17 شوبات ، هەستان و هەڵوێستەیەک و ئایندە

Sunday, 29/05/2011, 12:00

1395 بینراوە




ووتاری ئاسۆ کمال ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی لە کۆڕی زانکۆی SOAS لە لەندەن


لەم باسەدا سێ خاڵی سەرەکی ئاماژە پێدەکەم، یەکەم :هۆیەکانی هەستانی جەماوەری ،دووەم :کارکرد و دەوری هێزە سیاسیەکان لەم هەستانە جەماوەریەدا ، وسێهەم : ئایندەی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە.
هۆیەکانی سەرهەڵدانی جەماوەری ١٧ شوبات سێ مەسەلە و فاکتەری سەرەکی بوون کەبریتین لە:
یەکەم: بن بەست و قەیرانی سیاسی دەسەڵات لە وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی ژیان و گوزەران و ئیدارەی مەدەنی کۆمەڵگە و دەرکەوتنی لە هەڵاوسانی کێشەی گەندەڵی و سەرکوتی ئازادیەکان دا و بێ ئومێدی خەڵک بە چاکسازی دەسەڵات.
دووەم: هاتنەئارای دەورەیەکی سیاسی نوێ کە لەسەر زمینەی ڕوخانی بەعسەوە دەورەیەک لە خۆپیشاندانی جەماوەری دەستی پێکرد و خەڵکی کوردستان پێی نایە دەورەی خەبات دژی دەسەڵاتی کوردی لەجێگای خەبات لەدژی بێگانە. خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠٠٥ و بەدواوە بۆ کارەبا و ئاو و سوتەمەنی و معاش، ناڕەزایەتیەکان دژی کوشتنی ژنان و یاسای فرەژنی، خۆپیشاندانەکانی دژی کوشتنی سەردەشت عوسمان و دژی یاسای خۆپیشاندان.
سێیەم: شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئاسۆیەکی نوێ خستەبەردەم خەبات دژی دیکتاتۆری و حکومەتە عەسکەریەکان و گێڕانەوەی باوەڕی شۆڕشگێرانە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان کوردستانی گرتەوە.
سەرکەوتنەکانی تونس و میسر و کۆبونەوەی ئەم سێ فاکتەرە لە١٧ شوباتدا وای کرد کە جەماوەر دەست بەریت بۆ کاری شۆڕشگێڕانە واتە هێرش کردنی سیاسی بۆ سەردەسەڵات دەستی پێکرد و شیعاری ڕوخانی دەسەڵات و لابردنی یەکێتی و پارتی لەسەر کورسی دەسەڵات بەرزکرایەوە. لاوانی توڕە و ناڕازی کوردستان بۆن و نەکهەی قین و توڕەیی خۆیان دا لەو هەستانە جەماوەریە .
هەڵوێستی دەسەڵات و حزبە سیاسیەکان لەم هەستانە جەماوەریەدا دەبێ لە ڕوانگەی ئەوەی ئەم هێزانە پەیوەندیان بەو خواستەوە ،(ڕوخانی دەسەڵات و لابردنی یەکێتی و پارتی لەسەر کورسی دەسەڵات)چی بوە کە خۆپیشاندەران بۆی هاتنەمەیدان لێک بدەینەوە.
سەرەتا دەسەڵات وەڵامی ئەم داوایەی خەڵکی بە گوللە دایەوە و نیشانی دا کە ڕێگای شەڕی گرتۆتە بەر پارتی هێزی زێرەڤانی ناردە سەر سلێمانی ویەکێتی و پارتی بە کوشتاری ١٧ و١٩شوبات ڕایەنگەیاند ئامادەی دەست هەڵگرتن لەدەسەڵات نین. حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پاکانەی خۆیان لە بەشداری خۆپیشاندانەکان و تەنانەت بەکاری ئاژاوەگێڕانەیان ناوبرد. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ڕاشکاوانە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان کرد. لاوان و جەماوەری ناڕازی لەبەرامبەر سەرکوت و کوشتاری هێزەکانی یەکێتی و پارتی ڕاوەستان و نیشانیان دا ئەو هێزەی ئەم جارە هاتۆتە مەیدان ئامادەیی زیاتر هەیە بۆ بەدیهێنانی شیعاری لابردنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی. ئەم هەڵوێستەی جەماوەر خێرا هەڵوێستی ئۆپۆزسۆنی گۆڕی و خۆپیشاندانەکان بونە هێزێکی سیاسی جەماوەری فراوان کە دەسەڵاتی یەکێتی توشی لەرزین کرد و پارتیش کەوتە توندکردنەوەی سەرکوت و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کردە مەعەسکەر و حوکمی عورفی سەپاند.لەم نێوەدا ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی لە سلێمانی پێکهات و سەرپەرشتی عەمەلی خۆپیشاندانەکانی کرد و بەرنامەی (داواکاریە هەنوکەیی و بنەڕەتیەکانی خەڵکی کوردستان)ی دانا. ئەم بەرنامەیە هەرچەند ووشەی ڕوخانی دەسەڵاتی تێدا نەبوو بەڵام هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی و لێسەندنەوەی داهاتەکان و گۆڕینی دەستور و دەزگای دادوەری و دابینکردنی کرێ بەپێی ژیانێکی خۆشگوزەران و بیمەی بێکاری ، واتە بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوری بۆ گۆڕینی ڕیشەیی دەسەڵات بوو لە کوردستان و ئیتر چوارچێوەی چاکسازی لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا سڕدرایەوە و ئەم بەرنامەیە و هەنگاوە عەمەلیەکانی ئەنجومەن وەڵامی خواستی گۆڕینی دەسەڵاتی دەدایەوە و هەربۆیە لەماوەیەکی کەمدا ئەنجومەن بوە مەرکەزی خۆپیشاندانەکان. مانگرتنی سەراسەری ٥ ئازار و دروست بونی ئەنجومەنەکان لە زیاتر لە ١٠ شارۆچکەدا و کردنەوەی مەیدانەکانی ئازادی و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بۆ ٦٢ ڕۆژ بوە خەتەرێک لەسەر دەسەڵات و لەکاتێکدا هەوڵی سازکردنی خۆپیشاندان لە هەولێر و ناوچەکانی پارتی بەردەوام بوو.
دەسەڵات دوو ڕێگای گرتەبەر بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان ، یەکەمیان : هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ئەنجومەن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. دووەمیان گفتوگۆلەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی. لەیەکەمیاندا دەسەڵات سەکەوتونەبوو بەڵام لەدوەمیاندا سەرکەوت. وەک ئەنجومەن بە دوو دەلیل لەگەڵ گفتگۆ نەبوین ،یەکەم :متمانەمان بەدەسەڵات نەبوو کە هیچ بکا و نامەکانی بەرهەم ساڵح و پەرلەمان و تالەبانی و وەفدی مسعود بارزانی ئەمەی تێدا بوو کە ئەوانیش داوا دەکەن کە بکوژان بگیرێن و نوسینگەی چەکدار کەم بکرێتەوە. دووەم : ئەم هەوڵەمان بە خۆشکردنی جەویک دەزانی کە دەسەڵات دەیەویست جۆش و کڵپەی خۆپیشاندانەکان کپ بکاتەوە. لەکاتێکدا گۆڕان و ئیسلامیەکان کەوتنەگفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی وپارتی و گوێیان بەداوای ئەنجومەن نەدا کە گفتوگۆلەگەڵ دەسەڵات نەکەن.ئەو کات من داوام لە فاروق رفیق کرد کە بەیانی هوشداری ڕوو بە ئۆپۆزسیۆن دەرکەین وەک ئەنجومەن بەڵام ڕێگری کرا لەدەرکردنی ئەم بەیانە و بەناچاری وەک خۆم لە ناو خۆیشاندانەکان و میدیاکاندا باسم لە خەتەری ئەم گفتوگۆیانە و جەویک کە دەسەڵات دروستی دەکا لەسایەیدا کرد. ئەوەبوو نوێنەری یەکگرتوی ئیسلامی محمد فەرەج لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی دانوسانەکاندا لەگەڵ یەکێتی و پارتی ڕایگەیاند لەگەڵ دادگایی هەموو ئەوکەسانەدان کە توندوتیژیان ئەنجامداوە لەدەسەڵات یان جەماوەرە بوبن.بەمەش پەیامی دەسەڵات ڕێگای بۆ کرایەوە و دواتر مسعودبارزانی کردیە پەیامی خۆی بۆ دادگایی کردنی خۆپیشاندەران بەپێی یاسای خۆپیشاندان. سەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانە دەست بەتاڵی ئۆپۆزسیۆن و کاریگەری سلبی بو لەوەی داوای خۆپیشاندەران و ئەنجومەنی ئازادی پشت گوێ خست و زهنیەتی خۆپیشاندەرانی توشی سەرلێشێواوی کرد لەوەی خواستی لابردنی ئەم دەسەڵاتە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گۆڕاوە بە داوای تەوافق کردن و پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا.
هەر ئەمە وای کرد کە گەنجانی توڕە بەسەربەخۆ لە ئەنجومەن و بە نائومێد لەوەی لە پرۆسەی چاوەڕوانی ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات داواکانی خەڵک جێبەجێ بکرێت دەستیان دایەوە ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژ لەگەڵ دەسەڵاتدا. ئێمە هەرچەند دەمانزانی کە دەسەڵات دەیەوێت ئەم لەم ڕوبەڕوبونەوە توندوتیژانەی لاوان بیانو دروست بکا بۆ هێرشکردنەسەر سەرای ئازادی و چەند کەسانێکی پاراستن کەوتنە پێش گەنجانی توڕە و ئاراستەی خۆپیشاندانەکانیان دەهێنایە بازاڕەکانی نزیک سەرای ئازادی و دەسەڵاتیش دەکەوتە تەقەکردن ڕوو بە سەرای ئازادی . بەڵام ئێمەش وەک ئەنجومەن شێوازی ترمان نەخستبوە بەردەم خۆپیشاندانەکان تا ناڕەزایەتیەکان تەنها لە مەیدانەکانی ئازادی قەتیس نەخۆن و ناو دائیرە و کارگە و گەڕەک ببنە شوێنی فشار و ناڕەزایەتی یاخود شێوازی تەحەسون و ڕێپێوانی تر تاقی بکەینەوە.
لەم کاتەدا گفتوگۆکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەبنبەست گەیشت و بزوتنەوەی گۆڕان فشاری بۆ ئیسلامیەکان دەهێنا تاکو لە گفتوگۆکان دەست بکێشنەوە و بچنەسەر خەتی تەسعیدی بەیاننامەی ٢٢ خاڵەکەیان .هەر لەم پێناوەشدا لەژێر فشاری ناڕاستەوخۆی گۆڕاندا بەرنامەی ئەنجومەن گۆڕدرا بە (نەخشەڕێگا) و لە هەڵوەشانەوەی دەزگای پاراستن و زانیاریەوە بۆ گۆڕینی ئەم دەزگا سەکوتانە بۆ دەزگای نیشتمانی. هەربۆیە ئەنجومەن چیتر نەیدەتوانی ئاراستەی ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بکات کە خوازیاری وەلانانی دەسەڵاتی میلیشیایی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی یە نەک سیستەمی تەوافقی میلیشیایی و کەسانێکیان کەوتنەگلەیی ئەوەی بۆچی لە دانوسانە 5قۆڵیەکەدا جێگایان بۆ ئەنجومەنیش نەکردۆتەوە؟!
دوای تاقیکردنەوەی دەمی ئەمریکیەکان و سوود وەرگرتن لەبێدەنگی ئەوان و حکومەتە ئەوروپیەکان کە بەرژەوەندی دەسەڵات و سەرمایە لە عێراقدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان کۆیان دەکاتەوە، پارتی و یەکێتی زمانیان گەڕایەوە سەر هەڕەشە و دوای پەیامی مسعود بارزانی لەبەلاغێکی عەسکەری هاوبەشیاندا ئاماژەیان بە داگیرکردنی سەرای ئازادی دا و دواتر وەزیری پێشمەرگەکەیان خۆپیشاندەرانی کردە دیلەکانی جەنگ و دەسەڵاتی کوردی وەک دەسەڵاتەکەی یەمەن و سوریا و لیبیا چارەنوسی خۆیان بە شەڕی ناوخۆ دژ بەخەڵک بەستۆتەوە.ئێستا دەسەڵات سەرکەوتنێکی کاتی بەسەر خەڵکدا بەدەست هێناوە بەڵام کێشەکانی دەسەڵات و قەیرانەکان وەک خۆیانن. مەسەلەیەک کە گۆڕاوە ئەوەیە کە جەماوەر تەجروبەی شەڕی ئەم دەسەڵاتەی کردوە. ئەم دەسەڵاتە لە ئێستادا وەک دەستکەوتی شەڕەکەی دەیەوێت شیعاری چاکسازی بخاتە جێگای شیعاری ڕوخان. سەردانی چەند ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی ئازادی بۆ لای مسعود بارزانی و گفتوگۆکانی ئۆپۆزسیۆن تەسلیم بوون بەو ئەمری واقیعەیە کە سەرکەوتنی دەسەڵات هێناویەتە ئارا.بەڵام نە لە مسعود بارزانی و نە لە گفتوگۆی جدی لەگەڵ یەکێتی و پارتی خەڵک وەڵامی خواستەکانی وەرناگرێتەوە. شێوازی لابردنی ئەم دوو حزبە سەرکوتگەرە گەندەڵە هەر بەدرێژەپێدانی ئەو خەباتە دەبێ کە ئێستا لە ووڵاتانەی تری ناوچەکەدا بەردەوامە.
هەنگاوەکانی ئێستای ئەم بزوتنەوە جەماوەریە لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:
١-بەرنامە و شیعارەکانی ناڕەزایەتیەکان دەبێ لەبەرنامەی چاکسازی دەسەڵات خۆی جیابکاتەوە و بێمتمانەیەی بەبەڵێن و چاکسازیەکانی دەسەڵات پێداگری لەسەر بکرێت وڕێگا نەدا جارێکی تر خۆشباوەڕی بەدەسەڵات سەرهەڵداتەوە کە ئێستا لەڕێگەی گفتوگۆکانەوە دەسەڵات دەیەوێت ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری پێ بکوژێت.ناڕەزایەتیەکان لەسەر بەرنامەی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری درێژەبە کارەکانی بدات.
٢- خۆڕێکخستنەوەی لاوان و کرێکاران و ژنان و فەرمانبەران لەدەوری ڕێکخراوی سەربەخۆ و کەنارخستنی ڕێکخراوەکانی دەسەڵات و بەتاڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
٣-دەستبردن بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەناو دامودەزگاکانی دەسەڵات لەپاڵ خۆپیشاندانەکاندا لە پێناو پەکخستنی دەسەڵات لەباری ئیدارە و ئابوریەوە.
٤-فشار دروستکردنی نێودەوڵەتی و نێو نەتەوەیی لەسەر دەسەڵات و شکاندنی بێدەنگی لەسەر تاوانەکانی دەسەڵات و هاوپشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکاندا.
٥-زیندووکردنەوەی ئەنجومەنەکانی ئازادی لەسەر بەرنامەی پێشووی خواستە بنەڕەتیەکانی خەڵکی کوردستان و ئامادەکاری بۆ کاری سەراسەری لە ڕێکخرابوون و ناڕەزایەتیەکاندا و ڕێگەگرتن لە شێوازی نادیموکراتی و فەردی لە بەڕێوەبردنیدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە