لە هەرێمدا (37) حزبی مۆڵەت پێدراو و چەند حزبێكی بێمۆڵەت هەن

Tuesday, 21/06/2011, 12:00

1730 بینراوە


هەولێر

بەرێوەبەرێك لە وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرای دەكات كە (37) حزب لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراوون، دان بەوەشدا دەنێت كە هێشتا حزبی بێ مۆڵەت هەیە.

خەلیل عەباس نادر، بەڕێوەبەری كۆمەڵە و رێكخراو و پارتە سیاسییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە (چەتر) وتی "1206 كۆمەڵە و رێكخراو و حزب لە كوردستان مۆڵەت پێدراون، كە 37یان پارتی سیاسین و 487 یان رێكخراون و باقی تر سەنتەر و كۆمەڵەن".
بەرێوەبەرەكە روونیشی كردەوە كە ئێستا حزبێك لە حاڵەتی وەرگرتنی مۆڵەتدایە، كە ئەویش (حزبی زەحمەكتێشانی سەربەخۆ) باڵەكەی قادر عەزیزە.
ئاشكراشی كرد كە سكاڵایان لە دژی (حزبی دیموكراتخوازانی كوردسان) تۆمار كردووە و ئێستا كێشەكەیان لە دادگایە. ئەو وتی "ئێمە سكاڵامان لەسەر ئەو حزبە تۆمار كردووە و ئێستا كێشەی هەر دوو باڵەكەی (حزبی دیموكراتخوازانی كوردسان) لە دادگایە، چونكە بە هەر دوو باڵەكە یەك مۆڵەتیان هەیە".
نابراو دان بەوەشدا دەنێت كە هێشتا هەندێك حزب هەن لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان نییە و چالاكی سیاسیش دەكەن. ئەو ئاماژەی كرد بە (پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان) كرد كە مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی نییە. بەپێی زانیارییەكانی (چەتر) حزبی (ئاییندەی گەلی دیموكراتی كوردستان) لە دهۆك، كە پارساڵ وەك ئۆپۆزسیۆن خۆی ئاشكرا كردووە، هێشتا مۆڵەتی وەرنەگرتووە. هەروەها (پارتی نیشتمانی كوردستان) كە لەسەرەتای ئەمساڵ خۆی هەڵوەشاندەوە و چووە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەویش مۆڵەتی نەبووە.
بەرێوەبەرەكەی وەزارەتی ناوخۆ هوشیداری دایە حزبە بێ مۆڵەتەكان و وتی "هەر حزبێك بێ مۆڵەت بێ لەمەودا ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەین. وەزارەتی ناوخۆش بۆی هەیە سكاڵا لە دژی حزب تۆمار بكات".
سەبارەت بە مەرجەكانی پێدانی مۆڵەت بە حزب، روونیكردەوە كە "لەسەر بنەمای یاسای حزبەكان دەبێت، كەدەبێ كەسێكی مەعنەوی نوێنەرایەتی بكات و دەستەی دامەزرێنەر (50) كەس بن و لە (500) ئەنجام كەمتریان نەبێت، هەروەها ئامانجەكانی دیاریكراو بێت و پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەكش هاوپێچ بكرێت".
خەلیل عەباس، داوای كرد كە یاسای ژمارە (17) ساڵی 1993ی حزبە سیاسییەكان هەموار بكرێتەوە، چونكە وەك خۆی وتی "ئەو یاسایە كەم و كوڕی زۆری تێدایە و لەگەڵ هەل و مەرجی ئەمرۆی پارتی سیاسی ناگونجێت".
خەلیل عەباس نادر، بەڕێوەبەری كۆمەڵە و رێكخراو و پارتە سیاسییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، روونیكردەوە كە ئەوان كار بە (یاسای ژمارە 15ی 2001ی تایبەت بە رێكخراوەكان و یاسای ژمارە 17ی 1993ی تایبەت بە حزبەكان و یاسای ژمارە 18ی 1993ی تایبەت بە سەنتەر و كۆمەڵەكان) دەكەن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە