بوێری سۆران وسەردەشت دەستی نووسەرە زلناو و ئێكسپایەرەكانی كەشف كرد..

Tuesday, 25/05/2010, 12:00

1776 بینراوە


یەكێك لە ھەرەگرنگ ترین سیفاتەكانی مرۆڤ بوێرییە (چەرچڵ)
دەبێت گه‌نجانی وڵاته‌که‌م خۆیان پشتبەستوو بن بە توانا نوێیەكانی خۆیان.
بەبێ چاوەڕوانی دەستی ئەم ڕۆشنبیرە ناودار و ئایدیا ئێكسپایەرانە.



[email protected]

(زۆرێك لە خەڵكی كوردستان باوەڕیان وایە كە پارتی و بەعس  ھیچ فەرقیان نییە. من دەڵێم وا نییە.. كە بەعس كەسێكی دەگرت و دەیكوشت، پارەی فیشەكەكانی لە كەسوكاری كوژراوەكە وەردەگرت، به‌ڵام پارتی تا ئێستاكە ئەو ھەمووەی كوشتوە و پارەی یەك فیشەكی لە كەسوكاری كەس وەرنەگرتووە. خواھەڵناگرێ، دەبێت بە ویژدانەوە ئەم جیاوازییەمان لە بەرچاوو بێت).
تا ئێرە پارتی زۆر ھاتووە لە پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانی خەڵك . سەردەشتی مەزن بە به‌و بوێرییه‌ی خۆی رێرەوی رووداوەكانی گۆڕی، بەڵام جێی داخە روناكبیرانی ئێمە تا ئێستا لە ئاستی ئامادەباشی بۆ وەرچەرخانی وا گەورەدا نیین، واتە توانای روناكبیران لە ئاستی ئەو رووداوانەدا نین كە ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ. ئەوە ئەوان نین كە بتوانن دێرێكی تازە دەست پێبكەنەوە لەو شوێنەوە كە سەردەشت نوقتەكەی دانا، ھەر بۆیە ئیتر گەنجەكان ئەمڕۆ خۆیان لەبەردەم مەسئولیەتێكی مێژووییدان، كە دەبێت ھەر خۆشیان پێی ھەڵبستن و پشتبەستوو بن بە توانا نوێیەكانی خۆیان. بەبێ چاوەڕوانی دەستی ئەم ڕۆشەنبیرە ناودارو ئایدیا ئێكسپایەرانە، كە رۆڵی زۆر نەگەتیف دەبینن لەم دەرفەتە مێژوییدا كە سەردەشت بەگیانی خۆی رخساندی و قۆناغەكەی ھەنگاوێكی تر بردە پێشەوە. ئەم رۆشنبیرە زلناوانە لە باشترین حاڵەتا ئیمزا كۆ دەكەنەوەو پێیان وایە كارێكی زۆر مەزنیان ئەنجام داوە لە بەرامبەر دەسەڵاتێكدا كە ئاستی سەركوت وتۆقاندی گەیاندۆتە پلەیەك كە نوسەرێك پێش وەخت جاری مەرگی خۆی بەیان دەكات. گەنجان ناھەقیان نییە كە بە قەد دەسەڵات لە ئێوە تورە بن. ھەر دوێنێ بوو گەنجان كتێبەكانی نوسەرێكی مشەخۆریان سوتاند، دوای ئەوەی ئەو نوسەرە جاری ئفلاسی خۆی داو (راستەوخۆ) چووە باوەشی دەسەڵاتەوە، ئەو كارەیان زیاتر پەیامێك بوو بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە لەوەی كە ھەڵوێستێك بێت دژ بەو نوسەرە. گەنجان بەمكارە بە دەسەڵاتیان ووت: ھیچ ئعتبارو رێزكمان نیە بۆ رۆشنبیرێك كە بیەوێت لە باوەشی دەسەڵاتی سەركوتكەرەوە باس لە دنیای ئازادی و پێشكەوتن بكات.

فەرھاد پیرباڵ ئەو پیاوە خۆشخەیاڵە بوو كە بەخۆی دەگوت "من باوكی روحی گەنجانم"، شعوری پێنەكرد كە لە چی وەھمێكدا دەژی تا سوتاندنی كتێبەكانی لە لایەن گەنجانەوە توشی شۆكی كرد، به‌ڵام لێرەدا مەبەستی ئەم نووسینە ئەو نوسەرانە نییە كە (راستەوخۆ) دەرپێیان لەپێی نووسین فرێ داوەو خۆیان ھاویشتۆتە كۆشی دەسەڵاتەوە. زیاتر مەبەست ئەو رۆشنبیرانەیە كە (ناراستەوخۆ) كارەكانیان بە خزمەتی دەسەڵات دەشكێتەوە.
لەمانەیش سەیرتر، ئەو كۆمەڵە ڕۆشنبیرەیه‌، كە شاڵاوی (ئیتر بێ دەنگ نابین) بەڕێوە دەبەن، ھەندێكیان ئامادە نین (دەنگی) ئەو نووسەرانە لە ڕۆژنامەكانیاندا بڵاو بكەنەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندیاكانی ئەوانا نایاتەوە، یان باشتر بڵێم بەرژەوەندیە ژێربەژێرەكانیان دەخاتە خەتەرەوە. ھەندێكی تریشیان تا ئێستا بە زمانی رەمز و ھێما دەنوسن و دەدوێن. بەختیارعەلی بۆ نمونه‌، كە یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی ئەمڕۆ، كە خۆی بە (موحەللی سیاسی)ش لە قەڵەم دەدا، لە جیاتی تحلیلێكی واقعی تر بۆ رووداوەكە، لە مەتەڵ نامەیەكی پەخشان ئامێزدا، ھەوڵی داوە مەوقیف بنوێنێ، بەڵام لەم لەلاشەوە بەشی ئەوەشی تیا ھێشتووەتەوە كە ئەگەر یەكێك مەتەڵەكەی ھەڵھێنا، بەشی پاكانەیەك بكات لای (ال بارزانی)یەكان. باشە دەبێ بەختیار لەبەرچی ئەم مەتڵە ئاسانەی بۆ ھەڵنەیات، ئەم ھەموو خۆدزینەوەیە لە ئەنجامدەرانی راستەوخۆی تاوانەكە لەبەرچی بێت؟
ئەمەی روویدا شتێكی زۆر چاوەروان كراوە لە پارتی، ئەوەتانێ بەراستو چەپا ھەرەشە دەكات. دەسەڵاتی بنەماڵە ناراستەوخۆ پێمان دەڵێن: ئێمەینو كێ دەتوانێ قسە بكات؟ بەڵام نووسەرانی ئێمە دەڵێن: "نا ئێمە كەس لە خۆمانەوە تاوانبار ناكەین". ھەر بۆ ئاگادارییتان پارتی ھیچ پێی خۆش نییە كە ئێوە ئاوا بۆی دادەپۆشن، ئەو حەزدەكات ھەموو لایەك بەشێوەیەك بزانن كە ئەوان ئەم كارەیان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی خەڵكی چاو ترسێن بکه‌ن. بەردەوام بەیاننامەی ھەرەشە و گورەشاوی دەردەكەن، تازە بە تازە شێركۆ بێكەس دەڵێت، "من ناتوانم بێ به‌ڵگه‌ هیچ كه‌سێك‌ و هیچ لایه‌نێك تاوانبار بكه‌م، به‌ڵام تۆ ئه‌گه‌ر له‌م زنجیره‌ تاوانه‌ وردبیته‌وه‌ و به‌ چاوی‌ عه‌قڵ‌ تاوتوێیان بكه‌یت، هه‌ست ئه‌كه‌یت تاوانه‌كان له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ تاوانه‌وه‌ هاتون، له‌ یه‌ك دو سه‌رێكه‌ و زیاتر نا، ره‌نگه‌ هه‌ر به‌ یه‌ك چه‌كیش، به‌ یه‌ك ده‌مانچه‌ی‌ بێده‌نگیش، ئه‌و رۆژنامه‌نوس‌ و روناكبیرانه‌ تیرۆر كرابن!، مێژوویه‌كی‌ ترسناكه‌!." ئینڤا توخوا ئەم مەتڵەش بوو بە ھەڵوێست و نووسین؟ سەیرە!! تۆ بڵێی ئێمە عەیامێكە باسی ئازایەتی و جوامێری خۆمان لە ھۆنراوەی شاعیرێكی ترسنۆكا خوێندبێتەوە؟ شێركۆ بێكەس دەڵێ (مێژویەكی ترسناكە) منیش دەڵێم راسته‌ چونكە نووسەر و رۆشنبیری ترسنۆك و دەربار هاتوونه‌ته‌ ناو مێژووه‌که‌مانه‌وه‌ و بەڕێوەی دەبەن. لەم حاڵەتەدا بێ دەنگ بوون زۆر باشترە ،ھەر نەبێت لای ھەندێ كەسی عەوام بەحكمەت بۆتان دەشكێتەوە.
بەراستی ھەر كەسێك ئەگەر خاوەنی ئەو ناوبانگە زەبەلاحەی ئێوە بێت، دەتوانێت لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا گەورەترین دەور ببینێت. ئێوە خۆتان ئەو مافەتان لەخۆتان سەندۆتەوە كە بتوانن بە ئازادی راستیەكان بڵێن نەك دەسەڵاتی كوردی . ھەر بۆیە بەم ھەڵوێستە سلبییەی ئێوە رووبەری ئازادی لەو وڵاتە وێرانە ڕۆژ بە ڕۆژ تەسكتر دەبێتەوە . كاتێك سۆران و سەردەشتێك بوێرانە پیرۆزیەكانی دەسەڵات تێكدەشكێنن.. قوربانی بۆ دەدەن،خۆیان دەڕۆنو دەرگایەكی واڵا بۆ ئێمە دەكەنەوە. ڕۆشەنبیرانێكی خەمخۆر دەبوایە ئەمرۆ باشتر بێنە وەڵام و كاری زۆر گەورەتر بكەن، بەتایبەتی لە ئێستادا كە بەبۆنەی ئەو رووداوەوە، تەركیزی میدیای جیھان لە سەر ناوچەكەیە.
نوسەرو ڕۆشنبیرێك كە خۆی دابەزانە ئاستی دەسەڵاتداران و تێكەڵیان بوو ،خۆی موحتاجی دەستیان كرد، تازە مومكین نییە بتوانێ بگەرێتەوە بۆ ناو خەڵكی. بێگومان دیارە لەبەر ھەندێ بەرژەوەندی تایبەتی ناتوانن مەوقیفی راشكاوانەیان ھەبێ ،ئەی بۆ بێ دەنگی ھەڵنابژێرن؟ كە من ھەست ئەكەم بێ دەنگی گەلێ باشترە لە بڵاو كردنەوەی ئەم جۆرە نوسینانە كە كاریگەری نەگەتیڤی دەبێت لەسەر ئەو گەنجانەی كە تا ئێستا بە نوسینەكانیان سەرسامن . ئەوەی زۆر سەیرە لە ماڵپەرێكی وەكو (سبەی) كە نوسینی ئەو نووسەرانەی بڵاو كردۆتەوەو ،گوایە باوەڕیان بە بیروڕای ئازاد ھەیە و ھەرخوێنەرێكی بابەتەكان بۆی ھەیە لەژێرەوە بیرو رای خۆی بنوسێت.بەڵام لە دەسخۆشی و پیاھڵدان زیاتر ھیچ سەرنجێكی تر بڵاو ناكەنەوە لە سەر ئەو نوسینانە. جا نازانم ئەمە بە بڕیاری نوسەرەكان خۆیانە كە ئەوانیش وەكو سەركردەی حیزبەكان لە ستایش وپیاھەڵدان زتاتر نایانەوێت گویێان لە ھیچی تر بێت، یان سیاسەتی سایتی (سبەی یە)؟ ھەركامێكیان بێت سوبحینێ بەدەر دەكەوێت. بێگومان نابێت ڕۆڵی (كوردستانپۆست)مان لە بیر بچێتەوە لە روداوەكانی ئەمڕۆی كوردستان،چونكە ھەندێك لە پەیڤەكانی سەردەشتی مەزن ئەگەر ئەم سایتە بوێرە نەبوایە، قەت نەدەكەوتە بەردەستی خوێنەران.
ھەمووجارێ كە بەیان نامەیەكی ھەرەشە ئامێز لە مەكتبی سیاسی پارتیوە دەردەچێت، ھەتا نەكەوێتە بەردەستی خەڵك و بەسەر پارتیدا نەشكێتەوە نازانێت چەنێك قورەكەی بۆ خۆی خەستتر كردۆتەوە. خۆ ئێمە ھەمومان دەزانین كە مەسعود خۆی كابرایەكی بێ مەعریفەتەو ئەوشتانەی بۆ دەنوسنەوە، گوایە لای خۆی پارتی موستەشاری سیاسەتبازی ھەیەو ئەوان ئەم عەقڵە جوانەی بۆ دادەرێژن، كە بە ھەرەشەو تیرۆر، خڵكی تورە لە دەسەڵاتەكەیان بترسێنن. پارتی بۆخۆی لەوانەیە باش بزانێت كە توانای جەماوەری نارازی زۆر لەو دەنگە رازی و ملشۆڕانەی ناو پارتی گەورەترە كە ئەو خۆی پێوە بادەداو ھەرەشەی پێدەكات لە خەڵك. ئەو كۆمەڵە بەرزانچی و بێ بەھرانەی كە ئەوان بەزەبری پارەو ئیمتیازات لە خۆیان كۆكردۆتەوە ، ئەوە نین بتوانن خۆیان لە بەردەم خەڵكی نارازیدا رابگرن. بۆخۆیان ئەمە باش دەزانن. بەڵام ئێمە دەزنین كە پارتی بە حیزبێكی حیز فرسەت ناسراوە و لەو مەیدانەدا خەبیرە. مێژووی پارتی وتفەنگچیەكانی پێمان دەڵێ كە قەت ئەو قارەمانە نەبوون بتوانن بچنە شەڕی جەماوەرەوە. جێی خۆیەتی بپرسین ئەرێ مەسعود بارزانی، دارودەستەی تۆ ھەر ئەو قارەمانانەی 31 ئاب نین، كە ئەگەر سەید ال رەئیس نەبوایە ، ئەبوایە تۆ ئێستا لە كەرەج بە بیجامەیەكی خەتخەتەوە خەریكی ئاوەرشێنی باخچەی ماڵەكەت بیت؟ تۆ ئەم خەڵكە بەچی دەزانی؟ خۆ بەوە نییە كە نووسەرە دیار و ناوبانگ پانوپۆرەكانمان ھەر خەریكی ئیمزا كۆكردنەوەن و لە نوسینەكانیانا بە زمانی رەمز و ھێما قسە دەكەن و ناوەندی فكری و رۆشەنبیریان كردوە بە گەندەڵخانەیەك كە ھیچی كەمتر نیە لە گەندەڵی ناوەندی دەسەڵاتەكەی ئێوە، بەوە نییە. رۆژێ دێت كونەمشكت لێ دەكەن بە سەری ڕەش.
لە دوای ئەو نوسینەی سەردەشت كە بە ئاشكرا دەڵێت من دەزانم دەمكوژن، دوایش فعلەن كردیان، ئەوەی یەك زەرە گومانی ھەبێت كە پارتی ئەو كاری كردەوە ، بەتابەتی نووسەرە بە ناو گەورەو بە كردەوە و ترسنۆكەكان ،ئەوە نە خۆیان و نە نوسینەكانیان شایەنی رێز نین . ئەوەی زەردەشت كردی بە بیست ساڵی تریش بە نوسەری وەكو ئێوە ناكرێت. بڕواناكەم ئیتر گەنجان پێویستیان بە ئێوە بێت وەزعەكەیان بۆ تەحلیل بكەن. سەردەشت بە بوێری و بەگیانی خۆی ئەو گۆمە منگەی كە ناوی كوردستانە و خەریكە بۆگەن دەكات، شڵقان. ھەڵقەیەكی تری لەو زنجیرە ترازان ،بۆ ئەوەی ھەولێریش تا زووە بە دەردی دھۆك ی جوانەمەرگ نەچێت كە ئێستا دھۆك شارێكە بۆ خۆی لەدەرەوەی تاریخ دەژیت، نەك دەڵێی بەشێك نییە لە كوردستان، بەڵكو وا ھەست دەكەی بەشێك نییە لە ھیچ شوێنێكی ئەم دنیایە. بەراستی كارەساتە لەكاتێكا بۆ یەكەم جار بەم شێوە فرانە بۆگەنی تاوانەكانی دەسەڵات گەیشتە میدیاكانی ھەموو دنیا، كەچی شارێك فزەی لەبەربڕاوە. دەبێ ئاستی ترسو تۆقاندن لەو دەڤەرە گەیشتوبێتەكوێ!! كەوا شارێك بە ھەموو چین وتوێژێو رەگەزێكەوە نەتوانێت بچوكترین تعبیر لە رەئی خۆی بكات؟ سەرباری ئەم ھەمووە پارتی دەڵێت: بەبێ بەڵگە كەس ناتوانێت تاوانبارمان بكات. وەكو ئەوەی ئێمە پارتی نەناسین و دوودڵ بین كردەوەی وای لێبوەشێتەوە.
لەكۆتایدا راستە ئەوەی لە حقیقەت ناگات گێلە ، بەڵام ئەوەی لێی تێدەگات و خۆی لێ گێل دەكات ئەوە تاوانبارە..بە گەنجانیش دەڵێم لەوانە مەترسن كە لە وشەكانتان دەترسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە