شەهید د.سیروان سیمبولی سەركردایەتیەكی نەتەوەیی و پێشكەوتنخوازە

Monday, 11/10/2010, 12:00

1475 بینراوە




لەتێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراتی گەلی كوردستاندا، گەلی كورد بەهەزاران رۆڵەی قارەمانی كردۆتە قوربانی. ئەگەرچی داگیركەری لەكوردستان رەگ و ریشەی زۆر بەقوڵی داكوتاوە، بەڵام تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد لەسایەی خوێنی شەهیدانی توانیویەتی ئەو پیلانەی داگیركەران پووچەلأ بكاتەوەو داگیركەران و دوژمنان بێ هیوا بكات.
تێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراتی كورد بەڕێبەرایەتی پەكەكە بەدرێژای تەمەنی لەتێكۆشاندا زۆرترین قوربانیداوە و زیاترین خەڵكی زیندانی و دەربەدەر بووە. لەلایەكی تر پەكەكە لەتێكۆشانی خۆی سنوورە دەستكردەكانی كوردستانی تێپەڕاندوەو توانیویەتی لەهەموو بەشەكان بەبێ جیاوازی خەبات و تێكۆشانی بەڕێوەببات.
لاوانی باشووری كوردستان لەگەلأ سەرەتای دەركەوتنی پەكەكە لەساڵانی هەشتا ئەوانیش پەیامە نەتەوەیەكەیان وەرگرت و بەرەو پیری پەیامەكەی پەكەكە چوون. هەر لەسەرەتای هەشتاكان لاوانی باشوور بەشداری خۆیان بۆ ناو پەكەكە وەك بزووتنەویەكی نەتەوەیی نیشانداوە، ئەویەكەش كاروانێكی لەنەمران لێ دروست بووەو ئەمڕۆ لەسایەی ئەو رۆلە قارەمانانەی كەلەكوێ شۆڕش پێویستی بینی لەوێ بێ دوو دڵی گیانی خۆیان پێشكەش كرد، لەباشووری كوردستانیش بووینە خاوەن ئەو نرخە پیرۆزە.
هەڤالأ كاوە عەلی ناسراو بە د.سیروان لەگەلأ یەكەم زەنگی شۆڕش لەباشووری كوردستان دەستی بەجموجۆڵی سیاسی و رێكخستنی دواتریش پێشمەرگایەتی كردوە لە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، ئەوەی پێویست بووە پێشكەشی كردوە. بەڵام دوای ئەوەی تێگەیشت كۆمەڵە لەهێلە شۆڕشگێڕیەكەی دوور دەكەوێتەوە بۆیە ریزەكانی جێهێشت و بەرەو ئاوارەی بۆ ئەوروپا رۆیشت. بەڵام چوونی هەڤالأ بۆ ئەوروپا لەراستیدا سەنگەر چۆلأ كردن و بێ ئومێدی نەبوو بەڵكو گەڕانە بەدوای تێروانینی جیاوازو رێ ورێبازێكی نوێ، ئەمەش وای كردوە لەماوەیەكی كەم بزووتنەوەی ئازادی كورد بەڕێبەرایەتی پەكەكە بناسێ و بێ هیچ گوومانكردنێك بەشدار دەبێ و بێ سێ و دوو كردن بەرەو وڵات دەگەڕێتەوە. هەڤالأ سیروان لەپێناو زیاتر ئاشنا بوون بەرێبازی شۆڕش و باشتر خۆ ئامادەكردن بۆ تێكۆشانی نەتەوەیی و دیموكراتی، بۆیە بەشداری دەكات لەخولی پەروەردەی لەئەكادیمیای مەعسوم قۆرقماز لەدەشتی بیقاع لەژێر چاودێری رێبەرایەتی. دوایی تەواوكردنی پەروەردەكەی بەسەركەوتووی جارێكی تر بەرەو وڵات دەگەڕێتەوە دەچێتە ریزی گەریلای كوردستان، هەموو ئەرك و فەرمانەكانی رێكخستن بێ دوو دڵی جێبەجێی دەكات.
زۆر بەداخەوە هەڤالأ سیروان لەئەنجامی ئەو شەڕە ناڕەوایەی كەبەپیلانگێرێكی نێودەوڵەتی لەناوخۆ هەڵگیرسێندرا لەساڵی 1992هەڤالأ بەسەختی برینداربوو، ئەمەش وایكرد لەگۆڕەپانی شەڕ دووركەوێتەوەو، زیاتر لەجموجۆڵی سیاسیدا بەشداربێت، هەرچەندە سەختی برینداریەكەی هەڤالأ لەئاستێكدابوو كە پەكی بخات، بەڵام نەی توانی تۆزەقاڵێك لەبڕیاری هەڤاڵ بگۆڕێت، بەهەمان هێزو تین لەكوێ پێویست بوو لەوێ بەشداربوو و رۆڵی پێشەنگایەتی خۆشی نیشاندا.
لەئەنجامی ئەو ئالۆزیانەی لەعێراق لەساڵانی نۆت دەركەوتن و راپەڕینی لێ دروست بوو، دەرفەتێكی نوێی لەبەردەم خەڵكی باشوور كردوە، بۆ ئەمەش بەپێشنیاری رێبەرایەتی و بەهەوڵی هەڤاڵانی وەك د.سیروان رێكخستنی پارتی ئازادی كوردستان پاك ئاواكرا و بووە ئومێدێك و ئەزموونێكی نوێی نەتەوەیی لەباشوور، هەرچەندە پاك زۆری بەردەوام نەكرد بەڵام سوور بوونی بزووتنەوەی ئازادی بۆ بەرەو پێش بردنی دەستكەوتەكانی باشوورو پاراستنی، بۆ ئەو مەبەستە جارێكی تر هەوڵی خۆی لەئاواكردنی رێكخستنی جەماوەری بەرەدەوامكرد، بۆیە بەپێشەنگایەتی هەڤالأ سیروان و هەڤاڵانی تری شەهید و خەڵكی وڵاتپارێز رێكخستنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (ی ن د ك)ی ئاواكرد.
شەهید سیروان وەك یەكەم سكرتێری یەكێتی نەتەوەیی توانی لەماوەی ساڵێكدا زۆرترین پانتای لەباشوور تێدا بڵاو ببێتەوەو زۆرترین خەڵكی لێ كۆببێتەوە. ئەوەش ترسی خستە دڵی دەسەڵاتداران و داگیركەران. بۆ ئەمەش بەپیلانێكی چەپەلأ لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆ لەگەلأ چوار لەهەڤاڵانی سیروانیان شەهیدكرد. راستە سیروان وەكو ئەستێرەیەكی گەش چووە ئاسمانی نەمری، بەڵام بەشەهید بوونی سیروان گەلی كورد پێشەنگێكی شۆڕشگێڕو سەركردەیەكی نوێ و هاودەمانەی لەدەستدا، ئەمڕۆ خەڵكی باشوور پێویستیان بەو سەركردە دڵسۆز و ژیرو نەبەردانە هەیە، تاكو بتوانن كۆمەڵگا لەو قەیرانەی هەیە رزگاری بكەن و لەدەمی گەندەڵكار و كۆنەپەرستانی دەرخەن و خزمەتێكی شایستەی پێشكەش بەگەل و وڵات بكەن.
هەڤالأ سیروان وەك چۆن لەبواری لەشكری و سیاسی پێشەنگ بوو بەهەمان شێوە لەبواری رۆژنامەوانیشدا پێشەنگی رۆژنامەی ئازادو سەربەخۆبوو، رۆژنامەی وڵات كەنمونەی رۆژنامەیەكی سەربەخۆو ئازادەو خاوەنی چەندین شەهیدی رۆژنامەنووسە، هەمانكات خاوەنی زۆرترین تیراژو زیاترین جەماوەربووە بەگوێرەی ئەو دەرفەتە كەمەی كە ئەو كات هەبوو، رۆژنامەی وڵات گەورەترین رۆڵی بینی لەبڵاوكردنەوەی رۆشنبیری نەتەوەیی و دیموكراتی ئەویش بەپێشەنگایەتی هەڤالأ سیروان بووە.
بنەماڵەی شەهید د.سیروان و هاوسەنگەرو هەڤاڵانی؛
بەڕێزان و خۆشەویستان
14 سالأ بەر لەئەمڕۆ ئێمە پۆلە شۆڕشگێڕێكمان لەدەستدا، لەئەنجامی بیری تەسك و كورتبینی و نانەتەوەیی هێزێكی سیاسی و دەسەڵاتداریەتێكی توندڕەو نادیموكرات، بەدەیان رۆڵەی جەربەزەو دلێری لێستاندین.
كاروانی تێكۆشانی هەڤالأ سیروان و هەموو تێكۆشەرانی ئازادی و نەتەوەیی بەسووربوون و باوەڕیەكی گەورەوە بەرەو پێشەوە دەچێت و ئەمڕۆ لەهەر رۆژێك گەشاوەترو هیوای سەركەوتنی زیاتری لێ بەدی دەكرێت.
ساڵانی نۆت بەگشتی ئەزموونێكی تاڵمان لەشەڕی ناوخۆ بەسەربردو زەرەرو زیانێكی زۆری گەیاند رۆحی نەتەوەیی و دەستكەوتنەكانی بەرەو مەترسی لەناوبردن برد بەڵام باوەڕدەكەین ئەمڕۆ هەركەسێك دەرسی پێویستی لەو ئەزموونە تاڵە وەرگرتبێت و ئیتر ئەو لاپەڕەیە داخراوەو باوەڕ ناكەین رۆژێكی تر ئەمە دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەوەی وادەكات كە دەرسێكی گرنگتر لەو ئەزموونە وەربگرین و ئیتر ببێتە هۆكاری یەكێتی و یەك ریزی گەلی كورد، ئەویش هەنگاونانە بۆ كۆنفرانسی نەتەوەیی و یەكێتی و یەكبوونی نەتەوەییە، باشترین پاداشتیش بۆ شەهیدان تەنها لەم رێگایەوە دەبێت. بۆیە ئێمە لێرەوە بنەماڵەی شەهیدان بەگشتی و شەهید سیروان و هەڤاڵانی دڵنیا دەكەینەوە كەتێكۆشانی شۆڕشگێڕی لەهەرچوار پارچەی كوردستان ئەمڕۆ لەهەر رۆژێك زیاتر بەهێزە و كێشەی كوردیش لەسایەی خوێنی شەهیدانی ئەمڕۆ لەرۆژەڤی جیهاندایە.
لەگەلأ رێزو پێزانینمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و شەهیدی سەركردە د.سیروان و پۆڵە شەهیدی رۆژی 4 ـ 10 ـ 1996
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە