ڕێگرتن لە مافە سەرەتایەكانى خەڵك دژى ئازادى و مافەكانى مرۆڤە

Wednesday, 09/09/2009, 12:00

1672 بینراوە


بەروارى 1/9/2009 لەسەر داواى مەلاكانى یەكێتى زانایانى ئاینى ، پارێزگاى سلێمانى بڕیارى داخستنى یانە و فرۆشگاكانى مەى لەشارى سلێمانى دا ، ئەم بڕیارەى پارێزگاى سلێمانى كە لەسەر داواى یەكێتى زانایانى ئاینى دراو جێبەجێ كرا سەرەڕاى ئەوەى كە ژمارەیەكى زۆرى لەو كرێكارانە بێكار كردوە كە لەو شوێنانەدا كار ئەكەن ، لەهەمانكاتدا بە ئاشكرا پێشێلكردنى سەرەتایترین مافە فەردیەكانى خەڵكە كە بەمەبەستى پشوودان و بەسەربردنى كات ڕودەكەنە ئەو یانانە ، لە هەمانكاتدا پێچەوانەى ئەو بانگەشەیەیە كە دەسەڵاتداران لە كوردستاندا دەیكەن ، خۆئەگەر لەژێر ئەوبیانوانەدا پارێزگا ئەو بڕیارەى داوە كە ڕێز لە بیرو باوەڕو مافى كەسانیتر دەگرن ، خودى ئەم بڕیارەى ئەوان پیشێلكردنى سەرەتایترین مافى كۆمەڵە كەسانێكى ترە كەدەبێت لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ئەگەر باس لە مافى مرۆڤ بكرێت بە یەك چاو سەیرى دانیشتوانەكەى بكرێت و بەبێ لەبەرچاوگرتنى هەر بیروباوەڕێك كە ئینسانەكان هەیانە مافە سەرەتاى و مەدەنیەكانیان بپارێزرێت نەوەك بەپێچەوانەوە ، كە ئەم جۆرە هەڵاواردنە سەرەڕاى پێشێلكردنى مافى سەرەتایى خەڵك ، سوكایەتى و ڕێگریە لەبەرانبەر بەشێك لە كۆمەڵگا لەسەر مومارەسەكردنى حەقەكانى خۆیان .
بەلەبەرەچاوگرتنى ئەم ڕونكردنەوەیەى سەرەوە ئێمە داوا لە پارێزگاى سلێمانى دەكەین بە مەبەستى ڕێزگرتن لە مافەسەرەتایەكانى خەڵك بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە و دەستبەجێ هەڵى بوەشێننەوە تا نەبنە ڕێگر لەبەردەم ماف و ئازادیەكانى خەڵكدا و كرێكارە بێ كارەكان بچەنەوە سەر كارەكانیان .
بۆ ئەم مەبەستەو بۆ لە نزیكەوە گەیاندنى ئەم داواكاریە بە پارێزگاى سڵێمانى ڕۆژى پێنج شەممە ڕێكەوتى 10-9-2009 كاتژمێر 10:30ى پێشنیوەڕۆ بە مەبەستى گەیاندنى یاداشتنامەیەك بە پارێزگا دەچینە بەردەم بیناى پارێزگا ، بانگەوازى هەموو ئەو ڕێكخراو و كەسە ئازادیخوازانە دەكەین كە لایەنگرى ئازادى و مافەسەرەتایەكانى خەڵكن لەو بەروارەدا هاوكارمانبن لە شوێنى دیاریكراو .
تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادیەكانى خەڵك
8-9-2009
بۆپەیوەندى: 07701536483
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە