کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌رۆکی مێژوونووسه‌کانی کورد بگرین! (به‌شی سێهەم) کۆتایی

Saturday, 08.27.2011, 12:00

1466 بینراوە


ئایا ڕاستە ئێوە لەشەڕی کۆریا بەشداریتان کردووە و مەلامستەفا کراوە بە فەراندەیەکی پایەبەرز لەو شەڕەدا ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە مامۆستایەک لە نووسەری ئەم بیرەوەرییە دەپرسێ (لاپەڕە 250)، نووسەر لە وەڵامدا دەڵێ:
(ئەوەی ڕاست بێت وا لە ئێوە زانیومانە و بیستوومانە، کاتیی شەڕی کۆریا، ئێمە دورخرابوینەوە و نەفی کرابووین، بەسەر گوندەکان لە ئۆزبەکستان مەلامستەفاش وەک ئێمە لە گوندێک دانرابوو، وەک نەفی).
لێرەدا نووسەر ئەو ئەفسابەیەش پوچەڵ دەکاتەوە، کە جەنەراڵە بێ ئەستێرەکەی کورد، تێیدا گەورە کراوە، ئەم بیرەوەرییە زۆر نهێنیمان بۆ باس دەکات.
لە لاپەڕەی (261) له‌ گفتو گۆیەکدا لەگەڵ هەمزە عەبدوڵڵادا دەیکات ڕاکشاوانە پێی دەڵێت:
- (خاڵ هەمزە، میرحاج و زۆری تریش دڵشکاون، ئەوەی ئێمە دیومانە هیوادارم ئێوە نەیبینن، ئەو مەرامەی ئێمە بەدوای کەوتبووین لەپەشیمانی بەولاوە هیچ شێکمان دەست نەکەوت، ئەوەش جێگەی داخە کە بەدەستی بەتاڵ گەڕاینەوە).
لەوێدا عومەر دەبابە دەڵێ: (ئێوە کۆمەڵێک بوون لەوێ سەرۆکتان ئەوەندە دڵشکاو عاجز کردووە، ئەگەر ڕۆژێک لەڕۆژان کوردستان ئازاد بێت جێگەی ئێوەی تێدا نابێتەوە و لێتان حەرامە).
لێرەدا نووسەر وەڵامی عومه‌ر ده‌بابه‌ دەداتەوە و مێژووش سەلماندی، کە مامۆستا زرار ئازایانەتر لە کەسایەتی مەلامستەفا گەیشتبوو، که‌چی عومەر دەبابە لە دواییدا چەندین سەنگەری لە مەلامستەفا بە قایمی گرت، که‌ لێره‌دا نامەوێ قسەی زۆر لەسەر هەموو ڕووداوەکانی ناو ئەو کتێبە بکەم، چونکە هەست دەکەم دەبێ کتێبێک بەقەبارەی ئەمە بنووسی لەسەر ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، هێشتا سوکناییت پێی نایه‌ت.
کاتێک مەلامستەفا لەبەغداد دەگەڕێتەوە و جوڵم و جۆڵی ئاغاکان ده‌ست پێده‌کات ئەوانەی خاوەنی بەرژەوەندی و زەویی و زار بوون له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا و به‌ ده‌ستی ده‌ره‌کیی یەکیان گرتەوە، ناویان نا سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول، دیارە زۆر قسە لەسەر ئەمە کراوە، کە ئەو سەرهەڵدانە هەڵەیەک بووە زۆر شتی لە دەست کورد داوە و هیچ پاساوێکیش نییە بۆ پینەکردنی ئەم هەڵە مێژوویە، به‌ڵام کەسێکی وەک قانع کە کەس باسی ناکات دەرکی بەم ترسە کردووە و لە قەسیدەیەکدا دەڵێ:

بەند بەبەند قانونی زەراعی دێتە پێش
فەخرە بۆمن
بۆ جەنابت ئایەتی تەڵقینتە
باغی هێندە قایم و مەحکم نەبووی من نەت گەمێ
دەستی ئیستەعمارە هێزی کۆمەک و پەر ژینتە

کاتێک شەڕ دەست پێدەکات لەگەڵ حوکمەتی عێراقدا مەلامستەفا بەخێرایی سەردانی ئێران دەکات لەو سەردانەدا شای ئێران دەبینێ، ئێمە بۆمان دەردەکەوێت لە دوای سەردانەکە، کێ لەپشتی شەڕه بووە، جا کە بیری بهێنینەوە لە چاو پێکەوتنێکی مێدیا تێڤێدا، برایم ئەحمەد بە مەلامستەفا دەڵێ مەلامستەفا عەشقی ئەمەریکا بووە !
دیارە هەموومان دەزانین، شای ئێران راستەو خۆ پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبووە لەناو ئەم بیرەوەریەدا باس لە کابرایەک دەکات لە سۆڤیەت، ویستوێتی مەلامستەفا ببینێت، ئەو ڕازی نابێت و پێی دەڵێ ئەوە دژی ئینگلیزە و جاسوسی رووسه‌کانه‌ە. لەگەڕانەوەدا لەئێران سلێمان بەگ بە مەلامستەفا دەڵێ: هەواڵی سەفەرەکەت بۆ ئێران مەلا مستەفا دەڵێ (ئێمە نامانەوێت دەرگا لەسەر خۆمان دابخەین) واتە ئەم بزوتنەوەیە راستەو خۆ گرێ دراوی ئێران دەبێت و کەسیشمان ناتوانین ئەو راستییە بشارینەوە و ئەنجامەکەشیمان لەبەر چاوە کە بەچی گەیشت و ئاشبەتاڵ زادەی ئەو پەیوەندیەی مەلامستەفا بوو لەگەڵ شای ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئه‌وه‌شی سه‌لماند که‌ کورد تا ئه‌مڕۆ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانییدا هیچ ستراتیژییه‌کی نییه‌، شه‌ڕ و شۆڕش و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته‌کاندا به‌ گۆتره‌ ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌ جاو ناگرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌م حیزب و سه‌رکردانه‌ کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن، ته‌نک داوا کردنی چه‌ک و پاره‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقیشدا داواکردنی پۆستێکی وه‌زارییان داواکردووه‌، ئه‌ ئاوا ئه‌م سه‌رانی کورده‌ سیاسه‌تیان کردووه‌. .
مەلامستەفا کەسایەتیەک بووە هەمیشە لەسەر دووبەرەکی و زەم و زەم کاری ژیاوە و تەنانەت ڕقیشی لەخۆی بۆتەوە، هه‌رچه‌نده‌ کابرایه‌کی خۆێنه‌وار نه‌بووه‌، به‌ڵام که‌سایه‌تییه‌که‌ی وه‌کو کتێبه‌کانی میکافیلی وابووه‌، دەڵێی مایکافیلیای دەرخ کردوە، لەڵاپەڕەی 305 دا ئاوا باسی مامۆستا زورارو باوکی دەکات: (لای میر محەمەد ئەمین زۆر بەناشرینی باسی زرارو سڵێمان بەگ دەکات) بۆیە میر محەمەد بە نووسەری ووتوە: (نەدەبوو هەڵوێستی پیاوێکی وامەزن بەو شێوەیەبێت). چی ووتوە ئەوە کەسمان نازانین، بەڵام بێ وەفایی و گیانی تۆڵەکردنەوە له‌ مه‌لا مسته‌فا جودا نەبۆتەوە. دیارە ئەم بیرەوەرییە کەسایەتی مه‌لا مسته‌فامان بۆ ئاشکرادەکات.
هه‌روه‌ها کاتێک زرار به‌گ باسی وەهاب ئاغایەک دەکات زۆر به‌ ئاشکرا باسی که‌سایه‌تیی ئاڵۆز بووە، من نه‌مده‌زانێ ئه‌م وه‌هاب ئاغایه‌ کێێه‌، تا دوایی هاوڕێیه‌کم خۆشبەختانە زانیم کە ئەم وەهاب ئاغایە باوکی (ئازاد جوندیانیی ناموباره‌که‌یه‌) ئەم کەسایەتییە ئاڵۆزەی ناو یەکێتی بەڕاستی ووتم کورد ئەم جارە ڕاستی ووت گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.
فاخیر مێرگە سوریی، ئەو کەسایەتی یەی کە ئەویش زۆرمان لە بارەیەوە بیستوە و له‌ لامان قارەمانی ناو مێژوومان بووە، کەچی لەناو ئەم بیرەوەرییەدا کەسایەتی ئەویش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش ماوەیەک پارە لەمەلامستەفا وەردەگرێ و دەیەوێت پارەکە بۆ خۆی لابدات، پاشانیش راستیەک باس دەکات لەسەر مەلامستەفا کە مەلامستەفا نایەوێت حیزبی بێت، بەڵکو هەموو بەرگری ئەو پیاوە لە عەشرەتی خۆی و سەرۆکی قەبیلەکەی خۆیەوه‌ ده‌ڕوانێت، سەیر لەوەدایە لە سەر دانێکیاندا بۆ لای عەباس ئاغا، فاخیر بە مامۆستا زرار دەڵێ: لام باشە جامەدانەیەکی سوور لەسەرت بنێی ! نووسەریش بەگژیدا دەچێ و دەڵێ: من ئەو هەموو ساڵە لەگەڵ مەلامستەفا و بارزانی دابووم شتی وایان پێ نەوتووم، تۆ چۆن وادەڵێ ؟ ئەویش دەڵێ: سڵێمان بەگ دوژمنایەتی هەیە لەگەڵ عەباس ئاغا ووتم با نەت ناسنەوە. نووسەر باسی لە کوشتنی فاخیر و باوکی دەکرد، کە لەم ماوەیەدا پروسکی شەش لاشە دۆزرایەوە شیمانەی ئەوەیان کرد کە فاخیر و ئەوان بن.

شەڕی هەندرێن !
دەبوو باسی شەڕی سپیلک و شەڕی کۆڕەکم بکردایە، بەلام زیاتر لە ناو ئێمەدا شەڕی هەندرێن ناوبانگی دەرچووە و نووسەر بۆ خۆی بەشداریی تێدا کردووه‌، دیارە ئەو شەڕە لەو کاتەدا مێژوویەکی نەخشاندووە، زۆریشن ئەوانەی شانازی بەو شەڕەوە دەکەن، بەو مەرجەی نە لە دوور نە لە نزیک ئاگایان لەو شەڕە نە بوە، خۆزگە هەموو کورد ئەم بیرەوەریانەی دەخوێندەوە چونکە ئەفسانەکان پوچ دەکرێنەوە، خودی شەرەکەش حەجمێکی گەورەی دراوەتێ، کە زۆرترە لە قەوارەی خۆی، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌راورد بکه‌ین به‌ شەڕی قەیوان - ماوەت کە سەدان شەهیدی بۆ درا سەد بەرابەر بەقەدەر شه‌ڕی هەندرێنە، یان داستانی ڕزگاریی و دابان و هەلاج، بەڵام کەسێک نییە ئاوا وەک نووسەری ئەم بیرەوەرییانە وەستایانە ڕووداوەکان و شەڕەکان بخاته‌ سەر کاغەز، که‌ ئیستا پارتی بووە بەپاڵەوانی گۆڕەپانەکە.

ترسنۆکی عەزیز محەمەد سکرتێری حیزبی شیوعی عێراقی بەرامبەر پارتی!
کاتێک شەر گەرم دەبێت لە نێوان حیزبی شیوعی و پارتی بەتایبەت زۆربەی ڕووداوەکان لە دەورو بەری سلێمانی دەبێت و شەڕی دەربەندیخان ڕوودەدات لە دەرگەڵەش شیوعییه‌کان بەیانێکی توند دژی پارتی دەردەکەن، بەر لەبڵاو بوونەوەی عەزیز محەمەد دەگاتە دەرگەڵە، کاتێک لەبەیانەکە دەڕوانێ، راستەوخۆ توڕە دەبێ و بەیانەکە دەدڕێنێ، عه‌زیز محه‌مه‌د که‌ خه‌لاتی لێنینی وەرگرتوە، جا بە راستی عەزیر محەمەد کابرایەک بووە، پێشینی کردووە ئەوەتانێ دوای 40 ساڵ بەرهەمی ئەو هەڵوێستە ترسنۆکییەی له‌لای پارتیی دەخوات.
بەهەر شێوه‌یه‌ک بێت نووسەر قوتار دەبێت و دەگاتە بەغداد و پێشبینی دەکات، کە ئەم شتەی ناوی لێنراوه‌ شۆڕش ئەنجامێکی خراپی دەبێ و هیوای پێی نابێت و پێی باشتر ده‌بێت له‌ غه‌ریبییدا بژی نه‌ک له‌ ناو شۆڕشێکی بێ به‌رهه‌م و هیچ ژیانی خۆی له‌ ده‌ست بدات، کاتێکیش ئاشبەتاڵ دەبێ و بەڕێکەوت لەڕێگەی دۆستێکیه‌وه‌ کوڕی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆماری عێراق دەناسێ، دەکەونە گفتوگۆ لەوێوە دیسان وا لە محەمەدی کوڕی ئەحمەد حەسەن بەکر دەکات، کە گفتوگۆ لەگەڵ مەلامستەفا دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەم کارەش برایەکی نووسەر دەنێرن بۆلای مەلامستەفا و پەیامەکەی پێ دەگەیەنن، دووجار برای مامۆستا زرار دەچێ بۆ دیداری مەلامستەفا، پاشان سەدام، محەمەد کوڕی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر، دەکوژێ و ئەو دیدارەش بەرهەمی نابێت.
زرار به‌گ لە بەغداد دەیان ڕووداو و کەسایەتیمان پێ دەناسێنێت، و بەعسییه‌کان زۆر جار لەڕێگەی کەسانی ترەوە دەیانەوێت هێزی خەفیفەی بۆ بکەنەوە و ئەم مل نادات.
ئەم بیرەوەرییە، یان چاکتر بڵێم ئەم کتێبە پڕێتی لە زانیاریی ورد لەسەر بزتووتنەوەی کورد لەباشوور. رێکەوتن.. گفتو گۆ... ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕ ... ڕێکەوتنی حیزبی شیوعی و بەعسێکان لەساڵێ 1970 ... دەیان و سەدان ڕووداو و ناسینی ده‌یان کەسایەتی، کە دەکرێ هەڵویستەی لەسەر بکەین و قسەی جدی لەسەر بکەین، من بۆخۆم چەند ڕەخنەم هەیە، یان چاکتر بڵێم تێبینیم هه‌یه‌ لەسەر نووسینەکە، هەست دەکەم ئەم بیرەوەرییانە کەمتر زمانی ئەدەبیی تێدا بەکار هاتووە، زۆر جار هەست بەپچڕ پچڕی دەکەیت، بەتایبەت دەبێتە مەتەڵ قسەکان کە لە دەمی سەرکردە و بەرپرسەکانەوە هاتووە.

لەسەرەتادا، کە نووسەر باسی گوندەکەیمان بۆ دەکات، 12 کەسایەتی نێرینەمان پێ دەناسێنێ، دەکرێ بپرسین: ئەی ژنەکانی ئەو ناوچەیە لەکوێی هاو کێشەکاندا بوون و بۆ باسیان لێوە نەکراوە؟ تەنها باسی ژنێک دەکات، کە لە هاتنی دوو فڕۆکەی ئینگلیزدا خۆی لە پەنا دیوارێک مه‌ڵاس داوه‌ و نزا بۆ مێردیی دەکات سەلامەت بێت.
نووسەر دوای ئەو هەموو ساڵە لە یەکێتی سۆڤیەت بووە، کەچی ناوی ژنەکەی نابات و کەسمان نازانین ناوی چییە، سەیر لەوەدایە دوای سێ کچ کوڕێکیان دەبێ ناوی دەنێن شادمان و ئیتر ماڵەوەو خێزان دەگۆڕێت بۆ ناوی دایکی شادمان.

لەگەڵ ئەو تێبینیەکەشما سەد جار دەست خۆشی لەو قەڵەمە بوێرە دەکەم، توانیوێتی، شتێک بکات، کە بەکەم کەس دەکرێ.
جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێم کاتێک بەشی یەکەمی ئەم بابەتەم بڵاوکردەوە یه‌کێک له‌ منداڵه‌کانی مامۆستا زورار لە پەیوەندییەکدا نامەیەکی بۆ هاوڕێکانم لە کوردستانپۆست ناردبوو کە ئەم بابەتە ڕابگرین، ئێمە لامان چاکە بۆ مێژوو نامەکەی بڵاو بکەینەوە لەگەڵ وەڵامەکەی مندا بۆ ئەو که‌سه‌
 فەرموون:

*******************نامه‌که‌********************
برایانی ستافی کوردستان پۆست/ سڵاوێکی گه‌رم. . . . . تکایه‌ ڕه‌چاوی بارودۆخی ژیانی ئێمه ‌بکه‌ن و ئاگاداری ئه‌و به‌ڕێزه‌ بکه‌ن که‌به‌ناوی (ئه‌زمه‌ڕ) بابه‌تێکی نوسیوه‌ له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی. . زرار سلێمان به‌گ. . ئێمه‌ ئه‌وکات که‌ کتێبه‌که‌مان ده‌رچوو، توشی زۆرێک له‌ کێشه‌ و گێچه‌ڵ بوینه‌وه‌ تکایه‌ بۆ دووباره‌ نه‌بونه‌وه‌ وقوڵ نه‌بونه‌وه‌ی کێشه‌کان ڕێگری بکه‌ن تا برای نوسه‌ر چیدی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌نوسێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزمان بۆ ئێوه‌
..... زرار سلێمان،
له‌سه‌رداوای نوسه‌ر / ئه‌م تکایه‌ قبوڵ بکه‌ن.
9/8/2011


************************وه‌ڵام *******************
بە ڕێز ......... سڵاو
پەیامەکەتان گەیشت
باوکتان باسی مێژووی کردوە و ئازایانە دواوە، منیش هەڵسەنگاندم بۆ کتێبه‌که‌ کردووە، تا بیرەوەرییه‌کەی باوکتان بڵاونەکرابووه‌وه ئه‌و زانیارییانه‌ موڵکی باوکی بەڕێزتان بوو، ئیستا ئه‌وه‌ مێژوویه‌که‌، که‌س خاوونی نییە، جگه‌ له‌ میلله‌تی کورد، من ناتوانم خیانه‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌که‌م بکه‌م و ئه‌وه‌ی له‌ کتێبه‌که‌ خوێندوومه‌ته‌وه‌ بیشارمه‌وه. ‌
باوکتان له‌ خۆتان ئازاتر بوو، چونکه‌ ئیوه‌ به‌رده‌وام له‌ ناو ترسدا ده‌ژین و به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان له ‌لا باڵاتره‌، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی کورد، بۆیه‌ ....... .... به‌ ترسه‌وه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانییدا ده‌که‌ن، ئێمه‌ نەمان زانی، کەسێک بەناوی زورار سڵێمان به‌گ هەبووە و ئەو هەموو ساڵەی لەپێناو نیشتماندا داناوەو ساردو گەرمی ڕۆژگاری دیوە، تا یاده‌ورییه‌که‌ی خۆی بڵاونه‌کرده‌وه‌ نه‌یده‌ناسیی، ئێوه‌ ده‌بێت شانازی به‌ باوکتانه‌وه‌ بکه‌ن، نه‌ک وا بزانن ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ ژیانی لێ تاڵکردوون و وه‌ک مۆته‌که‌ سواری سنگتان بووه. ‌
من لەبەشی یەکەمدا پێش بینیم کرد، کە ڕەنگە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم بابەتە مامۆستا زرار لە بابەتەکەی په‌شیمان بێتەوە. بەداخەوە ئێمە ناتوانین ئەو بابەتە ڕابگرین، چونکە وەک ووتم تا بڵاونەبوونەوەی بیرەوەرێکانی، موڵکی مامۆستای بەڕێز بووە، لەوە بەدوا ئیتر موڵکی نەتەوەیەکە، کە بەدەست بنەماڵەیەکی خائینەوە یان دوو بنەماڵەی خائینەوە ڕۆژی ڕەشی دنیا یان بەسەر هاتووە، من لە تۆ دەگەم، بەڵام دەڵێم بەداخەوە منیش قسەی لەسەر نەکەم، کە ناتوانم شتی وانەکەم، فه‌رموون ئەوە لە ئیران بڵاو بۆتەوە و لە دەیان ڕۆژنامەی ئێراندا بەفارسی قسه‌یله‌سه‌ر کراوه‌. کتێبەکە وەرگێڕاوە
پێتان رادەگەیەنینەوە ئەوه‌ مێژووە، پەیوەندی بەخێزانی ئێوە نییە، دەشزانین بنەماڵەی بارزانی هەموو شتێک دەکەن تا ڕاستییه‌کان دەر نەکەون بەڵام ناتوانین 50 ساڵی تر بێده‌نگ بین و چاوەڕیی ئەم بنەماڵە خائینە بین.
هەر شاد بن
ئەزمڕ
*********************************************
به‌شه‌کانی پێشووتر:

به‌شی یه‌که‌م

به‌شی دووه‌م