سەرکەوتنی دیموکراسی و ئوتۆکراسی لەهەڵبژاردنێکدا!

Sunday, 13/10/2013, 12:00

1588 بینراوە



ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ناوازەیە. لیستی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەیەکەوە باس لە سەرکەوتنی دیموکراسی دەکەن. ئەو دابەشبونەی دوێنێی کوردستان پێش هەڵبژاردن بەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیاییدا و ئۆپۆزسیۆنێکی ئازادیخوازدا لە دەنگدانێکدا گۆڕرا بۆ کۆمەڵێک حزب کە هەموو وەک یەک خۆیان بۆ دەسەڵاتێک ئامادەکردوە کە بە دیموکراسی ناودەبرێ.
باسی ماف وئازادیەکانی خەڵک لە شەڕی پڕوپاگەندەی لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر یەکتریدا لەگەڵ پۆستەرەکانی کاندیدەکاندا کۆکرایەوە و هەرلایەنە چاوەڕوانی بەشە کێکەکەی دەسەڵاتێتی و دەنگدەرانیش دەبێ لەسەرەی چاوەڕوانی گۆدۆدا بوەستن تابزانن چیان بەردەکەوێ.
پارتی کە هێزێکی بنەماڵەیی و میلیشیایی و پاوانخوازە لەڕیگەی ئەم دیموکراسیەوە بوەتە هێزی یەکەم و شەرعیەتی حکومەت دروستکردنی وەرگرتوە و بە شێوەیەکی دیموکراسی دەسەڵاتی ئۆتۆکراسی خۆی دەسەپێنێ. خۆشخەیاڵی ڕۆشنبیرانی دیموکراسی ئۆپۆزسیۆن ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەیان بە سەرەتای قۆناغی گواستنەوەی ناودەبرد لە دەسەڵاتی دووحزبی میلیشیاییەوە بەرەو قۆناغی دیموکراسی دامەزراوەیی. پیویستە ئێستا پیمان بڵێن ئایا بوونی پارتی بە هێزی یەکەم قۆناغی گواستنەوەیە بۆ دیموکراسی دامەزراوەیی؟ ئایا هێشتا گومانێک ماوە لەوەدا کە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە کوردستان لەبەردەم بەدامەزراوەیی بوونی ئوتۆکراسی پارتیدا دادەنێ؟ ئایا پاکێجی دامەزراوەیی بوونی دیموکراسی ئۆپۆزسیۆن جگە لە حکومەتی بنکە فراوان و بەشکردنی کێکی دەسەڵات و داهاتی نەوت ئاکامی ڕاستەوخۆ و کۆتایی ئەم هەڵبژاردنانە شتێکی تر دەبێ؟ خەڵکی کوردستان کە بەڕیژەیەکی بەرچاو بەشداری ئەم هەڵبژاردنانەی کرد گرنگە بزانێ لەپشتی پەردەی ئەم دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی هێزەکانەوە چ ڕاستیەک و ئایندەیەک شاراوەیە؟ گرنگە بزانین کە دیموکراسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەرگای بەهەشتی لەسەر چ هێزێک کردۆتەوە و چ خواست و گۆڕانکاریەکیشی ڕەوانەی جەهەنەم کردوە؟
لێکدانەوەی ئەم پرۆسە سیاسیەی هەڵبژاردن تەنیا بە کاریگەری تەزویرەکانی پارتی و ململانێی نێوان یەکێتی و گۆڕان چوارچێوەی وێنەکەمان پیشان نادات. ئاڵوگۆڕەکانی ڕێژەی دەنگەکانی گۆڕان بەرامبەر بەیەکێتی و گۆڕانی تەوازنی هێز لەنێوان گۆڕان و یەکێتی لەپەرلەماندا تەنیا یەکێک لەئاکامەکانی هەڵبژاردنە کە ڕیگرەکانی بەردەم زاڵبونی ئۆتۆکراسی پارتی زیاد دەکا. سەرکەوتنی پارتی و شەرعیەتدان بە بونی بەهێزی یەکەم لەپاڵ کۆنترۆڵی عەسکەری و داهاتی نەوت و ڕاگرتنی بەلانسی لە عێراق و ناوچەکەدا و ڕاگرتنی یەکێتی لە بازنەی ڕیکەوتنی ستراتیژی برای بچوکدا و دانی ئیمتیازات بە ئیسلامیەکان چوارچێوەی دیموکراسی لە کوردستاندا لە ئاستی چالاکی پەرلەمانی و ڕیفۆرمی کڵێشەیی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی میلیشیاییدا دەهێڵێتەوە. ئەمە مۆدێلی تازەی دیموکراسی ئۆتۆکراسی دەبێ کە بەپاڵپشتی دەستور و زۆرینەی پەرلەمان پارتی وەک ستراتیژی سازدانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی لە کوردستان کاری بۆدەکا. گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی سەوزدا بە قازانجی گۆڕان و بەرتەسک بونەوەی دەسەڵاتەکانی یەکێتی کێشە و ململانێی دەسەڵاتی ناوخۆی کوردستان و هاوپەیمانێتی ناوچەیی لەگەڵ ئێران و تورکیا و هاوکێشەی بەشداری دەسەڵات لە ئاستی عێراقدا قوڵتر و ڕێگاچارەی دابەشکردنەوەی دەسەڵات و داهات توشی ڕێگری و بەربەستی زیاتر دەکا. بەپێچەوانەی بانگەوازی ڕۆشنبیرە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە دیموکراسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەک ڕێگەی کۆتایی هاتنی سوڵتانیزم نیە ،بەڵکو تا ئەوکاتەی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی یاری پەرلەمانیدا بمێنێتەوە هاوکێشەی باڵادەستی پارتی و خولانەوە لە بازنەی کێشەی دەسەڵاتی یەکێتی و گۆڕاندا لە گێژاوێکی سیاسی و ئایندەیەکی نادیاری باڵادەستی ئەم هێزە میلیشیایەنەدا دەیهێڵێتەوە. ئەمە دووبارەبونەوەی تەجروبەیەکی مێژووییە کە دوای هەرەسهێنانی ئایدیای دیموکراسی پەرلەمانی و لیبرالیزم لە دەیەی سیەکانی سەدەی ٢٠ەوە دەستی پێکرد بە هاتنەسەرکاری نازیزم و فاشیزم ، هەروەها جارێکی تر لە سەرەتای سەدەی ٢١کدا بە دەسەڵاتگرتنی ئیخوانەکان لە میسر و تونسدا خۆی نیشان دا. ئەمە چوارچیوەی بەرتەسکی دیموکراسی پەرلەمانیە کە لە کوردستان لەسایەی سیستەمی میلیشیایی و بازاڕی ئازادی ڕەشی سەرمایەوە ئاکامەکەی وەک دەبینین نەک لابردنی سوڵتانیزم نیە بەڵکو کردنی ئۆتۆکراسی پارتیە بە هێزی یەکەم. دیموکراسی پەرلەمانی پاشکۆی بەرژەوەندی و وەزعی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتی بورژوازیە نەک کتێبی پیرۆزی سەرمایەداری بێت. پارتی و یەکێتی کاتێک سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتیان لەڕێگەی شەڕی ناوخۆوە دەبردە پێشەوە و ئێستا لە چوارچیوەی سیاسی عێراق ناچارن یاری پەرلەمانی بکەن . ئۆپۆزسیۆنیش بەرژەوەندیان لە گۆڕینی ئەم سیستەمە دووحزبیەدایە بەبێ ئەوەی سوێندی پاکێجی دیموکراسیەکەیان بکەوێت ئەگەر وەک شەریک سەیریان بکرێت لەم دەسەڵات و داهاتەی کوردستاندا.
بەشداری بەرچاوی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەدوای ئەو چالاکبونەوە سیاسیەی جەماوەری ناڕازی کوردستاندا دێت کە لە ١٧ شوباتدا دەستی پێکرد. خۆپیشاندەران لە ڕیگەی دەنگی پێیەکانیان لەسەر شەقامەوە کاریگەریەکی زیاتریان دانا لەو ناڕەزایەتیەی لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەرامبەر بەدەسەڵات نیشانیان دا. ١٧ی شوبات پەیامی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی پارتی و یەکێتی بوو، لەکاتێکدا دەنگدان و هەڵبژاردن تۆڵەکردنەوە بوو لە ئەڵقەی لاوازی دەسەڵات کە یەکێتی یە . لەهەمان کاتدا پارتی بە عینوانی هێزی یەکەم ئاکامی هەڵبژاردن دەکاتە دانپێدانانی شەرعی جەماوەر بە باڵادەستی حزبەکەیدا و کردنی بەئەمری واقیع و بارهێنانی جەماوەر بە خۆشخەیاڵی ڕێگەی ٤ ساڵی تری پەرلەمانی بۆ گۆڕینی وەزعی کوردستان. دوای تەجروبەی ئەم هەڵبژاردنە ئیتر قەتیس مانەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دژ بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی مانەوە لە پشتیوانی و ئومێد بەستن بە وەرگرتنی چەند ئیمتیازێکی حکومی و پەرلەمانی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، شکستێکی گەورەتردەبێت لە شکستی چاوەڕوانی یە ناکامەکەی خۆپیشاندەران بۆ گفتوگۆی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا لە کاتی خۆپیشاندانەکانی١٧ی شوباتدا ، وە شکستێکی کە دەکاتە نسیبی دەنگی ناڕەزایەتیەکان لە کوردستاندا. دەرسێک کە خەڵکی شۆڕشگێڕ لە میسر فێری ئێمەی دەکەن ئەوەیە کە ئاکامی هەڵبژاردن نابێت شەرعیەتدان بێت بەدەسەڵاتی ئۆتۆکراسی پارتی و هەنگاوێک بێت بۆ سەپاندنی دەستوری ئۆتۆکراسی لەڕێگەی پەرلەمان و ڕیکەوتنی نیشتمانی حزبەکانەوە. ئەم دیموکراسی هەڵبژاردنە پەرلەمانیە ئەگەر دەتوانێ دەنگی سندوقەکان بە قازانجی ئۆتۆکراسی بشکێنێتەوە نابێت دەنگی ناڕەزایەتی پێ یەکان لە شەقامدا کۆنترۆڵ بکا و شەرعیەت لە خواستی خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی میلیشیایی و گەندەڵی و سەرکوت بسەنێتەوە.
ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەپشتی پەردەی دیموکراسی هەڵبژاردن و مافی دەنگدانەوە هێزێکی شاراوە هەیە کە سەرەنجام چارەنوسی هەڵبژاردن و چوارچیوەی دەنگدانی هاوڵاتیان دیاری دەکا ئەویش دەسەڵاتی فیعلی سیاسی و ئابوری حزبە دەسەڵاتدارەکان و پارتیە. حزبەکانی نێو پەرلەمان ئێستا کێشەیان ئەوەیە چۆن ببن بەبەشێک لەم دەسەڵاتە فیعلیە و پەرلەمان بڕیارە ئەم دەرگای بەهەشتە بۆ ئەوان بکاتەوە. ئەم حزبانە بەپێی بەرژەوەندی سیاسی و مادیان ڕێکەوتن وسازش لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکەن تا بەشیان هەبێت لە دەسەڵاتی فیعلی و داهاتی نەوتدا. پڕۆژەی بە دامەزراوەیی کردنی دیموکراسی لای ئۆپۆزسیۆن لە چوارچیوەی پاکێجی حکومەتی بنکەفراوان و دابەشکردنی عادلانەی تاڵان و بڕۆی بودجە و داهاتی نەوت و ئازادی هەڵسوڕانی حزبەکانیاندا کورت دەبێتەوە. نمونەی ئەم پاکێجانە لای پەرلەمانتارە تازەکانی گۆڕان،علی حەمە ساڵح و ئێڤار ئیبراهیم، لەوەدایە کە ڕایان گەیاندوە دژی هەر یاسایەک لە پەرلەماندا دەوەستنەوە کە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێ .ئەمە نمونەیەکی بێبنەمایی چاوەڕوانی ڕۆشنبیران لە هێنانەکایەی دیموکراسی لیبرالی لەم ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامگەرا و کۆنەپارێزە نیشان دەدا.ئۆپۆزسیۆنێکی گۆڕانخواز کە دەسەڵاتی یاسادانان بە شەریعەتی جێگیری"ئاسمانی" هەزاران ساڵە بسپێرێ ،دەبێ مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی و لیبرالیزمی ئەم جۆرە دیموکراسیە چۆن قۆناغی گواستنەوە بێ لە سوڵتانیزمەوە بۆ دیموکراسی دامەزراوەیی!؟
پڕۆژەی ڕیفۆرمی ئابووری ئۆپۆزسیۆن کە دەیەوێت بازاڕی ڕەشی دەسەڵات بگۆڕێ بە بازاڕی ئازادی سپی کە وەعدی ئەوە دەدات کە داهاتی نەوت بە یەکسانی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکات تەنها یۆتۆپیایەکی ئۆپۆزسیۆنە و لەبەر ئەوەی کە سەرۆکی ئەو کۆمپانیا جیهانیانەی دەیانەوێ ئەم جۆرە سەرمایەگوزاریە بکەن لەلایەن سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە نان بڕاودەکرێن.
داوای نیشتمانی کردنی دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و میلیشیاکان لەم پڕۆژەی سیاسی و ئابوری یۆتۆپیاترە و لەڕاستیدا مەبەست و مەرجێکی عەمەلی ئۆپۆزسیۆن نابێت بۆ بەشداری لە حکومەتی ٤ ساڵی داهاتودا و ئەمیش لە باشترین حاڵەتیدا دەبێتە وەرگرتنی چەند پۆستێکی ئیداری لەو دەزگا سەروو یاسایانەدا. پڕۆژەی پارتی بۆ ئوتۆکراسی کردنی دامودەزگا دیموکراسیەکانی کوردستان لە نمونەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دەردەکەوێ کە لەژێر هەڕەشەی رفراندۆم بۆ پڕۆژەی دەستور نیشانی دەدا کە سەرەتا تاکتیکی هێرش بردن دەگرێتە بەر و دواتر سازش لەسەر لانی زۆری داواکان و سەپاندنی لانی کەمی داواکان. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ پارتی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەی سەپاندنی ئۆتۆکراسیەیە لە ڕێگای دەزگا شەرعیەکانی دیموکراسی وەک پەرلەمان و یاساکان و سازشی نیشتمانی لەگەڵ حزبەکان.
لەبەرامبەر ئەم خۆشباوەڕیانەی بە دیموکراسی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دیدوبۆچونێکی پاسیڤیستیش دەبینین کە لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت. ئەم جۆرە بۆچونە لەدەرەوەی واقیعی ململانێی سیاسیە بەوەی داوای وەستانی پرۆسەیەکی سیاسی دەکا کە لەدەرەوەی ئیرادەی حزبێک هەیە .کاتێک خەڵک لە١٧ شوباتدا بە ئەنجامێک ناگات و دەیەوێ لەو پرۆسەیەکی سیاسیدا بەشداری بکات و بەشێکی دەیەوێ تۆڵەیەک لە دەسەڵات بکاتەوە ،بایکۆت هیچ پراتیکێک بۆ دەخاڵەت لەو پرۆسەیەدا ناخاتە بەردەم جەماوەر . کاتێک حزب خۆی نەبۆتە چوارچێوەی کۆکردنەوەی ئەو ناڕەزایتیەی خەڵک لە دەسەڵات هەیەتی و لەو پرۆسەیەشدا بەرنامەی بۆ ئاراستەکردنی ئەو ناڕەزایەتیە نیە هەربۆیە خەڵک بەسەر بەدیلە سیاسیەکانی تردا دابەش دەبن.ئەم جۆرە لە سیاسەت و پراتیک مەیدان بۆ دەرکەوتنی بەدیلی ڕادیکال و شۆڕشگێڕ ناهێڵێتەوە . مێژووی دەنگدانی گشتی بەرهەمی دەستکەوتی سۆشیالیستەکان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بوە و خەباتی پەرلەمانی لە دەورانی ناشۆڕشگێڕانە و بەتایبەت لەدەورانی ئەزمەی دەسەڵات و ڕیزەکانی خانەوادەی بورژوازی دەورێکی زۆری بوە لە گەشە و جەماوەری بونەوەی حزبە کۆمۆنیستەکان . سیاسەتی بایکۆتی ئەمجارەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان نوێنەرایەتی ئەم مێژوو و سونەتەی نەکرد و مێژوو و سونەتی چەپی حاشیەیی و حزبی ناسیاسی درێژە پێدا ،کە مەیدانی هەڵبژاردنەکانی بۆ بەدیل و بژاردە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان چۆڵکرد. کۆمۆنیزم ئەگەر بیەوێ لە چالاکبونەوەی سیاسی خەڵکی کرێکارو ناڕازی کوردستاندا دەوری هەبێ دەبێ وێڕای خستنەڕووی واقیعتەکانی بەدیل و سیاسەتی حزبە بورژوازیەکان لە ئاکامی هەڵبژاردنەکاندا ،دەورێکی چالاکی هەبێ لە داکۆکی و خستنەڕووی خواستە سیاسی و ئابوریەکانی ئێستای دەنگدەران کە چاوەڕوانن دەسەڵاتی تازە جێبەجێی بکا . ئاڵوگۆڕێک کە لە مەیدانی سیاسی و ناڕەزایەتیەکانی کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێ لەڕێگەی دەسەڵاتەوە خواستەکانی خۆی بسەپێنێ و بەم پێیە دەبێتە بەشێک لەدەسەڵات،هەربۆیە خەڵک نەک بە کەوتنە دوای ئۆپۆزسیۆن بەڵکو بە ڕاوەستان بەرامبەری وەک دەسەڵاتدار دەبێت خواستە دەست بەجێکانی ڕوبەڕوی بکاتەوە. ئەمە مەیدان بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆنی شەقام و چەپ و کۆمۆنیست خۆش دەکا کە ڕیزێکی جیاواز و سەربەخۆ لەدەسەڵاتدارانی کۆن و نوێ ڕێک بخەن بۆ بەدیهێنانی ئەو داواکاریانەی شەقام لە ١٧ شوباتەوە بەرزی کردونەتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە