خوێندکار گونجاوترە یان قوتابی

Friday, 15/03/2013, 12:00

9549 بینراوە


خوێندکار یان قوتابی ئەو وشەی کە هەر لایەنێک یەکیان بەگونجاو دەزانێتت ،وەیان کەسانی وامان هەیە هەردوکیان بەیەک وشە دەزانێت، وەیان سەرنوسەری ڕۆژنامەمان هەیە بونی ئەم دو وشەیەو هەردوو وشەی ئافرەت و ژن بە کەرتکردنی زمانی کوردی دەزانێت . من پێم باشە لێرەدا ئەم چەند وشەیە بۆ هەموو لایەک شیبکەمەوە وە
گەر هەر کەسێکیش شیکارییەکەی منی بەباش نەزانی ئەوا ئەوە پێنوس و ئەوە تیانوس بابێت شیکارییەکی باشتری بۆ بکات. سەرەتا هەردوو وشەی قوتابی و خوێندکار.
وەک ئاشکرایە دوو حیزبە باڵا دەستەکەی کوردستان یەکیان قوتابی بەکاردەهێنێت و ئەوی دیان خوێندکار.
وە ڕاگەیاندنەکان لە نوسین و ئاخاوتن دا لە هەواڵێک دا هەردوو وشەکە بەکاردەهێنن بۆ واتای یەک شت .
وە لە زۆربەی وشەدانەکاندا (فەرهەنگەکاندا) کە هەندێکیان کە لەلایەن کەسانی زمانناسیشەوە سازکراون،
بۆ واتای بونی دوو وشەی ئینگلیزی تەنها قوتابیان بەکارهێناوە کە وشەکانیش (pupil ) وە (student)ە جاگەر بێتو یەک لەم زمانناسانە بدوێنیت بەراوردێکی زمانی کوردیمان بۆ بکات بە زمانی ئینگلیزی یەکسەر دەڵێت : زمانی ئینگلیزی دەوڵەمەندەو بۆ ئاماژەدان بە یەک شت دوو وشە یان زیاتریان هەیە .
هەڵبەت ڕاستە زمانی ئینگلیزی دەوڵەمەندە لەئاست زمانێکی وەک کوردیدا، بەڵام بەهۆی نەبونی یاسایەک بۆ لەکوێدا بەکارهێنانی وشە گەلێک ئەوەندەی دی زمانی کوردییان لاواز کردووە .
بۆیە من بەباشی دەزانم بۆ واتای وشەی (student) ی ئینگلیزی خوێندکار بەکاربهێنرێت وە بۆ واتای(pupil)یش قوتابی. باشە بابزانین بۆچی بەم شێوەیە؟! بۆ پێناسەو شیکردنەوەی ئەم دوو وشەیە وا باشە سەرەتا پەنا ببەینە بەر پێناسەی ئەو وشانە لەزمانی ئینگلیزیدا. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (student) بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت . 
( person who is studying at a university or other place of higher education).
واتا: کەسێک کە دەخوێنێت لە زانکۆ یان جێگەیەکی دی بۆ فێربونی باڵا.
کەوابوو دەتوانین بڵێین خوێندکار بۆ واتایی (student) پڕاو پڕە هەروەک ئاشکرایە وشەی خوێندکار لە خوێندنەوە هاتووە.
بابێینە سەر وشەی (pupil ) بابزانین لە زمانی ئینگلیزیدا چۆن پێناسە دەکرێت.
" a person who is taught by a teacher."
واتا: کەسێک کە لەلایەن مامۆستاوە فێردەکرێت.
کەوابو بۆ واتای "pupil" قوتابی پڕاو پڕە گرنگ نییە وشەکە لە وشەی کیتابی تورکی وەرگیراوی عەرەبییەوە هاتوە، ئێستا وشەکە بەرگێکی کوردی لەبەرکراوەو وە pupil یش ئینگلیز لەفەرەنسیی وەریگرتووە فەرەنسیش لە لاتینی وەریگرتووە. گەر ئێمە سەرنجی زمانی هەندێک لەو وڵاتانەی دراوسێشمان بدەین ئەوا بە هەمان شێوەی ئینگلیزی 2 وشەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ نمونە:
لەزمانی عەرەبی دا بۆ واتای (pupil)ی ئینگلیزی تلمیز بەکاردەهێنن وە بۆ واتای (student)تالب بەکاردەهێنن. فارس ئاخێوەکانیش دانشجو و دانش ئاموز بەکاردەهێنن بەڵام ئەوان کەمێک جیاوازتر لە زمانەکانی دی کە تاکو ئەو کەسە نەگاتە زانکۆ هەر دانش ئاموزی پێدەوترێت کە گەیشتە زانکۆ ئەوکات پێیدەوترێت دانشجو.
کەواتە قوتابی واتا: ئەو کەسەی کە بە مەبەستی فێربون ڕوودەکاتە جێگایەک لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاکو پۆلی شەش وە ڕاستەوخۆ لەلایەن فێرکارەوە فێر دەکرێت وە مەرج نییە فێرکردنەکە تەنها لەڕووی خوێندنەوە بێت، بەڵکو لەڕوی هەڵسکەوت و هتد .. بیناکەش پێویستە ناوی قوتابخانە بێت. 
خوێندکاری - یش واتا: ئەو کەسەی کە بۆ مەبەستی خوێندن ڕودەکاتە جێگایەک لە ناوەندییەوە تاکو زانکۆ وە ئەو جێگایەی یان بابڵێین ئەو بینایەی کە وانەی تیادا دەخوێنێت پێش لە زانکۆ و پاش شەشیی بنەڕەتی پێویستە ناوی خوێندنگە بێت.
گەر ئەم جۆرە یاسایە بۆ کۆمەڵە وشەیەکی زمانەکەمان پەیڕەو بکەین واتا :نەک هەر وشەمان بۆ زیاد کرد ، بەڵکو بە یەک وشە تۆ دەتوانی کەسی گوێگر یان پرسیارکەر لە مەبەست بگەیەنی .
چۆن ؟ کاتێک لە تەلەفزیۆن دا بووترێت قوتابی یەک ، بێ ئەملاولا دەزانین کە باس لە کەسێک دەکرێت کە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی بەرەو خوارترە . وە کاتێک وترا بینای فڵانە قوتابخانە هیچ پێویست بە پاشگری بنەڕەتی ناکات .
ئافرەت و ژن
ئافرەت یان ژن ؟ با زۆر بەسادەی باسی ئەم دوو وشە بکەین هەڵبەت هەردووک گونجاون بە مەرجێک لە جێی خۆیاندا بەکاربهێنرێن. ئافرەت کێیە؟ ئافرەت ئەو ڕەگەزە مێینە پێگەیشتووەی نێو کۆمەڵگایە کە مەرج نی یە هاوسەرگیریشی کردبێت. وە دەتوانین بڵێین : هەموو ژنێک ئافرەتە بەڵام هەموو ئافرەتێک مەرج نییە کە ژن بێت. ئەوەتا تەنانەت لە ئاخافتنی بازاریش دا کاتێک بەگەنجێک دەوترێت ئەوە چیدەکەیت ژنێکت نەهێنا؟ زۆر جار وەڵامەکە ئەوەیە کچ دێنم ژن ناهێنم چونکە مێردەکەی ناهێڵێت.! بۆیە هەر ڕێکخراوێک کە کار بۆ مێینە بکات ناوی ژن لە خۆی بنێت من بەهەڵەی دەبینم . چونکە وەک ئاماژەم پێدا هەموو ئافرەتێک مەرج نییە ژن بێت، تەنانەت کاتێک لە بازاڕدا مێینەیەکی نەناسراو ببینیین بڵێین ئەو ژنە؟! خۆ گەر کچ بێت واتا:هاوسەرگیری نەکردبێت ئەوا گەر وەڵامیشی نەبێت بۆ وشە گورچک بڕەکەمان لە ناخەوە بریندار دەبێت چونکە ئەوە سروشتی مێینەیە. زۆر جار لەوانەیە گوێمان لێبووبێت بە ئافرەت وتراوە پورێ وەڵامی ئافرەتەکە ئەوە بووە دایکت پورێیە.!
تێبینی:وێنەکە لەسایتی کوردیپێدیا وەرگیراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە