ئاشنا بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆحێکی وونبوودا

Friday, 17/04/2009, 12:00

1838 بینراوە








کاتێ له‌ سکی دایکمدا بووم ئاگام لێ بوو،
له‌ بری رۆحم ترسیان کرد به‌به‌رمدا،
که‌ مناڵ بووم له‌ گوورگه‌شه‌وانێ زۆر ده‌ترسام.
که‌ گه‌وره‌ بووم نه‌مده‌زانی ئه‌م دێوه‌زمه‌یه‌ بۆ له‌ کۆڵم نابێته‌وه؟
ترس بوو به‌به‌شێك له‌ من،
ترس له‌ خودا،ترس له‌ شه‌یتان،
ترس له‌ کچێنیم،ترس له‌ پیاو،
ترس له‌ ڕووناکی،ترس له‌ تاریکی،
ترس له‌ سه‌رخۆشی، ترس له‌ بێ هۆشی،
ترس له‌ شێت بوون،ترس له‌عاقڵ بوون،
ترس له‌ یاخی بوون،ترس له‌ بێده‌نگی،
ترس له‌ ته‌نیایی،ترس له‌ خۆشه‌ویستی،
ترس له‌ ژیان، ترس له‌ مردن.
ئه‌م هه‌موو ترسه‌ وایان لێکردم،
چه‌ند له‌ ده‌رزی بیرکاری و له‌و مامۆستایه‌ی که‌
ده‌ی ووت پشتی سه‌ریشم چاوه‌ بێزاربووم،
هێنده‌ش له‌ ترس بێزار بووم.
بۆیه‌ بڕیارمدا به‌ پیازێکی پلیشاوه‌ ترس له‌ له‌شم ده‌ربکه‌م،
له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فونێکه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم کرد به‌ڕۆحمه‌وه،
داوام لێ کرد که‌ ده‌بێت بۆ ته‌نیا جارێکیش بێت پێ ی ئاشنا ببمه‌وه،
ڕۆحم هات و بێ ئه‌وه‌ی ئاگادارم بکات،
زۆر گه‌ڕابوو به‌ دوامدا به‌ڵام نه‌یتوانی بوو بمدۆزێته‌وه،
پێمووت ئه‌ی ڕۆح هه‌ر ئێستا من ئه‌تدۆزمه‌وه،
من ده‌زانم تۆ له‌ ژێر هه‌وره‌کاندا خۆت شاردۆته‌وه،
کاتێ که‌ ڕۆحمم دۆزیه‌وه‌ پێمووت ئه‌ی ڕۆح
ئاگاداربه‌ و چاو بگێڕه‌ نه‌با خوانه‌ناسێك بمانبینێت
له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه‌ جاڕمان بۆ بدات و
بڵێت کچێکم بینی له‌گه‌ڵ ڕۆحی ئاشنا بۆیه‌وه.
به‌ڵام ڕۆحم زۆر توڕه‌ بوو ووتی به‌سه،به‌سه‌‌
ترس،ترس،ترس
خۆمن پێشمه‌رگه‌ی جاران نیم هاتبێتم چالاکی ئه‌نجام بده‌م و
بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ شاخ،
من هاتووم ده‌چمه‌ ناوجه‌سته‌یکی مردووه‌و،
جارێکی تر زیندووی ده‌که‌مه‌وه.
‌‌
پێشکه‌ش به‌و ڕۆحه‌ی تا مردن له‌گه‌ڵمدایه
[email protected]‌ ‌‌‌‌‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە