دوژمنەکەی سەر پردەکە

Friday, 11/04/2014, 12:00

1881 بینراوە




موراد تورک

یەکێک لە تێکۆشەرەکانم ووتی " ئەم بەیانییە یەکێک لە سەربازەکانی دوژمنمان کوشت ، لەسەر پردەکە درێژ بووە " ، بەشێوەیەک دەیهێنایە زمان ئەوەندە لەلای سادەبوو هەروەک ئەوە وابوو کە بیرەوەرییەکی کۆنی یەکێک لە شەرەکانی بهێنێتە زمان وابوو ، " ئەی باشە چۆن لێتاندا ؟ " ، " گروپێک سەرباز دەیانویست بەسەر پردەکە بپەڕێنەوە یەکەم سەربازی پێشەوەیان بەیەک فیشەک ...... " یەکێک لە تێکۆشەرانم کە قژ زەردێک بوو لێی پرسی " ئەی چەکەکەیتان هەڵگرتەوە ؟ " ئەوەی فیشەکی نابوو بە سەربازەکەوە ووتی " با تاریک دابێت " ، هێشتا دونیا ڕووناک بوو ، لە بەردەم ئەو ئەشکەوتەی کە ئاگرمان لێی کردبۆوە تەماشایەکی ئاسمان کرد هەورەکان بە خێرایی بەسەرمانەوە گڕمۆڵەیان دەکرد ، هێشتا کات زۆری مابوو بۆ ئێوارە ، ئەو پردەی کە سێ ڕۆژە بۆسەمان بۆ نە پڕینەوەی یەکینەکانی دوژمن لێنابۆوە ئێستا بەسەر ئەو پردەوە سەربازێکی لێ درێژ بووە ، دیمەنی سەربازەکە هاتە بەرچاوم ، کەمێکی تر باران بارین دەست پێدەکات ، ئەو لەسەر پردەکە تەڕ .. تەڕ دەبێت لاشەکە دوایش بێگومان سەرمای دەبێت ......
لەوانەشە تاکو ئێستا لاشەکەیان بردبێت ، لێرەوە پردەکە هەر نیو کاتژمیرێک دوور بوو ، دەمویست پێش ئەوەی باران دابکا بچم و هەموو شتێک بەچاوی خۆم ببینم ، لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا جگەرەیەکم داگیرساند ، کات کەم بوو دەبوایە بە خێرایی بڕۆشتمایە ، بۆ ئەوەی چەکەکەم هەڵگرم چومەوە ئەشکەوتەکەوە ، بۆ ئەوەی ئەزمون بەدەست بخات لە کاتوساتی ئاوادا تێکۆشەرە قژ زەردەکەم لەگەڵ خۆم دەبرد ، ویستم بڵێم دەی با بڕۆین ئەوم نەدۆزییەوە ، تێکۆشەرێکی بەتەمەنمان کە لەبەردەم ئاگرەکە دانیشتبوو ئیشارەتێکی بۆ تارمایەکە کردو ئینجا ووتی " لەدواوە نوستووە " هەرلەبەر خۆمەوە ووتم کەمێک لەمەوبەر کە لێیان پرسی چەکەکەتان هەڵگرتەوە چەند بە جۆشوخرۆش بوو ! ، تێکۆشەرە بە تەمەنەکەمان بە دەنگێکی گڕەوە پێ ووتم " لەگەڵ منت بوو ؟ " من حاڵی بووم کە بە دەنگێکی بەرزەوە مڕەمڕم کردووە ، بە شێوەیەک خەندەیەکم کرد کە هەیەجانم بشارمەوە پێم ووت " نەخێر " ، دوای چەند خولەکێک بەرەو ئەو گردە کەوتمە ڕێ کە بەباشی پردەکەی لێ دەبینرا ، تاریکی نەختێک داهاتبوو ، ڕەنگ و سیمای ئاسمان بە تەواوەتی ئاوێتەی ڕەنگ و بۆیەکی ئاڵۆز ببوو ، لە درزی نێوانی ئەو هەورانەی نەکەوتبونە ناو ئەو ئاڵۆزیەوە تیشکی خۆر خۆی دەگەیاندە سەر گردەکە ، لەناکاو دانە دانەی بارینی باران دەستی پێکرد ، دڵۆپ .. دڵۆپ دەڕژایە سەر پێدەشتە خۆڵەوانێکانەوە ، من هەر بیرم لە سەربازەکەی سەر پردەکە دەکردەوە ، لەدەمەو بەیانییەک بە ئاشکرا غیرەتی پەڕینەوە لە پردەکە دەبێت کەسێک بێت کە خاوەن غیرەت بوبێت ، بەڵام لە جەنگدا غیرەت هەموو شتێک نییە ، ئەم غیرەتەش تەواو کەر نەبووە بۆ ئەو سەربازە ، کەمێکی تر لاشەکەی ئەو بەم بارانە بۆ دواجار دەشۆردرێتەوە ، لەوەدەچوو هەنگاوەکانم خێرانابوبێت لەناکاو تەقە دەستی پێکرد ، ئەم تەقە کردنە لەلای پردەکەوە دەکرا ، ئەو ناوەیان دەستڕێژ دەکرد ، لەهەمانکاتدا کە باران چڕتر بۆوە دەنگی تەقە و هەورە بروسکە تێکەڵی یەکتر بوون و بوو بە هەرا ، خۆم گەیاندە لای تێکۆشەرانی سەر گردەکە و سەنگەرم گرت .
هەموویان تەڕ .. تەڕ ببوون و بێدەنگ بوون ، بەیەکێکیانم ووت کە بۆم باس بکات کە چی بووە و چی ڕوویداوە ، ئەو تێکۆشەرەی کە خۆی بە بەرگە دژە بارانەکەوە ئاڵاندبوو پێی ووتم " کەسێک بەسەر پردەکەوە ڕای دەکرد لەگەڵ دەنگی تەقەدا بەلادا هات تەماشامان کرد قژ زەردێک بوو " بە دوربینەکەم تەماشایەکی پردەکەم کرد ، بەسەر پردە بەردینەکەدا کە لەوە دەچوو بە ئاسمانەوە هەڵواسرابێت دوو تەرمایی کەوتبوو ، بەسەر دەمدا درێژ ببوون ، نێوانی هەر دوکییان هەر چەند مەترێک بوو ، چەکی هەردوکیشیان نەختێک لە دوریانەوە کەوتبوو ، خوێنی هەردوکیشیان لەگەڵ ئاوی باراندا دەچۆری ، لە شوێنیکی نزیک هەردوو خوێنەکە تێکەڵاو دەبوو وە بەیەکەوە خەتێکی قەویتریان پێکدەهێنا ، چەند سەیرە ، لەو دوو خۆشەویستە دەچوون کە هەردوکیان لەسەرێکی پردەکەوە ڕایانکردبێت و پێش ئەوەی بگەن بەیەک تری وەک دوو خۆشەویست بەلادا هاتبێتن .
لە دڵی خۆمدا ووتم ئەی کوڕە سەر شێتەکە بۆچی ڕۆشتی ؟ ، ئەم هەمووە لەپێناو چەکێدا ؟ ، بەڵێ ئەمە غیرەتێکە لەپێناو هەڵگرتنەوەی چەکی دوژمن ، ئەویش ئەمەی دەزانی ، ئەگەر بچوایە چەکەکی دوژمنی بهێنایە کەواتە ترسی بەزاندووە ، بەم شێوەیە غیرەتی لە ناخی خۆیدا جێگیر دەکرد .
چاوەڕێی کپ بونەوەی بارانم دەکرد ، جارێک وەک ئەوەی لێهات کە کپبۆوە ، بەڵام لەناکاو بەشێوەیەک باران دایکرد و ئاوی ڕوبارەکە وا زیادی کرد لەوە دەچوو کە پردەکە ئاو بیبات ، لەسەر پردەکە ئاو وەک گۆمێکی بچوک کۆبۆوە ، تەرمەکان لەناکاو وون بوون ، ترسی ئەوەم لێنیشت کە نەبا ئاو بینبات و لەناو خۆیدا بیانشارێتەوە ، بەڵام نەخێر ، کاتێک باران خۆشی کردەوە و ئاو پاشەکشێی کرد تەرمایەکانی سەر پردەکە بەدی کەوتن .
باشە ئەوانەی ئەو بەر پردەکە بیر لەچی دەکەنەوە ؟ ، ئەی ئەوانیش وەک ئێمە چاویان لەم فەلاکەتەیە ؟ ، ئەی باشە دەیانەوێت چی بکەن ؟ ئەی باشە فەرماندەکەیان ترس لەچاو دەگرێت ؟ ، ئەی تەرمەکان ... ، بۆ یەکەمجارە دەمەوێت دوژمنەکەمیش وەک من بیر بکاتەوە ، ئەویش سەربازێکی چاونەترسی کوژرابوو ، بێگومان گەنجیش بووە ، تێکۆشەرەکەی من گەنج و چاونەترسیش بوو ، هەردوکیشیان لە یەککاتدا ئاو قوتیانیدا ، وەک ئەوە وابوو لە گۆڕێک بنێژرێن ، موعجیزەیەک رویدا و هاتنەوە سەر زەوی ، باشە ئەوەی من هەستی پێدەکەم ئەو فەرماندەیەش هەستی پێدەکات ؟ ، ئاخ خۆزگە هەست بەم شتانە بکات .
لە بێتەلەکەوە گوێم لە قسەکان دەگرت ، " گوێت لە دەنگمە ڕێک لەبەردەمیم " دوای چەند چرکەیەک دەنگێکی خشکە لە بێتەلەکەوە بەرز بۆوە ، لەناکاو دەنگێکی پچڕ .. پچڕ کە هیچ چاوەڕێم نەدەکرد ووتی " گوێم لێتە " دەنگەکەی هەر لە دەنگی من ئەچوو ، پێم ووت " سەربازێکی بێچەکت بنێرە منیش شەڕکەرێکی خۆم بێچەک ئەنێرم با تەرمەکانمان هەڵگرینەوە " ، وەڵامی نەدایەوە ، دوای سێ خولەک جارێکی تر سیگنالم ناردەوە ، ووتم " سەربازێکت بنێرە " دەنگ هات ووتی " کەس نانێرین با ئێمە هەردوکمان بچینە خوارەوە " ، بەبێ ئەوەی هیچ تەرەدودێک بکەم ووتم " باشە " ئەویش بەبێ ئەوەی بیر لەهیچ بکاتەوە ووتی " باشە " ، بەگوێرەی ئەوەی لەسەری ڕێکەوتین دەستمان کرد بە ئامادەباشی ، باران کپ ببۆوە ، دوای ماوەیەک کە تەنها جلی ژێرەوەم لەبەردا بوو دەستم کرد بەڕی کردن بەرەو پردەکە ، هەیەجانێکی زۆر کە پێناسە ناکرێت دڵ و هەناومی گرتەوە ، کە پێیەکم نایە سەر پردەکە بینیم کەسێک نیوە ڕووت بەرەو من دێت ، کە چاومان بەیەک کەوت دەستمان بەرز کردەوە و هەر یەکەمان بەرەو تەرمایەکانی خۆمان ملمان نا کە لە سەر پردەکە درێژ ببون ، لەیەکتری نزیک بوینەوە و نزیک بونەوەی نێوانمان هەر چەند مەترێک بوو ڕاوەستاین ، تەماشایەکی یەکتریمان کرد ، هەردوکمان لە سەرماندا دەلەرزین ، دەستمان هێنایە خوارەوە .
دەستپێک چەکەکانی سەر پردەکەمان هەڵگرتەوە ، ئەو چەکەکەی کردە شانی ڕاستی ، منیش لای چەپم ، بۆیەکەم جار هەستم کرد کە چەک نەک وەک ئامرازێکی کوشتن بەڵکو بۆ ئاڵوگۆڕینێک بۆ کارێکی تر وەک ئاسنێک قورسایی لەسەرم دروست کرد ، پێش چەند کاتژمێرێک لەگەڵ دوژمنەکەم کە لەترسی یەکتر نەماندەوێرا بجوڵێینەوە و ترسی ئەوەمان هەبوو کە فیشەک بەیەکەوە بنێین بەڵام ئێستا خەریکە کڕینو فرٶشتنمان لەنێواندا دروست دەبێت ، بەڵام ئێستا من گوێم لە دەنگی قرتەی ددانەکانی ئەوە ئەویش هی من .
بەجوانی هاتینە سەر ئەژنۆ ، هەردوکمان دوو لاشەمان بەرامبەر یەک بەرز دەکردەوە کە وەزنیان ئەوەندەی کێشی منداڵێک بوو ، سەرەرای بارانیش لە نێوانماندا دوو لەکەی خوێن هەبوو ، بۆ چەند چرکەیەک لە یەکتریمان ڕوانی ، لە ناخمەوە سوپاسی ئەوم کرد ، ئەویش لێوەکانی جوڵاند ، تەماشای چاوەکانمی کرد ، دوایش بە تەرمی باوەشی سەربازەکە کە ئاوی لێدەچۆڕا هێواش .. هێواش کشایەوە .
تێکۆشەرە قژ زەردەکەمان لە باوەشمدابوو ، دەستێکم لە ژێر قاچەکانی و ئەویتریشیان لە نێو قەدی ، سەری شۆڕ ببۆوە ، تەماشای سیمایم کرد ، دەمی کەمێک کراوە بوو ، ددانەکانی پێشەوەیەم دەبینی ، ڕەشەباش بە هێمنی گەمەی بە قژی دەکرد .
لەدوای خۆم لەسەر پردەکە دوو پەڵەخوێنم جێهێشت و ڕێمگرتەوە بەر ، باران هێواش .، هێواش دەستی پێکردەوە و لەوانەبوو کەمێکی تر پردەکە لەگەڵ خۆیدا بەرێت .


وه‌رگێڕانی ڕێبوار هەمەوەندی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە