ئەو ساش گەنج بووین

Tuesday, 16/06/2009, 12:00

2167 بینراوە


بەندە كارم بەسەر ڕژێمى بەعسەوە نیەو ئەو سەردەمە هەموو دەمانزانى ئەوڕژێمە لەڕێ ى پاكتاو كردنى نەژادیەوە دەیویست كورد لەسەر جوگرافیاى كوردستان بسڕێتەوە .هەرچیەك بێت بەعس بەعس بوو بەئاشكرا كارى لەسەر ئەوە ئەكرد.
لەدواى ڕاپەڕینەوە ئەوەى دیسان سوتەمەنى شەڕێكى خۆ بەخۆى كورد بوو دیسان گەنجەكان بوون ،ئەو كچانەى بەسەر تەرمى دەزگیرانە كانیاندا دەگریان،ئەوانەى بێسەرو شوێن دەبوون ودواتر لەگۆشەى شەقامەكاندا بەكوژراوى ئەدۆزرانەوە ،ئەوانەى لەداخى ڕۆژگارە خوێناویەكانى شەڕى برا كوژى سەرى خۆیان هەڵگرت لەدەست مەینەتی بەرپرسە تێرنەخۆرەكانى كورد سەرى خۆیان هەلگرت بەرەو غوربەت و گەروى قرشە برسیەكانى ئیجەیان تێركرد و لەڕێگادا لەسەرماو برسێتیا مردن و تەرمەكانیان نەگەشتەوە دەست كەسوكاریان،ئەوانەى دواى سنورداشكردنەوە ى ئیهانەى تورك وهەڵاتن لەبۆنى خوێنى ئەو ڕۆژگارە ئیهانە ئەكران بۆچى وڵات جێدێڵن و نابنە چەكدارو دەربارو خزەتكارو ستایشكارو پەیژەى سیاسیەكان و خۆراكى جەنگەكان دیسان گەنجە كان بوون.ئەوانەى لەداخى قبوڵ خاێ و تەپو تۆزى سەیارەى جام تاریكى كوڕە بەرپرسەكان كورسیەكانى خوێندنیان چۆڵكرد،ئەوانەى بەدواى كرێكاریا ئەگەڕان و بەحەماڵیش ڕازى بوون و نەبوو،ئەوانەى لەئێران لەبەردەم تورك و فارسا كرێكاریان ئەكردو جۆرەها سوكایەتیان پێئەكرا و پارەكانیان دەخورا،ئەوانەى ئەو ساو ئێستاش خەونیان پاسپۆرتێكە سنورەكانى ئەم وڵاتە لەبەردەمیانا بسڕێتەوە و لەم وڵاتە كەلەزیندان و شوێنى بەكۆیلەكردنى گەنجان ئەچێت ڕزگارین بێت،ئەوانەى خەونەكانیان ئەوەندە سادەو ساكاربوو ئاسایی لەژیانى هەر هەژارێكى وڵاتێكى تردا دەستەبەرئەبێت ببنە خاوەنى هاوسەرێك و كرێكاریەكى شەریفانەیان دەست بكەوێت،ئەوانەى پارەى قاورمەیەكیان پێنەبوو بیكڕن لەگۆشەى چایخانەكانا سكیان هەڵئەگوشى و لەبەر بێكارى ڕۆژیان بە جادەپێوانەوە ئەبردە سەر و خەونیان بە عەلاگەیەك تەماتەوە ئەبینى بیبەنەوە ماڵەكانیان گەنجەكانبوون.
ئەوانەى بەهەر ڕەزالەتێك بوو چونە ژیانى هاوسەرێتیەوەو لەبەر گرانى ونەبوونەبوونى بستێك زەوى وپارەى كرێ خانوو و كارێكى شەریفانە ڕێگاى تەڵاق و جیابوونەوەیان هەڵبژارد،ئەوانەى لەو پەڕى بێكارى و برسێتى وناچاریا دەستیان دایە دزى تاكەسو كارەكەیان نەبنە سواڵكەرو لەشفرۆش و گۆشەى زیندانە كانیان پێ ئاوەدانكردنەوە عومرى جوانیان لەزیندانەكانا بەڕێكرد گەنجەكان بوون.ئەوانەى لەبرى بێكەس و كارى و نەبوونى بژێوى ژیان دەستیان دایە سواڵكردن و لەشفرۆشى ،ئەوانەى شەوانە قنگەجگەرەى قەرەقولەكانى سەرسنورەكانى توركیاو یۆنانیان پێپاك ئەكردنەوە لەبەر سەرماى (4)پلەى ژێرسفرى سەدیدا شەو تابەیانى بەفانیلەى عەلاگەوە لەبەر سەرمادا هەڵ ئەتروشكان گەنجەكانبوون.ئەوانەى بەدیار چراوە وانەكانیان لەبەر ئەكردو لەبەر قوڕاوى بەلوعاو وبێ ئاوى وبێكارەبایی داخلیەكان و و پارەى كرێ پاسو فەلافلیشیان پێنەبوو ڕۆژنا ڕۆژێك دەڕژانە سەرجادەكان وگوێیان لێنەدەگیرا گەنجەكانبوون ،ئەو ژنانەى كوژران و دیزە بەدەر خۆنەكران و بەسوڵحى عەشایەرى چارەسەركران،ئەوانەى سەرجادەو كۆڵانەكانى ڕۆژ ئاوا پاك ئەكەنەوەو وەكو قەرەجێك خەو بەنیشتیمانێكەوە ئەبینن شەق لەئیحساسى كوڕە هەژارەكانى هەڵنەدات و ڕۆژنا ڕۆژێك یەخەى حكومەتى ئەو وڵاتانە نەگرێت كوردستان لەپێشكەوتنا پشتى رۆِژ ئاواى شكاندوە گەنجەكان بنێۆرنەوە،ئەوانەى هەر هەڕەشەیەكى دەرەكى بێت سنگیانى پێدەكەن بەقەڵغانى گوللەكوێرەكان گەنجەكانن.
لەبەرامبەر هەموو ئەمانەشدا ئەوەى كۆشك و ڤێلاكانى و كۆمپانیاكانى لە ئەوروپاو لەكوردستان دەكڕى بەرپرسەكان و كوڕەكانیان بوون،ئەوانەى بەقبوڵخاێ وەرئەگیران و لەزانكۆكانى ڕۆژ ئاوا دەخوێنن و لەوێش هاى لایڤ ئەژین،ئەوانەى هەور بڕەكان دروست ئەكەن و ڕەزو باخەكان لەسەر خزمەكانیان تاپۆئەكەن و لەترافیگ لایتەكانا ناوەستن و لەسەروى یاساوەن،ئەوانەى وڵات سیخناخ ئەكەن بەگەندەڵى و لەتوتى ،ئەرزە بەدۆنم و چەند پارچە بەسەرخزم وناسراوو دۆست و ئەحبابەكانیانا وەكو گۆشتى قوربانى ئەبەخشنەوە ،ئەوانەى لەبەر میكرۆفۆنەكانا بەبەرمیل فرمێسك هەڵئەڕێژن و قروشێكیان لێهەڵناوەرێت و باسى مافى ژن ئەكەن و دەرزەنێكیان لەجوانكیلەكانیان هەیە،باسى مافى مرۆڤ ئەكەن و میللەتێك بە ڕزالەتى بێكارەبایی و برسێتى و كرێچێتى ئەكوژن ،ئەوانەى بۆگەشتە ئەفسوناویەكان خۆشترین شوێنى دنیا ئەچن لەسەر گیرفانى خەڵك ،ئەوانەى وەزارتێكیان بەناوى وەرزشو لاوانەوە بۆگەنجان بەوەزیرێكى پیرەوە كردووەتە دەمڕاستى گەنجان و وەكو ئەوەى گەنج كێشەى نەبێت جگەلەخەڵات بەخشین بەڕاگەیاندكارەكانى دوو حیزبەكەو فیستیڤاڵ لەئەوروپا بەرپرسەكانن
گەڵۆ ئێستا ئیتر خێرە گەنجەكانیا بیر كەوتووەتەوە ئەم جیزبە حزمەتكارانەى هەژدەساڵە گەنج دەكوژن؟خێرە بەم كاتى هەڵبژاردنە گەنج و ژنیان بیر كەوتووەتەوەو سەرى زمان وبنى زمانیان كردووەتە باسى بەشدارى پێكردنى ژن وگەنج لەپەرلەمان ؟ئاخرمن چى بكەم لەوەزارەتێك جگەلەپارە خواردن بەناوى گەنجەوە شتێكى ترى لێهەڵناكڕێت؟من چی بكەم لەكوڕە بەرپرسێك بۆ هاوینە گەشتەكانى دەچێتە ڕۆژئاواو بەناوى منەوە دەچێتە پەرلەمان ؟چى بكەم لەگەنجێك شەوێك لەهەموو تەمەنیا نەك هەر لەبەر چرادا دانەنیشتووە ،ڕۆژێكیش لەبەر گەرماناڵێم بگرە بەهەواى موبەریدەش تێك ئەچێت و بەسپلیت ڕاهاتووە .
بۆیە وادەزانم گەنجى ئەمڕۆ زۆر لەوە ئاقڵترە هەموو جارێك بەقسەى سەر لافیتەكان وبەباقو بریق فریو بخواو ئەو بێڕێزى ئەو هەموو ساڵەى بیر بچێتەوە كرابوو بەپەیژەى سەرەو خوارى بەرپرسەكان ووەسیلەى گیرفان پڕكردن و كۆمپانیا كڕین،گەنجى ئەمڕۆ زۆر لەوە ئاقڵترە هەموو جارێك پێ ى لەتوێكڵە مۆزەكە هەڵبخلیسكێ و ملى بشكێ و پێى پێبكەنن،كێ هەیە ئەو پرسیارەى لا دروست نەبووبێت ئایا ئەم (18)ساڵە كوردستان گەنجى تێدانەبوو خزمەتى بكەن ؟بەشى ئەوەى نەدەكرد نیوەى بەلێنەكانتان بخستبا بوارى جێبەجێكردنەوە ؟ئایا لەناو ئەو میحنەت سەرایەدا كەهەرخۆتان دروستان كردبوو گەنجنەبووین كەنەك هەرلێیان نەپرسین بگرە شەقیان لەئیحساسیان هەڵئەدا؟ئایائەوە ئێمە نەبووین بەدواى حەماڵیا ئەگەڕاین وئێوەش لەپەرلەمان باوێشكتان ئەدا؟
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە