۆژەدا دادگاو شەرعیەتدانیان بە حکومەتی هەرێمی پارتی و یەکێتی دا ...
بەحوکمی ئەو ڕەوشە سیاسیەی ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی لە % ٨٠ بەرەو سەرەوە بوونەتە دووبەش . بەرەیەک بەکۆمەڵێک هەڵوێسەتەوە لەسەرناوی دەسەڵات و ، بەرەیەکی تریش ئۆپۆزیسوێن .. دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا کۆمەڵێك تەنگەشەو بەستەڵەکی بۆناوماڵی کورد دروستکردووە . لەنێوان ئەم دوو بەرەدا مشەخۆرەکان ڕاوڕاوێنیانە . لەکوێ بەرژەوندییەکان زۆرگیربێت ، ئەوان لەوێ تەراتێنیانە ..
لەپاش لێژبوونەوە ، پوش گیریی هەنگاوە .. هەوڵدان حەشوەیە .. بەڵام ناتوانی زیان بگێریتەوە . دەسەڵاتی کوردی بەپارتی و یەکیتیەوە هەوڵەکانیان خۆگرتنەوەیە ، نەک بەروپێش چوون . حیزبێک گەرسیاسی و ئامانجی گشتی و بەرەیەکی ڕەنجدەر بێت ، گەمژەیە لەڕۆژێکی وادا سیانرۆیەک ، کەسەرتابای ئاهەنگ گێڕانبێت بۆ دەسەڵاتیك کە قابیلی بەزەیی و پشتگوێ خستن نییە ..
هەموو مێژووی هەڵەی کۆمۆنیستەکان باجەکەی چەند کەسێکە و فەرامۆشی ناکەن و نای سپێرن بە ڕۆژگار . بەڵام گەلەکەمان ڕۆژانە دوو هێندە باجی مان و ژیانی کولەمەرگی ژێر چەتری ئەم دەسەڵاتەی کورد دەدەنەوە .. کۆمۆنیستەکان بیناییان کوێرە نابینین ڕۆژانە چەندان کەس بەڕووداوی هاتوچۆو هەڵەی دکتۆرو جیهانی گەندەڵی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و گەمەی سیاسی و ڕەوشی بێ یاسایی لەسایەی ئەم دەسەڵاتەوە لەناودەچن .. بیرناکەنەوە لەوەی هەیانە لەهێزو توانا بەکاری بهێنن و گەر بۆ کاتیش بێت بجنە ئەو بەرەوە کە زاڵمان دەماڵێت ..
کۆمۆنیستەکان لە خەمی خەڵکدا نین و لەسەریان نایەنە وەڵام ؛ بەڵام برینی کۆنە چاڵ هەڵدەدەنەوەو حەشووە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەلات دادەگرن .
نابینین گەر ئەوان لەخەمی خەڵکدان و لەبەرەی پڕۆلیتاریادان ، با بچن لە سەر ڕووداوەکانی ١٧ شوبات و پاشتر لەدادگا سكاڵا لەسەر تاوانباران تۆمار بکەن .
ئەوان نابینین ، بەڵام ئێمە دەبینین ، مەبەست و ئامانج و کڵێشەی ئەم هۆنراوەتان ؛ پیاهەڵدانە ، وەزیفەتانە ، گەرمی دەست لەپشتدانیان بۆتان ، تینی دەگاتە ئەژنۆمان ..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە