(دەرگای خوێندن كرایەوە كەم و كوڕیی و مشت و مڕی حیزبایەتی نەبڕایەوە؟..) .بەشی دووەم

Tuesday, 06/10/2009, 12:00

1747 بینراوە


لەبەشی یەكەمدا باسی ئەوەمان كرد كەحیزب تاچەند تاوان دەرهەقی پەروەردە ئەكات بەدەست تێوەردانی لەم دەزگا هەرە بیرۆز و گرنگەی كۆمەڵگا و تاچ ئاستێك مێژوو نەفرەتی لێ ئەكات و ئەبێتە رێگری لەئاست پێشكەوتن و پێگەیاندنی نەوەكانی دواڕۆژ و كاریگەری دەروونی لەناو ناخی تاكەكانی كۆمەڵگا و توێژی مامۆستایانیش بەتایبەتی و ئایندەی گەلەكەمان و خونچەكانی دوارۆژمان.
بەهۆی ئەم دەست تێوەردانەی هەردووحیزبی بالڵادەستە تائێستاكە بەتایبەت لەپەروەردەی شاری كەركوكدا ئەوپەری بێ سەرەو بەرەیی بەزەقی بەچاو ئەبینرێت لەم دەزگایەدا كە بەداخەوە تائێستاكە خەمخۆرێك لای لێناكاتەوە و دەستێكی بەزەیی و دڵسۆزی دایكایەتی و باوكایەتی بۆ درێژ ناكات و ئەمیش لەناو ژان و ئازار و زامەكانی خۆیدا ئەتلێتەوە.ئەگەر بڕوانینە بەڕِێوەبەری پەروەردەی كەركوك ئەبینین ئەم مرۆڤە هەرچەندە بەتەمەن و خاوەن ئەزمون و كۆشش و خەباتێكی دوور و درێژە لەم بوارەدا, بەڵام لەبەرباڵا دەستی هەردوو حیزب لەدەست تێوەردان لەكار و بارەكانی ئەبینین تەنیا فەرمانبەرێكی شكلی و بێ ئیرادەیە و ناتوانێت بەپێی یاساكانی پەروەردەیی لەئاست كێشە و كەم وكوریەكانی نێو قوتابخانەكان و پەروەردەدا هەڵسو كەوت بكات و هەلوێستی جددیی لەئاستیا وەربگرێت! چونكە ئەگەر بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندیەكانی هەردووحیزب رەفتار نەكات ئەوا فنش ئەكرێت چونكە بەپاڵ پشتی ئەو دوحیزبە تائێستا لەسەر پۆستەكەی ماوەتەوە, كەواتە گەر لەو هێڵە سورەی بۆیان كێشاوە تێپەر بكات ئەوا ئاكامی وەزیفەكەی دەكەوێتە مەترسیەوە بۆخۆشی بڕۆا ئەكەم ئەگەر وازی لێبێنن ئەوا زۆر پێی خۆشە چونكە گەلێك بێزار و بێتاقەت دیارە.
لەسەد بریاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە یەكێكی جێبەجێ ناكرێت لەوانەیە بڵێن ئەمانە هیچی ڕاست نین و تەنیا بوختان و بڕو بیانووە؟ بەڵام ئەگەر سەردانێكی قوتابخانەكانی ئەم شارە بكەی راستی و دروستی ئەم بابەتەت بۆ ڕوون ئەبێتەوە. دەیان قووتابخانە هەیە لەناو كێشە و كەم و كوڕیدا غەرق بووە و دەیان موزەكەرە و دەیان سەردانی بەرپرسانی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچی بۆ نەكردوون و تائێستاش بۆخۆیان غەرقی ئازاری ئەو كێشانەن.نموونە زۆرن لەسەر ئەو كێشانە لەوانە نەبوونی مامۆستا و كارگوزار و نەبونی تۆری ئاوی خواردنەوە لە نێو هەندێك قوتابخانە و نەبونی گۆڕە پانی كۆنكرێتی و نەبونی باخچەی قوتابخانە و نەبونی سەرئاو(ئاودەست)لەهەندێك قوتابخانە. ئایا لەچ دەور و زەمانیك روویداوە بەرَوەبەری قوتابخانە بكەوێتە سواڵ و سەدەقە كۆكردنەوە بۆدابینكردنی ئەم جۆرە كەم و كوریانە هانا بۆ كەس و كاری قوتابیان و كەسانی دەوڵەمەند و خێرخوازان بەرێت؟ئەگەر بۆ هەندێك لەم كەم و كوڕیانە شیاو بێت ئەی بۆ پەیداكردنی مامۆستا بۆكوێ بچێت بۆ حوجرەكانی زەمانی زوو؟ ئاخۆ مامۆستا كەمە؟ یاخود بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە توانای گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەی نیە كە ئێستا لەزۆرینەی قوتابخانەكان وەكو كوێخا پاڵیان لێی داوەتەوە و بەپاڵ پشتی حیزبەوە كەس ناتوانێ پێیان بڵی بڕۆ بەولاوە؟ ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەش فەرمانی گواستنەوەی بۆیەكێك لەوانە خوا نەخواستە دەركرد ئەواكارەسات ڕوو ئەدات و لەهەزار لاوە بەرپرسانی حیزبی تەلەفۆن ئەكەن و ئەوسا ئەو فەرمانەی بیدیراسەكردن دەركراوە ئەخرێتە ناو تەنەكەی خۆڵ و خاشاكەوە و مامۆستای بەڕێزیش زۆر بەپاڵەوانێتی و بەقارەمانێتی ئەم سەربوردەیەی خۆی بۆ هەڤاڵانی مامۆستای و دەورو پشتی ئەگێڕێتەوە و ئیتر كەس ناوێرێ پێی بڵێ بەری چاوت كلی پێوەیە!.
كەواتە بەپێی ئەم مشت و مڕو ئەم دەست تێوەردانە بەڕێوەبەری پەروەردە بێ كاریگەر و بێبڕیار و بێ چارەسەری ئەمێنێتەوە لەئاست سەرجەم كێشە و كەم و كوڕیەكان و خروقاتەكانی كەدەكرێت لەنێو پەروەردە و خوێندنگا و قوتابخانەكاندا و ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤی ئەبێت لەسەر پێشكەوتن و سەركەوتن و بەرەو پێش چونی پرۆسەی خوێندنی بەشی كوردی و هەروەها دەبێتە لەمپەر لەئاست هەموو داهێنان و بنیات نان و گەشەسەندنێكی پەروەردەیی و زانستییدا و ئەبێتە فاكتەرێكی چوست و چالاك لەدواكەوتنی كۆمەڵگا و داڕمانی قەڵای رەوشت بەرزی و بڵاو بوونەوەی گەندەڵی ئیخلاقی و ئیداری و زانستی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و...هتد.
لەكۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم تائێرە و بابەس بێت بابەزەییمان بەخۆمان و مناڵە پاك و بێگەرد و خۆشەویستەكانمان بێتەوە؟ ئەومناڵانەی كەسبەینێ ئەبنە رەورەوەی پێشكەوتنی ئەم گەل و نیشتمانە باكارلەكار نەترازێت و نەوەیەكی نوێی گۆشكراو بەخوو ڕەوشتی كوردەواری پاك و بێگەردی پڕلەخۆشەویستی گەل و نیشتمان پێشكەش بەم وڵاتە و بەمێژووی نەتەوەییمان بكەین تالەدوارۆژدا مێژووی مرۆڤایەتی و نەتەوەییمان نەفرەتمان لێنەكات؟...ماویەتی
بەشی سێیەم بەڕێوەیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە