زانكۆی بارزانی

Monday, 11/02/2013, 12:00

1865 بینراوە






ساڵی 1981 پێشئەوەی ڕژێمی بەعس زانكۆی سلێمانی ڕابگوێزێت و بەناوی زانكۆی سەڵاحەدینەوە بیگوێزێتەوە بۆ شاری هەولێر، بەعس بەدوای بیانوویەكدا دەگەڕا كە ئەم زانكۆیە لەسلێمانی نەهێڵێت، پاشان بۆئەوەی قەناعەت بەڕای گشتی و ڕێكخراوی یونسكۆ بهێنێت كەچی زووترە زانكۆ لەسلێمانی نەهێڵێت و دەست و بردی لـێ‌ بكرێت و زانكۆ بگوێزنەوە بۆ شاری هەولێر، بۆ ئەم مەبەستە بەعس خۆی هەستا بەتیرۆركردنی چەند مامۆستایەكی بیانی لەزانكۆ كە بۆ وانە وتنەوە هاتبوونە سلێمانی، بۆئەوەی بۆ ڕای گشتی جیهانی بڵاوبكاتەوە كە مەترسی هەیە لەسەر ژیانی مامۆستاكانی ئەم زانكۆیەو خەڵكی ئەم شارەش دژی زانست و خوێندنن، كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئاكارو ڕەوشتی خەڵكی ئەم شارە بوو، چونكە هەر لەمێژەوە سلێمانی شاری ڕۆشنبیران بووە، دوای تیرۆركردنی مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی و بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە بەنێوەندە جیهانی و میدیاكانی ئەو كاتەدا، ڕاگواستنی زانكۆی سلێمانی خێراتركردو بەناوی زانكۆی سەڵاحەدینەوە گواستیەوە بۆ شاری هەولێر، ئیتر لەو ساتەوە سلێمانی بێناز مایەوە چونكە زانكۆكەیان لەباوەشی دایكیدا دەرهێنابوو، تا ڕێكەوتی (14-11-1992) كە دووبارە لەلایەن دڵسۆزانەوە زانكۆ دامەزرایەوەو سلێمانی وەك دایكێكی هەمیشە دڵسۆزو بەوەفا لەئامێزی گرتەوە.

لەدوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی كوردیشەوە زانكۆكانی كوردستان بەر شاڵاوی بەحیزبیكردن کەوتوون، زۆر بەتایبەت لەدوای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆوەو كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدینیش پشكی شێری بەركەوتووە لەم شاڵاوانەدا، ئەوە بوو لە (13-3-1995)دا مامۆستا (سەڵاح هەورامی) لەكۆلیژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین لەلایەن دەسەڵاتی كوردییەوە لەبەردەمی كۆلیژەكەیدا تیرۆركرا. پاشان لەدوای (31)ی ئابی (1996)ەوە لەلایەن یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە شاڵاوێكی بەپارتیكردنی زانكۆی سەڵاحەدین دەستی پێكرد، ئەم شاڵاوە هەموو جومگەكانی زانكۆكەی گرتەوە، ئەو مامۆستایانەی كە ئەدای ئیشكردنیان لەگەڵ بیروبۆچوونی پارتیدا نەدەگونجا، هەر زوو هەولێریان بەجێهێشت و ڕوویان لەزانكۆكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی كرد، ئەم شاڵاوە خوێندكارانیشی لـێ‌ بەدەرنەكراو ئەوانیشی گرتەوە، دواترین قوربانیش لەڕیزی خوێندكاراندا (سەردەشت عوسمان) بوو كە لە (4-5-2010) لەبەردەمی كۆلیژی ئادابدا ڕفێنراو پاش دوو ڕۆژ تەرمەكەی لەشاری موسڵ دۆزرایەوەو لەهەمووی سەیرتریش دروستكردنی تۆمەتی تیرۆر بوو بۆی كە سەردەشت خۆی قوربانیی دەستی تیرۆری كورد بوو، كە هەموان دەزانین كە لەسەر نووسینەكانی تیرۆركرا كە لەگەڵ بیرو بۆچوونی پارتیدا پێچەوانە بوون.

لەپاش دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی (17)ی شوباتی (2011)ی شاری سلێمانی و دەوروبەری و لەترسی نەگواستنەوەو سەرهەڵنەدانی خۆپیشاندان لەشاری هەولێریش، یەكێتی قوتابیانی سەر بەپارتی بەبێ‌ پرسی وەزیری خوێندنی باڵاو دوور لەهەموو یاساو عورفێك و بەبێ‌ گوێدانە داهاتووی خوێندكاران هەستا بەداخستنی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ماوەی (45) ڕۆژو ناردنەوەی بەزۆری خوێندكارانی شارەكانی دەرەوەی هەولێر بۆ ماڵەوە.

دوا قوربانی ئەم سیاسەتە ناوازەیەی پارتی لەزانكۆی سەڵاحەدین، مامۆستا (ڕابوون معروف) بوو لەبەشی فەلسەفە كە دووبارە لەسەر نووسینەكانی كە یەكناگرێتەوە لەگەڵ سیاسەتەكانی پارتی و لەترسی كاریگەریی مامۆستا (ڕابوون) لەسەر خوێندكارەكانی، هەستا بەدوورخستنەوەی لەبەشەكەی خۆیی و سزایەكی سیاسی تر بەرۆكی مامۆستاو خوێندكارانی زانكۆی سەڵاحەدینی گرتەوەو كە لێرەشدا زەرەرمەندی سەرەكی خوێندكارانن و سودمەندترینیشیان پارتی دیموكراتی كوردستانە بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی.

لەبەر ئەوە جەنابی سەرۆك با چی تر ئەم زانكۆیە بەناوی سەڵاحەدینەوە نەمێنێت و من پێشنیارت بۆ دەكەم كە ناوەكەی بگۆڕیت بۆ زانكۆی بارزانی، وەك چۆن قوتابخانەیەكت هەیە بەناوی قوتابخانەی بارزانی، ئاواش ناوی زانكۆی سەڵاحەدین بگۆڕە بۆ زانكۆی بارزانی، با چی تر خوێندكارەكانی نەچنە زانكۆكانی ترو هەر لەزانكۆی بارزانیشدا درێژە بەخوێندن بدەن و خوێندن تەواوبكەن و بڕوانامە وەربگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە