رۆتاتكید*

Sunday, 02/10/2011, 12:00

1385 بینراوە






دەیان ساڵە ...**

سەدان ساڵە ....

هەزارەها هەزار ساڵە .....

ئەگەر كۆیلە حوكم بكا یاخوود سەردار

گەر دەرەبەگ حوكم بكا یاخوود جووتیار

گەر كرێكار حوكم بكا یاخوود بۆرژوا و سەرمایەدار

دنیا هیچی لێ ناگۆڕێ !

ستەم باوە و هەر دەمێنێ

هەرجارێكیش لە ژێر كاڵا و بەرگی نوێدا خۆی دەنوێنێ

ستەم هەرگیز لە ڕەوڕەوەی ئەم ژیانە جێنامێنێ



دەیان ساڵ بوو وایان دەووت

"هەر دەرەبەگ ستەمكارە ،

هەر جووتیارە بەشخوراوە"

دەیان ساڵ بوو وایان دەووت .

هەتا جووتیار شۆڕشیان كرد

تەخت و تاجی دەرەبەگیان ئاوەژوو كرد

خۆیان دەستیان بەسەر كوورسی دەسەڵات گرت

كاتێ دیمان دیسانەوە وەكوو جاران ستەم باوە !

مژینی خوێن هێشتا ماوە

نەمانزانی ئەوەی شەڕیان لەسەر دەكرد

ئەوەی خوێنیان لەسەر دەڕشت

ئەوەی یەكیان لەسەر دەكووشت

لەم پێناوە

تەنیا و تەنیا ئاڵ و گۆڕی حەرف و ناوە .



بت پەرستی هێشتا ماوە !

بت پەرستی هێشتا باوە !

ئەوەی ئەمڕۆش كڕنووش نەبا بۆ بتەكان

هەر چەوساوە و بەشخوراوە .



كوورسی هەرگیز وەفای نیە

دەسەڵات و هێزی هەیە

عەدالەتیش بۆ هەمیشە

تاقە دووژمنی كوورسییە .



ئێستا لە سایەی شۆڕشا

دیكتاتۆر ، نەك یەك و دووان هەزارانن

ستەمكار ، تووندتر نەبن وەك جارانن

ئێستا لە سایەی شۆڕشا



من ئەمجارە شۆڕشێكی دیكەم ئەوێ

دوور لە چین و بیر و بڕوا

شۆڕشێكی بێ شووناس و بێ ڕێبەر و ئایدۆلۆژیا

ئەمجارەیان شۆڕشێكی دیكەم ئەوێ

شۆڕشێ ئامانجی چاكەی گشت بێ

نە درووشمی باق و بریق ،

نە دەسكەلای دەستی كەسبێ

ئەمجارەیان وەكوو پەشێو:

" من كەڕەنای جەنگ لێ دەدەم جەنگێكی وا

كەبۆنی ئاهەنگی لێبێ

نەوەك جەنگێك بۆ ئەوە بێ

دنیا وەك پێش جەنگی لێبێ " ***



*ئەم ناونیشانە هیچ مانایەك نابەخشێ تەنیا پێچەوانەكردنەوەی ووشەی دیكتاتۆرە .

**ئەم شیعرە ساڵی 2006 نووسراوە ، كەمێك دەستكاری كراوە و دوو بەشی ئەخیری بۆ زیاد كراوە .

***ئەم بەشەی خراوەتە ناو كەوانەوە شیعری شاعیری گەورە عبداللە پەشێوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە