ڕاپرسی دەستور یان پرسە گورگانە؟

Thursday, 16/05/2013, 12:00

2037 بینراوە






گەر سەیری چەند دەستەواژەیەک بکەین کە بۆ پرسکردن بە خەڵک بەکاردەهێنرێت بۆمان دەردەکەوێت کە کوردیەکەی لە زۆربەیان زیاتر لە جێی خۆیدایە و ئەو مانایە دەدات کە ئەو پرۆسەیەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
ڕیفراندوم، فۆڵکئۆمروێستنین و ڕاپرسی.
کوردیەکەی زۆر جوانە و لەوانی تر لە مانا و مەبەستەکەی نزیکترە.
گەر لە کوردیەکەی بڕوانین دەبینین لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە. ڕا لەگەڵ پرس، واتە پرس لە ڕای خەڵک. پرسیش لە کوردیدا مانای ئەوەیە گوێ لە ئامۆژگاری یەکێک یان کۆمەڵێک بگیرێت و، ئامۆژگاریش هێزی بڕیاردانی نییە.

واتە ڕەوایەتی بڕیاردانی نییە، شەرعیەت نادات و، بڕیاردان لە دوا هەنگاویدا دەگەڕیتەوە بۆ لایەنی بڕیاردەر، لایەنی بڕیاردەریش بۆی هەیە پشت گوێی بخات!

راپرسی هێزی پی جێبەجێکردنی نییە، تەنیا خواست و ئارەزوو نیشان دەدات.

لە کوردستان ڕیفراندومێک کرا و ئەنجامەکەی لە بیر خەڵکی ماوە بەڵام لایەنی دەسەڵاتدار بە هیچ جۆرێک جێبەجێی نەکرد، واتە گەرچی زۆربەی خەڵک لەسەر ڕای جیابونەوە بوون بەڵام پارتی و یەکێتی لەگەڵ عێراق یەکیان گرتەوە.

لەم ساتە وەختەدا کە لە ڕوی یاساییەوە مەسعود بەرزانی بێبەشدەکرێت لە مانەوەی وەکو سەرۆک و سێبارە خۆهەڵبژاردنەوە، دەیەوێت لە ڕیگەی ڕاپرسییەوە دەستور تێپەڕێنێت و بیانویەکی یاسایی بۆ خۆهەڵبژاردنەوە بکاتە ئەمری واقیع.

لە ڕاستیدا ڕاپرسی بۆ تێپەڕاندنی دەستور هێزی ئەو تێپەڕاندنەی نییە گەر لە سەدا نەوەدیش دەنگ بۆ ئەو تێپەڕاندنە بدەن، چونکە ئەو بەڵییەی لەو حاڵەتەدا دەوترێت پلەی ئامۆژگاریدانی هەیە و، هەموو ئامۆژگاریەکیش لە دوا ساتدا مانای ئەوە نییە جێبەجێبکرێت، یان خۆی ئیجبار بە جیبەجێکردن بکات!
گەر بەڵێیەکی لەو جۆرەش مەیسەر بوو کێ هێزی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێیەی هەیە؟ خۆ سەرۆک ئیمارەتەکەی تەواو بووە و، هەر بڕیارێکیش لە بارەی جێبەجێکردنی ئەو ئامۆژگاریە جەماوەریە بدات بۆ بەرژەوەندی خۆی دەبێت و شەرعیەتی جەماوەریی نییە.

دەستور بە شیوەیەکی نایاسایی لە پەرلەمان تێپەڕێنراوە و بە هەمان شێوەش نیاز وایە بە ناوی خەڵکەوە لە ڕاپرسیەکی پرسەگورگانەییدا قبوڵبکرێت.

لە ئێستاوە دیارە کە پارتی و بەرزانی بڕیاریان داوە کە دەستور تیپەڕێنن و، ولایەتی بەرزانی پێ نوێبکەنەوە، کەواتە مەبەستەکە دیارە و ئیتر چ پێویست بە ڕاپرسی دەکات.

کە لە ئێستاوە بەرزانی هەر بە سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە ئیتر ڕاپرسی چی؟
کە پارتی بڵیت لە کوردستان ڕێگە نادات کەس بە بێ خۆیان حوکم بکات ئیتر ڕاپرسی چی!
ئەوە پرسە گورگانەیە!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە