پیلانەكان چەند ئاڵۆز و نھێنی بن ناشاردرێنەوە لە گەل

Thursday, 31/03/2011, 12:00

1252 بینراوە




مانەوەی ھەردوو كەسایەتی تاڵەبانی و بەرزانی لە ڕەوتی ڕووداوەكانی كوردستان بە درێژایی تەمەنی سیاسییان و پێشەنگیان لەو بووارەدا، بە دوور لە دروستبوونی ھەر جۆرە ترسێك لە سەر ژیانیان لە لایەن دوژمنانی كوردستانەوە مانەوەیەكی تەم و مژاویە و جێگەی گومانە ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەكی حاشاھەڵنەگرە كە پەیوەندی یەكی بەھێزو تایبەت بە دوژمنانەوە ئەم مانەوەیەی پاراستووە، بە بەراوورد كردنیان لەگەڵ سەركردەكانی تری گەلەكەمان، لەوانەی كە بە پیلانی دوژمنان تیرۆر و شەھیدكراون و لەوانەش كە ھەتا ئێستاش لە زیندانەكانی دوژمندان و بەرخودان دەكەن.ئەمەش لە كاتێكدا كە تاڵەبانی و بەرزانی لە گەڕانی بەردەوامدا بوون و بە سەربەستی و بە پاسپۆرتی جۆرا و جۆر نەك ووڵاتانی ئەوروپا بەڵكو ووڵاتانی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان بە عێراقیشەوە دەگەڕان،ئەمەش لەكاتێكدا كە عێراق لە جەنگدا بوو لەگەڵ ئێران پەیوەندی یەكی باش و بەھێزیشی لەگەڵ ئەمەریكا و ھەموو ووڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی دا ھەبوو، ھەموو جۆرە ھاریكاری یەكیشیان دەكرد بۆ سەركەوتنی لەو جەنگەدا بەڵام ھیچ كام لەو دەوڵەتانە نە ھەوڵی كوشتن و نە ھەوڵی گرتنی تاڵەبانی و بەرزانییان داوەو بە ئازادی و بە بێ ترس گەشت و كارەكانیان ئەنجامداوە.ھاوكات لە ھاتنە دەرەوەی ڕێبەری گەلی كورد(عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە كوردستان و بە جێھێشتنی چیاكانی كوردستان بۆ یەكەم جارو چوونی بۆ(ئیتاڵیا)كە یەكێكە لەو دەوڵەتانەی پەیمانی مافی دانی پەنابەرێتیشی واژووكردووە ڕێ ی پێ نەدرا لەوێ بمێنێتەوە و ناچاركرا بەرەو ووڵاتێكی ئەفەریقایی ڕێ بگرێ كە ھیچ وابەستەی یەكی لەگەڵ پەیمانە نێودەوڵەتی یەكان و مافەكانی مرۆڤدا نی یە، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پیلانگێڕی یە دوژمنكاری یەكەی 15 شوبات لە لایەن توركیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل وچەند دەوڵەتێكی تر،ئەم پیلانەش بە دەستگیركردنی ئۆجەلان و ڕادەستكردنی بە توركیا بەرھەم ھێنرا،ئەمەش ڕاستی ئەوە دەخاتە ڕوو كە بەڕێز ئۆجەلان بەدەرە لە وابەستەیی و كرێگرتەیی وگرێبەستی خیانەتكاری لەگەڵ دوژمناندا.لەم بەراوردەشدا جیاوازی نێوان سەركردەی تاكتیكی و سەركردەی ستراتیژی بە دەست دەخەین.
ساڵانێكی دوور و درێژە تاڵەبانی و بەرزانی ھەر یەك بە نەغمەی جیاواز بۆ كەركووك دەخوێنن و لە زۆربەی ڕووداو و بەسەرھات و بۆنەكاندا بە ووتاری ڕەنگاو ڕەنگ و خوێناوی بە باڵای كەركووكدا ھەڵیان داوە،ئەمەش بۆ ھەڵخەڵەتاندنی گەلی كورد و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆبەختكردن لە نێو ڕۆڵە قرەمانەكاندا بە مەبەستی تایبەتی لە لایەك و لە لایەكی تریش بۆ بەرزكردنەوەی بەھاو نرخی كەركووك لە مەزادێكی نھێنی دا و بە گران فرۆشتنی بە دوژمنان.
لێرەدا لەبەر مەزنی قەوارە و ڕێژەی ترسناكی پیلانە دوژمنكاری یەكان و نزیك بوونەوەیان لە بە ئەنجام گەیشتن و ھەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ساتی ھاتنی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ باشووری كوردستان، لە چەند خاڵێكدا شیكاری یەكان دەخەمە ڕوو.
1)ھاتنی ئۆردوغان بۆ باشووری كوردستان و كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرزانی،بۆ پاراستن و شاردنەوەی ڕێكەوتنە نھێنی یەكانە لە دەزگاكانی ھەواڵگری ئەمەریكا و ئیسرائیل وھاوچەشنەكانی(ویكلیكس).ئەمەش لەدوای ئاشكرابوونی بەرنامە و ھەوڵەكانی ئۆردوغان و پارتە ئیسلامی یەكەی لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ دووبارەكردنەوەی مێژوو بە دروستكردنەوەی (ئێمبراتۆری یەتی عوسمانی ئیسلامی)و پەیڕەوكردنی سیاسەتی(دوو ڕوویی)ونزیكبوونەوەی لە ئێران و ڕێكخراوە ئسلامی یەكانی تری ناوچەكە و تەگەیشتنی ئۆردوغان لە مەو پشت تێكردنی ئەمەریكا لە زۆر لە دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بە بەرزانی و تاڵەبانیشەوە.
2)لە دوای پەرەپێدان و پێشخستنی ڕێكخستنی گەل لە باكووری كوردستان بە تاكتیك و سیاسەتی زانستییانە لە لایەن سەرۆكایەتی(پ.ك.ك)وە وبڕیاردانی دەنگنەدان بۆ پارتی (ئاكەپە)،ئۆردوغان لەشكستی پارتەكەی بۆ ھەڵبژاردنەكانی پارلەمانی ئەمساڵی توركیا گەیشت.بۆ خۆ ڕزگاركردنیش لەم شكستە لە سەرەتادا بە چەند گەمەیەكی چەواشەكاری دەستیان كرد بە پەیوەندی كردن و ھەڵخەڵەتاندن و ھێنانەپێشەوەی(شڤان پەروەر)و چەند كەسێكی خۆفرۆش و لە دوییشدا بە خۆتێھەڵقورتاندن و دەربڕینی دڵسۆزی و ھاریكاری بۆ (ئێبراھیم تاتڵیسەس)،ئەمەش بۆ كارتێكردن و ڕاكێشانی سۆزی گەل لە باكوور.
3)بە مەبەستی كارتێكردن و ڕاكێشانی سۆز و دەنگی گەل لە باكوور بە تاكتیك و ھەنگاوی مەزنتر بەكارھێنانی مەسعود بەرزانی بوو بەو سوپاس و پێزانین و پیاھەڵدانەی كە ئاراستەی ئۆردوغانی كرد بۆ ھەڵوێستەكانی و كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێو دەوڵەتی ھەولێر و قۆنسوڵی یەتی توركی و بانكی كشتوكاڵی، كە مەسعود بەرزانی بە شێوازشك ھێنایە گۆ و وای دەرخست كە ئەم پرۆژانە لە سەر پارەی گیرفانی ئۆردوغان بە ئەنجام گەیەندراون و ئۆردوغانی بە دۆست و خەمخۆر و دڵسۆزی كورد ھێنایە پێش.
4)بۆسنووردانان و كەمكردنەوەی چالاكی یەكانی گەریلاكانی(پ.ك.ك) و لە دواییشدا لە ناوبردنیان ڕێككەوتنیان ئەنجامداوە و بەرنامەی بەگژداچوونەوە و جەنگ داڕێژراوە.
5)بە دانانی (ئەحمەد توران)ی توركمان بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە لە ھەفتەی ڕابووردوودا لە خولی یەكەمی ھەڵبژاردندا بە ئاشكرا و بێ سڵەمینەوە نەتەوە پەرستی خۆی بە ھەڵچوونێكی فاشیستانەوە دەربڕی و ئاشكرای كرد كە لەمەودووا بە تەنھا كار بۆ خۆشگوزەرانی و پێشخستنی زاڵگەی توركمان دەكات لە كەركووكدا.بەرەی برایەتی كوردیش لە تاكتیكێكدا بۆ خۆڵكردنە چاوی گەلی كورد ناڕەزایەتی خۆیان پیشاندا و كۆبوونەوەكەیان ھەڵوەشاندەوە،بەڵام لەدوای چەند ڕۆژێكی كەم ولە خولی دووھەمدا ھەمان بەرپرسی پارتی توركمان دانرا بە سەرۆكی ئەنجومەن.ناردنی پێشمەرگەش بۆ كەركووك جارێكی تر ھونەرێكی تری ئەو سیناریۆیەیەو بۆ پەردە دانە بە سەر بەدەستەوەدان و فرۆشتنی كەركووك بە توركیا و گۆڕینی ئاڕاستەی تێگەیشتنەكانە.
6)ڕێككەوتن لەسەر لێدانی(پ.ك.ك) و بەدەستەوەدان و فرۆشتنی كەركووك ئامانجی نھێنی مەزنی ھاتنەكەی ئۆردوغانە بۆ باشووری كوردستان بە ھەمەئاھەنگی لەگەڵ ڕۆشتنی تاڵەبانی بۆ ئێران كە ئەمیش سەرقاڵی بەدەستەوەدان و فرۆشتنی (خانەقین) وناوچەكانی دەوروبەرێتی بەئێران .بەرھەم ھێنانی ئەم پیلانەش لە چوونەكەی ئۆردوغان بەر لە چەند ھەفتەیەك بۆ ئێران و دانوستاندنی لەگەڵ(ئەحمەدی نەجاد)دا داڕێژراوە،(نوری مالك)ی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەشدارە لەم پیلانەدا و (بەشارئەلئەسەد)یش ئاگاداری و زانیاری پێداروە.
7)بەرامبەر بە پشتگرتن و بەشداریكردن و ھاریكاری مەسعود بەرزانی بۆ ئۆردوغان وجەلال تاڵەبانی بۆ ئران بەڵێن و پەیمانی پاراستن و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا پێدراوە و لە سەركوتكردن و دامركاندنەوەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەكانیش بەشداری دەكەن و لە داھاتی نەوتی كەركووك و خانەقینیش پشكیان بۆ دیاری كراوە.
8)دانیشتنی بزووتنەوەی گۆران و (ی.ن.ك) و (پ.د.ك)یش پەیوەندی بەم گۆرانكاری و ڕووداوانەوە ھەیە و یەكگرتنەوە و تێھەڵكێشبوونەوەی بزووتنەوەی گۆران و (ی.ن.ك)ش لە چەند مانگی داھاتوودا ئەگەرێكی نزیكە بە وازھێنانی تاڵەبانی وەك سكرتێری گشتی(ی.ن.ك)ەوتەنھا خۆتەرخانكردنی بە كاری سەرەك كۆماری یەوە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە