بۆ جەنابى دكتۆر بەرهەم.. كاتێك پۆستێكى شیاو دەدرێت بە كەسێكى نەشیاو ب. مافى مرۆڤى سلێمانى بۆ نموونە!

Saturday, 05/12/2009, 12:00

1812 بینراوە


لە كاتێكدا لە بەرنامەى كابینەى شەشەمى حكومەتەكەماندا باسى شەفافیەت و دادپەروەرى و پاكسازى و نەهێشتنى گەندەڵى دەكرێت، دەمەوێت بۆ بەڕێزتان و هەموو خەڵكى نیشان بدەم كە من هەروا لەخۆمەوە قسە ناكەم و شتێك دەخەمەڕوو كە لە ئیبداعى كابینەكەى بەڕێزتان نیە، بەڵام پێویستە باسبكرێت. هەرچەندە لە بەڕێوەبەرایەتى مافى مرۆڤى سلێمانیەوە كەمێك دوورم، بەڵام زۆر شتى لەبارەوە دەزانم. بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤ لە سلێمانى كە پێویستمان بە ناوهێنانى نییە دەڵێن شەهادەى سەرەتایی هەیە، یاخود مامۆستاى سەرەتاییە كە هەرگیز بۆ خزمەتكردن بەبوارى مافەكانى مرۆڤ پولێك ناكات. ئەم ژنە بەڕێوەبەرە كە خێزانى خوالێخۆشبوو كاكە حەمە چاوشینى مەكتەب ڕێكخستنى (ی.ن.ك)ە تەنها لەبەرئەوەى ژنە مەسئولە كراوە بە بەڕێوەبەر دەنا هیچ ئامرازێكى پەیوەندى ئەو بە چەمكى مافى مرۆڤەوە نابەستێتەوە، هەر لەو پێناوەشدا بە ئیمزاى مەسئولێكى بەرزى ئیدارەى پێشووى سلێمانى ساڵانێكى زۆرى ژیانى لە سوید بە ڕێژەى (30) ساڵ بۆكراوە بە خزمەتى فیعلى و خراوەتە دۆسیەكەیەوە دەتوانن تەئكیدى لێبكەنەوە، دەشڵێن گوایا چەند ساڵێك لەوێ كارمەندى فڕۆكەخانە بووە. ئەمەیە عەدالەتى كۆمەڵایەتى لەم هەرێمەدا!!. پێشتان سەیر نەبێت كە ئەوەندەى من زانیبێتم ئەو بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤە لەهیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەكى پەیوەندیدار بە كارەكەیەوە جوملە موفیدەیەكى نەوتووە و هەمیشەش لە چاوپێكەوتنى ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەكان خۆى دزیوەتەوە، چونكە ئێستاش دواى بەڕێكردنى (4) ساڵ لە پۆستى بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤى سلێمانى ئەگەر لێى بپرسیت جاڕنامەى جیهانى مافەكانى مرۆڤ چەند ماددەیە سەد دەرسەد بێگومانم "نایزانێت". دەبا پێشتان بڵێم چۆن چۆنى كراوە بە بەڕێوەبەر. لەدواى دەستبەكاربوونى كابینەى پێنجەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەساڵى 2006 و دانانى دكتۆر شوان (یوسف محەمەد عزیز) بە وەزیرى مافى مرۆڤ یەكسەر تەكلیفى لێدەكرێت ئەم ژنە بكات بە بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤى سلێمانى لەجێى كادرێكى یەكێتى و خاوەن بڕوانامەى بەكالۆریۆس لە (یاسا و ڕامیارى) دەرچووى ساڵانى سەختى زانكۆى بەغدا بە پلەى زۆرباش لە سەرەتاى نەوەتەكاندا دەرچووە، بەڵام چونكە بێ پشتوپەنا و واسیتە بوو، بۆیە لابردنى لەو پۆستە بەبێ ئاگاداركردنەوەى لەپێشینەى بێ هۆیەكى دیاریكراو بەلاى وەزیرى(لێخراو)ەوە زۆر كارێكى ئاسان بوو، تەنانەت بەڕێوەبەرێكى گشتى لە وەزارەتەوە نێردرا بۆ سلێمانى تاوەكو بڕیارەكەى دكتۆر شوان بە بەخشینى لەو پۆستەدا بۆ فەرمانبەرەكانى بخوێنێتەوە، وەكو هەنگوینى لە كۆلكەداردا دۆزیبێتەوە، من بەئێوە دەڵێم ئایا ئیهانەكردن لەوە ناخۆشتر چیە؟، خۆ ئەویش كادیرێكى دڵسۆزى خۆتان بوو تەنانەت ئەوسا گۆڕانیش نەبوو تاوەكو تۆمەتى گۆڕانخوازیى بخرێتە پاڵى. حەزدەكەم ئەوەش بە ئێوە ڕابگەیەنم كە ئەگەرچى خەڵكى تر لەسەر گەندەڵى و تۆمەتى تریش لە پۆستەكانیان لادەبرێن، بەڵام ئەوسا و ئێستاشى لەگەڵدا بێت ئەو كەسە لابراوە هیچ كەسێك زاتى ئەوەى نەكردووە جگە لە دڵسۆزى و شارەزایى لە كارووبارەكانیدا هیچ خاڵێكى سلبى و نەشیاو لەسەرى بڵێت. پێشموابێت ئەو برادەرە تاوەكو ئێستاش لەو بەڕێوەبەرایەتیە ماوە و داواى گواستنەوەى ڕاژەكەشى بۆ شوێنێكى تر كردووە، بەڵام پێیان ڕاگەیاندووە كە لە وەزارەتەوە ناهێڵن بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتێكى تر، ئەوەش ئیهانكردنێكى تر!!. ئەوە نزیكەى (4) ساڵە بەهۆى سستى و بێسەلیقەیى ئەو بەڕێوەبەرە ژنەوە، بەڕێوەبەرایەتى مافى مرۆڤى سلێمانى تەواو ئیفلیج بووە. زۆر شتى تریش هەیە سەبارەت بە كارى ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ئەگەر پێویستى كرد لەكاتى خۆیدا دەكرێت بوترێن. من تەنها ئیزافەیەك دەخەمە سەر ئەو قسانەم، ئەوەیە كە وەزیرى پێشووى مافى مرۆڤ دەبوو بۆ خزمەتى كارووبارەكانى وەزارەتەكەى گرنگى بە خەڵكانى شارەزا و خاوەن بڕوانامە بدایە نەوەك پێچەوانەكانیان كە تەئكیدم لەناو وەزارەتیش هەروابووە، نازانم تاكەى لێپرسراوانى سەرەوەى حزب و حكومەت چاو لەو پاشاگەردانی و ناعەدالەتیانەى دامودەزگاكانى خوارەوە دەپۆشن و هەوڵ بۆ چاككردنیان نادەن و هەر لەسەر تاس و حەمامەكەى مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و شتى تریش بەردەوام دەبن.
من قسە و زانیارى زۆرم ماوە لەمڕوەوە بیانڵێم، بەڵام ئیكتیفا بەوەندە دەكەم و ئەمجارە ڕێز لە ماهیەتى هەندێك كەسى تریش دەگرم و تەنها دەڵێم: ئەوەى بوو بوو، بەڵام ئێستا كە لە كابینەى شەشەمدا وەزارەتى مافى مرۆڤ هەڵوەشاوەتەوە و قسە لەوە دەكرێت ببێتە دەستەیەك یان كۆمسیۆنێكى كاراى مافى مرۆڤ لە هەرێمى كورۆدستاندا، پێویستە بەرپرسانى حكومەت زیاتر چاو وردبكەنەوە و بەرچاوڕوون بن و سوود لە خەڵكانى خاوەن پسپۆڕى و شارەزا لە بوارەكەدا وەربگیرێت نەوەك پۆست بۆ خەڵكانێك دابتاشن كە نازانن هەڕ لەبڕ بكەنەوە و سەرەواوییان پێنیە، بەڵكو ئەم زروفە ناڕێكەیە ئەوانەى هێناوەتە پێشەوە. ئەو بەڕێوەبەرە و ئەوانى تریش با بچن ماركێت و كۆمپانیا و كابینە گەشتیارییەكانیان ببەنە ڕێوە، ئەوان و ئیدارە و ئیلتیزامات و مافەكانى مرۆڤى كورد كوجا مەرحەبا !!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە